لە هەنگاوێکی دەگمەندا بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان توێژینەوەی ئەکادیمی و سیاسەتی کرداریی میدیا، ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)، دامەزراوەی پەروەردەیی کانگا (کیف) و دەزگای دیدگا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (VisionAID) بە فەرمیی بانگەوازی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک بۆ چاکسازیی میدیایی ڕاگەیاند.
ئەم کۆڕبەندە زانستییە ئاستبەرزە کە لە سەرەتادا بڕیار بوو لە ٢١-٢٢ی نیسان بەڕێوە بچێت، بۆ یادی ١٢٨ ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی، بۆ ڕۆژانی ٨-٩ی تەمموزی ٢٠٢٦ دواخرا. لە ژێر تەوەری کاتی خۆیدا، “ڕیفۆرمی میدیایی لە ناوچەکانی دوای ململانێ: نەخشەڕێی سیاسەتی ستراتیژیی کوردستان”، کۆڕبەندەکە بانگهێشتی زانایانی ئاستبەرزی جیهانیی، شارەزایانی سیاسەت و لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ هاوکارییکردن لەسەر چوارچێوەیەکی خۆڕاگر بۆ گەشەسەندنی دیموکراسی. ئەم خولەی کۆڕبەندەکە؛ تایبەتە بە کۆتاییهێنان بە “نەخشەڕێی سیاسەتی ستراتیژیی” کە بۆ: پاراستنی ڕێسا پیشەییەکانی ڕاگەیاندن و بەرزکردنەوەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان؛ پاراستنی یەکپارچەیی میدیا لە دەستوەردانی سیاسیی و بازرگانیی؛ مۆدێلی ڕیفۆرمی میدیایی کورد تێکەڵ بە دیالۆگەکانی جیهانی سەبارەت بە خۆڕاگری دیموکراسیی و حوکمڕانی داماڵینی کۆلۆنیالیزم داڕێژراوە. ئەم لوتکە ئاستبەرزە؛ نوێنەرایەتیی پابەندبوونێکی بەکۆمەڵ دەکات لەلایەن ئۆرگانە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان-ەوە بۆ بەرزکردنەوەی پێوەرەکانی میدیای کوردیی لەڕێگەی پێداگری پیشەیی و زانستیی و دامەزراندنی ژینگەیەکی میدیایی سەربەخۆ وەک پایەیەکی بنەڕەتی دیموکراسی.
لەبارەی كۆڕبەند-ەكەوە
سێهەمین كۆڕبەندی نیشتیمانیی چمك بۆ ڕیفۆرمی میدیایی؛ چوارچێوەیەکی ستراتیژیی بۆ کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتیی دوو ڕۆژە دەخاتەڕوو کە ئامانج لێی لێکۆڵینەوەیە لە ئاڵنگارییە گرینگەکانی گەشەپێدانی میدیایی لە ژینگەکانی پاش-ململانێدا كە هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێتە تەوەری سەرەكیی ئەو توێژینەوانەی كاریان لەسەر دەكرێـت. کۆنفرانسەکە هەوڵدەدات کەلێنی نێوان پابەندبوونە یاساییەکان بە ئازادییەكانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی و بەدیهێنانی پراکتیکی سیستەمی میدیایی ڕوون، فرەیی و لێپرسینەوە لە دۆخی ئەو چوارچێوانەی کە بە ئاڵۆزی دامەزراوەیی دیاریکراون، پڕبکاتەوە. نوێنەرانی حکوومەت، دەسەڵاتدارانی یاسادانان و دادوەریی، پسپۆڕانی ئەکادیمیی و ئەکتەرانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کۆدەکاتەوە، بۆ ئەوەی بە هاوبەشیی پێشنیازەکانی سیاسەت لەسەر بنەمای بەڵگەكان دابڕێژن، تاوەكوو چاکسازیی بەردەوام لەناو کەرتی میدیادا پێشبخەن.
1. ئاڵنگاریی سەرەکيی: کۆنفرانسەکە باس لە پچڕانی پێکهاتەیی نێوان چوارچێوە یاساییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئازادیی میدیایی دەکات کە زۆرجار وەک “یاساکانی سەر کاغەز” ڕەخنەیان لێدەگیرێت و واقیعی كاركردنی ڕۆژنامەوانان و ڕێکخراوە میدیاییەکان کە لە چوارچێوەی ژینگەیەکدا کاردەکەن کە بە سنووردارکردنی سیاسیی و تەحەددیاتی بەردەوامیی ئابووریی و نیگەرانییە ئەمنییەکان دیارییکراون.
