سەرۆکی ڕێکخراوی چمک داوای پەیڕەوکردنی “هەماهەنگیی جیهانی” لە بی بی سی دەکات

چمک، لەندەن: لە وەرچەرخانێکی گرنگی سیاسەتی میدیایی نێودەوڵەتیی-دا، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. شوان ئادەم ئەیڤەس، سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)، لە ئێوارەی سێشەممە (03ی ئاداری 2026)دا لەگەڵ یاسادانەرانی بەریتانیا و ئەکادیمیستە دیارەکان-دا بەشداریی خستنەڕووی دیدگەیەکی ڕادیکاڵ بۆ داهاتووی دامەزراوەی پەخشی بەریتانیا (BBC) کرد کە لە میانی بەشدارییکردنی لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی جێگرەوەی کاغەزی سەوز (Alternative Green Paper) بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو؛ بە پێویست زانرا میدیای پەخشی گشتیی بەریتانیا سوود لە ئەزموونی “باشووری جیهانیی” وەربگرێت بۆ دۆزینەوەی ئامرازی پێویست بۆ شکاندنی بازنەی ململانێ و دەستێوەردانە سیاسیی و بازرگانییەکان.

مۆدێلی هەماهەنگیی جیهانی (Global Reciprocity)

لە چالاکییەکەدا، کە کڵایڤ لویس ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا و چەندین توێژەری هاوپەیمانێتیی چاکسازیی ڕاگەیاندن (MRC) تێیدا بەشداربوون، د. شوان ئادەم ئەیڤەس دیدگەیەکی نێودەوڵەتیی گرنگی دەربارەی پێداچوونەوەی مانیفێستی پاشایەتیی BBC خستەڕوو. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە هەڕەشەی “دەستبەسەرداگرتنی میدیا لەلایەن دەستەبژێرەکان-ەوە” ئاڵنگارییەکی جیهانییە و پێویستی بە چارەسەری جیهانی هەیە:

“بە پشتبەستن بەو تێڕوانینە پڕبایەخانەی هاوکارانمان خستوویانەتەڕوو، پێشنیاز دەکەین کە پێداچوونەوەی نوێی مانیفێستی BBC تەنها لە چوارچێوەی بەریتانیادا نەمێنێتەوە، بەڵکوو مۆدێلێکی لێپرسینەوەی جیهانی بگرێتەبەر. بە سوودوەرگرتن لەو سیستمە پێشکەوتووانەی پاراستنی یەکپارچەیی کە لەلایەن چاودێرانی میدیایی لە وڵاتانی باشووری جیهانەوە پێشەنگایەتی دەکرێن، BBC دەتوانێت باشتر خۆی لە گوشارە سیاسیی و بازرگانییەکان بپارێزێت.”

سەرۆکی ڕێکخراوی چمک داوای چەسپاندنی پرەنسیپی “هەماهەنگیی جیهانی” کرد، کە وا دەکات BBC ناچار بێت سیستەم و حوکمڕانییەکەی بۆ وردبینیی ئەکادیمیی نێودەوڵەتیی و تۆڕە هاوبەشەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی جیهانی بکاتەوە، تاوەکوو دڵنیایی بدات لەوەی بە شێوەیەکی “ڕاستەقینە و بەرپرسیارانە” بەرامبەر ئەو جیهانەی خزمەتی دەکات.

پێشنیازی سەرەکیی: سێ دیواری یەکپارچەیی

د. شوان ئادەم ئەیڤەس لە پێشنیازنامەکەییدا بە ناونیشانی لە CHMKـەوە بۆ MRC: پێشنیازێکی کوردەی بۆ پێداچوونەوەی مانیفێستی BBC، ستراتیژێکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەکانی BBC بە دەسەڵاتەوە خستەڕوو، ئەویش لەرێگەی سێ بەربەستی بنیادییەوە، لەوانە:

١. دیواری سەرپەرشتیاری: گۆڕینی بۆردی دامەزرێنراو لەلایەن حکوومەتەوە بۆ “ئەنجومەنی نیشتمانیی سەربەخۆی میدیا” کە لەلایەن کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەڕێوەببرێت.

٢. دیواری دژە-دەستێوەردان: دانانی یاسای توند بۆ ڕێگرییکردن لەو “دەرگە سووڕاوەی” کە لە نێوان پۆستە سیاسییەکان و سەرکردایەتیی میدیادا هەیە.

٣. دیواری هەماهەنگیی پاش-کۆلۆنیالیزم: سوودوەرگرتن لە چاودێرانی نێودەوڵەتی (لەوانەش ڕێکخراوی چمک) بۆ وردبینیکردن لە بێلایەنیی میدیاکە لە ڕوانگەیەکی دەرەوەی خۆرئاوا-وە.

نەخشەڕێگەیەک بۆ میدیای دیموکراسییخواز

پڕۆژەی “کاغەزی سەوزی جێگرەوە” وەک وەڵامێکی بەهێز و جەماوەریی بۆ پێداچوونەوە فەرمییەکەی حکوومەتی بەریتانیا کاردەکات. پڕۆژەکە لە چەند تەوەرێکی سەرەکیدا کۆکراوەتەوە، لەوانە:

  • میدیای گشتی: هەنگاونان بەرەو خاوەندارێتییەکی گشتی، نەک حکوومیی یان کۆمپانیاکان.

  • حوکمڕانیی دیموکراسی: نا-ناوەندییکردنی دەسەڵات و دوورخستنەوەی لە ژێر کاریگەریی نووسینگەی سەرۆکوەزیران.

  • دارایی بەردەوام: پاراستنی سەربەخۆیی میدیا لەرێگەی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی ناسیاسی.

  • نوێنەرایەتییکردنی فرەیی: بەستنەوەی تیۆرە خۆرئاواییەکان بەو سیستەمە خۆڕاگرانەی لە ناوچەکانی وەک هەرێمی کوردستان پەرەیان پێدراوە.

ناوبانگی جیهانیی و ڕێگای بەرەو کۆڕبەندی لەندەن

ئەم بەشدارییە جەخت لەسەر کاریگەریی ڕوو لە گەشەی ڕێکخراوی چاودێریی میدای کوردی (چمک) دەکات وەک داکۆکیکارێکی جیهانیی بۆ پێوەرەکانی ڕێسا پیشەییەکانی ڕاگەیاندن. هاوکات ئەم پێشنیازە زەمینەسازیی بۆ یەکهەمین کۆنفڕانسی زانستیی و نێوەدەڵەتیی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی دەکات کە لە 06-07ی تەممووزی 2026 لە زانکۆی میدڵسێکس لە لەندەن بەڕێوەدەچێت. ئە خولەی کۆڕبەندەکە هاوکات دەبێت لەگەڵ 128هەمین ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیی و تیشکدەخاتە سەر “ڕیفۆرمی میدیایی لە ناوچەکانی دوای ململانێ-دا”، بەمەش نەخشەڕێی ستراتیژیی کوردستان زیاتر تێکەڵی دیالۆگی جیهانیی دەربارەی خۆڕاگریی دیموکراسیی و حوکمڕانیی دادپەروەرانە دەبێت.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