رۆڵی سۆشیال میدیا له‌ فێربوونی زمانی ئینگیلزیى وه‌ك زمانێكی بیانی

لەژێر ئەم ناونیشانەی سەرەوەدا و وەک بەشێک لەپێداویستییەکانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر (MA) له‌بواری میدیای دیجیتاڵیی و كولتوورييدا‌؛ ناسك سەعید لەساڵی 2015دا تێزەكەی پێشکەش بە سکوڵی كەمیونیكەیشن، كولتور و میدیا-ی زانکۆی كۆڤێنتری لە شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا کردووە. لەم ماستەرنامەیەدا؛ گرنگیی بەپه‌یوه‌ندیی نێوان میدیای دیجیتاڵیی لە بره‌ودان به‌لایه‌نی كولتووریی كۆمه‌ڵگەی كوردیی دراوە، له‌رێگه‌ی فێربوونی زمانێكی بیانیی وەك ئینگلیزییه‌وه. هاوكات چۆن بتوانین دیجیتاڵمیدیا له‌هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانه‌وه،‌ به‌تایبه‌ت له‌رووی كولتوور و زمان و په‌یوه‌ندییكردنه‌وه‌ بخه‌ینه‌ خزمه‌ت گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان.

میدیای كۆمەڵایەتیی كه‌ لەلایەن بەکارهێنەرانەوە به‌ تۆڕی کۆمەڵایەتیی ناسراوە؛ شێوازێکی خێرا و گەشەسەندووی میدیای دیجیتاڵییە. ئه‌م پلاتفۆڕمە بۆته‌ هۆكارێك له‌ درووستکردن و به‌رده‌وامییدان به‌ پەیوەندییەکانی ئۆنلاین، ئەم میدیایە ته‌نها وەک پلاتفۆرمێک کارناکات بۆ بینینی فۆتۆ وەک ئەوەی لەفەیسبووکدا هه‌یه، یاخود بۆ نووسینی دێڕی کورت وەک تویتەر یان بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکان له‌ یوتیوب، بەڵکوو ئەم میدیایە وەک پلاتفۆرمێکی گه‌وره‌ رۆڵی سه‌ره‌كیی له‌ کارلێککردن و بنیاتنانی پەیوەندییەكاندا هەیە. جگەلەوەیش، دروشمی سەرەکیی ماڵپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەیە کە بەکارهێنەران بتوانن پەیوەندیی لەگەڵ بەکارهێنەری تردا درووستبکەن. هاوكات ده‌توانن بۆ هاندانی فێربوونی زمان لە به‌شه‌كانی زمانی بیانی، پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی و کارلێککردن وەک ئامرازی گرنگ بەکاریبهێنن. له‌رێگه‌ی ئه‌و تۆڕە‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ و له‌ئه‌نجامی زۆری ژماره‌ی به‌كارهێنه‌ران له‌به‌شێكی ئه‌و پلاتفۆرمه‌دا، وا ده‌كات میكانیزم و رێگه‌خۆشكردنێك بێته ئاراوه‌ بۆ فێربوون و به‌كارهێنانی زمانێكی دیكه‌ كه‌ به‌زمانی دووه‌م یاخود بیانیی هه‌ژمار ده‌كرێت. بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان له‌ڕووی بەرزکردنەوەی ئاستی مه‌عریفیی و فێربوون، دەبێت له‌لایه‌ن مامۆستایانه‌وه‌ وه‌ك به‌ئاگابوونێك و هه‌بوونی ئامرازێكی بەبایەخی فێربوون به‌ فێرخوازان بوترێت، چونكه‌ لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئه‌ركی پەروەردەكردن قورسترده‌بێت، به‌ڵام فێربوون به‌تایبه‌ت؛ فێربوونی زمان بۆ مامۆستا ئاسانتر ده‌بێت. به‌و مانایه‌ی