2. ئامانجی ستراتیژیی: بەرهەمهێنانی نەخشەڕێگەی سیاسەتی گشتگیر کە پیشەییبوونی میدیا بەرز بکاتەوە، ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی بپارێزێت و میکانیزمە دامەزراوەییەکان، وەک ئەنجومەنی نیشتمانیی میدیا، بۆ بەردەوامیی درێژخایەنی کەرتی میدیا لە هەرێمەكانی پاش-ململانێدا دابمەزرێنێت.
3. هاوبەشانی ڕێکخەر: ئەم دەستپێشخەرییەی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمك) بۆ سێهەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی چمك بە هاوبەشیی لەگەڵ چەند دەزگە و دامەزراوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی ڕێکدەخرێت و چاوەڕواندەكرێت چەندین نێوەندی ئەكادیمیی و پیشەیی و بازرگانیی ببن بە سپۆنسەری سەرەكیی چالاكییەكانی كۆڕبەندەكە. ئەم هاوبەشییە؛ شارەزایی کۆمەڵگەی مەدەنیی، پێداگریی شیکاری ئەکادیمیا و بەشدارییکردنی دامەزراوەیی ئەکتەرەکانی حکوومەت بۆ درووستکردنی سەكۆیەکی فرە پسپۆڕیی تێکەڵ دەکات، بە ئامانجی هەرچی زووتر داڕشتنی سیاسەتی گشتگیر و بەردەوام لە ڕووی سیاسییەوە.
ڕێکخەرانی سەرەکی
- ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمك): ڕێکخراوێکی پێشەنگی کۆمەڵگەی مەدەنییە کە تایبەتە بە چاودێریکردنی ناوەڕۆکی میدیایی و پاراستنی مافی بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەرانی میدیا و پێشخستنی ستانداردە پیشەیی و یاساییەکانی ناو میدیای کوردی. بە کەڵکوەرگرتن لە شارەزایی مەیدانیی و تۆڕە ئەکادیمییەکان، چمك بنەمایەکی بەڵگەدار بۆ پەرەپێدان و ڕیفۆرمی میدیا ی دابین دەکات. ڕێکخراوەکە دوو خولی کۆڕبەندی نیشتمانیی چمك بۆ ڕیفۆرمی میدیایی (سلێمانی، هەرێمی كوردستانی عێراق، 2021 و 2025) بە سەرکەوتوویی ڕێكخستووە کە وەک سەکۆیەکی سەرەکیی بۆ گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنی میدیایی و پێشخستنی پراکتیکەکانی ڕۆژنامەگەری یەکگرتوو کاردەکات.
- دەزگای ڤیژن بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی (VisionAID): ڕێكخراوێكی ناحكوومیی سەربەخۆیە؛ ئامانجییەتی وەك پردێک لە نێوان کۆمەڵگە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا خزمەت بکات کە بەرنامەی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە گرنگەکان لە پەروەردە، دادپەروەرغی، گەشەپێدانی مرۆیی و گەشەپێدانی بەردەوام پێشکەشدەکات. پێکهاتەکەی لە لێپرسینەوە و گشتگیرىی و گونجاندن لەگەڵ پێداویستییە دینامیکییەکانی دیمەنی جیهانیى و ناوخۆیی مسۆگەر دەکات.
هاوبەشە سەرەکییەکان
- دامەزراوەی پەروەردەیی كانگا (کیف)؛ ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتیی ناحکوومیی و قازانجنەویستە و پابەندە بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی زمان و کولتوور و ناسنامەی کوردیی لە نێو منداڵان و گەنجانی کورد لە دەرەوەی وڵات-دا. ئەرکی کانگا بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کولتووریی و بەشدارییكردنی پەروەردەیی لە ڕێگەی پەرەپێدانی بەرنامەکانی زمانی کوردیی و ڕێکخستنی دەستپێشخەرییە کولتوورییەکان و ئاسانکاریی بۆ هاوکاریی لە نێوان پێکهاتە کوردییەکان لە سەرانسەری جیهاندا. ڕێکخراوەکە ئاواتەخوازە نەوەیەکی ئاگادار و هۆشیار پێبگەیەنێت کە توانای بەشدارییکردنی لە پاراستن و پێشخستنی میراتی کورد لەسەر ئاستی جیهانیی هەبێت. جگە لەوەیش، کانگا وەک ڕێکخراوێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی کە لە بەریتانیا تۆمارکراوە، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمك) هەیە؛ بۆ بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی پەروەردەی خوێندەواریی میدیایی لەنێو پێکهاتە کوردەکانی تاراوگەدا.
- نوێنەرایەتيی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیادا: ئەم نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییە فەرمییە ڕۆڵێکی سەرەکيی لە ئاسانکاریی بەشداریيکردنی حکوومەت و پێشخستنی گفتوگۆ لە نێوان داڕێژەرانی سیاسەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و پاڵپشتیيکردن لە وەرگێڕانی دەرئەنجامەکانی کۆنفرانس و وۆرکشۆپ بۆ دەستپێشخەری سیاسەتی کردەیی و کرداریی دەگێڕێت. نوێنەرایەتيی لە ڕێگەی بەشداریيکردنیيەوە دڵنیای دەدات لەوەی کە ئەو گفتوگۆ و ڕاسپاردانەی لە میانی کۆڕبەندەکەدا درووستدەبن، بڕیاردانی ستراتیژيی حکوومەت ئاگادار دەکەنەوە و بەشداريی لە گەشەپێدانی بەردەوام و چاکسازیی میدیایی لە هەرێمی کوردستان-دا دەکەن.
- سەنتەری توێژینەوەی میدیایی لیڤەرهولمی گۆڵدسمیس لە ساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە. لە لێکۆڵینەوە لە توانای داهێنەرانەی خۆدەربڕینی دیجیتاڵییەوە پەرەی سەندووە بۆ هێزێکی لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە مانەوەی ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ و تەندروستی دیموکراسی. لێکۆڵینەوە توند و فرە کیشوەرییەکانیان واقیعێکی وریاکەرەوە ئاشکرا دەکات: لەگەڵ گۆڕانی ڕیکلامەکان بە شێوەی ئۆنلاین، داڕمانی ئابووری دەرئەنجامی ژوورە هەواڵییە ناوخۆیی و نیشتمانییەکان تەنیا شکستێکی بازرگانی نییە- ئەوە “دابەزینێکی ئەخلاقییە” کە چالاکانە دیموکراسی ناوخۆیی کون دەکات. دوور لەوەی کە “تاوەرێکی عاج”ی تەنیا ئەکادیمی بێت، سەنتەرەکە پردێکی تیۆری و چالاکییەکان درووستدەکات بە نیشتەجێکردنی هاوپەیمانێتی ڕیفۆرمی میدیا (MRC)، ڕاستەوخۆ شەڕ دەکات بۆ دیمەنێکی میدیایی بەریتانیا هەمەچەشنتر و لێپرسراوانەتر.
- هاوپەیمانێتی ڕیفۆرمی میدیایی (Media Reform Coalition – MRC)؛ رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنیی بەریتانیایە لە سەنتەری توێژینەوەی میدیایی لیڤەهۆڵم لە زانکۆی گۆڵدسمس لەندەن کە لەگەڵ ڕێکخراوە هاوبەشەکان و تاکەکانی پشتیوانی؛ خەبات بۆ سیستەمێکی میدیایی دیموکراسیی و لێپرسینەوە دەکات. ڕێکخراوی MRC لە ساڵی 2011 دامەزراوە و دەهەی ڕابردووی بە بانگەشەی میدیایەک بەسەر بردووە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خەڵک بکات نەک مشتێک ملیاردێر.
- ئامانجەکانی کۆڕبەند
کۆڕبەندەکە پێنج ئامانجی بەیەکەوە گرێدراو بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە بۆ درووستکردنی دەرئەنجامی سیاسەتی کرداریی داڕێژراون، لەوانە:
- شیکردنەوەی سیاسەت و ناسینەوەی چاکسازیی: بەشێوەیەکی سیستماتیک بەدواداچوون بۆ دەرفەت و ئاڵنگارییەكانی پەیوەست بە چاکسازیی میدیایی لە هەرێمی کوردستانی عێراق-دا دەكات، بە ئاماژەیەکی بەراوردکاریی بە ناوچە هاوشێوەکانی پاش-ململانێکان.
- بەشدارییکردنی دامەزراوەیی: لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییە تایبەتەکانی دەسەڵاتە گشتیەکان لە ناو هەرێمی كوردستانی عێراق-دا دەكات، لەوانە دەستەڵاتەكانی: یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی، لە پێشخستنی چاکسازی گشتگیر لە میدیادا.
- هەڵسەنگاندنی چوارچێوەی یاسایی و ڕێکخراوەیی: هەڵسەنگاندنی چوارچێوە یاسایی، پیشەیی، کارگێڕیی و تەکنیکییە هەنووکەییەكانی بەڕێوەبردن بۆ کەرتی میدیای کوردی، دەستنیشانکردنی کەلێن و ناتەباییەکان.
- ڕاسپاردەی یاسایی: پەرەپێدانی پێشنیازی کۆنکرێتیی بۆ هەموارکردنەوەی یاساکانی هەنووکەیی پەیوەست بە ئازادیی دەربڕین و پاراستنی ڕۆژنامەوانان، بە تایبەتی چەسپاندنی یاسا بەركارەكان.
- ستراتیژییەکانی جێبەجێکردن: دەستنیشانکردنی چارەسەری پراکتیکی لە ڕووی سیاسییەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان کە ڕووبەڕووی پیشەوەرانی میدیای کوردیی دەبنەوە، لەوانە نیگەرانییەکانی سڵامەتیی، بەردەوامیی ئابووریی و گەشەپێدانی پیشەیی.
- چوارچێوەی بابەتیی: تەوەرە سەرەكییەكانی كۆڕبەند
کۆڕبەندەکە لە دەوری پێنج ڕەهەندی گرینگی ڕیفۆرمی میدیایی ڕێکخراوە کە هاوتایە لەگەڵ ئەکتەرە جەوهەرە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەوانە:
- تەوەری یەکهەم؛ ڕیفۆرمی میدیایی و دەسەڵاتی یاسادانان: پشکنینی ڕۆڵی پەرلەمان لە هاوچەرخكردنی یاسای میدیا، چەسپاندنی یاسا بەركارەكان و هاوتەریبکردنی چوارچێوە نیشتمانییەکان لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا.
- تەوەری دووهەم؛ ڕیفۆرمی میدیایی و دەسەڵاتی جێبەجێکردن: شیکاریی میکانیزمەکانی حکوومەت، پێداویستییەکانی ڕوونیی و ئەرکەکانی کارکردنی ئۆرگانەکانی وەک: فەرمانگەی میدیا و زانیاریی و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان.
- تەوەری سێهەم؛ ڕیفۆرمی میدیایی و دەسەڵاتی دادوەریی: هەڵسەنگاندنی سەربەخۆیی دادوەریی لە دۆسییەكانی پەیوەست بە میدیا و یەکدەنگیی لە جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی مافەکانی ڕۆژنامەوانان لەناو سیستەمی دادوەرییدا.
- تەوەری چوارهەم؛ ڕیفۆرمی میدیایی و دەزگە ڕۆژنامەگەریيە پیشەییەكان: هەڵسەنگاندنی ستانداردە پیشەییەکان، کۆدەكانی ئیتیك، میکانیزمەکانی ڕاهێنان و توانای دامەزراوەیی کۆمەڵە و سەندیکاکانی ڕۆژنامەوانان.
- تەوەری پێنجهەم؛ ڕیفۆرمی میدیایی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی: گەڕان بەدوای ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە داکۆکیکردن، چاودێریکردن و لێپرسینەوە، لەوانەش ئازادیی كاركردنی میدیا، ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.
تەوەرە لاوەکییەکانی کۆڕبەندەکە:
چوارچێوەی وردی لێکۆڵینەوەكان؛ ئەم تەوەرانەى لاوەكيانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
| ناساندن و تایبەتمەندییەكانی تەوەرەكان | تەوەرە لاوەكییەكان |
| ڕۆڵی سەکۆ دیجیتاڵییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە داڕشتنەوەی ژینگەی توێژینەوە لەسەر چۆنییەتی گۆڕینی شێوازی بەکاربردنی ناوەڕۆکی میدیایی لەلایەن پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە و کاریگەرییان لەسەر میدیای نەریتيی. ئەمە دەتوانێت شیکردنەوەی و کاریگەرییەکانی لەسەر ساختەهەواڵ (fake news) و مۆدێلی بازرگانیی نوێ، بڵاوبوونەوەی زانیاری ناڕاست و ڕایگشتيی بگرێتەوە. | 1. گۆڕانکارییە دیجیتاڵییەکان و کاریگەرییان لەسەر میدیا و ڕیفۆرمی میدیایی |
| توێژینەوە لەسەر پێویستیی چوارچێوەی یاسایی نوێ بۆ ڕێکخستنی میدیای دیجیتاڵیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ گرنگیی پاراستنی داتای کەسیی بەکارهێنەران لە هەرێمی کوردستان و بەراوردکردنی لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان لەسەر پیشەی ڕۆژنامەوانيی و بەرهەمهێنانی کاریگەریی ژیریی دەستکرد لە میدیادا، وەک شیکردنەوەی دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەکارهێنانی AI لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک، شیکردنەوەی داتا و کاریگەرییەکانی لەسەر هەلی کار و پێویستیی پەرەپێدانی تواناکانی ڕۆژنامەوانان. | 2. پێویستیی یاسادانان و ڕێکخستنی میدیای دیجیتاڵیی و پاراستنی داتای بەکارهێنەران |
| ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادیی دەربڕین لە هەرێمی کوردستان و ڕێگاکانی چارەسەر و توێژینەوە لەسەر هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی وەک: دەستگیرکردن، هێرشکردن و ڕێگریيکردن لە کاری ڕۆژنامەوانان. هاوكات پێشنیازکردنی میکانیزمەکان بۆ پاراستنی ڕۆژنامەوانان و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ کارکردنیان. | 3. ئازادییەكانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی و سڵامەتیی ڕۆژنامەوانان |
| شیکردنەوەی چوارچێوەی یاسایی ئێستا و پێشنیازکردنی هەموارکردنەوە یان دەرکردنی یاسای نوێ کە زامنی ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی بکات، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها توێژینەوە لەسەر کاریگەریی فشارە سیاسی و ئابوورییەکان لەسەر سەربەخۆیی میدیا لەسەر چۆنییەتی کاریگەریی لایەنە سیاسییەکان و کێشە ئابوورییەکان لەسەر سەربەخۆیی میدیا و پێشنیازکردنی ڕێگاچارە بۆ کەمکردنەوەی ئەم کاریگەرییانە. | 4. ڕۆڵی یاسا و دەستوور لە پاراستنی ماف و ئازادییەكانى دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی-دا |
| پێویستیی دامەزراندنی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی ڕاگەیاندن و ڕۆڵی لە شیکردنەوەی مۆدێلە سەرکەوتووەکانی ئەنجوومەنەکانی ڕاگەیاندن لە ڕێکخستنی میدیادا. پێشنیازکردنی مۆدێلێکی گونجاو بۆ هەرێمی کوردستان کە سەربەخۆ بێت و بتوانێت ڕۆڵی کارا لە ڕێکخستنی میدیادا ببینێت. |
5. چوارچێوەی یاسایی و ڕێکخراوەیی بۆ ڕیفۆرمی میدیایی |
| توێژینەوە لەسەر یاسا کارپێکراوەکانی میدیا و پێشنیازکردنی گۆڕانکارییە پێویستەکان بۆ گونجاندنیان لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکان و ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا، لەوانە: یاسای ژمارە 35/2007. | 6. هەموارکردنەوەی یاساکانی تایبەت بە ڕاگەیاندن و دەرکردنی یاسای نوێ |
| شیکردنەوەی ڕۆڵی دادگەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییەکانی ڕۆژنامەوانان و کێشەکان و پێشنیازکردنی تایبەتکردنی دادگەکان و ڕاهێنانی دادوەران لەسەر یاسای میدیا. | 7. ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەریی لە پاراستنی مافەکانی ڕۆژنامەوانان و چارەسەرکردنیيدا |
| توێژینەوە لەسەر گۆڕینی مۆدێلی خاوەندارێتیی میدیایی لە تاکلایەنییەوە بۆ فرەلایەنیی، لەسەر کاریگەریی خاوەندارێتیی حزبيی و تاکەکەسی لەسەر ناوەڕۆکی میدیایی و پێشنیازکردنی مۆدێلەکانی خاوەندارێتیی فرەلایەن کە زامنی بێلایەنی و فرەیی میدیا بکات. هەروەها شیکردنەوەی پەرەپێدانی میدیای خزمەتگوزاریی گشتیی و ڕۆڵی لە کۆمەڵگەدا. هاوكات چەمکی میدیای خزمەتگوزاریی گشتیی و گرنگییەکەی لە دابینکردنی زانیاریی بێلایەن و خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتیی، لەگەڵ پێشنیازکردنی میکانیزمەکان بۆ پەرەپێدانی لە هەرێمی کوردستاندا. | 8. خاوەندارێتیی میدیایی و فرەیی میدیايى |
| توێژینەوە لەسەر ئاستەنگە ئابوورییەکانی بەردەم میدیای سەربەخۆ و مۆدێلی دارایی نوێ و پێشنیازکردنی مۆدێلی دارایی جێگرەوە وەک پشتگیریی حکووميی، سپۆنسەری کۆمپانیاکان و پڕۆژەی هاوبەشی كەرتی گشتیی و تایبەت (Public Private Partnership). | 9. كاریگەریی کێشە ئابوورییەکان لەسەر سەربەخۆیی میدیا و پێشنیازکردنی |
| ڕۆڵی زانکۆ و پەیمانگەکان لە پێگەیاندنی ڕۆژنامەوانانی پیشەیی و شیکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە بەشەکانی. هاوكات پەرەپێدانی توێژینەوەی میدیایی و پێشنیازکردنی گۆڕانکارییەکان بۆ گونجاندنیان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار و گەشەسەندنی تەکنۆلۆژیا. | 10. ڕۆڵی دامەزراوە ئەکادیمییەکان و پەروەردەی خوێندەواریی میدیایی |
| توێژینەوە لەسەر ئاستی پابەندبوون بە پێوەرەكانی ڕێسا پیشەییەكانی ڕاگەیاندن و پێشنیازکردنی ڕێکارەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەیی و خوێندەواریی میدیایی لە کوردستان-دا. | 11. پەرەپێدانی پێوەرەكانی ڕێسا پیشەییەكانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا |
| شیکردنەوەی چۆنییەتی وێناکردنی واقیع لە میدیا و خەیاڵ و واقیعی کۆمەڵگەی کوردیی و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕایگشتيی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتيی كوردستان. | 12. نوێنەرایەتی واقیع و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی |
ڕێباز و ڕێكارە میتۆدییەكان
کۆڕبەندەکە میتۆدۆلۆژیایەکی فرەڕەهەند و بەڵگەدار بەکاردەهێنێت کە بۆ دڵنیابوون لەوەی پێشنیازەکانی سیاسەت هەم لە ڕووی تەکنیکییەوە درووستن و هەم لە ڕووی سیاسییەوە جێبەجێدەکرێن:
- پانێڵە ئەکادیمییەکان: پسپۆڕان سوود لە توێژینەوە نێودەوڵەتییە بەراوردکارییەکان، توێژینەوەی کەیسی ئەزموونی و چوارچێوەی تیۆریی وەردەگرن.
- گفتوگۆ پەیوەندیيدارەکان: ئاسانکاریی بۆ گفتوگۆکان دەكرێت کە سەرکردە سەرەکییە دامەزراوەییەکان بۆ دانوستاندن لەسەر هەڵوێستە هاوبەشەكان کۆدەکاتەوە.
- گروپکارییە بابەتییەکان: دانیشتنە تەرکیزکراوەکان کە باس لە تەوەرە تایبەتەکانی سیاسەت دەکەن، بۆنموونە: چاکسازیی یاساییی و بەردەوامیی ئابووریی.
- بەڵگەنامەسازیی سیاسەت: تۆمارکردن و کۆکردنەوەی سیستماتیکی پێشنیازەکان بۆ نەخشەڕێگەی سیاسەتی گشتگیر و ڕاگەیاندنێكی هاوبەش کە لەلایەن دامەزراوە بەشداربووەکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە.
