ئهرسهلان رهحمان
رۆژنامەوان یەكێكە لە رەگەزەكانی پێكهێنەری گفتوگۆی رۆژنامەوانی و پێویستە هەر رۆژنامەوانێك، كە گفتوگۆ ئەنجامدەدات ئەم خەسڵەتانەی تێدا بێت:
1- تێگەیشتن وهەزمكردنی سیاسەتی ئەو رۆژنامەیە، یان دەزگا راگەیاندنەی كاری تێدا دەكات. جێبەجێكردنی ئەو سیاسەتە، بەشێوەیەكی داهێنەر پرۆفیشناڵانە لە كاتی ئەنجامدانی گفتوگۆ كەدا.
2- تێگەیشتن و شارەزابوونی لەو ئامانجەی پێویستە لە رێگای گفتوگۆكەوە بەدیبهێندرێت. لە سۆنگەی ئەو ئەمانجەوە هەنگاوەكانی ئەنجامدانی گفتوگۆی رۆژنامەوانی پەیڕەو دەكەین، بە گوێرەی ئەم بنەمایە, ئەگەر رۆژنامەوان لە ئامانجەكە حاڵی نەبوو بێت, ناتوانێت ئاراستەو هەنگاوەكانی دواتری ئەنجامدانی و توێژەكە بە قازانجی ئامانجەكە دیاربكات.
3 – ئامادەكاری و خۆ سازدان بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو، جدی بۆ تێگەیشتن لە بابەتەكە، یاخود تەوەری گفتوگۆكە, ئەم ئامادەكاری و خۆ سازدانە متمانە و بڕوا بە خۆبوون لە لای رۆژنامەوان دروست دەكات، رێزی لای كەسایەتییەكە زێتر دەكات, هاوكاری دەكات بۆ دانانی پرسیاری شایستە و گونجاو، كە لە بارانیاندا هەبێت ئامانج بپێكی، هەروەها هاوكاری دەكات لە زاڵبوون بەسەر ئاراستە و ئیدارەكردنی گفتوگۆكە.
4 – ئامادەكاری و خۆسازدان بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو وجدی بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و شارەزابوون لە كەسایەتییەكە.
5- بەهرە: دەكرێت مرۆڤ لە رووی زانستیەوە، یاخوود تیۆرییەوە شارەزایی لە هونەری ئەنجامدانی گفتوگۆی رۆژنامەوانی پەیدابكات، بەڵام فاكتەری كاریگەر بۆ سەركەوتن لەو بوارەدا بەتەنیا زانست و شارەزایی نییە، بەڵكو (بەهرەیە). هەندێك لە رۆژنامەوان بەهرەیەكی ئەوتۆیان تێدایە، كە كەسی بەرامبەر وا لی بكەن زانیارییەكانی بدركێنێت و زانیاری بخاتەڕوو. ئەم بەهرەیە ئاوێتەی كەسایەتی رۆژنامەوانە. ژیان، ئەزموون، رۆشنبیری رۆژنامەوان، تەنها یاریدەدەری پێگەیشتن و دەركەوتنی ئەو بەهرە خودییەی رۆژنامەوانن.
6- پێویستە رۆژنامەوان بۆ چركەیەكیش بێت، ئەوە لە بیر نەكات، كە ئەو بۆ رۆژنامەیەك، یاخود دەزگایەكی راگەیاندن كار دەكات، بێگومان هەر یەك لە دەزگاكانی راگەیاندن، جەماوەری خۆیان هەیە، رۆژنامەوان لە حاڵی ئەنجامدانی هەر ئەركێكی رۆژنامەوانیدا نوێنەری ئەو جەماوەرەیە، پێویستە ئەو پرسیارە بكات، كە لە دڵ و مێشكی خوێنەر، یاخود وەرگردا دەخولێنەوە، چونكە ئەو نوێنەریانە و بۆ بەرژەوەندی گشتی كار دەكات و ئامانجی ئەو واتە رۆژنامەوان بەدیهێنانی داخوازی جەماوەرەكەیەتی.
7- رۆژنامەوان گوێگرێكی باشە، ئەو رۆژنامەوانانەی گفتوگۆی رۆژنامەوانی سازدەكەن، پێش هەموو شتێك گوێگری باشن. بە وردی پەیڕەوی لە هونەری گوێگرتن دەكەن.