قوتابی؛ بۆ خۆی له‌رێگه‌ی شێوازێكی دیكه‌وه‌ فێری زمانێكی دیكه‌ ده‌بێت و كه‌متر قورسایی ده‌خاته‌ سه‌ر شانی مامۆستاكه‌ی، به‌ڵام له‌رووی په‌روه‌رده‌كردنه‌وه‌ كاره‌كه‌ گرانتر ده‌بێت. گومانی تێدا نییە؛ بۆ فێربوونی زمان پێویست به‌ به‌ریه‌كه‌وتن و گفتوگۆی زیاتر هه‌یه‌و ده‌بێت زۆرتر خه‌ڵك بناسیت، بۆئه‌وه‌ی رۆژانه‌ گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا بكه‌یت، ئه‌مەیش بۆ ته‌مه‌نێكی دیارییكراو ده‌بێته‌ گرفت. ئێستا فێربوونی زمانی دووه‌م به‌تایبه‌ت زمانی ئینگلیزیی لای فێرخوازان و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتیانی كورد بۆته‌ جێگه‌ی بایه‌خ و هەوڵدەدەن بۆ به‌ریه‌كه‌كه‌وتن لەگەڵ بیانییه‌كاندا بەکاریبهێنن. لەهەمانکاتدا لەفێربوونی زمانەکەدا کێشەی زۆریان رووبه‌رووده‌بێته‌وه؛‌ هەروەک زۆربەی ئەو توێژەرانەی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تە كاریان كردووه‌ ئاماژە‌یان به‌ كێشه‌كان داوه. دڵەڕاوکێ؛ یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ ئەم بابه‌ته‌ کە دەبێتە هۆی دوودڵیی لەکاتی پەیوەندییکردندا. بەتایبەت ترس لە به‌كارهێنانی وشه‌ و چۆنیه‌تی درووست به‌كارهێنانی له‌ رووه‌ زمانه‌وانییه‌كه‌یه‌وه‌.

ئەم توێژینه‌وەیه‌ بەسەر شه‌ش به‌ش-دا بەشكراوە، لەوانە: پێشه‌كیی توێژینەوە؛ لەم بەشە سەرەتاییەدا بابەتی توێژینەوەکە خراوەتەڕوو، هەروەها ئاماژە‌ بە ئامانجەكان و كێشەكانی توێژینەوەکە دراوه‌، دواتر پرسیارەکانی توێژینەوەکە، کە لەماوەی توێژینەوەکەدا وەڵامیان دراوه‌ته‌وه‌ و گفتوگۆیان لەسەر کراوە. بەشی دووەمی توێژینەوەکە تەرخانكراوە بۆ باسكردن لە پاشخانی مێژوویی گەلی کورد‌ و چەندین زانیاریی لەوبارەوە خراونه‌ته‌روو كه‌ پەیوەندیی بە کوردەوە هه‌بێت، وەک: زمانی کوردیی و پێگەی کورد لە عێراق و پەیوەندیی کورد لەگەڵ نه‌ته‌وه‌كانی دیكەدا. بەشی سێیەم بۆ پێداچوونەوە بەئەدەبیاتی بابەتی سەرەكیی توێژینەوەكە دانراوە کە لێکۆڵینەوەیەکی قووڵی ئەو بابه‌تانه‌یه‌ کە لەبواری هاوشێوەدا نووسراون و بەردەستن. چوارەم بەش؛ بۆ چوارچێوەی میتۆدیی توێژینەوەكە تەرخانكراوە کە درێژە بەو پرۆسەیە دەدات کە بۆ ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیە بەکارهاتووه‌، لەم بەشەدا چاوپێکەوتنی چڕو و راپێوی‌؛ وەک گونجاوترین رێبازی توێژینەوە بۆ چارەسەرکردنی پێویستیەکانی ئەم توێژینەوەیە هەڵبژێردراون. لەبەشی پێنجەمدا؛ شییکردنەوە بۆ داتا بەدەستهاتووەكان و وەڵامەکانی ئەو پرسیارانە كراوە كە لەکاتی توێژینەوەكەدا کراون. بەشی شه‌شه‌م و كۆتایی تەرخانكراوە بۆ ئەنجامەكان و راسپاردەكانی توێژینەوەکە و پێشکەشکردنی پوختەیەک لە دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکە.

