- بەدواداچوونی: مەعاز فەرحان
كەمتر لە هەر پێنج هەزار كەسێك لە دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دەزگایەكی راگەیاندنیان بەردەكەوێت، بەپێی تۆماری سەندیكای رۆژنامەنوسانی هەرێم و وەزارەتی رۆشنبیری، لە هەر 771 كەسێكیش یەكێكیان رۆژنامەنوسن، بەشێك ئەوە بە”سەرئێشە و بێسەروبەرە” ناودەنێن، هەندێكیش پێیانوایە لەگەڵئەوەی كاریگەريی نەرێنيی لەسەر متمانەی میدیا دروستدەكات، بەڵام هەموو دیمەنەكە بە “رەش” نابینن.
زۆربوون و بەردەوام كردنەوەی دەزگای راگەیاندنی جۆراوجۆر كە هەندێك ناوی دەنێن “فەوزا”، هۆكاری سەرەكيی بۆ خواستی حزب و كەسایەتییە سیاسی، ئابوریی و ئەمنییەكان دەگەڕێننەوە لە دروستكردنی دەزگای میدیایی كە ئامانج لێی بەرگریكردنە لە بەرژەوەندییەكانیان، ئەمە بەپێی شارەزایانی بواری میدیا وایكردووە متمانەی خەڵك بە میدیا كەمبێتەوە، پێشیلكارییەكان دژ بە رۆژنامەنوسان زیاتربن، لە پاڵئەوەشدا كاریگەريی لەسەر پیشەیبیونی میدیا هەبێت.
تا ساڵی 2000 ژمارەی دەزگا راگەیاندنەكان لە هەرێمی كوردستاندا بە پەنجەكانی دەست دەژمێردران كە زیاتر بەسەر ئۆرگانە حزبییەكاندا دابەشببوون و زۆرترینیان پێكهاتبوون لە رۆژنامە، گۆڤار، رادیۆ و كەناڵی ناوخۆیی، بەڵام وردە وردە ژمارەكە لە 20ساڵی رابردوودا بەشێوەیەكی پێشبینینەكراو زۆر بوو. هاوتەریب لەگەڵ بوونی چەندین تۆڕی كۆمەڵایەتيی لە دیارترینیان، فەیسبوك، تویتەر، ئینستگرام، تیلیگرام، واتسەئپ، تیتتۆك…تد كە رۆژانە دەیان هەزار هەواڵ و بابەتی رۆژنامەوانيی بۆ وەرگرانیان دەگوازنەوە.
رۆژنامەوانانی هەرێمی كوردستان لەكاتی رووماڵكردنی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو
لە هەر 771 كەس یەكێكیان رۆژنامەنووسن
لە هەرێمی كوردستاندا و لە 20 ساڵی رابردوودا، هەزار و 259 دەزگای راگەیاندن لە كەناڵی ئاسمانيی و ناوخۆیی، رادیۆ، رۆژنامە، ماڵپەڕ و گۆڤار لە وەزارەتی رۆشنبیريی و سەندكای رۆژنامەنووسانی كوردستان تۆماركراون. بەپێی داتاكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كە دراون بە (كەركوك ناو)، لەو هەزار و 248 دەزگایە 51 ماڵپەڕ، 138 رادیۆ، 31 كەناڵی ئاسمانی، 85 كەناڵی ناوخۆیی، 695 گۆڤار، 259 رۆژنامە – زۆرینەی رۆژنامە و گۆڤارەكان ئێستا راگیراون یان كراون بە پەیج و لە تۆڕی كۆمەڵایەتيی فەیسبووك چالاكن- .
مۆڵهتی زۆرینەی هەرە زۆری رۆژنامە و گۆڤارەكان، لهدوای 2010ەوە دراون، كهناڵهكانی راگهیاندنیش لەوانە كەناڵە ناوخۆییەكان بەشێكیان لە دوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمى كوردستان لە ساڵی 1991. سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كە لە 22ی نیسانی 1998 دامەزراوە، ئێستا 8000 هەزار ئەندامی هەیە. پێشبینیيدەكرێت لانیكەم هەزار رۆژنامەنووس لە دەرەوەی ئەندامێتيی سەندیكا كاری رۆژنامەوانيی بكەن،بەڵام سەندیكا دەڵێت؛ بەپێی پێشبینی ئەوان دوو ههزار و 500 ئەندامیان بە كرداريی كاری رۆژنامەوانيی دەكەن، هەرچەندە دوو ساڵه ئهندامێتيی لە سەندیكادا راگیراوە.
