رۆژنامه‌وان نابێته‌ كاڵا و پیشه‌ییانه‌ كارده‌كات

ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ڕۆژنامه‌وانیی، پیشه‌یه‌، ئه‌ركه‌، به‌رپرسیارێتیه‌. به‌ گوێره‌ی یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستان، له‌ كاتی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كه‌یدا، ڕۆژنامه‌وان هه‌مان ماف و جیاوكی فه‌رمانبه‌ری گشتیی ده‌یگرێته‌وه‌. ڕۆژنامه‌وان نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات. له‌ خه‌می هه‌موواندایه‌. كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات واقیع وه‌ك خۆی پیشان بدات. هیچ كاتێك واقیع ناشێوێنێت، راستییه‌كان ناگۆڕێت، به‌ڵكو پیشانیان ده‌دات. كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ببێته‌ ئاوێنه‌ی واقیع. هۆشیاری بڵاوده‌كاته‌وه‌. خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌وه‌یه‌ چه‌وتییه‌كان پیشان بدات. ڕۆژنامه‌وان ده‌بێته‌ پرد بۆ گه‌یاندنی داواكاری و سكاڵای هاووڵاتیان له‌باره‌ی ره‌وشی ژیانی رۆژانه‌ و ئێستا و داهاتوویان به‌ ده‌سه‌ڵات، له‌ هه‌مان كاتیشدا كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات وه‌ڵامی خواستی خه‌ڵك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌ و بیگه‌یه‌نێته‌وه‌ به‌ هاووڵاتی.

هه‌روه‌ها خه‌می ڕۆژنامه‌وان هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، ده‌یه‌وێت دیارده‌ خراپه‌كان نه‌هێڵێت. كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات به‌های ئینسانی و ژینگه‌ دۆستی و نیشتمانی جێگه‌ی كولتووری باوی دواكه‌وتوو بگرێته‌وه‌.

ئه‌مانه‌ و زیاتریش له‌ باره‌ی ڕۆژنامه‌وانی ڕاسته‌قینه‌وه‌ ده‌وترێن، هێشتا زیاتریش ماون، به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ ڕۆژنامه‌وان خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌نگین و به‌هاداره‌. پیشه‌كه‌ی خۆی خۆش ده‌وێت، خۆی به‌ نزمتر له‌ هیچ پله‌یه‌كی حزبی و ئیداری نازانێت. چاودێرێكی راسته‌قینه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداری. له‌ چوارچێوه‌ی یاسا كار ده‌كات. پابه‌ندی بنه‌ماكانی یاسا و مافی مرۆڤ و پاراستنی ژینگه‌یه‌. له‌ پاڵ جێبه‌جێكردنی یاسای كاره‌كه‌ی، زۆر زۆر جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كان و پاراستنی ئیتیكی پیشه‌كه‌ی ده‌كات. پابه‌ندی بنه‌ماكانی ئیتیكی كاری ڕۆژنامه‌وانییه‌. واژوو له‌سه‌ر په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌فی میدیایی ده‌كات و خۆویستانه‌ پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بێت و ئه‌و بنه‌ما ئاكارییانه‌ پێشێل ناكات، كه‌ له‌ په‌یماننامه‌كانی شه‌ره‌فی كاری رۆژنامه‌وانیدا هاتوون.

كاتێك ڕۆژنامه‌وان به‌و جۆره‌ خۆی په‌روه‌رده‌ كرد، به‌و جۆره‌ كاری كرد، بێگومان ده‌بێته‌ جێی متمانه‌ی هاووڵاتییان. ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵێكی رۆژنامه‌وان بۆ ئه‌وه‌ بێت راستگۆیانه‌ كار بكات و جێی متمانه‌ی خه‌ڵك بێت. بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامه‌كانی، نووسین و كاره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كانی بچنه‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌، كاریگه‌رییان هه‌بێت. رایگشتیی درووست بكه‌ن. راستییه‌كان بخه‌نه‌ پێش چاو، ده‌سه‌ڵات ناچار بكه‌ن كه‌موكورتییه‌كان چاك بكات. ئاستیی هۆشیاری تاكه‌كان به‌رز بكه‌نه‌وه‌.

به‌داخه‌وه‌ دیارده‌یه‌كی سه‌یر په‌یدا بووه‌، تێبینی ده‌كرێت هه‌ندێك ڕۆژنامه‌وان له‌ پێناو ده‌ستكه‌وتی زیاتری ماددیدا، له‌ بیریان چووه‌ته‌وه‌ ئه‌وان ڕۆژنامه‌وانن، خۆیان وه‌ك كاره‌كته‌ری بازار دێته‌ به‌رچاو، یان چالاكوانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، یاخود حه‌زی بزنسیان هه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێت له‌ رێی كاری رۆژنامه‌وانییه‌وه‌ به‌ ئامانجی شه‌خسیی و تایبه‌تی بگه‌ن.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سوود له‌ ناوبانگیان یاخود په‌یوه‌ندییه‌كانیان وه‌رده‌گرن، كه‌ به‌ هۆی كاری ڕۆژنامه‌وانییه‌وه‌ به‌ده‌ستیان هێناوه‌، نیوه‌ی رۆژه‌كه‌یان سه‌رقاڵی كاری میدیایین و دواتر وه‌ك كاره‌كته‌ری بواری رێكلامی بازرگانی كار ده‌كه‌ن.

ئه‌م جۆره‌ كاركردنه‌ له‌گه‌ڵ رووحییه‌تی كاری میدیایی یه‌ك ناگرێته‌وه‌. چونكه‌ رۆژنامه‌وانێك كه‌ خه‌ڵك چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆری لێی هه‌یه‌ راستییه‌كانی بۆ ئاشكرا بكات، به‌ دوای ورده‌كاری كێشه‌كان بچێت و چاره‌سه‌ر پێشچاو بخات، كه‌چی ده‌بینین له‌ تیڤییه‌كان خه‌ریكی رێكلامه‌ بۆ دایبی، شامپۆ، سابوون، كه‌رسته‌ی جوانكاری، ئارایشتگا، رێستۆرانت و شوێن و كاڵا بازرگانییه‌كان.
ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ باشتر وایه‌، خۆیان له‌ كاری ڕۆژنامه‌وانی دوور بخه‌نه‌وه‌، چونكه‌ چیدیكه‌ جێی متمانه‌ی وه‌رگر نین، تۆی رۆژنامه‌وان له‌ بری ئه‌وه‌ی كاری رۆژنامه‌وانی بكه‌یت، خه‌ریكی رێكلامی بازرگانی، خه‌ریكی پیشاندانی كاڵای ساخته‌ی و ده‌ته‌وێت له‌ بری خوێنه‌ر و بینه‌ری كاره‌ میدیاییه‌كانت وه‌ك كاره‌كته‌ری نمایشكار ڕۆڵێكی ناواقیعی بگێڕێت. ئه‌وانه‌ی خه‌ریكی ئه‌و جۆره‌ كاره‌ن، هیچ كاتێك ناتوانن خۆیان له‌ ژێر چه‌تری كاری میدیایی بشارنه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وان هه‌موو خه‌سڵه‌تێكی میدیاكار یان رۆژنامه‌وانی راسته‌قینه‌یان له‌ده‌ستداوه‌. See less

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