ھۆبەی رێنمایی و ھۆشیاریی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) لە پەیامێکدا رایگەیاند کە «چاپکردن یاخود پەخش و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ساختە و ھەواڵی ھەڵبەستراو لەرێی گوتاری میدیایی پڕ لە رق و کینە؛ دژ و پێچەوانەی بەھا و پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکان و یاساکانی راگەیاندنە. پێویستە میدیا کەسیی و حزبیی و ناحزبییەکانی ھەرێمی کوردستان لێی دوورکەونەوەو نەبنە ھۆکار و ھاندەری شەڕێکی دیکەی ناوخۆیی کە بەدڵنیاییەوە ھیچ کوردێک تیایدا براوە نابێت.»
چاودێریى میدیاى کوردى (چمك)؛ رێکخراوێکی قازانجنەویستى، ناحکومی، سەربەخۆىیە. لەساڵى 2017دا لەلایەن چەند کەسایەتییەکى ئەکادیمییەوە لەشارى سلێمانى، دامەزرا. تایبەتمەندە بەچاودێرییکردن، هەڵسەنگاندن، راپۆرتکردن و توێژینەوەى خەوش و پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاو رەوشی رۆژنامەگەری کوردی. هەربۆیە جەختکردنەوەى سەرەکیی ئەم رێکخراوە، لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى مافەکانى تاکەکەس و کۆمەڵگەى کوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانى ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانى کوردستان. چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانى ئەم رێکخراوە بۆ رووماڵکردنى بەرهەمە جۆربەجۆرەکانى میدیاى کوردییە، بەمەبەستى گەڵاڵەکردن و خستنەڕووى کارنامەیەکى پیشەییترى کرداریی بۆ راستکردنەوەى هەڵە باوەکانى میدیاو شێوازى کارکردنى میدیاوانانى کوردستان.