بەسینەماکردنی جینۆساید: گەڕان بەشوێن فۆڕمی سینەما و پەیوەندیی لەگەڵ دەنگە شاراوەکانی نێو جینۆسایدی کورد لەساڵی 1988دا

لەژێر ئەم ناونیشانەی سەرەوەدا و وەک بەشێک لەپێداویستییەکانی بەدەستهێنانی  بڕوانامەی دکتۆرا (PhD) لەمیدیای پراکتیکی (سینەما)دا؛ پ.ی.د.دڵشاد مستەفا لە زانكۆی سلێمانی لەساڵی 2015دا تێزەكەی پێشکەش بە سکوڵی هونەر و میدیا-ی زانکۆی سالفۆرد لە شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا کردووە.

پوختەیەک دەربارەی توێژینەوەکە :

ئەم پرۆژەی دكتۆرایە؛ چەشنە توێژینەوەیەكە لایەنی پراکتیکی پێشڕەوی دەکات و ستایڵێکی تایبەت و ناوازەو نوێی هەندێک لە زانکۆکانی بەریتانیایە کە تێیدا ئەو کەسانەی ئەزموونی پراکتیکیان هەیە، دەتوانن بەشێک لە کەرەستەکانی گەڕان و پشکنینیان بەنێو کۆنسێپتەکاندا لەرێی پراکتیکەوە بێت. سەنتەری توێژینەوەی هونەريى (AHRC)و زانستی مرۆیی(CREAM) و سەنتەری توێژینەوە و فێرکردنی هونەر و میدیا لە بەریتانیادا، بنچینەیەکی نوێیان بۆ وەرگرتنی دكتۆرا (PhD) داڕشتووە کە لەسەر بنەمای کاری داهێنانی هونەری پراکتیکییە. لەبەرئەوەی کاری ئەفراندن خۆی لەخۆیدا فۆرمێکی توێژینەوەیە و ئاکامێک دەهێنێتە کایەوە کە شایستەی دۆزینەوەی زیاتربێت (Smith:19:2009). كارکردن لەم شێوازە نوێیەدا؛ بەپێی ستانداردی جیهانیی و ئەو بنچینانەی ئەو سەنتەرانە دایانڕشتوەو زۆرێک لە زانکۆکانی بەریتانیا کاری پێدەکەن، بەردەوام داهێنان و دۆزینەوەی نوێی تێدا ئەنجامدەدەن. لەم توێژینەوەیەدا کە لەسەر ئەو بنچینەی سەرەوە داڕێژراوە؛ توێژەر سەرقاڵی گەڕان بووە بەدوای ئەو دۆخەی وایکردووە فلمسازی کورد لە گەیاندنی دەنگە شاراوەکانی نێو تاوانی ئەنفال-دا کەمتوانابێت و ئەو بزاڤە فلمسازییە لەکام بەشی پرۆسەی وێناكردنەوەی جینۆسایددا نەگەیشتۆتە ئاستی پێویست. ئامانجی توێژینەوەکەش؛ شیکردنەوەی کەمایەسی فلمە بەرهەمهاتوەکانە لە وێناكردنەوەی کاریگەریی توندوتیژییەکان لەسەر رزگاربووان و دۆزینەوەی فۆرمێکی جیاواز بۆ گوزارشت لەو بەشەی ئەزموونی قوربانیی کە هێشا بەشاراوەیی ماوەتەوە و لە پشت ئەو بێدەنگییەوە دەژی کە لەناخی قوربانییدا وەک جۆرێک لە پارێزگاريیكردن لە قودسییەتی قوربانییەکانی تر رەگی داکوتاوە. بەدرێژایی مێژوو؛ تراژیدیا مرۆییەکان کاریگەریيان لەسەر فلمسازان هەبووە و هانیان داون تا ئەو چیرۆکانە بهێننەسەر سکرین کە ناکرێت لەیادبکرێن. تاوانی جینۆسایدە گەورەکانی دنیا و ئەو تراژیدیایانەی مێژووی مرۆڤایەتییان شەرمەزارکردووە؛ لەنموونەی: هۆلۆکۆست، روواندا، بۆسنیا، کەمبۆدیا، دافۆر و چەندینی تر، ئەو زەبر و زەنگ و توندوتیژیانەی لەنێو ئەم هەڵمەتانەدا هەبوون و ئەو شۆکەی تووشی تەواوی ئەو گەلانەیان کردووە لەوێنەی سینەمایی کاریگەردا بەرجەستەکراونەتەوە. لەماوەی کارکردنم لەمیدیای کوردییدا؛ ژمارەیەکی زۆر چاوپێکەوتنم لەگەڵ قوربانییەکاندا کردووەو شاهێدی بەشێکیانم دەربارەی ئەزموونکردنی تراژیدیا و شۆکی نێو ئەو ئازارە تۆمارکردوە، بەڵام کە بۆ ئەم توێژینەوەیە جارێکی تر تەماشای ئەو دۆکیومێنتانە دەکەمەوەو کاریان لەسەر دەکەم بەروونیی دیارە کە کاریگەرییەکانی تراژیدیا لەسەر دەروون و ناخی قوربانیی لەنێو فلمە کوردییەکاندا نەبۆتە جێی بایەخ و کاری لەسەر نەکراوە. دەنگی رزگاربووەکان؛ هێشتا بەشاراوەیی ماوەتەوە، چونکە هەست و سۆزی ئەوان، ژیانی ناوەوەیان، چیرۆکە راستەقینەکان لەهیچ بەرهەمێکی کوردییدا وەک پێویست کاریان لەسەر نەکراوە.