ئەو ئامارانە لە كاتێكدایە ژمارەی دانیشتووانی هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە) بەپێی دەستەی ئاماری هەرێم بۆ ساڵی 2020 شەش ملیۆن و 171 هەزار و 83 كەسە. بەو پێیە بۆ هەر چوار هەزار و 901 كەسێك دەزگایەكی راگەیاندنی تۆماركراو هەیە و لە هەر 771 كەسێكیش یەكێكیان كاری رۆژنامەوانيی دەكەن.
جگە لە دەزگاكانی راگەیاندن، هەزاران پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پلاتفۆرمی تری میدیایی بەشێوەی رەسميی و بەناوی دەزگای راگەیاندنی جۆراوجۆرەوە كراونەتەوە و هەزارانی تریش ناڕەسمی. بۆ پەیج و پلاتفۆرمەكانی تری میدیا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان حكومەت هیچ رێوشوێن و رێنماییەكی یاسایی نییە بۆ پێدانی مۆڵەت. لە عیراق و هەرێمی كوردستاندا 58.11% خەڵك فەیبسووك بەكاردەهێنن، 33.91%، یوتیوب، 5.34% تویتەر و 1.57%یش ئینستاگرام، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی Tatcounter بۆ چاودێريی جوڵە و گەڕانی ئینتەرنێت.
ئەم گرافیكە، ژمارەی دەزگا میدیاییە تۆماركراوەكان و ژمارەی رۆژنامەنوسان رووندەكاتەوە
پاشاگەردانیی یان ئازادیی دەربڕین؟
ئەو ئامارانە شارەزایانی بواری میدیا و رۆژنامەنووسانی بەسەر دوو بەرەی دژە بەیەكدا دابەشكردووە: بەشێكیان وەكو فەوزا و سەرئێشە ناوی دەبەن، بەشێكیان پێیانوایە بەشێكە لە ئازاديی رادەربڕین. د.یەحیا رێشاوی، مامۆستای بەشی تەكینكیی میدیا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، لەو بڕوادایە كە زۆربوونی سەكۆكانی ئازاديی رادەربڕین دوو لایەنەیە “خراپە و باشە”ی هەیە. “لە ئەنجامی زۆربوونی میدیادا، دەزگای میدیایی نەوعيی درووستدەببێت، هەندێك میدیا سود لەوە دەبینن و دەزگا و رۆژنامەنوسی پڕۆڤیشناڵ پێكدەهێنن، لەكاتێكیشدا كە چاودێريی نابێت و بەبێ پلان دەزگا درووستدەكرێن لەوانەش میدیای سێبەر، كاریگەريی نەرێنيی لەسەر متمانەی میدیا درووستدەكات لای وەرگر، كاریگەريی لەسەر پیشەبوونی كاری میدیاییش دەبێت”.
میدیاى سێبەر؛ بەو دامەزراوانەی راگەیاندن دەوترێت كە بەناوی سەربەخۆوە هەواڵ و زانیاریی بڵاودەكەنەوە كە تیایدا زانیارییەكانیان خزمەت بەو لایەن و كەسایەتییە سیاسییانە دەكەن كە پاڵپشتی دارایی دامەزراوەكە دەكەن بەبێ ئەوەی بە رەسميی خۆی بە خاوەنی بزانێت. رێشاوی وتی: “ئێمە نابێت هەموو دیمەنەكە بە رەش ببینین، مادام میدیا زۆرە پێموانوابێت كەواتە حاڵەتێكی نەرێنییە”. بەڵام نامیق ههورامی، وتهبێژی وهزارهتی رۆشنبیريی و لاوانى حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت؛ ئهوهی له كوردستاندا ههیه بهتایبهت میدیا جۆرێك له “سهرئێشهی” بۆ كۆمهڵگه درووستكردووه، “ئەوەی ئێستا هەیە زۆر بێسەروبەرەیە”. ئەو؛ نموونە بۆ قسەكانی دەهێنێتەوە و دەڵێت: “دكتۆرێكی دهروونی هاوڕێم ههیه، بە نهخۆشەكەی وتووە، واز لە ههواڵ و زانیاریی میدیای كورديی بهێنە”، ئەوەشی وەكو رێگایەك لە رێگاكانی چارەسەركردنی باری دەروونی نەخۆشەكەی گرتۆتەبەر و نامیق هەورامیيش وەكو كاریگەريی خراپی بەشێك لە میدیا لەسەر خەڵك باسیيكرد.
