پرۆگرامی تەلەڤزیۆنيی و هەنگاوەكانی بەرهەمهێنانی*

  • چۆلی ئەسعەد**

بەو پێیەی کە بەرهەمی تەلەڤزیۆنی، ئەنجامی هەموو ئەو بیرۆکە و بڕیار و ئامادەکارییەکانەیە، کە دەبن بە بابەتێکی تەلەڤزیۆنی. کەواتە بەرهەمهێنانی تەلەڤزیۆنی، بریتییە لەو هەنگاوانەی، کە بیرۆکەیەک دەکەن بە بابەتێکی ئامادەکراوی تەواو بۆ پەخش، لە چوارچێوەیەکی هونەری جواندا، بە ئامانجی گەیاندنی بە بینەران و درووستکردنی کاریگەريی لەسەریان. هەر بەرهەمێکی تەلەڤزیۆنی، لەناویشیاندا پرۆگرامە تەلەڤزیۆنییەکان، لە ڕێی چەند هەنگاوێکی ئامادەکاریی و کرداریی بابەتی و هونەری ئامادەدەکرین، کە کارکردن و پلان دانانی باش و هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنیان گریمانەی سەرکەوتنی ئەو بەرهە یان ئەو پرۆگرامە تەلەڤزیۆنییە زیاتر دەکات. کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن، لەبەشی بەرهەمهێنان، یان بەشی پرۆگرامەکان، بۆ هەر پرۆگرامێک، تیمی تایبەت لە ئامادەکار و پێشکەشکار و بەرهەمهێنەر و هونەرییەکان (وێنەگر، ڕوناکی، دەنگ، دەرهێنەر..) و تیمی لۆجستی (دارایی، پەیوەندییەکان، شوفێر ..) بە پێی پێویستی و سروشتی پرۆگرامەکە دیاری دەکەن، زۆربەی جاریش کەناڵەکان بیر لەوە دەکەنەوە کە ئامادەکاری پرۆگرام هەر خودی پێشکەشکار بێت، بەو پێیەی توانای کۆنترۆڵکردنی بابەت و بەدیهێنانی ئامانجەکانی باشتر دەبێت و ئاستی لەیەکگەیشتن و هەماهەنگیش بەرهەمی باشتری دەبێت. پرۆسەی بەرهەمهێنانی پرۆگرامی تەلەڤزیۆنی بە سێ هەنگاوی سەرەکی تێپەڕدەبێت کە بریتین لە: هەنگاوی پێش بەرهەمهێنان،هەنگاوی بەرهەمهێنان،هەنگاوی دوای بەرهەمهێنان.

یەکەم: هەنگاوی پێش بەرهەمهێنان

بریتییە لە ماوەی ئامادەکاری، لەبەرچاوگرتنی شوێن و چەند ڕەگەزێک لەخۆدەگرێت:

