سلیمانی، هەرێمی کوردستان: لە دەستپێسخەرییەکی دەگمەن و مێژووییدا؛ سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) لەگەڵ سەرکردە ئەکادیمییە جیهانییەکاندا بەشداریی کۆبوونەوەیەکی باڵای تاوتوێکردنی چۆنییەتی ئاوێزانکردنی فەرمیی نموونەی ڕۆژنامەگەریی کوردیی بە چەقی لێکۆڵینەوە ئەکادیمییە جیهانییەکان کرد.

کۆبوونەوەکە؛ ڕۆژی پێنجشەممە (١٩ی ئاداری ٢٠٢٦)، بە شێوەی ئۆنلاین هەریەکە لە پڕۆفیسۆر تۆماس هانیتزیش؛ سەرۆکی پڕۆژەی خوێندنی جیهانیی ڕۆژنامەگەریی (WJS) لە زانکۆی LMUی ئەڵمانیا، پڕۆفیسۆر حەنان بەدر؛ ئەندامی کۆمیتەی جێبەجێکاریی WJS لە زانکۆی سالزبۆرگ و د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) کۆکردەوە. لەو کۆبوونەەیەدا کە لە ڕێگەی پڕۆگرامی ئینتەرنێتیی زووم ڕێکخرا؛ تیشکخرایە سەر دەرفەتە ستراتیژییەکان بۆ بەشدارییکردنی نموونەی ڕۆژنامەگەریی کوردیی لە چوارهەمین شەپۆلی پڕۆژەی جیهانیی (WJS4) کە جەخت لەسەر خۆڕاگریی ڕۆژنامەگەریی و وەرچەرخانی دیجیتاڵیی دەکاتەوە و بڕیارە نمونەی ڕۆژنامەگەریی کوردیی تێدا جێگیر بکرێت. ئەم دەستپێشخەرییە جیهانییە نوێیە لەسەر بنەمای کارە فراوانەکانی پێشووی د. شوان ئادەم ئەیڤەس بنیاتنرا، چوونکە لە تێزی دکتۆراکەیدا لە ساڵی ٢٠١٧ لە زانکۆی نۆتینگهام ترێنت کە بە ناونیشانی “کولتورەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی: وەرچەرخانی سنوورەکانی تێگەیشتن لە تایبەتمەندێتیی لە نێوان ئاڕاستە پیشەییەکانی ڕۆژنامەوانان-دا” بوو میتۆدۆلۆژیای WJSی بۆ ڕاپێویی لەگەڵ ١٤٢ ڕۆژنامەوانی هەرێمی کوردستان بەکارهێنا. ئەوەیش سەرنجی بەڕێوەبەری سەرەکیی پرۆژە جیهانییەکە ڕاکێشا، چوونکە ئەنجامەکانی ئەو کاتەی دکتۆرانامەکە دەریانخست بوو کە مۆدێلەکانی کولتووری ڕۆژنامەگەریی: چاودێریی دابڕاو (Detached Watchdog) و بڵاوکەرەوەی پۆپۆلیستی (Populist Disseminator) لە مۆدێلە باڵادەستەکانی هەرێمی کوردستان بوون، بەتایبەت کە چۆن و بە چ شێوەیەک لایەنگیریی سیاسیی زۆرجار بنەما پیشەییەکانی ڕۆژنامەگەریی پەکدەخات. هەروەک ئاماژەی بەوەشکرد: “لە دوای توێژینەوەکەی ساڵی ٢٠١٧مەوە، واقیعەکە بەردەوام لە گۆڕاندایە. ئامانجمان ئێستا ئەوەیە WJS4 بەکاربهێنین بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییەکان و داینامیکی هێز کاریگەرییان لەسەر ئایدیۆلۆژیای ئیتیکیی و ڕۆڵە پیشەییەکانی ڕۆژنامەوانان لە هەموو پارچەکانی کوردستان هەبووە.” هەڵبەت ئەم هەوڵ و هەنگاوە نێودەوڵەتییە؛ دەخوازێت سەرجەم ڕۆژنامەوانانی کورد لە عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا بگرێتەوە بۆ دەستنیشانکردنی:
١. ناسنامەی پیشەیی: ڕۆژنامەوانان چۆن پێناسەی ڕۆڵی خۆیان دەکەن.
٢. خاوەندارێتی میدیایی: کاریگەریی بەرژەوەندییە سیاسییەکان لەسەر سەربەخۆیی پیشەیی.
٣. ئاستەنگەکانی سیستەمەکان: ڕێگرییە یاسایی و پیشەییەکان لە وڵاتە جیاوازەکان-دا.

پڕۆژەی جیهانیی خوێندنی ڕۆژنامەگەریی (WJS4) لەسەر دەستی پڕۆفیسۆر تۆماس هانیتزیش بنیاتنراوە و لە مێژووی دوو دەهەی خۆیدا بە چوار شەپۆلی سەرەکییدا تێپەڕیووە؛ لەوانە:
-
شەپۆلی یەکهەم (٢٠٠٧-٢٠١١): قۆناغی ئەزموونیی لە ٢١ وڵات ئەنجامدرا.
-
شەپۆلی دووهەم (٢٠١٢-٢٠١٦): بۆ ٦٧ وڵات فراوانبوو و بووە بنەمای میتۆدیی بۆ نامەی دکتۆراکەی د. شوان لە ساڵی ٢٠١٧دا.
-
شەپۆلی سێهەم (٢٠٢١-٢٠٢٣): زیاتر لە ١٠٠ نەتەوەی گرتەوە و تیشکی خستە سەر وەرچەرخانی دیجیتاڵیی و سەلامەتی پیشەیی.
-
شەپۆلی چوارهەم (٢٠٢٤-٢٠٢٦): قۆناغی ئێستا کە جەخت لەسەر خۆڕاگریی ڕۆژنامەگەریی و گۆڕانکارییە دیجیتاڵییەکان دەکاتەوە و بڕیارە نمونەی ڕۆژنامەگەریی کوردیی تێدا جێگیر بکرێت.











