- د.نەزەند بەگیخانی
میدیا دەستەیەک کاراکتەری بەهێزە لە کۆمەڵگا. دەزگا ڕاگەیاندنەکان، بە نووسراو و بینراو و بیستراو یاخود پلاتفۆرمەکانی ئینتەرنێتی توانای ئاگادارکردنەوە و ڕەخساندنی بوار بۆ دیبەیت و تاوتوێ. بۆیە ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینن لە پرۆسەی فەرمانڕەوایەتی و دروستکردنی ئایدیۆلۆژیا و کەلتوور بۆ بڕیاردان. بەهەمان شێوە، میدیا دەتوانێت ڕۆڵێکی کارای هەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی و گۆڕینی بۆچوونی خەڵک دەربارەی ڕۆڵی جێندەر و بیرۆکەی شەڕەف. بەجۆرێک، میدیا دەسەڵاتی چوارەم پێک دەهێنێت. چۆنیەتی بەکارخستنی (بەگەڕخستنی) ئەم دەسەڵاتە گرنگی زۆری هەیە بۆ تێگەیشتن لەو سنوور و لەمپەرانەی کە خراونەتە بەردەم تێکۆشانی ئافرەتی کورد بۆ ئازادی و یەکسانی جێندەری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
لە ماوەی دەیەی ڕابردوو، تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی نوێ کاریگەری بەهێزی هەبووە لەسەر ژیانی تاکەکان لە کوردستانی عێراق، لە دروستکردنی پەیوەندی و کارلێککردنی نێوان خەڵک. میدیای ئینتەرنێتی، کە گشت جۆرەکانی بڵاوکراوە و کارلێکەکانی سەر ئینتەرنێت لە خۆدەگرێت، کاریگەری دووتوێیان هەیە لەسەر ئافرەتان. لە لایەکەوە، بۆشاییەکی نوێیان بۆ ئافرەتان دروستکردووە بۆ گەیشتن بە جیهانی دەرەوە و بەشداربوون لە جۆرێکی تری کارلێککردن. لە ڕێگەی ئەم بۆشاییە نوێیە و جۆری پەیوەندیەوە، ئافرەتان توانیویانە بێدەنگی بەرامبەر توندوتیژی جێندەری بشکێنن، لە نێویاندا تاوانەکانی لە ژێر ناوی شەڕەف، وە توانیویانە ئەو جوگرافیایە تێبپەڕێنن کە تێیدان، بەشداری بکەن لە دیبەیتی ئینتەرنێتی و دروستکردنی تۆڕی هاوسۆزی و بەشداریکردن لە سكاڵانامە و کامپەینی نیشتیمانی و نێودەوڵەتی، لەسەرووی هەمووشیانەوە کارێکی وابکەن کە دەنگیان ببیسترێت.
لە لایەکی ترەوە، ئەم جۆرە نوێیەی پەیوەندی و کارلێککردن ئافرەتانی ڕووبەڕووی ئاستەنگی نوێ کردۆتەوە، کە بە پشتبەستن بە بنەمای شەڕەفەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەم تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی نوێیە بۆشایی ڕەخساندووە بۆ بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی پێکهاتەیی و نەریتە کەلتووریەکان و شێوازی باوکسالاری کارلێککردن کە بۆتە هۆی توندوتیژی لەسەر بنەمای شەڕەف.
بەهەمان شێوە بۆتەهۆی سەرهەڵدانی “کاراکتەری نەناسراو” کە یاری لەسەر بنەمای شەڕەف و هاوکێشەی شەڕەف و لەکەدارکردن دەکەن. دەرئەنجامی ئەو توێژینەوەیە ئەوە دەردەخات کە بەکارهێنانی ئینتەرنێت و تەلەفۆنی مۆبایل بونەتە هۆکارێک بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و ئارەزوویەکی بەهێز بۆ قسەوقسەڵۆک و ویست بۆ “لەکەدارکردن”. ئەوە گرنگ نیە کە ئەو ڕاپۆرتانە ڕاست بن یاخود ناڕاست، کێشەکە ئەوەیە هەبوونی بابەتێکی لەو چەشنە لە فەزای گشتی، ژیانی ئەو ئافرەتانە دەکەونە مەترسیەوە، لەنێویاندا کوشتن لە ژێر ناوی شەڕەف.
