ڕاگەیەندراوی فەرمیی پێشوەختە
لە سلێمانییەوە بۆ لەندەن؛ سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی لە زانکۆی سۆواس ڕێکدەخرێت
لەندەن، شانشینی یەکگرتوو: له چوارچێوهی ههوڵ و هەنگاوە ستراتیژییە بەردەوامەکانییدا بۆ نەخشاندنی سیستەمێکی میدیایی سەربەخۆ، ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک – CHMK) سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی خۆی لەژێر ناونیشانی: «ڕیفۆرمی میدیایی لە ناوچەکانی پاش ململانێ: کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتیی لەسەر نەخشەڕێی سیاسەتی ستراتیژیی کوردستان»، لە زانکۆی سۆواس (SOAS) لە شاری لەندەن، لە ڕۆژانی 8-9ی تەممووزی 2026 ڕێکدەخات.
ڕێکخراوی چمک: پێشەنگی پرۆسەی ڕیفۆرمی میدیایی (2021 – 2026)
ئەم کۆڕبەندە مێژووییە لە شاری لەندەن، بەردەوامیی ئەو کاروانە چاکسازییە گرنگەیە کە ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی لە ساڵی 2021دا بە ڕێکخستنی یەکهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی لە هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دانا و دواتر لە ساڵی 2025دا بە هاوبەشیی زانکۆی سلێمانی و لەڕێگەی دووهەمین خولی کۆڕبەندەکەوە ههنگاوهکانی بەدامەزراوەییکردنی میدیای بردە قۆناغێکی باڵاتر. لە ڕێگەی ئەم زنجیرە کۆڕبەندە زانستییانەوە؛ ڕێکخراوی چمک بەردەوام وەک داینەمۆ و سەکۆیەکی بێلایەن بۆ پێشکەشکردنی ڕاسپاردەی کرداریی بە ئامانجی باشتر ئاڕاستەکردنی کایەی ڕۆژنامەگەریی بەرەو خزمەتی گشتیی کاری کردووە.
یەکهەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی دانپێدانراو لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا-وە
ئەم خولەی کۆڕبەندەکە لەسەر ئاستی ئەکادیمیی و پیشەیی وەرچەرخانێکی دەگمەن بەخۆیەوە دەبینێت؛ چوونکە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، وەک «یەکهەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی ڕیفۆرمی میدیایی» پشتڕاستکراوەتەوە. ئەم ددانپێدانانە فەرمییە؛ پێگەیەکی یاسایی و زانستیی پتەو دەبەخشێتە تەواوی ئەو توێژینەوە و ڕاسپاردانەی کە لە کۆڕبەندەکەدا گەڵاڵە دەبن و بڵاودەبنەوە.
هاوپەیمانییەکی بەهێز: ڕێکخەران و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان
کۆڕبەندی ئەمساڵ بە سەرپەرشتی و ڕێکخستنی سەرەکیی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و بە هاوڕێکخەریی دامەزراوەی پەروەردەیی کانگا (کیف) و دەزگای دیدگا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی (Vision Aid) لەگەڵ سێ هاوبەشی ئەکادیمیی نێودەوڵەتیی-دا؛ سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بەڕێوەدەچێت کە ئەوانیش بریتیین لە: هاوپەیمانێتیی ڕیفۆرمی میدیایی شانشینی یەکگرتوو (UK Media Reform Coalition – MRC)، سەنتەری لێڤەرھیوڵم بۆ توێژینەوەی میدیایی لە زانکۆی گۆڵدسمیس لەندەن و گۆڤاری نێودەوڵەتیی میدیای دیجیتاڵیی و سیاسەت (JDMP) کە لەلایەن خانەی چاپ و پەخشی Intellect Books دەردەچێت و پتر لە 20 نێوەندی ئەکادیمیی نێودەوڵەتیی لە هەشت وڵاتی جیاوازی جیهان و 50 توێژەر و وتاردەر و سەرکردەی ئەکادیمیی لە هەرێمی کوردستان، عێراق، ئێران، میسر، یۆنان، ئیسپانیا، نەرویژ و شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بەشداریی تێدا دەکەن.