  1. هەڵبژاردنی بیرۆکەی پرۆگرام و دیاریکردنی ئامانجەکەی (ناوی پرۆگرام): گرنگترین سیمای ئەم خاڵە، بریتییە لەوەی بیرۆکەکە نوێ و داهێنەرانە بێت؛ واتە بیرۆکەیەکی دووبارە و سواو نەبێت و لەخزمەت بیرکردنەوە و هۆشیاریی گشتی و چەسپاندنی بنەماکانی پێکەوە ژیان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیدا بێت. سەرنجڕاکێش بێت؛ بەو واتایەی لە یەکەم دەرکەوتنیەوە جێی سەرنجی بینەران بێت و ویستی بەدیار دانیشتنیان بۆی هەبێت. سادە بێت؛ بەواتای ئاڵۆز نەبێت و بینەر دووچاری ناچار بە وازلێهێنانی نەکاتەوە و روون و دیاریکراو بێت و لەگەڵ ئاستی گشتی هۆشیاریی بینەران یەکبگرێتەوە، لەگەڵ واقعی ژیانی خەڵک و بینەراندا بگونجێت و بینەر خۆی و خواست و داواکارییەکانی تیایدا ببینێتەوە و هەستی ئەوەی لا درووست بکات کە باس لە ژیانی ئەو دەکات، ڕەچاوی بەها کۆمەڵایەتییەکان بکات و لەخزمەت گەشەپێدانی جوانییەکانی کۆمەڵدابێت بۆئەوەی بینەری گشتی ئامادەیی هەبێت کاتی بۆ تەرخان بکات، خزمەت بە ئامانجەکەی بکات کە بۆی دیاری کراوە.
  2. دیاریکردنی جەماوەری بە ئامانج وەرگیراو: ئەوەش دیاریدەکرێت کە ئایا جەماوەرەکە گشتییە یان تایبەتە و تەنیا چین و توێژێکی دیاریکراو دەکاتە ئامانج، چونکە هەر توێژێکی دیاریکراو تایبەتمەندیی و خواستی تایبەتیی خۆی هەیە.
  3. ئامادەکردن: دوای ئەوەی بیرۆکەی پرۆگرام و ئامانجەکەی دیاریکران، قۆناغی گەڕان بەدوای زانیاری سەبارەت بە بیرۆکەی پرۆگرام و پاشخان و لێکەوتە و ڕەنگدانەوە و لایەنە پەیوەندییدارەکان، هەروەها گەڕانی مەیدانی بۆ شوێنی پەیوەست بە بیرۆکەی پرۆگرامەکە دەستپێدەکات، دوایین زانیاری و ئاماری سەبارەت بە بابەتەکە کۆدەکرێتەوە و کار لەسەر ئەوەش دەکرێت کە تازەترین خاڵەکانی بابەتەکە دەکرێت.
  4. ئامادەکردنی پلانی کار: ئەم قۆناغە بیرۆکەی سەرەکی، ناوی پرۆگرام، جۆرەکەی، چوارچێوە هونەرییەکەی، پێشکەشکار، میوان، تەوەرەکان، بڕگەکان، ماوەی پرۆگرام، بینەری بە ئامانج وەرگیراو (گشتی یان چین و توێژێکی تایبەت)، خشتەی بەرهەمهێنان و کاتەکەی، تێچووەکەی.
  5. نوسینی سیناریۆی پرۆگرام: تیایدا خەڵاندنی تەواو بۆ ناوەرۆکی پرۆگرامەکە دەکرێت، بەهەموو ڕەگەز و پێکهاتەکانییەوە، کە لەسەر خشتەی دیاریکراوی پرۆگرامەکە بە تەواوی تۆماردەکرێت و دەقی نووسراو و وێنەو دەنگ و کاریگەرییەکان و چۆنیەتی گرتەی وێنەی دیمەنەکان دیاری دەکرێن.

دووەم: هەنگاوی بەرهەمهێنان؛

ئەم هەنگاوە، هەنگاوی کارکردنە، چەند خاڵێکی ئامادەکاريی پێویست لەخۆدەگرێت:

  1. ئامادەکردنی شوێنی سازکردنی پرۆگرام و دیکۆر و دیاریکردنی تیمی وێنەگرتن.
  2. پلاندانان و نەخشەکێشان و جێبەجێکردنی روناکی، کە بەشێکە لە بونیادی دیمەنە بینراوەکان و داڕشتنی زمانی پرۆگرام و بەدیهێنانی ئامانجەکانی.
  3. جێبەجێکردنی پرۆسەی وێنەگرتن کە بریتییە لە زمانی کاری تەلەڤزیۆنی بۆ گوزارشتکردن لە پەیامە میدییاییەکە یان هونەرییەکە، ئەو هونەرەیە سەرنجی بینەران بەلای پرۆگرامەکە ڕادەکێشێت و کۆنترۆڵی هەستی بینەران دەکات، وێنەگرتنی سەرکەوتوو بینینێکی کاریگەر و سەرنجڕاکێش بۆ بابەتەکە دەخوڵقێنێ، نەک تەنیا ناساندنی یان گواستنەوەی وێنەکان، چونکە هێزی پرۆگرام چێژبەخشینی تەنیا لە وێنەگرتنەوە سەرچاوە ناگرێ بەڵکو چۆنیەتی وێنەگرتنیەتی.
  4. لە جێبەجێکردنی پرۆسەی وێنەگرتندا پیشەی دەهێنەر و توانای هونەریيەکەی دەردەکەوێت لە بەکارهێنانی ڕەگەزەکانی زمانی چاو، بۆ گوزارشتکردن لە پەیامی پرۆگرامەکە و ئامانجەکانی. هەروەها شێواز و جۆری گرتەکان بایەخ و گرنگیی خۆاین هەیە و بە پێکهێنەری ئاراستەکردنی پەیام هەژماردەکرێن.
  5. سازکردنی دیدارەکان لەناو ستۆدیۆ یان دەرەوەی ستۆدیۆ بە گوێرەی پێویستی ناوەرۆک و بابەتی پرۆگرامەکە و ئامانجەکانی.
  6. پێشکەشکردن و جێبەجێکردنی ئەو پلانەی بەگوێرەی دیاریکردنی تەوەرەکان و خستنەڕووی ئەو پرسیارانەی ئامادەکراون بە گوێرەی زانیارییەکان و ئامادەییش بۆ ئەو پرسیارانەی لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆگرام دێنە پێشەوە و دروستدەبن، چونکە دەشێت گەنگترین پرسیاری پرۆگرام ئەو پرسیارانەبن کە لەکاتی پێشکەشکردندا دروست دەبن.
  7. زۆرجار لە پرۆگرامەکاندا جەماوەر ئامادەیی دەبێت یان بەشداردەبێت، دەبێت لە کاتی پێشکەشکردندا ڕەچاوی ئەو خاڵەش بکرێت و رۆڵ و کاریگەرییان لەبەرچاو بگیرێت. هەروەها لە ئەگەری هەر پێشهاتێکیشدا کە لە دەرەوەی پلان و ئەگەرەکاندا دێتە پێشەوە چارەسەر بدۆزرێتەوە و گریمانەی هەر پێشهاتێک بکرێت و ناکرێت ببێتە هۆکاری شپرزەیی و تێکچوونی رەوشی پرۆگرام و کارکردن و تێکدانی دۆخی دەروونی میوان بەشداران.