پرسیارەكانی توێژینەوەكە:

ئەم توێژینەوەیە هەوڵدەدات ئەو بۆشاییانە بدۆزێتەوە کە لەم نێوەندەدا هەن، لەڕێی وروژاندنی ئەم پرسیارانەوە:

  1. چۆن دەتوانین دەنگە شاراوەکانی نێو جینۆسایدی کورد لەفۆرم و ستایڵێکدا وێنابکەینەوە کە پێشتر لە فلمی کوردییدا کاری لەسەر نەکرابێت؟
  2. بە کام رێگا دەتوانین شاهێدی زاری رزگاربووەکان بەکاربهێنین بۆ گەشەپێدانی زمانێکی سینەمایی کە بتوانێت کاریگەرییە شاراوەکان لەسەر قوربانیی دەربخات ؟
  3. کام جۆر لە پرۆژەی پراکتیکی؛ دەتوانێت هێزی گوزارشتی راستەقینەی لەو کۆژانەی لەنێو قوربانییدا هەیە هەبێت، بەبێ پیشاندانەوەی خوێن و داد و فیغان و کڕوزانەوە و لە ستایڵێکدا کە تائێستا کاری لەسەر نەکراوە؟

چوارچێوەی میتۆدیی توێژینەوەكە

دواجار لەرێی گەڕانی زۆر؛ چەند جۆرە میتۆدێک بۆ شیکردنەوەی چیرۆکی قوربانیی و رزگاربووەکان بەکارهاتن. پاشان لەسەر بنەمای هەندێک لێکدانەوە و راڤەی تیۆریی لەکایەکانی یادەوەریی و وێناکردنەوەدا بەپشتبەستن بە هەندێک لە تێزەکانی (Halbwachs وJan Assmann )؛ توێژینەوەکە بنچینەیەکی بۆ کۆکردنەوەی یادەوەریی تاکی قوربانیی لەنێو کۆیادەوەرییەکاندا دامەزراند و چیرۆک وەک فۆڕمێک بۆ ئەو پرۆسەیە بەکارهات. بەو شێوەیە کۆیادەوەرییەکمان دەستکەوت کە زۆرینەی قوربانییەكان بەوە رازی بکات کە ئەو چیرۆکە چیرۆکی ئەویشە یان بەشێک لە چیرۆکەکەی ئەویش لەنێویدا هەیە. دواتر ئەم چیرۆکە دەبێت بە پرۆسەی بە میدیاکردندا بڕوات و سینەما وەک کارکردێکی میدیایی بەهێز دەتوانێت لەم ئاستەدا کۆمەک بکات. بەسوودوەرگرتن لەئەزموونی ئەوانیتر کە لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێداون، بەتایبەتیش ئەو کارەی سینەما بۆ هۆلۆکۆست و تراژیدیای جولەکەکان لەدنیادا کردوویەتی؛ گەیشتینە ئەو بڕوایەی دەشێت یادەوەریی قوربانیانی جینۆسایدی کوردیش لەرێی سینەماوە ببێت بە یادەوەرییەکی نێونەتەوەیی یان جیهانی  (cosmopolitan)، ئەوسا ئیدی دەنگی قوربانییەكانی کوردیش شاراوە نابێت و لەو