پێگەی جیهانیی زانکۆی سۆواس (SOAS)
هەڵبژاردنی زانکۆی سۆواس لەندەن وەک هاوبەش و خانەخوێی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی؛ لەسەر ئاستی جیهان ئاماژەیەکی ستراتیژیی هەیە، چوونکە زانکۆی سۆواس بۆ ئەمساڵ بە فەرمیی وەک «یەکهەمین زانکۆی بەریتانیا لەسەر ئاستی فاکەڵتیی نێودەوڵەتیی (International Faculty)» هەڵبژێردراوە کە ئەمەش ژینگەیەکی دەوڵەمەندی فرەکولتوور دەڕەخسێنێت تا کێشە پێکهاتەییەکانی میدیای کوردیی لە نێوەندێکی خاوەن پێگە و کاریگەری جیهانییدا چارەسەر بکرێن.
گۆڤاری بەناوبانگی جیهانیی Journal of Digital Media & Policy (JDMP) کە لە لایەن خانەی چاپ و پەخشی Intellect Books بڵاودەکرێتەوە و لە ئیندێکسی جیهانیی سکۆپەس (Scopus)دا تۆمارکراوە، داوەتنامەیەکی فەرمیی بۆ ڕاگەیاندنی ژمارەیەکی تایبەت (Special Issue)ی گۆڤارەکە بە تەوەرەکانی ئەم کۆڕبەندە تەرخانکردووە کە تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٦ وەرگرتنی پوختەی توێژینەوەکان (Abstracts) درێژەی دەبێت. دواتر توێژینەوە هەڵەسەنگێنراوە پەسەندکراوەکان لە ژمارە ١٩ی گۆڤارەکەدا لە مانگی ئاداری ٢٠٢٨دا بە فەرمیی بڵاودەکرێنەوە. بۆ بینینی مەرجەکان و پێشکەشکردنی توێژینەوەکان؛ توێژەران دەتوانن سەردانی بەستەری فەرمیی ڕاگەیاندنی گۆڤارەکە بکەن:
لێدوانی ڕێکخەری گشتیی کۆڕبەند
پ.ی.د. شوان ئادەم ئەیڤەس؛ سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و ڕێکخەری گشتیی کۆڕبەندەکە، سەبارەت بە ڕەهەندەکانی ئەم خولە ڕایگەیاند:
«کۆڕبەندی 2026ی چمک لە لەندەن بە هاوکاری هاوڕێکخەران و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی؛ هاوکێشەیەکی نوێ دەهێنێتە کایەوە. دەستپێشخەرییەکانی ئێمە بۆ ڕیفۆرمی میدیایی لەسەر سێ ئاستی هاوتەریب کار دەکەن: لە ئاستی نێوخۆییدا کار بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی یاسایی و پیشەیی سەربەخۆ دەکەین بۆ پاراستنی ڕۆژنامەوانان، لە ئاستی هەرێمییدا کوردستان دەکەینە مۆدێلێکی پێشەنگ بۆ چاکسازیی پێکهاتەیی لە ناوچەکانی پاش ململانێ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست-دا و لە ئاستی جیهانییشدا لە ڕێگەی تەرخانکردنی ئەم ژمارە تایبەتەی گۆڤاری جیهانیی JDMP، دەنگ و داتا زانستییەکانی خۆمان لە تاقیگە ئەکادیمییەکانی خۆرئاوادا هاوبەشی پێدەکەین تا نیشانی جیهانی بدەین کە ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی و پێویستیی هەنووکەیی ڕیفۆرمی میدیایی خەمێکی مرۆیی گشتگیرە و پەیوەندیی بە کات و شوێن و پێگەیەکی جوگرافی دیارییکراوەوە نییە. لێرە بەدوا ئیتر چمک تەنها چاودێر نییە، بەڵکوو ئەندازیاری نەخشەڕێی سیاسەتی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە بۆ ڕیفۆرمی میدیایی لە ماوەی ساڵانی (2026-2036)دا.»
داوەتنامەی کۆڕبەند بۆ ناونووسین
سکرتارییەتی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی؛ سەرجەم بڕیارسازان، ئەکادیمیی و مامۆستایانی زانکۆ, توێژەران و ڕۆژنامەوانان بۆ بەشدارییکردن و ئامادەبوون لە وتووێژە زانستییەکانی دوو ڕۆژی کۆڕبەندەکە داوەت دەکات، تاوەکوو بە زوویی ناوی خۆیان تۆمار بکەن، چوونکە بەهۆی گەورەیی و گرنگیی بابەتەکەوە، کورسییەکانی ناو هۆڵەکان لە زانکۆی سۆواس سنووردارن. بۆ خۆتۆمارکردن و بینینی کارنامەی کۆتایی کۆڕبەندەکە، سەردانی ئەم بەستەرە فەرمییە بکەن:
هۆبەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک











