تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كەمپینی هەڵبژاردن

* ئیسماعیل حەمەعەلی خورماڵی

لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا لیست و كاندیدەكان پێویستە هەڵوێستی جەماوەریان لەبەرچاو بێت و پۆلێنیان بكەن، تا بتوانن پلانی هەڵمەتی هەڵبژاردنیان بەشێوەیەكی زانستی و كاریگەر پێشكەش بكەن. هەڵوێستی جەماوەریش بەگشتی دابەش دەبێ بۆ پێنج جۆر گرووپ:

1- بڕیاری بەشداری داوە و دەنگی بۆ لیست و كاندیدێكی دیاریكراوە.

2- بڕیاری بەشداری داوە و دەنگی بۆ لیستێكی دیاریكراوە، بەڵام بۆ كاندیدێكی لیستەكە بڕیاری نەداوە

3- بڕیاری بەشداری داوە، بەڵام دەنگی بۆ هیچ لیست و كاندیدێك یەكلایی نەكردووەتەوە.

4- دوودڵە لە بەشداری.

5- بڕیاری بایكۆتی داوە.

بێگومان هەریەك لەم گرووپانە پێویستی بە پەیامی تایبەت بەخۆی هەیە و بەشێوازی جیا دەبێت كاریگەرییان لەسەر دابنرێت. ئەمەش دەخوازێت لە كاندیدانی هەر لیستێك كە ئامانجیان كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگە بۆ خۆیان و لیستەكەیان، بەرنامە و پلانی گونجاو ئاراستەی هەر گرووپێك بكەن لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا. لەهەمانكاتدا قورسایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیان بەڕێژەی جیاواز ئاراستەی هەر گرووپێك لەو گرووپانەی سەرەوە بكەن، بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ كۆبكەنەوە بەكەمترین كات و تێچوون.

كاندیدانی هەر لیستێك پێویستە هەوڵبدەن كاریگەری لەسەر جەماوەر بەگشتی دابنێن، بەڵام نابێت وزە و توانای هەڵمەتەكەیان لەو كەسانەدا بەفیڕۆ بدەن كە لە گرووپی یەكەم و دووەمن، چونكە بڕیاری پێشوەختەیان داوە، ئەو ئاراستەش لەكاركردن كەمترین بەرهەمی دەبێت، بەڵام ئاراستەكردنی پەیامەكان بۆ گرووپەكانی دیكە (دەنگی خۆڵەمێشی) زۆرترین ئەنجامی دەبێت.