- هەمەڕەنگی بەشداربووان و نوێنەرایەتیی دامەزراوەیی
كۆڕبەندەكە نزیکەی 100 بەشداربووی ئاستباڵا لە چوار پۆلێن-دا کۆدەکاتەوە:
| بەشدارییکردن
لە پەرەپێدانی سیاسەتی كاركردندا |
بەشداربووانی بەئامانجگیراو | پۆلێنەکان |
| پابەندبوونی سیاسی، دانوستانی یاسادانان، تەرخانکردنی سەرچاوەکان | فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان، ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان | 1. دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان |
| هەڵسەنگاندنی سەربەخۆیی دادوەریی، یەکدەنگی یاسایی، میکانیزمەکانی پاراستنی ڕۆژنامەوانان |
نوێنەانی ئەنجومەنی دادوەریی کوردستان، شارەزاییانی یاسایی لە مافی مرۆڤ و یاسای ڕاگەیاندن
|
2. دەسەڵاتی دادوەریی و سەروەری یاسا |
| مۆدێلی بەراوردکاریی، ڕەچەتەی بەڵگەدار، پێشنیازەکانی دیزاینی دامەزراوەیی | توێژەرانی نێودەوڵەتیی کە پسپۆڕن لە سیستەمی میدیایی، دیزاینی ڕێکخراوەیی و دادپەروەری ئینتقالی | 3. پسپۆڕانی ئەکادیمیی و سیاسەتداڕێژەران |
| هەڵسەنگاندنی ئاستی واقیعیی، شیکاری ئیمکانییاتی چاکسازیی، پێکهاتەی دەستەی چاودێريی | ڕۆژنامەوانانی سەربەخۆ، سەرنووسەر، ڕێکخراوەکانی ئازادیی ڕۆژنامەگەری، داکۆکیکارانی یاسایی | 4. میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی |
- ڕۆژژمێری كۆڕبەند
ڕۆژ وو شوێنی كۆڕبەند
- ڕۆژ: 08-09ى تەمووزی 2026
- کات: ڕۆژانە کاتژمێر 09:30 بەیانی – 05:30ى ئێوارە
- شوێن: زانکۆی گۆڵدسمس لەندەن، لویشام وەیی، نیو کرۆس، ٢٠١٩، لەندەن، SE14 6NW، شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا
بانگەواز بۆ توێژاران: مەرج و ڕێنماییەكانی كۆڕبەند
کۆڕبەندەکە پێشوازیی لە بەشداریی توێژەران و توێژینەوە ڕەسەنەکانیان دەکات کە باس لە ڕیفۆرمی میدیایی دەکەن لە چوارچێوەی هەرێمەكانی پاش-ململانێ و قۆناغی ڕاگوزەریی.
- هەر توێژینەوەیەك؛ لە نێوان 2500_3000 وشە زیاتر نەبێت.
- پوختەی توێژینەوەكە؛ لەنێوان 200-250 وشەدا بێت و سێ بۆ پێنج كلیلەوشەی تێدابێت و بۆ ئیمەیڵی كۆڕبەند [email protected] دەنێردرێت.
- بیرۆكەی توێژینەوەكە؛ لە چوارچێوەی تەوەرە سەرەكیی و لاوەكییەكانی كۆڕبەند-دا بێت.
- توێژینەوەكە؛ پێشتر لە گۆڤار و كۆنفرانسە زانستییەكاندا پێشكەش نەكرابێت و بڵاونەكرابێتەوە.
- توێژینەوەكە؛ بە یەكێك لە زمانە فەرمییەكانی كۆڕبەند: كوردیی و ئینگلیزیی نووسرابێت.
- توێژینەوەكە؛ پێڕەوی رێكار و رێبازی نووسینی ئەكادیمیی بكات، لەوانە: ناونیشان، پووختە، كلیلەوشە، چوارچێوەی تیۆریی و كردەیی كۆكردنەوە و شیكردنەوەی داتای توێژینەوە لەگەڵ دەرئەنجام و ئەنجام و لیستی سەرچاوەی نوێ.
- توێژینەوەكە بە هەر زمانێك بنووسرێت؛ مەرجە هوونەرییەكانی نووسینی توێژینەوەی زانستیی تێدابێت. بۆنموونە؛ قەبارەی ناونیشانی سەرەكیی (16) و لاوەكی (15) و ناوەڕۆك (14) و پەراوێزەكان (12) بێت و بەفۆنتی كالیبێریی بەدی (Calibri-Body) بنووسرێت.