سێیەم: هەنگاوی دوای بەرهەمهێنان

دوای کۆتاییهاتنی هەنگاوی بەرهەمهێنان، هەنگاوی دوای بەرهەمهێنان دەستپێدەکات، کە چەند ڕێوشوێنێک لەخۆدەگرێت، لەوانە:

  1. لەئەگەری ئەوەی پرۆگرامەکە ڕاستەوخۆ نەبوو (چونکە لە ڕاستەوخۆدا پرۆسەکە هەمان کاتی دەبێت و هەنگاوەکانی بەرهەمهێنان و دوای بەرهەمهێنان ڕاستەوخۆ جێبەجێدەبن و کارەکە کۆتاییدێت) و ئەگەر تۆمارکراو بوو و پرۆسەی مۆنتاژ ڕاستەوخۆ جێبەجێنەکرا، ئەوا: وێنە ڤیدیۆییەکان وەردەگیرێن و ریزبەندیی بۆ گرتە گرنگ و پێویستەکان دەکرێت و بەپێی پێویستی و پلانی پێشتر ئامادەکراو.
  2. پاشان قۆناغی مۆنتاژکردن و بەیەکبەستنەوەی گرتەکان دەستپیدەکات بەپێی سیناریۆی پێشتر دانراو.
  3. تۆمارکردنی دەنگی کۆمێنتەکان ئەگەر هەبوو، لەگەڵ کاریگەرییە دەنگییەکان و موزیک بەپێی پێوست.
  4. بەکارهێنانی گرافیک و نووسینی ناوەکان (ناوی میوان و بەشداران و پێشکەشکار).
  5. پێداچوونەوەی کۆتایی دوای مۆنتاژ و رێگرییکردن لە هەر هەڵە و گرفتێک لە ڕووی ناوەرۆک و هونەرییەوە.
  6. پەخشکردنی پرۆگرام، بینەران لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان پرۆگرامەکە دەبینن.
  7. هەڵسەنگاندنی کۆتایی دوای پەخشکردن و دیاریکردنی پلەی سەرکەوتن و بەدیهاتنی ئەو ئامانجانەی بۆ پرۆگرامەکە دیاریکرابوو.

سەرچاوەکان:

[1] – چۆلی ئەسعەد، تەلەڤزیۆن.. هونەری نووسین و پێشکەشکردن، چاپخانەی ناوەندی سارا، سلێمانی، ٢٠١٨.

٢- چۆلی ئەسعەد، تەلەڤزیۆن.. هەواڵ و پرۆگرامی هەواڵی، چاپخانەی ناوەندی سارا، سلێمانی، ٢٠٢٠.

٣- ایمن عبدالحلیم، اعداد البرامج الوثائقیة، دار المناهج للنشر والتوزیع، عمان، ٢٠٠٧.

٤- فلاح کاظم المحنة، البرامج الاذاعیة والتلفزیونیة، وزارة التعلیم العالي والبحث العلمي، جامعة بغداد، بیت الحکمة.

  • * ئەم بابەتە لە تەوەری «خوێندن و پەروەردەی میدیایی» لە یەکەمین ژمارەی زستانی 2022ی گۆڤاری دەرگاوان_دا چاپکراوە.

** مامۆستا لە بەشی تەكنیكی ميدياى پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی،

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