چمك، یادگار عەلی
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق؛ داوا لەدادگاکان دەکات پەلە نەکەن لەفەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڕۆژنامەنوسان و ھەر ڕێکارێک لەبەرامبەر ڕۆژنامەنوسان دەگرنەبەر دەبێت بەئاگاداری سەندیکای ڕۆژنامەنوسان بێت.
ئەنجومەنەکە لە راگەیانراوێکدا، ئاماژەی بەناوەرۆکی دەستوری ھەمیشەیی عێراق (٢٠٠٥)، تایبەت بەئازادی کاری ڕۆژنامەنوسی لەتەوەری (ئازادی ڕۆژنامەنوسی و چاپ و ڕێکلام و ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە) کردوە و ئاگاداری دادگاکانی کردوەتەوە کەبەدیققەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو سکاڵایانەدا بکەن کەبەرامبەر ڕۆژنامەنوسان تۆماردەکرێن. ھەروەھا ڕێکاری ناچارکردنی ڕۆژنامەنوس بۆ ئامادەبون لەبەردەم دادگا، بەپێی[قانون اصول المحاكمات الجزائية]، ژمارە(٢٣)ی ساڵی (١٩٧١) دەبێت، کەلەمادەی(٨٧)، ئاماژەی بەوەکردوە لەڕێگەی بانگھێشتی رەسمییەوە داوا لەسکاڵالێکراو دەکرێت لەبەردەم دادگا ئامادەبێت، لەحاڵەتێکیش بەبێ پاسای بڕواپێھێنەر ئامادەنەبو، ئەوکات فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەکرێت.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق؛ جەختی لەوەکردوەتەوە کەنابێت پەلەبکرێت لەدەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڕۆژنامەنوسان و رێکارە یاساییەکان بەشێوەی زنجیرەیی بگیرێتەبەر، بەڵام نابێت بەبێ ئاگاداری سەندیکای ڕۆژنامەنوسان ھیچ رێکارێک بگیرێتەبەر. ئەو جەختکردنەوە و ئاگادارکردنەوەیەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بۆ دادگاکان، ھەنگاوێکی باشە بۆ تێگەیشتن لەگرنگیی کاری ڕۆژنامەنوسیی و سنوردانان بۆ ئەو پێشێلکارییە مەزاجی و لێکدانەوە شەخسیی و نابابەتیانەی ھەندێک دادوەر بەئارەزوی خۆیان دەرحەق بەرۆژنامەنوسان ئەنجامی دەدەن.