چەند سەرنجێک لەسەر کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی

رێکەوت ئیسماعیل ئیبراهیم

رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی کەرکوک، رۆژی 10ی مانگی تەمموز، لە شاری سلێمانی کۆڕبەندێکی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی سازکرد. سازدانی کۆڕبەندێکی لەوجۆرە لەلایەن ئەو رێکخراوەوە وێرای ئەوەی جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە، وروژاندنی پرسێکی هەستیار و گرنگە کە رۆژانە یەکە بەیەکەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عیراقیش لەگەڵیدا دەژین.

جدی بوونی گفتوگۆ و پانێڵەکانیش بۆخۆی دیسانەوە نیشانەی ئەوە بوون کە بابەتەکە گەرم و گوڕە و قسەی زۆر هەڵدەگرێت. لێرەدا ئەوەی من دەمەوێت لەسەری بوەستم پانێڵی یەکەمی کۆڕبەندەکەیە بە ناوی (ریفۆرمی میدیایی لە نێوان ناوەندێتیی و ناناوەندێتیی حزبیدا).

ئەم پانێڵە لەلایەن چوار ئاراستەی حزبیی جیاوازەوە خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە کە هەریەکەیان دەربڕینێکی تایبەت بوون بە حزبێکی دیاریکراو، کە یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان نوێنەرایەتییان دەکرد. لێرەدا من نامەوێت پرسیاری ئەوە بورووژێنم کە داخۆ لە بنەڕەتدا پێویستی بە بوونی میدیای حزبی هەیە یان نا؟ یاخود ئاماژە بۆ کاریگەریی سایکۆلۆژی میدیای حزبی و میدیای شەخسی بکەم لەسەر تاکی کۆمەڵگە. بەڵکو قسەکانی من لێرەدا زۆر بە کورتی زیاتر تایبەت دەبێت بە ئاراستەی هەردوو حزبی ئیسلامی واتە (کۆمەڵ و یەکگرتوو)، کە هەندێک سەرنجی لەلا دروستکردم بە پێویستم زانی کەمێک لەسەریان بووەستم:

هەردوو بەڕێزان محەمەد ئەحمەد و ئاسۆ حەمید کە نوێنەرایەتی گوتاری کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتووی ئیسلامیان دەکرد، تا رادەیەکی زۆر هاوئاهەنگ بوون لە دەربڕینی بیروبۆچوونی ئایدۆلۆژیی خۆیان سەبارەت بەو جۆرە لە ریفۆرم کە خۆیان باوەڕیان پێیەتی. لێرەدا هەندێک رەخنە ئاراستەی لێکدانەوەی ئەو دوو رەوتە سیاسییە دەکەم، کە لەراستیدا خۆی لە خۆیدا ئەو جۆرە لە بیرکردنەوە رێگرە لە ئەنجامدانی ریفۆرمی نەک تەنها میدیایی، بەڵکو ریفۆرمی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسیش.

یەکەم- بەرهەمهێنانی موقەدەس:
هەردوو بەڕێز زۆر بە کورتی لەو باوەڕەدابوون کە موقەدەس و چەمکی موقەدەس لە کوردستان دەبێت لە سەروو هەرجۆرە گوتارێکی سیاسی و مەعریفییەوە بن کە بە ئاراستەی ریفۆرم کاریان تێدا دەکرێت. واتە بەگوێرەی بۆچوونی ئەوان، بۆ ئەوەی ریفۆرمێکی گونجاو بە بەرگی کۆمەڵگەی کوردستاندا داببڕین، ئەوە دەبێت دەست بۆ موقەدەس نەبەین. لەکن ئەو دوو بەڕێزەش ئایینی ئیسلام و دەقە پیرۆزەکانی ئەو ئایینە لەسەروو بابەتی ریفۆرمی میدیایی و ئایینین و نابێت دەستیان بۆ ببرێت. ئەوە لەکاتێکدایە کە مێژوو شاهیدی ئەوە دەدات، هیچ ریفۆرمێک لەهیچ بوارێکی سیاسی و مەعریفیدا بەبێ دەستبردن بۆ موقەدەس نەبووە و نەکراوە، بۆیە بەپێوێستی دەزانم لێرەدا کەمێک لەسەر موقەدەس بووەستم.