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.. هۆكارێكی كاریگەر

لەدونیادا شێوازی جیاواز بەكاردێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و دانانی كاریگەری لەسەر دەنگدەران. یەكێك لەوانە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە كە فەیسبووك و تویتەر ناسراوترین و كاریگەرترینیانن، لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا تویتەر ناسراوتر و كاریگەرترە، بەڵام لە كوردستان فەیسبووك لەپێشتر و باوترە لەناو خەڵكیدا. راپۆرتە میدیاییەكان و توێژینەوەی سەنتەرە تایبەتمەندەكان ئەوەیان خستووەتەڕوو كە تویتەر و فەیسبووك رۆڵی سەرەكییان هەبووە لە سەرخستنی ئۆباما و ترامپ و ماكرۆن لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا. هەروەها رۆڵیان بینیوە لە دەنگدان بۆ جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا. باراك ئۆباما لەساڵی (2013) لە ریزبەندی پێنجەم هاتووە لە جیهاندا كە لەتویتەر زیاتر لە (25) ملیۆن فۆڵۆوەری هەبوو. ساڵی (2015) ئەژماری تویتەری نوێی ئۆباما لە كتێبی (گینس) تۆمار كرا وەك خێراترین ئەژمار كە پاش كردنەوەی لە تەنیا پێنج كاژێردا زیاتر لە یەك ملیۆن فۆلۆوەری هەبوو دوای ساڵێكیش گەیشتە 10 ملیۆن. لەپاش هەڵبژاردنەوەی بۆ جاری دووەم، ئۆباما لە ئەژماری خۆی لە تویتەر نووسی: (ئەم پێشهاتە بەهۆی ئێوەوە بوو، سوپاستان دەكەم)، مەبەست لێی لایەنگرانی بوو لە تویتەر. دۆناڵد ترامپ كە ئێستا زیاتر لە 40 ملیۆن فۆڵۆوەری لە تویتەر هەیە، تویتەكانی زۆرجار بووەتە هۆی سەرلێشێواندنی میدیاكان، چونكە پێش كاتژمێر 6:30ی بەیانی تویت دەكات. ئەو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا زۆر رەخنەی لە میدیای كلاسیكی دەگرت و بە ناڕاستگۆ و گەندەڵ و سەرلێشێوێنەر وەسفی دەكردن. چەندینجار گوتوویەتی ئەگەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەبوونایە ئەگەری زۆر بوو ئەو نەبووایە بە سەرۆك. لە ئێران تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەگشتی رێگەپێنەدراون، سەرباری ئەوەش ریفۆرمخوازانی ئێران بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن زۆر گرنگی پێدەدەن. لە كوردستانیش لە چەند ساڵی رابردوودا گرنگیی زیاتر بە فەیسبووك دراوە. زیادبوونی قەیرانەكان و گرژیی نێوان لایەنە سیاسییەكان و بێكاری و زۆربوونی هێڵەكانی ئینتەرنێت هۆكار بوون بۆ زیاتر گەشەكردنی ئەو بوارە، بەشێوەیەك كەم ماڵ هەیە كەسێكیان ئەژماری فەیسبووكی نەبێت یاخود هەواڵ و ڤیدیۆكانی فەیسبووكی لەكەسانی ترەوە پێنەگات.

بۆچی گرنگی بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بدرێت؟

لەبنەڕەتدا سەركەوتنی هەر كاندیدێك بەستراوەتەوە بە متمانەی جەماوەرەوە، هەربۆیە كاندیدەكان چەندین هۆكار و شێوازی جیاواز دەگرنەبەر بۆ دانانی كاریگەری لەسەر دەنگدەر و كێشكردنیان بەقازانجی خۆیان، لەم پێناوەشدا كۆشش و پارەیەكی بێشومار خەرج دەكەن. لەنێو ئەو هۆكار و شێوازانەدا دەتوانرێت تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە یەكێك لە باشترین و خێراترین و كاریگەرترین هۆكار ئەژمار بكەین، چونكە:

1- هەلی یەكسان بۆ هەمووان دەڕەخسێنێ و هەمووان دەتوانن لەو رێگایەوە پەیامەكانیان ئاراستە بكەن.

2- كەمترین كاتی پێویستە كە تەنیا بەچەند دێڕێك دەتوانیت پەیامەكەت بگەیەنی.

3- هەمیشە بەردەستە و هەركات بتەوێ دەتوانی پەیامەكانت ئاراستە بكەیت.

4- جگە لە نووسین دەتوانیت بەشێوەی زیندوو ڤیدیۆكانت بڵاوبكەیتەوە.

5- كەمترین خەرجی هەیە.

6- جیاواز لە كەناڵە كلاسیكییەكان كە بەرنامەكانیان لەكاتێكی دیاریكراوە، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەمیشە بەردەستن بۆ هەركەسێك بیەوێت یان دواتر بگەڕێتەوە بۆیان.

7- بەبێ بوونی هیچ بەربەست و گوشار و پەلەپەل و لەبیرچوونێك دەتوانیت پەیامەكانت بەجوانی دابڕێژی و بەو شێوەیەی كە پێویستە بیگەیەنیت.

8- جیاواز لە كەمپینی تەقلیدی كە ژمارەیەكی زۆر مرۆڤ و پارەو كاتی دەوێت، كەمپینی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تەنیا چەند كەسێكی شارەزا و چالاكی پێویستە.

9- وەكو بانگەشەی كلاسیكی نییە و ژینگە و شوێنی گشتی پیس ناكات.

