لە ڕۆژی جیهانیی ئازادیی دەربڕین-دا؛ ڕێکخراوی چمک پێویستی ڕیفۆرمی میدیایی دووپاتدەکاتەوە

بەیاننامەی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی دەربڕین

 

لە ساڵڕۆژی جیهانیی ئازادیی دەربڕین (03ی ئایاری 2026)دا؛ ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) دەنگی خۆی دەخاتەپاڵ هەوڵ و هەنگاوە نیشتیمانیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی وەک بنچینەیەکی سەرەکیی سیستەمی دیموکراسی.

 

هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کۆماری فیدراڵیی عێراق-دا؛ خاوەن چوارچێوەیەکی یاسایی دانپێدانراوە، بەڵام درز و کەلێنێکی دیار لەنێوان دەقی یاسا بەرکارەکان و ئاستی جێبەجێکردنی کردارییدا هەیە و بە زەقی هەستی پێدەکرێت. داتا بەدەستهاتووەکانی ڕێکخراوی چمک بۆ ساڵی ڕابردوو؛ بە ڕوونیی نیشانی دەدەن کە ئاستی ڕێگریی و پێشێلکارییەکان دژ بە ڕۆژنامەوانان بە شێوە و ناوەڕۆکی جیاواز درێژەیان هەیە و هێشتا هەر بەردەوامن. هاوکات ناوەڕۆکی میدیای کوردیی بەشێوەیەکی سیستەماتیک کەوتووەتە ژێر کاریگەریی هێز و هاوپەیمانە سیاسیی و ئابوورییەکان. واتە درزێکی گەورە لەنێوان پەروەردەی ئەکادیمیی و پێداویستییە پیشەییەکانی بازاڕی کار-دا هەیە و ژینگەی کارکردنی پیشەیی ڕۆژنامەوانان هێشتا لە ئاستی چاوەڕوانییدا نییە. لەو چوارچێوەیەدا، ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) گرنگی بە ڕیفۆرمی سیستەماتیکی میدیایی دەدات و پێشنیازەکانی خۆی لە دوو کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی لە ساڵانی 2025 و 2021دا بە ڕوون و ڕاشکاوی خستوونەتەڕوو، لەوانە:

 

1. بۆ دەسەڵاتی یاسادانان: هەڵسەنگاندنی سەربەخۆ و بەڵگەدار بۆ جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکانی کەرتی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان و هاوچەرخانە هەموارکردنەوەیان کە دیارترینیان یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەریی و یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013ی مافی بەدەستهێنانی زانیاری-یە. هاوکات درووستکردنی میکانیزمێکی ڕوونی چاودێریی سیستەماتیک بۆ بەرپرسیارێتییە پیشەییەکانی ڕۆژنامەوانان و ئاسانکاریی کرداریی بۆ باشتر دەستەبەرکردنی مافی دەستکەوتنی زانیاری.

2. بۆ دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن: ئازادکردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی دەستبەسەرکراو بەهۆی دەربڕینی بۆچوون و کاری ڕۆژنامەگەری. هەروەها کۆتاییهێنان بە مامەڵەی نادرووست و نایاسایی دژ بە ماف و ئازادییە گشتیی و تایبەتەکان لەگەڵ دڵنیابوونەوە لە پاراستنی تەندروستی و مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان، بەتایبەت ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی-دا هەیە.

3. بۆ دەسەڵاتی دادوەریی: مامەڵەکردنی دادپەروەرانەی دۆسییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی بەپێی یاسای تایبەتمەند، نەک یاسای گشتیی یان یاسای سزاکانی عێراق، ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو. هەروەها دابینکردنی دادبینیی دادوەرانەی پسپۆڕ و پیشەگەر لەگەڵ دامەزراندنی سیستەمی چاودێریی سەربەخۆ بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگە و دادوەران.

4. بۆ دەزگە و دامەزراوە میدیاییەکان: پابەندبوون بە ستانداردە پیشەییەکانی ناوەڕۆکی میدیایی. هاوکات پاراستنی سەربەخۆیی کارکردنی پیشەیی بەدوور لە هەر گوشارێکی سیاسیی، ئابووریی، حزبیی بەرتەسک و گواستنەوە بۆ مۆدێلی خاوەندارێتیی میدیایی تایبەت بە خزمەتگوزاریی گشتی.

5. بۆ کۆمەڵگەی مەدەنیی و ڕێکخراوەکانی: بەهێزکردنی ڕۆڵی چاودێریی، لێپرسینەوە و داکۆکیکردن. هەروەها هاوکاریی ستراتیژیی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان و پشتگیریی لە دامەزراندنی ئەنجومەنێکی نیشتیمانیی بەرپرسیاری تایبەتمەند بە ڕێکخستنی پیشەیی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەری.

 

لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا؛ ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی درێژە بە پلان و پڕۆژە و پڕۆگرامە نیشتیمانییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی دەدات و ئێستا ئامادەکاریی بۆ «سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی ڕیفۆرمی میدیایی» دەکات کە لە ڕۆژانی 6-7ی تەممووزی 2026 لە لەندەن بەڕێوەدەچێت. ئەوەیش بە ئامانجی دانانی نەخشەڕێی سیاسەتی ستراتیژیی ڕیفۆرمی میدیایی کوردستان دەبێت کە ئەم خولەی کۆڕبەندەکەیش هەر پێنج لایەنی سەرەکیی: یاسادانان، ڕاپەڕاندن، دادوەریی، میدیا، کۆمەڵگەی مەدەنیی لەگفتوگۆیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ئەکادیمیی، ڕۆژنامەوان و توێژەرانی کوردیی و بیانیی کۆدەکاتەوە. لەو سۆنگەیەوە و لەم ساڵڕۆژە جیهانییەدا؛ ئیتر کاتی گواستنەوەی ماف و ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەگەرییە لە درووشمی بریقەدارەوە بۆ کرداری بەرجەستەکراو، چوونکە میدیای نیشتیمانیی پیشەگەر پێویستی بە یاسای جێبەجێکراو، سیستەمی لێپرسینەوەی کاریگەر و ژینگەی پارێزراوتر لەوەی هەرێمی کوردستان هەیە. لەو نێوەندەیشدا؛ ئێمە وەک ڕێکخراوێکی نیشتیمانیی ناحکوومیی تۆمارکراو پابەندین بە درێژەدان بە هەماهەنگیی و هاوکاری نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە نیشتیمانییانە و سێهەمین کۆڕبەندی چمک لە لەندەن وەک هەوڵ و هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی بۆ بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییە هەنووکەییانە دەبینین. لەساڵیادی ئەم بۆنە جیهانییەيشدا؛ وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم ئازادییخوازان، دووبارە داوای چاکسازیی بەپەلە و زوو یەکلاییکردنەوەی دۆسییەی بەندکراوانی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دەکەین، چوونکە نە ئەوانەی بۆچوونە جیاوازەکانیان دەردەبڕن تاوانبارن، نە بەندیخانەیش شوێنی مانەوە و ژیانی سرووشتی ڕۆژنامەوان و ئازادییخوازانە.

ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)

03ی ئایاری 2026

Y

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