جۆرە داخرانە ناوخۆیی و ناوچەییە  دەربازی دەبێت. ئەنجامی  ئەم کارکردنەش لەنووسینی دوو فلمی درێژو فلمێکی کورت و درووستکردنی دوو فلمی دۆکیومێنتەری و چەندين پرۆژەی پراکتیکییدا دەرکەوت. گەڕانە پراکتیکییەکە؛ پشتبەستووبوو بە تێزەکانی مۆنتاژی سۆڤێتی لە وروژاندنی زەینی وەرگردا بۆ بەرهەمهێنانی وێنەیەکی تر لە ئاکامی بەرکەوتنی بەو وێنە هاودژانەی پیشانی دەدرێت؛ وێنەیەک ناڕاستەوخۆ گوزارشت لە تراژیدیا بکات. هاوكات بنەمای تیۆریی و دۆزینەوەکانیش ئەوەبوو کە کاراکتەری قوربانیی لە دۆخی جینۆسایددا سەرقاڵی پرسیارێکی رۆحییە. پرسیاری ئەوەی لەو هەموو کۆمەڵکوژییەدا؛ یەزدان تۆ لەکوێی؟ تاکی کوردیی سەرقاڵ بە رۆحییەتی قوربانییەوە تووشی جۆرێک لە نیگەرانیی رۆحیی دەبێت و پێداویستییەكانی ئەو لایەنە لەدنیای دەرەوەی تراژیدیادا بە هەندێک سروتی ئایینیی پڕدەکاتەوە. بۆیە لەم دۆخەدا؛ پێویستيی بەو قەرەبوو رۆحیيەیە کە رەنگە سینەما و گێڕانەوەی درووستی چیرۆکی تراژیدیا بتوانێت ئەو نێوەندە بەرپرسیارەبێت.

ئەنجامەكانی توێژینەوەكە

لەكۆتاییدا؛ دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکە بردینیە ئاستێکی تر لە روانین. بەتایبەت لە دۆزینەوەی فۆڕمی جیاوازدا کە پێشتر بۆ وێناکردنی تراژیدیای کوردیی کاری لەسەر نەکرابوو كە دەتوانین بە زمانی ئینگلیزیی وایان ناوبەرین: ((fact/fiction feature film screenplay, boundaries fact/fiction short film screenplay, and a creative documentary).  واتە سیناریۆی فلمێک کە راستیی و چیرۆک تێیدا ئاوێتەن، کارکردن لەسنوورەکانی نێوان حەقیقەت و چیرۆکدا ، پاشان دۆکیومێنتەرییەکی ئەفرێنەرانە کە بنچینەکەی کاری ئەزمووونگەریی بێت. ئەم ستایڵانە دەتوانن ئەڵتەرناتیڤی دۆخی باو و تەقلیدی بن و فلم لەو سنوورە بەرنە دەرەوە کە پێشتر فلمسازی کورد تێیدا قەتیسبوو. سنوورێک بەلایەک رێی لەخەیاڵ دەگرت و لەلایەکی ترەوە لە چوارچێوەی لۆکاڵییدا دەیهێشتەوە.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