یەکێک لە هەڵە کوشندەکانی تێگەشتن لە زمانی کوردیدا وشەی موقەدەسە. لە زمانی کوردیی خۆماندا بە هەڵە موقەدەس کراوەتە پیرۆز، چونکە پیرۆزی هیچ رەهەندێکی فەلسەفیی لە پشتیەوە نییە، لەکاتێدا موقەدەس رەهەندێکی فەلسەفی لە پشتی هەیە. لە زمانی کوردیی خواروودا، بەرامبەر بە موقەدەس (Sacred) وشەیەکمان نییە، لە کاتێکدا بەرامبەر بە وشەی (Holy)، وشەی (پیرۆز) مان هەیە. کەواتە زۆر گرنگە لێرە بەدواوە لە زمانی کوردیی خۆماندا وشەی پیرۆز، کە بە عەرەبی (مبارک) دەگەیەنێت، لەگەڵ وشەی موقەدەس تێکەڵ نەکەین و لەیەکتریان جودا بکەینەوە. موقەدەس چییە؟ ئایا وشەی پیرۆز بە کوردی گوزارشت لە موقەدەس دەکات؟

موقەدەس وەک تێرم:
موقەدەس زیاتر رەهەندێکی فەلسەفی هەیە، کە پەیوەندیی بە چیرۆکی بوونەوە هەیە. ئێمە دوو جیهانبینیمان هەیە بۆ تەفسیرکردنی چیرۆکی بوون. جیهانبینییەک کە جیهانبینییەکی مۆدێرنانەیە و دەیەوێت بە پشت بەستن بە زانستی پۆزەتڤیزم (ئەقڵ و زانست) هەرجۆرە رەهەندێکی قودسی لە بوون (وجود) بخاتە دەرەوەی پێناسەکانەوە. جیهانبینییەکەی دیکەش لەو باوەڕەدایە کە وجود خۆی بوونێکی موقەدەسانەی هەیە و بەبێ ئەوەی موقەدەس بخەینە ناو تەفسیرەکانمان، ناتوانین لە بوون تێبگەین. واتە جیهانینییەک باوەڕی بە چیرۆکی ئیڤۆلیوشن هەیە و جیهانبینییەک کە باوەری بە چیرۆکی خەلق هەیە، کە لە تەورات بە پشت بەستن بە میتۆلۆژیا لە ئایەتێکدا تەوزیف کراوە: (سفر التكوين 2: 7 وَجَبَلَ الرَّبُّ الإِلهُ آدَمَ تُرَابًا مِنَ الأَرْضِ، وَنَفَخَ فِي أَنْفِهِ نَسَمَةَ حَيَاةٍ. فَصَارَ آدَمُ نَفْسًا حَيَّةً.) واتە (خودا ئادەمی لە خۆڵی زەوی پێکهێنا و شنەی ژیانی بە کونە لوتیدا کرد، بەمەش ئادەم بووە گیانێکی زیندوو ).

رەهەندی فەلسەفیانەی موقەدەس بریتییە لە مانیفێستەبوون یاخود درەوشاندنەوە یاخود تەجلابوونی موگلەق لەناو جیهانی نیسبیدا. واتە رەها لەناو رێژەییدا. لێرەوە جیهانبینی دووەم دێت و بەچاوێکی موقەدەسانەوە تەفسیری ئایین دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆکاری بەرهەمهێنانی راستی رەها ( حەقیقەتی مگلق)، کە هەموو حەقیقەتەکانی دیکە رەت دەکاتەوە و دەبێتە هۆکارێک بۆ بەرهەمهێنانی توندڕەویی و رەگەزپەرستی و شۆڤێنیزمی ئایینی. جەنگە ئایینیەکان و فتوحات و ئەوەی ئەمڕۆ قاعیدە و داعش لەژێر ناوی جیهاددا دەیکەن، بەرهەمی تێگەشتنی موقەدەسانەیە بۆ ئایین.

