رێکخستنەوەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەهەرێمی کوردستاندا*

نیان ئەحمەد**

لەدوای راپەڕینی بەهاری 1991ەوە؛ ژمارەیەکی زۆر لە دەزگا و کەناڵی میدیایی بەشێوەیەکی فراوان دامەزراون و ئێستایش بۆ ئەوەی بتوانرێت کۆمەڵگەیەکی درووستمان هەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگرنگییەوە  کار لەسەر ڕێکخستەوەیان دەکات. هەربۆیە وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان؛ بەرپرسیارێتیی چاودێرییکردن و ڕێکخستنەوە و مۆڵەتی کەناڵەکانی كەوتووەتە ئەستۆ. ئەویش پاڵپشت بە یاسای کاری ڕۆژنامەگەری؛ ژمارە 35ی ساڵی 2007 و ڕێنمایی ژمارە 01ی ساڵی 2014ی تایبەت بە ڕێکخستنی فریکوانسی  سپەیس لەهەرێمی کوردستاندا مۆڵەتی کاركردنی ۆیستگەکانی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن رێكدەخرێت.

نموونەی رێكارییەكی وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان بۆ رێكخستنەوەی راگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا

ئەگەرچی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان؛ ئەرکی چاودێرییكردن و ئاسانکاریی بۆ مۆڵەتوەرگرتن و کاری میدیایی لەهەرێمی کوردستاندا رێكدەخات،بەڵام بەسوودوەرگرتن لە ئازادیی کاری میدیا و ئازادیی ڕادەربڕین، هەر کەناڵێک هەواڵی ناڕاست و زانیاریی هەڵە، ژاوەژاو، ناوزڕاندن، سوکایەتیی بە کەسایەتیی و پێکهاتە و ئایینەکانی کوردستان، ئادابی گشتیی و ئاسایشی نەتەوایەتیی بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەوا بەپێی مادەی سێ و بڕگەی سێ لێپێچیننەوەی لەگەڵدا دەکرێت. یەکەمجار بەنوسراوی فەرمیی ئاگادار دەکرێنەوە. ئەگەر بۆ جاری دووەم؛ دووبارەی کردەوە بۆ ماوەی 24_48کاتژمێر پەخشەكەی ڕادەگیرێت. خۆئەگەر سێبارەی بکاتەوە؛ ئەوا بەتەواوی کەناڵەکە دادەخرێت. بۆیە ئەم بەڕێوەرایەتییە بەردەوام هەوڵی باشترکردنی كارەكانی لە سوود و قازانجی کەناڵەکان ڕاگەیاندن دەدات. بەجۆرێك کە بتوانرێت میدیایەکی درووست کاریگەرمان هەبێت. لەهەرێمی کوردستانی عێراقدا؛ زیاتر لە 150 کەناڵی ئاسمانیی و لۆکاڵیی و ڕادیۆمان هەیە كە پێویستییان بە ڕێکخستنەوەیە.

بەخۆشحاڵییەوە؛ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئەنجومەنی وەزیران-یش هاوکار و پاڵپشتی وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوانە. هەربۆیە تائێستا توانراوە جارێکی تر ڕێنمای ژمارە 01ی ساڵی 2014 هەموار بکرێتەوە و یاسای رێكخستنی ڕیکلامی بازرگانی؛ ژمارە 04ی ساڵی 2019 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەندبكرێت. هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان؛ خەریکی چاککردن و ڕێکخستنتی سۆشیال میدیا و میدیای ئەلەکترۆنییە كە لەهەوڵدایە بە ڕێنمایی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ دابنرێت. ئێستا لەگەڵ چەند وەزارەتێکی پەیوەندییداردا هەمەهەنگیی هەیە و کۆبوونەوەی جدی لەسەر کراوە و ڕێنماییەکانیش ئامادەکراون. لەماوەی رابردوودا؛ وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان سزای ڕاگرتنی پەخشی چەند کەناڵێکی داوە. ئەوەیش بەهۆی نەدانی ڕسوماتی ساڵانەوەیە كە هەندێك کەناڵی ڕاگەیاندن هەیە بەهۆی  قەیرانی داراییەوە پێنج بۆ شەش ساڵە ڕسوماتی نەداوە،بەڵام ئەوە پاساوێكی ڕازییكەر نییە،لەبەرئەوەی ئەوان وەک بزنس کاری میدیایی دەکەن. هاوكات بۆ ڕاگرتنی هەندێك کەناڵ كە لە چەند شارێکی تر مۆڵەتیان لەوەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان وەرنەگرتبوو، بۆ ڕێکخستنەوە و کۆنترۆڵکردنی سپەیس و فریکوانسە بۆ کەناڵەکان، وەزارەت لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتی وەک ئایستار،میکس میدیا رێككەوت و رێگە بە HDbox درا کار بۆ کۆکردنەوەی پەخشی هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەسەر سیستمی 2_1 DVBT بكات. واتە سیستمی پەخشی زەمینیی لۆکاڵیی و دیجیتاڵیی كە هەموو کەناڵەکان بەپێی توانای وەرگرتنی کۆمپانیاکان دابەشکراون. هەندێك کەناڵ هەیە لەسەر هەر سێ کۆمپانیاکە پەخشدەکات،هەربۆیە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە بە نوسراوی فەرمیی هەر سێ کۆمپانیاکەی ئاگادارکردوەتەوە كە هەر کەناڵێکی لۆکاڵیی مۆڵەتی لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان نەبێت، پەخشەکەی ڕادەگیرێت. بەشێكی زۆری ئەو ئەو کەناڵانەیش کە ڕاگیراون؛ لەسەر ئەم هۆکارانە بوون.

* ئەم بابەتە لە “دیدیار و دیڤچوونی میدیایی| یەكەم ژمارەی گۆڤاری دەرگاوان-دا چاپكراوە.

** جێگری بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ وبڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