- لاپەڕەی یەكهەمی توێژینەوەكە؛ چەند زانیارییەكی بنچینەیی لەخۆبگرێت، لەوانە: ناونیشانی توێژینەوە، ناوی سیانی توێژەر، نازناوی زانستیی توێژەر، شوێنی كاركردنی توێژەر، ژمارەی مۆبایل و ئیمەیڵی توێژەر.
- پاش پێداچونەوەی زانستیی توێژینەوەكان لەلایەن هەڵسەنگێنەرانەوە؛ سەرجەم توێژینەوە پەسەندكراوەكان لە پانێڵەكانی كۆڕبەند-دا پێشكەشدەكرێن.
- بە پێی نووسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان/ فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان، ژمارە (٣٨١٥) لە ڕۆژی ٢٤/٢/٢٠٢٦ توێژینەوەکان بۆ بەرزکردنەوەی پلەی زانستیی بەکاردێت.
- سەرجەم توێژینەوە پەسەندكراوەكان لە وەقائیعی كۆنفرانس لەسەر ئینتەرنێت بڵاودەكرێنەوە و دواتر توێژەر بۆ بەرزكردنەوەی ناسناوی زانستیی لێی سوودمەند دەبێت.
- ژیاننامەی ئەكادیمیی توێژەر، پوختە و تەواوی توێژینەوەكان بەشێوەی وۆرد (Word) بۆ ئیمەیڵی فەرمیی كۆنفرانس دەنێردرێن.
- توێژەر بەرپرسیارێتیی پێداچوونەوەی زمانەوانیی توێژینەوەكەی دەكەوێتەئەستۆ و كۆڕبەند لە جیاوازیی رێنووسی نووسینی توێژینەوەكان بەرپرس نییە.
ڕۆژژمێری كۆڕبەند
| ژ | ڕۆژ | بابەت |
| 1. | 15 / 11 / 2025 | ڕاگەیاندنی كۆڕِبەند |
| 2. | 15 / 01/ 2026 | كۆتا ڕۆژ بۆ وەرگرتنی پوختەى توێژینەوەكان |
| 3. | 06/ 04/ 2026 | كۆتا ڕۆژ بۆ وەرگرتنی تەواوی توێژینەوەكان |
| 4. | 06– 07/ 07/ 2026 | ڕۆژانی پێشكەشكردنی توێژینەوەكانی كۆڕبەند |
تێچووی كۆڕبەند
- بەشدارییكردنی توێژەران لە كۆڕبەند بێبەرامبەرە.
- خەرجی ڤیزە لە ئەستۆی خودی توێژەران و بەشدارانی كۆڕبەند دەبێت.
- خەرجی هاتوچۆ، شوێنی مانەوە و نانخواردنی توێژەران لە ڕۆژانی كۆڕبەند-دا لە ئەستۆی لە ئەستۆی خودی توێژەران و میوانانی كۆڕبەند دەبێت.
- تۆماری کۆنفرانس لە بەشدارانی هەردوو ڕۆژەکەی کۆڕبەند پێکدێت، لەگەڵ ئامادەبوون و پێشکەشکردنی توێژینەوەکان. هەموو ئەو توێژینەوانەی کە پەسەند دەکرێن و لە ڕۆژانی کۆڕبەند-دا پێشکەشدەکرێن، پوختەکەیان لە وەقائیع یان پڕۆسیدینگی فەرمیی کۆڕبەند-دا بڵاودەکرێنەوە لە ڕێگەی ماڵپەڕی CHMK.org. هاوکات تێچووی تۆمارکردن و بڵاوکردنەوە بە نرخی تایبەتی پێشوەخت “Early Bird” بۆ توێژەرانی بەشداربوو 250,000 دیناری عێراقیی (نزیکەی 142 پاوەند)ە بۆ ئەوانەی تۆمارکردنیان تا 10ی حوزەیرانی 2026 تەواو دەکەن. لە دوای ئەم ڕۆژەوە؛ نرخی ستانداردی تۆمارکردن بۆ 180 پاوەند بەرز دەبێتەوە.
پەیوەندییەكانی كۆڕبەند
بۆ هەر پرسیارێک پەیوەندیی بکەن بە:
ڕێكخەری گشتیی كۆڕبەند: پ.ی.د. شوان ئادەم ئەیڤەس
ئیمەیلی تایبەت بە كۆڕبەند: [email protected]
ژمارە مۆبایلی تایبەت بە كۆڕبەند (وەتسئەپ): 009647725451638