موقەدەس و ئایین:
موقەدەس و ئایین دوو چەمکن کە هەمیشە لە مێژوودا پێکەوە گرێدراون. هەمیشە ئایین دەبینین تێکەڵاوە لەگەڵ موقەدەس، تاڕادەی ئەوەی کە هیچ ئاینێک نییە موقەدەسی نەبێت. کەواتە چەمکی موقەدەس لە تێگە ئایینیەکەوە چییە؟ ئەگەر سەرنج بدەینە هەموو ئایینەکان، تەماشا دەکەین کە موقەدەس دوو دەلالەتی گرنگی هەیە:

یەکەم: ئاستەمە بۆ تێگەشتن: موقەدەس و هەموو دیاردەکانی موقەدەس، لەسەروو تێگەشتنی مرۆڤەوەن. هەرچەندە بابەتە موقەدەسەکە خۆی بنەڕەتی زانراوبێت و بە بەڵگەی ئەقڵی وجودیمان بۆ ئاشکرابووبێت، کەچی مرۆڤ ناتوانێت تێیان بگات و بەشێوەیەکی ئەقڵ و لۆژیکییانە لێکدانەوەی بۆیان هەبێت ، بۆ نموونە لای زۆر کەس خودا هەقیقەتی موتڵەق (رەهایە)، بەڵام هیچ کەس نازانێت ئەم خودایە چۆنە و بوون و نەبوونی لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە و زاتی خوداوەند تێناگات. کەواتە مەسەلەی ئەم موقەدەس بوونە لە تێگەشتنی مرۆڤ زۆر باڵاترە.

دووەم: لە دەرەوەی رەخنەیە: موقەدەس لە بازنەی ئاییندا ناتوانیت رەخنەی لێبگریت و رەتی بکەیتەوە. لێرەدا مەبەستمان لەو کەسانە نییە کە باوەڕیان پێی نییە، بەڵکو خودی ئەوانەی کە موقەدەسەکە بە راستی دەزانن و باوەڕیان پێیەتی و ئیدراک و ئیدراکێکی ئەقڵانیان بۆی هەیە. بۆ نموونە پێنج فەرزە دەبێت موسڵمان نوێژ بکات، لێرەدا هیچ ماوەیەک بۆ گفتوگۆ لەسەرکردن و چەند و چۆنێک نییە. ئەگەر پێغەمبەرەکەشیان پاساوی بۆ ئەوە هەبێت و ئەم و ئەو قەناعەتیان هەبێت یان نەیانبێت، لەبەرئەوەی پێغەمبەر خۆی کەسێکی موقەدەسە، ئەوە لە کردار و رەوشت و وتەکانیدا، لەسەروو رەخنەوەیە. ئەم دوو خاڵە وادەکەن کە چەمکی موقەدەسی ئایینی لە چەمکی رێزگرتنی ئایینیش جودا بێت. کاتێک داوای موقەدەسبوونی شتێکمان لێدەکرێت ئەوە واتای رێزگرتنی نییە بە تەنها.

سنووری موقەدەس گرێ نەدراوە بە سنووری ئایینەوە، بەڵکو موقەدەس چەمکێکە لە ئایین گەورەتر و فراوانتر و فرە رەهەندترە، هەم شوێنی ئیشکردنی و هەم دەرکەوتەکانی لە سنووری تێڕوانینی ئاینیی تێدەپەڕن. شەڕی بنەڕەتیش هەمیشە لەگەڵ چەمکی موقەدەسدایە، ئەوکاتەی لە فۆرمە ئایینیەکەی خۆی دێتە دەرەوە و لە کایە کۆمەڵایەتییەکاندا فۆرمی تر وەردەگرێت و دەکرێتە بەهاو نەریتی ئەخلاقی و دەروونی و ویژدانی بۆ کۆمەڵگە.