10- كەمترین رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان دروست دەكات لەگەڵ ركابەرەكاندا.

كاندیدەكان چۆن سوود وەربگرن؟

بەو ئومێدەی هەڵمەتی هەڵبژاردن شێوازی كلاسیك تێپەڕێنێ كە زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیەنێت و پارەیەكی زۆری تێدا بەهەدەر دەدرێت. لەپێناو بانگەشەیەكی سەردەمیانە، گرنگە كاندیدەكان بتوانن ئەم چەند خاڵەی خوارەوە رەچاو بكەن بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەربگرن.

یەكەم: گرنگە كاندیدەكان ئاگاداری رێنماییەكانی كۆمسیۆن بن بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن و هەڵمەتی پێشوەختە نەكەن بۆ ئەوەی تووشی سزای دارایی و كارگێڕی نەبنەوە.

دووەم: تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جیهانێكی تایبەتن و پێویستیان بە تێگەیشتن و مامەڵەی تایبەتە. بۆیە گرنگە كاندید لە سروشتی كار و كەشی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بگات، بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەكی كاریگەر پەیامەكانی ئاراستە بكات.

سێیەم: بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن دەبێ لاپەڕە (پەیج) بەكاربهێنرێ نەك ئەژمار (ئەكاونت)، بۆ ئەوەی سنووردار نەبێت و بتوانرێت سپۆنسەر بكرێت و بگاتە زۆرترین كەس.

چوارەم: كاندید پێویستی بەجوڵە و سەردان و چالاكییە و ناكرێت سەرجەم كاتەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەخەرج بدات، لەوانەشە لەڕووی تەكنیكی و میدیاییەوە شارەزاییەكی ئەوتۆی نەبێت. بۆیە پێویستە هەر كاندیدێك چەند كەسێكی چالاك و بەتوانا و شارەزا لە بواری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەخۆی كۆبكاتەوە و بیانكاتە ئەدمینی پەیجەكەی. باشتر وایە لەبەرانبەر ئەو كارەش پاداشتیان بكات تا زیاتر هاندەر بێت بۆ كاركردنیان.

پێنجەم: ئەدمینی پەیجەكان گرنگە كەسانی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو بن، بۆ ئەوەی مامەڵەی هەرزانە نەكەن لەگەڵ جەماوەر و زیان بە كاندیدەكە نەگەیەنن و تووشی گرفتی نەكەن.

شەشەم: هیچ پۆست و وێنە و ڤیدیۆیەك بەبێ ئامانج و بیركردنەوە لە هەموو ئەگەرەكان دانەبەزێنرێت، چونكە رەنگە ببێتە چەكێكی كوشندە بەدەست ركابەرانی كاندیدەكەوە.

حەوتەم: لەم كەشوهەوا پڕ قەیران و دابڕان و لێكترازانەدا، گرنگە جەخت لەسەر پەیامی خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی و چاكسازی و ئاشتەوایی بكرێتەوە، رێگە نەدرێت بە بابەتی بێبەها و هەرزانە كە دەنگدەر تووشی رەشبینی و بایكۆت و بێزاری بكات.

هەشتەم: گرنگی زۆر بە ڤیدیۆی كورت و پڕ مانا و بەهادار بدرێت كە بەشێوەیەكی هونەری و جوان بەرهەم هێنرابێت. چونكە كاریگەریی راستەوخۆی دەبێت و زۆرترین بڵاوكردنەوەی دەبێت.

نۆیەم: ئاگادار بوون لە شێوازی كاركردنی ركابەرەكان و ئەو تەكنیەكانەی بەكاریدێنن لە كارەكانیان و سوود لێوەرگرتنی.

دەیەم: دروستكردنی تۆڕی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ ئەو پەیج و ئەكاونتانەی كە دیار و كاریگەرن، بۆ ئەوەی هاوكار بن بە پێدانی پێشنیار و بڵاوكردنەوەی بابەتەكان و برەودان بە پەیجی كاندیدەكە.

* بڕیاردەری ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی