هیوا جەمال
رەنگە زۆرینە کۆکبن لەبارەی بێلایێننەبونی میدیا، بەڵام پێویستە هەموان کۆکبن، لەبارەی پیشەییبون، ئەگەرچی پاڵپشتی دارایی و ئایدۆلۆژی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، کاریگەریی دەبێت، زێدەتر لەوکاتانە کاریگەریی دەردەکەوێت، هەستیاریی لەنێوان حزبەکان و ململانێ هەبن. نمونەی زیندوو؛
روداوی سوتاندنی بارەگەی لقی بەخدای پارتی دیموکراتی کوردستان نمونەی تازەی کاریگەریی و لایێنگرییە، لێرەدا ماوەی ١٤ کاژێری رابردو وەردەگرم، ( کاژێر ٢:٠٠ تاوەکو ١٦:٠٠).
زانیاری سەرەتایی هەواڵەکە ئەمانەن؛ بارەگەی پارتی لەبەخدا سوتێنرا، کۆمەڵێک زۆرینەیان گەنجن، بەفەرمی خۆیان نەناساندوە، هەندێ لەوانەی سوتاندیان، ئاڵای سپی، زەرد و سەوز پێکەوەیان پێبوە، رەنگ و دروشمیان نزیکن لە هەندێ گروپی نێو حەشدی شەعبی، هەروەها وێنەی سەید عەلی سیستانیان پێبوە، بەعەرەبی دروشم دەڵێنەوە. پاشان کاردانەوەی بەدواهات (راگەیێندراو، لێدوان، کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی).
نمونەی ١٤ کاژێری رابردوو، مەبەستەکە زەلالدەکات، بەتایبەت کاتێ لە میدیای جیاجیای لایێنەکان بڕوانین؛
لەوماوەیە حەفت سەکۆی میدیایی وەکو نمونە وەردەگرین کە زمانحاڵ یان نزیک لە یەکێتی و پارتی و نەوەی نوێن. ئەو لاپەڕانە تەنیا لە فەیسبوک ٧٦ هەواڵ، وێنە، دیمەن و لێدوانیان بڵاوکردوەتەوە.
زۆرترین هەواڵ لاپەڕەی (پی یو کەی مێدیا) بڵاویکردوەتەوە (١٦ بابەت) ، کەمترین بابەت لاپەڕەی (ئین ئاڕ تی) بڵاویکردوەتەوە (٥ بابەت). بە سێ کەناڵی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ( پی یو کەی، گەلی کوردستان و کوردستان نیوز) ٣٧ بابەتیان بڵاوکردونەوە، بە سێ کەناڵی پارتی و نیزیک لە پارتی ( کوردستان تیڤی، کوردستان ٢٤ و رووداو ) ٢٧ بابەتیان بڵاوکردونەوە.
رێژەی بەرچاوی ئەو بابەتانەی بڵاوکراونەوە بە ئاشکرا لایێنگریی و جوڵاندن و دنەدانی تێدایە، کەمتر وەکو بابەتی رۆژنامەڤانیی پیشەییانە بڵاوکراونەوە، بەتایبەت لە بەکارهێنانی دەستەواژە و رستەکان، ( نێونیشان و پێشەکی).
نمونەی هەندێ لەو نوسینانە کە ناچنە خانەی هەواڵ (ئەنجامی خۆڵ لەچاو کردن!!! وەزارەتەکەی رێبەر ئەحمەد کادیرێکی پارتی کردە قوربانی. بە ھیچ شتێک پینەو پەڕۆ ناکرێت!!! عوزر لە قەباحەت بەد ترە!!! لهسهر ئهم تویتهی كادرێكی دیاری پارتی، بارهگای پارتی لهبهغدا لهلایهن شیعهكانهوه سوتێنرا. بەڵام بۆ شکاندنی شوشەکانی لقی چوار لە شاری سلێمانی ساڵی ٢٠١١ ، سکاڵایان تۆمارکرد و چەند گەنجێکیشیان شەهید کرد. خۆ چەماندنەوەیەکی تری پارتی !!(
لەم بابەتە دەبێت کێ لێدوانی لێوەربگیرێت؟
# ئەوکەسە یان ئەو کەسانەی بارەگەیان سوتاندوە
# ئەو حزبەی بارەگەی سوتاوە
# ئەو کەسەی تویتێکی نوسیوە و دەگوترێت هۆکاربوە
# لایێنی مەرجەعیەت (لێڤەگەر) رەنگە گوتەبێژ بەنێوی سەید سیستانی یان بەڕێوبەری نوسینگەی یان کەسێکی دیکەی رێگەپێدراو.
# حکومەت، لایێنی پۆلیس و ئاسایش
حاڵەتێکی نەخوازراو پەیدابوە لە کاری رۆژنامەڤانیی کوردیی، بەکارهێنانی نەرین و بۆچونی خەڵکە وەکو هەواڵ یان سەرچاوەی هەواڵ، ئەوە دیاردەیەکی ناسروشتیی نێو راگەیاندنی کوردییە و گونجاونییە.
خاڵێکی گرنگ، بەتایبەت ئەوکەناڵانەی بانگەشەی پیشەییبون یان “سەربەخۆبون” دەکەن، ناکرێت ئەو تەوژمانە ئەوان بگرێتەوە، هەندێجار کەناڵی ئێن ئاڕ تی، هەمان دۆخی کەناڵەکانی ئۆپۆزسیۆن (دژبەر) وەردەگرێت، پیشەییبون لەدەستدەدات، لەم روداوە لێدوانێکی داناوە، لەسەر لێدوانەکە نوسیوێتی؛ ” بەڵام بۆ شکاندنی شوشەکانی لقی چوار لە شاری سلێمانی ساڵی ٢٠١١ ، سکاڵایان تۆمارکرد و چەند گەنجێکیشیان شەهید کرد”. دەبوو ئەو بۆچونە کەسێکی دیکە بیڵێت، هەرچەندە ئەوە بەهای هەواڵی نییە.
کۆتایی..
لێدوانی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی راگەیاندنی یێک لەو حزبانەم بینی بڕوامنەکرد بەوجۆرە دوابێت، بە زمانی عەرەبی گوتەکەی بڵاوکراوەتەوە و لە لاپەڕەی خۆی پەخشیکردوە، دەڵێت؛ “رۆژانە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایێتی بە زمانی کوردیی، سوکایەتی بە هەموو پیرۆزییەکانی خەڵک دەکرێت”.
تێبینی؛ ئەم بابەتە زێدەتر بۆئەوانەیە لەبواری میدیا کاردەکەن.