8- بابەتیبوون، وردی، ئەمانەت پارێزی، تەئویل نەكردن، ئەمانە لە خەسڵەتە خودییەكانی رۆژنامەوانن. رۆژنامەوان دەبێت سوور بێت لەسەر ئەوەی، وشە و بۆچوون و هەڵوێستەكانی ئەو كەسایەتیەی گفتوگۆی لەگەڵ دەكات وەك خۆیان، بەو پەڕی ووردی و ئەمانەتەوە، بڵاوبكاتەوەو هیچ دەستكارییەكی ناوەڕۆك و ماناو دەلالەتی گوزارشت و بۆچوونەكانی كەسایەتییەكە نەكات، (بەڵام لە رووی رێزمانەوە دەگونجێت رۆژنامەوان شێوازی نووسینی باو پەیڕەو بكات، بەبی گۆڕینی ماناو دەلالەتی پەیامی كەسایەتییەكە).
9- ئامادەگی كاریگەر هێزی كەسایەتی، سەپاندنی رێزو پایە لە بەرامبەر كەسایەتیەكە، مەرجی سەرەكین بۆ رۆژنامەوانێك، كە دەیەوێت گفتوگۆی رۆژنامەوانی ئەنجامبدات. بێگومان ئەم مەرجانەش پەیوەستن بە هێزی بڕوا بە خۆبوونی رۆژنامەوان و خۆ ئامادەكردنی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی رۆژنامەوانی و شارەزایی و كارزانیی رۆژنامەوانەكە.
10- رۆژنامەوانی سەركەوتوو رۆڵی هاوڕێیەكی جێی متمانە دەگێڕێت هەندێكجار رۆژنامەوان لە لایەن بەرپرسانییەوە رادەسپێردرێت، فشاری زۆر بخاتە سەر كەسایەتییەكان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر، بەڵام گونجاوترین رێگای بەدەستهێنانی زانیاری ئەوەیە؛ رۆژنامەوان متمانەی ئەوە لای كەسایەتییەكە بچێنێت، كە زانیارییەكانی ئەو كەسایەتییە بۆ بەرژەوەنی گشتی پڕبایەخن و لەو رێگەیەوە دنەی ئەو كەسایەتییە بدات زانیارییەكانی بخاتەڕوو, نەك بە شێوازی هەڕەشەو زمانی حاكم و مەحكوم، یاخوود زمانی پۆلیسی.
11- رۆژنامەوانی سەركەوتوو؛ كەسێكی ئاسایی و سروشتییە لە هەڵسوكەوتدا. خەسڵەتی رەسمییبوون، روحی گفتوگۆی رۆژنامەوانی دەكوژێت، باشتر وایە رۆژنامەوان، كەمێك لە زمانی رەسمی دوور بكەوێتەوە و هەر كەسایەتییەك بەگوێرەی شێوازی گونجاو، بەنیسبەت ئەو كەسایەتییەوە بیدوێنێت.
12- بەكارهێنانی خەسڵەتە تایبەتییەكان: دەگونجێت لە چوارچێوەیەكی سنووردار دا رۆژنامەوان خەسڵەتەكانی وەك (تەمەن، رەگەز، لایەنگری، ناسیاری، ناوبانگ…هتد ) بۆ بەرژەوەندی كارەكەی بەكاربهێنێت، بەڵام بەمەرجێك ئەو بەكارهێنانە، بەكارهێنانێكی لاوەكی بێت.
رۆژنامەوانی ئەمریكی ( Johan Mc Cormally ) توێژینەوەیەكی لە بارەی كچە رۆژنامەوانی تەلەفزیۆنی ناوداری ئەمریكا ( Barbara Walterrs ) ئەنجامداو لەبارەی ئایا باربارا جوانییەكەی هۆكاری سەركەوتنیەتی؟ زۆربەی وەڵامەكان (بەڵی ) بوو، بەڵام پێویستە ئەو راستییە بزانین؛ ئەگەر رۆژنامەوان هەموو سەرمایەكەی تەنها خەسڵەتە تایبەتیەكەی بوو، بێگومان رۆژنامەوانێكی شكستخواردووە و هیچی لە باراندا نییە و سەرەنجام هەر وەك كورد دەڵێت “كەندووی بەتاڵە”.
13- هەڵسوكەوت و رەفتار و رواڵەتی رۆژنامەوان هاوڕێك و شیاوە لەگەڵ پیشەكەی. رواڵەتی شایستە و پۆشینی بەرگی گونجاو، هەڵسوكەوتی مرۆییانە، بەبی زیادە رۆیی و فریودان، لە خەسڵەتە باشەكانی رۆژنامەوانی سەركەوتوون.