هەرچی رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیيكردن لە مافی رۆژنامەنووسان- ە، بە جۆرێك لە گەشبینیەوە لە پرۆسەكە دەڕوانێت و دەڵێت: “بەهۆی تەكنەلۆژیای زانیاريی ئێستا وایلێهاتووە هەموو كەس رادیۆ و تەلەڤزیۆنی خۆی هەبێت، لەڕێی سۆشیالمیدیاوە دەتوانێت بیروبۆچونی خۆی بڵاوبكاتەوە، لەم چوارچێوەیەدا دەبێت تەماشای زۆربوونی دەزگاكانی راگەیاندن بكەین ئەویش پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای زانیاریی و بڕوابوونە بە فرەیی”. رەحمان غەریب، وتی: “ئەم دوو خاڵەیە وا دەكات بڵێین ئەم زیادبوونە شتێكی سروشتییە، بەڵام ئەویش كێشەی خۆی هەیە”.
ئەو زۆربوونەی میدیا بە بڕوای ماردین ئیبراهیم، مامۆستای زانكۆ و رۆژنامەنوس، نیشانەی ئەوەیە كە ئازاديی رادەربڕین هەیە، “خەڵك میدیای هەیە و قسە دەكات”، بەڵام ئەوەش بەپێی رێژەیە لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر و لە دامەزراوەیەكەوە بۆ دامەزراوەیەكی تر دەگۆڕێت.
پێشێلكاریی بە لێشاو
زیادبوونی رۆژنامەنوس و دامەرزاوەی میدیايی وایكردووە پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ساڵ دوای ساڵ زیاتربن، ئەوەش بە پشتبەستن بە ئامارەكان. بۆ نموونە بەپێی ئامارەكانی سەنتەری میترۆ، لەساڵی 2019دا 231 پێشێلكاريی بەرامبەر 209 رۆژنامەنووس و دەزگای راگەیاندن هەبووە، بەڵام ئامارەكە بۆ ساڵی 2020 زۆر بەرزبۆتەوە و 385 پێشێلكاریی هەبووە بەرامبەر 291 رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن. ماردین ئیبراهیم پێیوایە، بەشێكی كێشەكە لە میدیای ئاراستەكراودایە كە سەرچاوە داراییەكەیان روون نییە و بۆ بەرژەوەنديی گروپێكی دیاریيكراو كاردەكەن. “رەنگە بوونی دەزگای نیشتمانيی لە نموونەی بی بی سی بەریتانی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگ بێت، لە قازانجی ئازاديی رادەبڕین و دیموكراسیدایە، بەڵام ئەگەر هاووڵاتی باربكرێت بە زانیاريی هەڵە و درۆ ئەوە لە قازانجی ئازاديی رادەربڕین و دیموكراسیدا نییە، ئەو هێزانەش پارە ناخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لە قازانجی دیموكراسیيدا بێت، بەڵكو ئەجێندایەكی سیاسیيان هەیە و ئاوەكە لێڵ دەكەن بۆ ئەوەی ستراتیژی خۆیان بەرنە پێشەوە”، ئەوەش بە بڕوای ماردین پێشێلكاریی زیاتر دەكات و خزمەت بە دەزگا و رۆژنامەنوسی پیشەیی ناكات. لەگەڵ بەرز و نزمی ئامارەكانی پێشێلكاریی لە نێوان ساڵەكاندا، ماردین دەڵێت: “مانای ئەوە نییە، ئازادی رادهربڕین ئێستا خراپتر بێت له 15 ساڵ لهمهوبهر… گرفتەكە تەنیا پەیوەنديی بە میدیاوە نییە، مادام دهزگای دادوهریيمان بێلایهن نییه، دهزگای ئهمنیيمان بێلایهن نییه، میدیای پیشهیيمان نییه، ههمیشه شتهكان بهو ئاراستهیهدا دهكهون كه خراپ بن، واته وزهیهك ههیه بهرهو خراپتر بڕوات”.