ئەوەی کارەساتەکان دەخوڵقێنێت، ئەو بەهاو نۆرمانەن کە موقەدەس لەکۆی جەستەی کۆمەڵایەتیدا دەیانخاتە گەڕ، بەرادەیەکی ئەوتۆ کە دامەزراوە یاسایی و مەدەنی و میدیاییەکانیش ناتوانن بە ئاسانی تێیپەڕێنن. لە کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکاندا بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی کوردییدا، بە درێژایی سەدەی رابردوو، عەلمانییەت تەنها لە توێکڵی سیاسەت و ئایدۆلۆژیادا تەوزیفێکی نیوەناچڵی بێ مانا کراوە. لە کاتێکدا بناغەی هەرە سەرەکی و گرنگی عەلمانییەت دەبوو جیاکردنەوەی ئایین بێت لە دەوڵەت و جومگەکانی دەوڵەت، کەچی بە پێچەوانەوە حزبی عەلمانی و دەوڵەتە عەلمانییەکان خۆیان باشتر لە حزبی ئایینی و مەزهەبی بە تەنگ پاراستنی ئایین و سەروەرییەکانی ئایینەوە بوون. هەرگیز ململانێی نێوان ئایین و عەلمانی، نەگوازراوەتەوە بۆئەوەی ببێت بە ململانێی نێوان «موقەدەس» و «ناموقەدەس». ئەوەی لە خۆرهەڵات بە عەلمانییەت ناو دەبرێت، هیچ نییە جگە لە جێگۆڕکێ بە شوێنی موقەدەس. ئەمە وایکردووە بە سەختی خودی «ئایین» و «فۆرمی بیرکردنەوەی ئایینی» لەیەک جیابکرێنەوە.

دەشێت بەشێکی زۆری کۆمەڵگە باوەڕی بە ئایین نەبێت، بەڵام لەبەردەم بەها ئایینی و موقەدەسەکاندا ملی پێ شۆڕ و کەچ بکرێت. ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت باسی بکەم رێک ئەوەیە کە ئەو دوو بەڕێزەی ناومان بردن، دەیانەوێت فۆرمی بیرکردنەوەی ئایینی خۆیان و حزبەکانیان (کە زۆرجاریش فۆرمی بیرکردنەوەکە هاوردەی خەلیج و تورکیا و ئێرانن، واتە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی کوردی نین) وەک موقەدەسێک بخەنە نێو بیرکردنەوەی تاک بە تاکی کۆمەڵگەوە و لە سەروو رەخنە و ریفۆرم و هەرجۆرە گفتوگۆیەکی ئەقڵانی سەروەر و گەورەو پاێزبەندیی بکەن. کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بە پێچەوانەی خواستی کۆڕبەندەکە دەکەوێتەوە.

دووەم- کەمینەو زۆرینە:
چەمکی کەمینە و زۆرینە یەکێکی ترە لەو تێرمانەی کە ئیسلامی سیاسی بەردەوام دەخوازێت لە پشتی ئەم تێرمەوە بە پاساوی ئەوەی کە زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردستان موسڵمانن، ئەوا دەبێت بەردەوام یاساکانی ئیسلام و شەریعەت و پەیڕەوە موقەدەسەکانی ئەو دیانەتە بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا ئامر بن و کەس نەتوانێت لەنێو ئەو چوارچێوەیە لابدات.

ئەوان دەیانەوێت هاوشێوەی موقەدەس و مودەنەسەکەی خۆیان دیسانەوە کۆمەڵگەش بە ژمارە (عدد) دابەش بکەن بەسەر دوو بەرەی زۆرینە و کەمینەدا. هەرچەندە بەگوێرەی هەندێک سەرژمێریی و راپرسی، کۆمەڵگەی کوردستان هەرگیز بەو رێژە بەرزەی کە ئیسلامییەکان باسی دەکەن ٪98 موسلمان نەبوون و نین، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەوانەشی کە تەنها لەسەر ناسنامەکانیان بەبێ پرس و رەزامەندیی خۆیان لە تەمەنی یەک رۆژ و دووڕۆژیی لەدایکبوونیانەوە نووسراوە (موسڵمان)، هێشتا هەرگیز ئەو رێژە بەرزە لە ئیسلام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نییە.