14- رەوشت وئاكارو رێزگرتنی وشە و ئەمانەت پارێزی: دەبێت رۆژنامەوان رەوشت و ئاكاری پەسندو جوان و بەرزبن و رێزی بەرامبەری بگرێت و ئەمانەت پارێز بێت و ئەوەی جارێك ئەگەر لە ساختەكارییەكیدا سەركەوتوو بوو، بێگومان دواتر هەموو شتێك دەدۆڕێنێت.
15- هەڵوێست: لەبارەی هەڵوێستی خودی رۆژنامەوان سەبارەت بە كەسایەتییەكە و یۆچوونی كەسایەتییەكە، بیروڕای جیاواز هەن و رێسایەكمان نیە، بەسەر هەموواندا وەك یەك جێبەجی بكرێت، بەڵام دەكرێت تێڕوانینەكان لە چەند خاڵێكدا كورت بكەینەوە:
ا – بێلایەنی: پێویستە رۆژنامەوان، توانای ئەوەی هەبێت هەست وسۆزو هەڵوێستی خۆی لەبارەی كەسایەتییەكەوە بشارێتەوە، ئەگەر كەسایەتییەكە بۆچوونێكی دەربڕی؛ پێچەوانەی بۆچوونی كەسی رۆژنامەوان بوو، نابێت بەرپەرچی بداتەوە و هەوڵی سەپاندنی بۆچوونی خۆی بدات، پێویستە رۆژنامەوان ئەوەی بیر بكەوێتەوە، ئەو زانیاری دەوێت نەك خستنەڕووی بۆ چوونی خۆی و دەبێت ئەوەش بزانیین چۆن لەگەڵ كەسایەتیەكە بەردەوام دەبێت.
ب – پیشەییبوون: باشترین هەڵوێست ئەوەیە؛ رۆژنامەوان پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ كەسایەتیەكە و تەوەری گفتوگۆكەی بكات و ئەم خەسڵەتە دوورە لە خەسڵەتی سۆزداری و لایەنگیری و وا دەكات رۆژنامەوان رەچاوی رێساو ئیتیكی پیشەكەی بكات.
ج- پێویستە رۆژنامەوان هەرگیز ئەوەی لەیاد نەچێت، كە ئەو داوای ئەنجامدانی گفتوگۆی لەگەڵ كەسایەتییەكە كردووە و مەبەستی لەو گفتوگۆیە، بەدەستهێنانی زانیارییەو كەسایەتیەكەش رەزامەندی لەسەر ئەو مەسەلەیە دەربڕیووە، بۆیە پێویستە رۆژنامەوان خۆی نەخاتە شوێن لێكۆڵەرو دادوەر و رێسای پرسیارو وەڵامی زۆرە ملی پەیڕەو نەكات، لەكاری رۆژنامەوانیدا مەسەلەكە لەسەر بنەمای رەزامەندی هەر دوولا هاتووەتە كایەوە.
16- ئەگەر ئەو كەسەی گفتوگۆی لەگەڵ ئەنجامدەدەیت، شارەزایی پێویستی لەبارەی میدیاوە نەبوو، ئەوا هەندێك زانیاری لەبارەی كارەكەت و شێوازی بەڕێوەچوونی گفتوگۆكەت روون بكەرەوە، و كەمێك روونكردنەوەی لە بارەی هەندێك دەستكاریكردن پی بدە، بە مەرجێك دڵنیایی بكەیتەوە كەمانا ناگۆڕیت.
17- هیچ رێككەوتنێك مەكە لەگەڵ ئەو كەسەی گفتوگۆی لەگەڵدا ئەنجام دەدەیت لەبارەی ئەوەی دواتر دەسەڵاتی هەبێت ئەوەی نوسیوەتە بیگۆرێت.
18- ئەگەر شتێكی گرنگت دەستكەوت، یان وەڵامێكی گرنگ هەبوو – مەبەستمان قسەی كەسایەتییەكەیە -؛ ئەوا زۆر كاریگەر مەبەو دەست مەكە بەنووسینەوەی هەموو شتێك. لە بەر ئەوەی ئەو كەسە نارەحەت دەكات، تەواو لەسەرخۆ بە، چاوەڕی بكەو گوێبگرە، بۆ ئەوەی كەسەكە نەسڵەمێتەوە لە وەڵامەكانی خۆی.
19- پابەندی وادەو بەڵێنەكانت بە، لە كاتی دیاریكراو، ئامادەی شوێنی گفتوگۆكە بە.