زۆربەی ئەو ئافرەتانەی کە تووشی ئەم جۆرە توندوتیژیە بوونەتەوە بریتین لە کەسایەتی دیار، کە متمانەی خەڵک پێیان و وێناکردنیان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێگەی گشتیان. لە کۆمەڵگایەک کە ئابڕوو و متمانەی خەڵک بەرچاوترین سەرمایەیە بۆ ئافرەت، دوورنیە کە ئەو ئافرەتانە و خانەوادەکانیان دەخرێنە ژێر فشاری بەکۆمەڵ کە لەوانەیە بە گۆشەگیرکردن، خۆکوشتن وە تەنانەت کوشتن کۆتایی بێت لەوکاتەی کە ئەندامە نێرەکانی خانەوادە بڕیاری پاککردنەوەی شەڕەفی خێزانەکەیان دەدەن.
“یاریەکە” بڵاوکردنەوەی وێنەی ‘لەکەدارکەر’ و ‘دەستکرد’ و ڤیدیۆی ئافرەتان لە ڕێگەی ئینتەرنێت و تەلەفۆنی مۆبایل لەخۆدەگرێت، وە نووسینی ڕاپۆرت و بابەتی ناوزڕێنەر لە دژیان لە خۆدەگرێت کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراونەتەوە، هاککردنی هەژمارە تایبەتیەکانیان لە تۆڕی فەیسبووک و ئیمەیلەکانیان و بڵاوکردنەوەی داتا نهێنیەکانیان و هەڕەشەلێکردنیان و بەدواکەوتنیان و بەکارهێنانی چەوساندنەوەی سایکۆلۆژی و سۆزداری. لە ڕووی سیاسەتێکی وردی گەوجاندن (دیمەگۆجی)، دەیانەوێت هەستی خەڵگی گشتی بوروژێنن، توڕەیان بکەن و هانیان بدەن بەرامبەر بە ئافرەتان.
ئامانجی سەرەکی ئەم جۆرە نوێیە لە توندوتیژی بریتیە لە بەگەرخستنی هێز، خستنی ئافرەت بۆ ژێر سیستەمی کۆنتڕۆڵکردن و چاودێری و پەلاماردان و تۆقاندن. بەهەمان شێوە، ئەم جۆرە هێرشانە بەشێوەیەکی سەرەکی ئافرەتانی بەرچاو لە کایەی سیاسی و میدیا و چالاکوانان دەگرێتەوە، ئامانج لێی بێدەنگ کردن و پەراوێز خستنیانە. لە کۆمەڵگایەک کە شەڕەف و ئابڕوو بە بەهاترین سەرمایەی ئافرەت ئەژمار دەکرێت، ئامانجی سەرەکی هێرشبەرانی تۆڕی ئینتەرنێتی بریتیە لە لەکەدارکردنی هەمیشەیی و ئابڕووبردن، کە لەوانەیە ببێتە سەرچاوەی کوشتن، بەشێوەیەکی سیمبوڵی ئاخود ڕاستەقینە.
ئەو بارودۆخە چالاکوانانی مافەکانی ئافرەتانی سەرقاڵ کردووە بە ڕێکخستنی کامپەین لە دژی ئەم جۆرە کردارانە و داخوازی کردن لە دەسەڵات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری نوێ بۆ پاراستنی ئافرەتە بەئامانج کراوەکان. لە ساڵی ٢٠٠٨، پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە ٦ [قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن] پەسەندکرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناوزڕاندن و خراپ بەکارهێنانی ئامرازە نوێکانی پەیوەندیکردن. ئامانج لە یاساکە قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردنە، بەتایبەتی ئەگەر ببێتەهۆی لەکەدارکردن و پێشێلکردنی “ژیانی تایبەتی” کەسەکان و دروستکردنی مەترسی بۆسەریان. بەڵام، توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن، هەمووکات بەدۆکیومێنکردنی بەڵگەی لەم جۆرە چەوساندنەوەیە و جوڵاندنی پۆلیس و دادوەری بۆ پاراستنی ئەو ئافرەتانەی کە دووچاری چەوساندنەوەی ئینتەرنێتی بوون، ئاسان نیە. بەدەنگەوەهاتنی دەسەڵاتەکان، لەسەر هەردوو ئاستی یاسادانان و پۆڵەسی، بۆ ئەم جۆرە نوێیە لە توندوتیژی ئینتەرنێتی چڕوپڕ نەبووە. ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەش دەردەخات کە میدیا لە کوردستان نەیتوانیوە ستراتیژیەتێکی پەرەسەندووی یەکسانی جێندەری پەیڕەوبکات بۆ لەخۆگرتنی ڕێکاری میدیایی پڕۆفێشناڵ بەستانداردی نێودەوڵەتی، لەنێویاندا ئیتیکی پیشەیی و بابەتی بوون، دروستی و یەکسانی لە ڕووماڵکردن و خۆ بەدوورگرتن لە ڕووماڵی دراماتیکی و باوک سالاری کە دەبێتەهۆی بەهەرمهێنانەوەی توندوتیژی.