چمک، سلێمانی: لە چوارچێوەی پڕۆژە بەردەوامەکانییدا بۆ لێکنزیکخستنەوەی نێوەندە ئەکادیمیی و پیشەییەکانی میدیای کوردیی و بەنێودەوڵەتیی ناساندنیدا، ڕۆژی یەکشەممە (26ی نیسانی 2026) شاندێکی باڵای ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بە سەرۆکایەتیی پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی پەخشی کوردسات؛ دێرین لەتیف ڕەشید پێشوازیی لێکرا.

لەو دیدارەدا؛ وێڕای پێشکەشکردنی سێ ژمارەی گۆڤاری دەرگاوان وەک چاوگەیەکی مەعریفیی بۆ پەروەردەی میدیایی، جەخت لەسەر پەیام و دیدگەی نیشتیمانیی ڕێکخراوی چمک کرایەوە بۆ هەرچی زووتر نەهێشتن و کەمکردنەوەی ئەو دوورەپەرێزیی و بۆشاییەی لە نێوان تیۆرییە ئەکادیمییەکان و کاری کردەیی میدیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە. بۆ ئەو مەبەستەیش تاووتوێی کاری هاوبەشی ئەکادیمیی و پیشەیی کرا کە ئامانج لێی پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی میدیاکاران-ە لەسەر بنەما نێودەوڵەتییە زانستیی و پیشەییەکان لە ڕێگەی دامەزراندنی ئەکادیمییەکی میدیایی-ەوە.
تەوەرەی دیکەی گفتوگۆکان تایبەتبوو بە ئامادەکارییەکانی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی کە بڕیارە لە ڕۆژانی 6_7ی تەممووزی 2026 لە زانکۆی گۆڵدسمس لە شاری لەندەن ڕێکبخرێت. ئەم کۆڕبەندە کە لە ژێر ناونیشانی «ڕیفۆرمی میدیایی لە هەرێمەکانی پاشململانێ-دا: نەخشەڕێی پلانی ستراتیژیی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق» ساز دەکرێت، دەبێتە یەکهەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی کە لە مێژووی 128 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردییداو بە بەشداریی دەیان بڕیارساز، ڕۆژنامەوان، ئەکادیمیی و توێژەری ناوخۆیی و بیانیی بۆ گەڵاڵەکردنی نەخشەڕێی سیاسەتی میدیایی کوردستان لە پایتەختی بەریتانیا بەڕێوە بچێت. لەو چوارچێوەیەشدا؛ بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی پەخشی کوردسات، وێڕای پێشوازیی و دەستخۆشیی لە دەستپێشخەرییەکانی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)، ئامادەیی دامەزراوەکەی بۆ پلان و پڕۆژە و پڕۆگرامە میدیاییەکانی ڕێکخراوەکە دەربڕی و بەڵێنی هاوکاری لۆجستیی بۆ سەرخستنی هەوڵ و هەنگاوە نیشتیمانییەکانی لە نموونەی کۆڕبەندەکانی چمک دووپاتکردەوە، بەو ئامانجەی میدیای کوردیی لە ئاستی نێودەوڵەتییدا پێگەی شایستەی خۆی وەربگرێت و بەهۆیەوە دبلۆماسییەتی میدیایی بۆ براندسازیی نەتەوەی کورد لەسەر نەخشەی میدیای جیهانیی پەرەی پێبدرێت.
چاودێریی میدیای کوردی (چمك)؛ ڕێکخراوێکی ناحکوومیی قازانجنەویستی سەربەخۆییە. لەساڵی 2017دا؛ لەلایەن چەند کەسایەتییەکی ئەکادیمییەوە دامەزرا و تایبەتمەندە بەچاودێرییکردن، هەڵسەنگاندن، ڕاپۆرتکردن و توێژینەوەی خەوش و پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاو ڕەوشی رۆژنامەگەریی کوردی. جەختکردنەوەی سەرەکیی ئەم ڕێکخراوە؛ لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی مافەکانی تاکەکەس و کۆمەڵگەی کوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانی ناپیشەیی میدیا و میدیاوانانی کوردستان. چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانی چمک؛ بۆ ڕووماڵکردنی بەرهەمە جۆربەجۆرەکانی میدیای کوردییە، بەمەبەستی گەڵاڵەکردن و خستنەڕووی کارنامەیەکی پیشەییتری کرداریی بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە باوەکانی میدیا و شێوازی کارکردنی میدیاوانانی کوردستان.
کوردسات؛ دامەزراوەیەکی پەخشی کوردییە، لە 1ی کانوونی دووەمی 2000 لە شاری سلێمانی لەلایەن خانمی پێشووی عێڕاق؛ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دامەزراوە. خاوەنی چەند تەلەڤزیۆنێکی زەمینیی وەک خاک و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئاسمانیی وەک کوردسات و کوردساتنیوز-ە. لەسەرەتای دامەزراندنییدا؛ بەرنامەکانی کوردسات بە چەندین زار و بنزاری کوردیی دەستپێکردووە و ماوەیەکیش بە زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی، فارسیی و تورکیی بەرنامەکانی پێشکەشکردووە. لە ڕووی کولتوورییەوە؛ بە یەکێک لە دەمەزراوە میدیاییە سەنگینەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت کە زۆرترین فلم و زنیجیرەدرامای کوردیی بەرهەمهێناوە.