شیکاری ئەنجامی کۆتایی ئەم توێژینەوەیە؛ ئەوەی دەرخستووە كە ماڵپەرەكانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شۆڕشێکیان لە ژیانی خەڵکدا بەرپاكردووە. بەجۆرێك ئێستا فەیسبووک بەناوبانگترین ماڵپەری جیهانه‌ كە به‌رده‌وام له گەشەسەندن و ‌پێشكه‌وتندایەو شێوازێکی نوێی پەیوەندیی لە رێگەی فەیسبووکەوە پەرەیسەندووە کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تاک هه‌یه. بەتایبەت لەفێربوونی زمانێكی بیانیی و گەردوونیی وەك ئینگلیزییدا. هەروەها پلاتفۆرمێکی جیاواز و نوێیان ‌بۆ پەیوەندیی نێوان کەسه‌كان و سنووردارکردنی ره‌هه‌نده‌ کولتورییەکان دابینكردووه، به‌جۆرێك تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن بەسەر ئەم ئاسته‌نگانه‌دا زاڵبن. ئەویش لەرێگەی دابینکردنی رێگایەک بۆ هه‌ماهه‌نگیی لەگەڵ کولتووره‌ جیاوازەکانی وەک کورددا كە بەشێوەیەكی گشتیی ده‌یانه‌ویت له‌رێگه‌ی زمانی جیاوازه‌وه‌ كه‌سی نوێ بناسن و بابه‌ته‌ كولتوریییه‌كان ئاڵۆگۆڕ پێبكه‌ن. هاوكات دەشیانەوێت زمانی بیانیی به‌تایبه‌ت زمانی ئینگلیزیی فێرببن، چونكە هەستدەکەن ئەم زمانە لەگەشەپێدانی دۆزی نەتەوەکەیاندا یارمەتیدەر دەبێت. ئەزموونە خراپەکانی پێشوویان و ململانێ مێژووییەکانیان لەگەڵ عێراقدا وه‌ك وڵاتێكی عه‌ره‌بیی بەتایبەت بەهۆی کردەوەکانی سەدام حوسێن-ی سەرۆکی پێشووتری عێراق لەفێربوونی زمانی عەرەبیی وەک زمانی دووەم؛ ساردبوونه‌ته‌وه‌ و ئاره‌زوویان بۆ فێربونی زمانێكی دیكه‌ هه‌یه‌. هەروەها هەموو ماڵپەرەكانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لەم توێژینەوەیەدا لێکۆڵینەوە و شیکارییان بۆ کراوە؛ لەلایەن بەشداربووانەوە وەک سەرچاوە بەکاردەهێنرێن و بەپێویستی دەزانن كە ئینتەرنێت بۆ سوودوەرگرتن لەم بابه‌ته بە ئازادیی بەردەست بێت. خەڵک ئەو ماڵپەرانە بەسەرچاوەیەکی کراوە دەزانن کە بۆ هەمووان بەردەست بێت كە لەفێربوونی زماندا یارمەتیان دەدات. هەروەك یه‌كێك له به‌شداربوانی توێژینه‌وه‌كه‌ ئاماژە‌ی بەوەداوە‌ كه‌ ئەندامانی خێزانه‌كه‌ی بۆ باشتركردن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئاستی فێربوونی ئینگلیزیی پشتیان بەماڵپەرەکان بەستووه‌ و رۆژانه‌ به‌كاریدێنن. ئەوەیش بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باش بۆ بردنەپێشی ئینگلیزییه‌كه‌یان له‌هه‌موو ئاستەكانی زمان:  نووسین، خوێندنەوە، قسەكردن و بیستن.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