مافی ژیانی تایبەت لەیاسا و ئیتیکی رۆژنامەگەرییدا

مافی ژیانی تایبەت لەیاسا و ئیتیکی رۆژنامەگەرییدا؛ ناونیشانی نوێترین پرۆژەی زنجیرە چاپکراوەکانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک»ە کە لەلایەن ناوەندی سارا بڵاودەکرێتەوە.

د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ نووسەری ئەم کتێبەیەو لەچوارچێوەی 212لاپەڕەو ناوەخنێکی ناوازەو بەرگێکی واتاداردا چەمکی تایبەتمەندێتیی و رەگەزەکانی و رەنگدانەوەی لەنێو بنەما یاساییەکان و رێسا پیشەییەکانی راگەیاندندا شرۆڤە کردووە و وەڵامی چەند پرسیارێکی ھەنووکەیی داوەتەوە، لەوانە:

بەهاو گرنگى ماف بەگشتیی و شوێنى مافى ژیانى تایبەت لەنێویدا چییەو چۆنە و دەچێتە کام خانەى پۆلێنکردنى مافەکانەوە؟ رەگەزەکانى مافى ژیانى تایبەتیی کەسەکان چین و چى لەمافى گشتیی جیایان دەکاتەوە؟ چ پەیوەندییەک لەنێوان مافى ژیانى تایبەت و ماف و ئازادییەکانى دیکەدا هەیە؟ پەیوەندیی ئەم مافە بەکایەى رۆژنامەگەریی و سیستمى حوکمڕانىی و کولتورى دیموکراسیی و کۆمەڵگەی هاوچەرخەوە چییە؟ ئەرک و مافى رۆژنامەوان لەکوێدا یەکدەگرێتەوە لەگەڵ پاراستنى مافى ژیانى تایبەت و لەکوێشدا پێشێلکردنى بەپێویست دەزانرێت؟ چۆن وێنەى نهێنیی و تایبەتیی ژیانى سۆزداریى و خێزانیى کەسەکان لەپێناو تێرکردنى حەزى زانینى خۆى و وەرگرانى یان لەپێناو بەرژەوەندیى کەس و لایەنێکى دیاریکراودا بەکارناهێنێت؟ ئەى چى وا لەرۆژنامەوان دەکات لەگەڵ هێزەکانى ئاسایش و پۆلیس و دەزگا هەواڵگرییەکاندا پەیوەندیی نەبەستێت بۆتێکدانى ژیانى کەسایەتییە دیارو ناسراوەکانى کۆمەڵ یاخود ئەوانەى بوونەتە ئەستێرەى پیشەکانیان و لەئاستى بەرپرسیارێتیی وڵاتدان، بەتایبەت لەسەروەختى بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا یان ناوو وێنەکانیان لەریکلامى بازرگانیی و بۆفرۆشتنی بەرهەمى سەرمایەدارو خاوەن کۆمپانیاکان بەکارناهێنێت؟

ئەو هێزە ئیتیکى و یاساییە چییەو کامەیە کە رێدەگرێت لەوەى رۆژنامەوان بەبێ وەرگرتنى رەزامەندی یان پێویستیی بەرژەوەندیی گشتى، گوێ بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنیی و ئەلکترۆنییەکان هەڵبخات و تۆماریان بکات و پاشتر بڵاویان بکاتەوە یان ناوەڕۆکى ئەو نامەو پۆستەرانە ئاشکرا بکات کە نهێنیی و تایبەتمەندێتیی کەسەکان دەگرنەخۆ یاخود وێنەى کەسیی ساتەوەختى نەخۆشکەوتن و بەڵگەنامەى پشکنینى نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەکانى کەسەکان کۆپی بکات و پەخشیان بکات یان ناوى بنەڕەتیی و بیروباوەڕى ئایینیی و سیاسیی ئەوانە ئاشکرا بکات کە نایانەوێت لەلاى کەسانى دیکە ئاشکراببن یاخود رابڕدوو و بیرەوەرى ئەو کەسانە بڵاوبکاتەوە کە لەبیرچونەتەوەو تەنها کەسوکارەکانیان ماونەتەوە یاخود کەسیان نەماوە؟ ئەى لەدەسەڵاتى کێدایە رێ لەرۆژنامەوان بگرێت؛ بەرتیل و خەڵات و دیاریی ئەم و ئەو وەرنەگرێت و ناسنامەى پیشەکەى بۆ بانگهێشتى ئاهەنگ و گەشتى بێبەرامبەرو شێواندنى ژیانى تایبەتیی کەسێک لەبەرژەوەندى کەس و لایەنێکى دیکەدا بەکار نەهێنێت؟

ئەوانە و چەندان پرسیارو گریمانەى تر، لەرێی ئەم کتێبەوە وەڵامدەدرێنەوەو رێگەچارەى گونجاویان بۆ پێشنیاز دەکرێت. بۆدەستخستنی ئەم بەرھەمە نایابە؛ سەردانی #ناوەندی_سارا بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە بکەن لەقاتی سێییەمی بازاڕی ئاوباریک لەبەرامبەر مزگەوتی گەورەی سلێمانی.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