ئیسلامی سیاسی لە پرسی کەمینە و زۆرینەدا زیادەڕۆیی دەکەن. هەروەک چۆن لە دیموکراسیدا فێلبازی دەکەن و نیوەی دیموکراسی کە هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدانە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکار دەهێنن و نیوەکەی تریشی کە دەستاودەستکردنی دەسەڵات و پاراستنی ئازادیی و مافی هاووڵاتیبوونە فەرامۆش دەکەن، ئاواش پرسی کەمینە و زۆرینە لە ژمارەدا قەتیس دەکەن بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ پاشخانی سیاسی و کۆمەڵایەتی (کەمینە و زۆرینە) و ئەو واتایانەی کە دەیبەخشێت.

لە وڵاتێکی وەکو هیندستان کە هەموو شتێک تیایدا خودایە و دەپەرسترێت (بزمار، تەختە، درەخت، مەیمون، بت، تیمساح، جرج…تاد) کە سەدەها نەتەوە و هۆزو تایفە و ئایینی تێدایە، دەبێت کامەیان زۆرینە بێت و خوداکەی خۆی فەرز بکات بەسەر ئەوانی دیکەدا؟ پرسی زۆرینە و کەمینە لێرەدا کە ئیسلامی سیاسی وەک ئەوەی رانە مەڕو سەرەکان ئەژمار بکات، ئاوا حسابی دەکات، پەیوەندیی نییە بە ژمارە و رێژەی کەم و زۆرەوە، بەڵکو پەیوەندیی هەیە بە کوتلەی بەشەریی، واتە مرۆیی کە دەبێت مافیان وەک زۆرینە دەستەبەرکراو بێت و پارێزراوبێت.

ئیسلامییەکانی کوردستان دوو فاقییانە سەیری زارەوەی کەمینە و زۆرینە دەکەن. ئەوان ساڵی 2017 شیوەن و گریانیان دەکرد بۆ موسڵمانەکانی روهینگیا کە بەدەستی سوپای بۆرما رەشەکوژ دەکران، لە کاتێکدا ئەو موسڵمانانە رێژەی تەنها ٪4 ی کۆمەڵگەی بۆرما پێکدەهێنن. ئەگەر بێتو بە ژمارەی سەر حسابی موسڵمانەکانی بۆرما بکەین، ئەوا دەبێت هەرهەموویان لەوێ بێدەنگ و بێسەنگ دانیشن و لە بودا بپاڕێنەوە کە ژیانیان بۆ مسۆگەر بکات.

موسڵمانەکانی بۆرما لە رووی دیانەت و ئەتنی جیاوازن لە خەڵکی بۆرما، لە کاتێکدا لە کوردستانەکەی ئێمەدا هەموو ئایین و ئاینزا و کەمینەکانی تر، بەوانەشی کە ئاتیست و بێ باوەڕن، خەڵکی رەسەنی ئەم وڵاتەن، کەچی ئیسلامی سیاسی خۆماڵی داوای ملکەچی ئەوانە دەکات بۆ پیرۆزییەکانی ئایینی زۆرینە.

لە کۆتاییدا نامەوێت بابەتەکە لەمە زیاتر درێژ بکەمەوە تەنها هێندە دەڵێم، بانگەشە بۆ ریفۆرمی میدیایی و هەر ریفۆرمێکی دیکە لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگەدا، پێش هەموو شتێک بنیاتنانی روئیایەکی هاوبەشی دەوێت لە نێوان هەموو بۆچوونە جیاوازەکان و شەبەنگە جیاوازەکانی فیکردا. بۆئەوەی ریفۆرمێکی جدی و ریشەیی بکەین و دەبێت بتوانین تێگەشتنمان بۆ چەمک و زاراوەکان بخەینە دەرەوەی ئایدۆلۆژیای سیاسی و حزبی، دەنا باسکردنی ریفۆرم لە چوارچێوەی شکڵدا دەمێنێتەوە و باسنەکردنی باشتر دەبێت لە باسکردنی.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