رێگريی لە رووماڵكردن، دەستبەسەركردنی رۆژنامەنووسان بەبێ بڕیاری دادوەر، هەڕەشە و لێدان و سوكایەتی، لەزۆرترین حاڵەتەكانی پێشێلكاریين لە دوو ساڵی رابردوودا، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسان و رێكخراوەكانی تری بواری میدیا. بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی ئاشتیی و ئازادی _لە هەولێر_ لە یەكی كانونی دووەمی 2021 تا 30 حوزەیران، 73 کەیسی پێشێلکاريی دژ بە میدیاکار و ڕۆژنامەوانان تۆماركراوە کە خۆی لە کەیسەکانی زیندانیکردن، دەستبەسەرکردن، رێگریی لە رووماڵکردن، لێدان، هەڕەشە و سوکایەتيی و بڕیار و مەترسی دەستگیرکردن دەبینێتەوە.
دەستبەراگرتنی كەلوپەلی رۆژنامەوانان لەكاتی پشێوییەكاندا خەریكە دەبێتە دیاردە. فۆتۆ: Austin Distel
پرسی رێكخستنەوەی میدیا، یەكێكە لەو پرسانەی ترس و دوودوڵی لەنێو رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن-دا درووستكردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەنگاوەكان بە ئاراستەی كۆت و بەندی زیاتری ئازاديی رادەربڕین بن. |
ترس لە هەنگاونان بۆ چارەسەر
پرسی رێكخستنەوەی میدیا، یەكێكە لەو پرسانەی ترس و دوودوڵی لەنێو رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن-دا درووستكردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەنگاوەكان بە ئاراستەی كۆت و بەندی زیاتری ئازاديی رادەربڕین بن. بۆ نموونە زۆرێك لە رۆژنامەنووسان لەگەڵ پڕۆژە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنيی لە هەرێمی كوردستان-عیراقدا نین و پێیانوایە ئامانج لێی بەرتەسككردنەوەی زیاتری ئازاديی رادەربڕینە.
رەحمان غەریب، جەختیكردەوە لەوەی ئەوان سەرنجی زۆریان لەسەر پڕۆژە یاساكە هەیە و وتی: “بواری میدیا پێویستی بەوەیە چوارچێوەیەكی یاسایی هەبێت، بەو مانایە نا كۆتوبەند بكەینە دەست ئازاديی میدیا و ئینتەرنێت و قسەكردن”. چەند بڕگە و ماددەیەكی پڕۆژە یاساكە، سزای داخستنی ماڵپەڕ و پەیجەكانی تیایە، لەگەڵ وەرگرتنەوەی مۆڵەتی كاركردن لە سەرنووسەر و رۆژنامەنووسەكان. هەروەها لە ماددەی 12ی پڕۆژە یاساكەدا هاتووە: “هەموو ئەو وێبسایت و ئامرازە میدیاییە ئەلکترۆنیانەی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە نابێ بەهیچ شێوەیەک ئەو بابەتانە بڵاوبکەنەوە كە یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بە تاوانی تۆقاندن ناوی بردووە”.
نامیق ههورامی، وتهبێژی وهزارهتی رۆشنبیريی پرسەكە بەجۆرێكی دیكە دەبینێت و دەڵێت: پێویستە جارێكی دیكه چهمكهكان پێناسه بكرێنهوه، چهمكی ئازادی، چهمكی ئازادی بیروڕا و میدیای ئازاد، ئهمانه جارێكی دیكه پێناسه نهكرێنهوه بههۆی ئهو بێسهروبهرییهی كه ههیه، ئەوا زهمینهسازيی دهكات بۆ ناوزڕاندن و ئهو شتانهی بوونهته بهڵا بۆ كۆمهڵگه، “بهگشتی میدیا له كوردستان میدیایهكی موتهشهنیجه، زۆر گرژ و زبره”.
د. یەحیا عومەر رێشاوی، مامۆستای زانكۆ، هەرچەندە لەگەڵ ئەوەدایە كاروباری میدیا رێكبخرێتەوە، بەڵام دەڵێت: لەحاڵێكدا كە میدیاكان رۆژ لە دوای رۆژ زیاد دەبن و سۆسیال میدیا لەوپەڕی پەرەسەندنیدایە ئەوە “كارێكی ئاسان” نابێت. “تا میدیا گەشە بكات رێكخستنی سەختر دەبێت”. ئەو وتی: “چارە ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئەخلاقیات و پرەنسیپانەی كە لە كاری میدیایدا هەیە”.
* ئەم بەدواداچوونە لە بنچینەدا بۆ ماڵپەری كەركوك ناو كراوە و لەبەر گرنگیی ناوەڕۆكەكەی؛ دەگاوان بە پێویستی زانی لە “دیدار و دیڤچوونی” یەكەمین ژمارەی خۆیدا بڵاوی بكاتەوە.