پەیامی میدیایی و کاریگەرییەکانی لەسەر ھۆشیاریی تەندروستیی ھاووڵاتیان

چمك، سلێمانی: بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی میدیایی؛ «ھەواڵی بەپەلە» و «تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان» سەرەکیتریین سەرچاوەو کەناڵی وەرگرتنی زانیاریین لەبارەی پێشھات و گۆڕانکارییەکانی پەتای جیھانیی ڤایرۆسی کۆرۆنای ناسراو بە کۆڤید-19.

«پەیامی میدیایی و کاریگەرییەکانی لەسەر ھۆشیاریی تەندروستیی ھاووڵاتیان لەسەردەمی پەتای کۆڤید_١٩ و قەدەغەی ھاتووچۆ لەھەرێمی کوردستاندا»؛ ناونیشانی توێژینەوەیەکی دیکەی ھاوبەشی د.شوان ئادەم ئەیڤەس لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیی و د.بەھات حەسیب قەرەداخی لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر-ە كە کە لەژمارە دووی بەرگی پێنجەمی بەھاری 2020ی گۆڤاری «قەڵای زانست»ی زانکۆی لوبنانی-فەڕەنسی-دا بڵاوکراوەتەوە.

ئەو دوو توێژەرە هەڵسەنگاندنیان بۆ کاریگەرییەکانی پەیامی میدیایی لەسەر هۆشیاریی تەندروستیی بەکارهێنەرانی میدیا لەبارەی کۆڤید_19ەوە کردووە. بۆ ئەو مەبەستەش، ماوەی قەدەغەکردنی هاتووچۆی هەرێمی کوردستانی عێراق لەنێوان 14ی ئادار بۆ 16ی نیسانی 2020، وەک کۆمەڵ و مشتەی توێژینەوەکە وەرگیراوە. پاش وەرگرتنەوەی 750 وەڵامی بەرتوێژان و شیکردنەوەی داتاکانیان، توێژینەوەکەیان گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە میدیاکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر بەرتوێژان هەبووە و توانیویانە قەناعەتیان پێبهێنن کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن. ئەوەیش بەهۆی تێڕوانینی ئەرێنیی بەکارهێنەرانی میدیاکان بۆ شێوازی داڕشتنی پەیامی میدیایی لەگەیاندنی زانیاریی و رێنمایی پەیوەست بەخۆپاراستن لەپەتای کۆڤید_19و مەترسییەکانی.

بەپێی ئەنجامە بەدەستھاتووەکانی توێژینەوەکەیان؛ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەلەڤزیۆنە کوردیی و جیهانییەکان، سەرچاوەی سەرەکیی زانیارییەکانی زۆرینەی بەرتوێژان بووە و لەو چوارچێوەیەشدا زۆرتر پشتیان بەژانری رۆژنامەوانیی هەواڵ و “هەواڵی بەپەلە” بەستووە و کەمتر دیداری تەلەڤزیۆنیی لەگەڵ پسپۆڕانی تەندروستییان بەلاوە گرنگ بووە. بەپێچەوانەشەوە، کەمینەیەک لەبەکارهێنەرانی میدیا لەهەرێمی کوردستاندا هێشتا گرنگیی بەهیچ جۆرە رێنمایی و پەیامێکی میدیایی نادەن و پێشیانەوە پابەند نابن. هاوکات بەرتوێژان زۆر بەگرنگی دەزانن، میدیاکان پەیامی ترس و بیم و هەواڵی ناخۆش کەمتر بکەنەوە و رەچاوی دۆخی دەروونیی وەرگرەکانیان بکەن. بەتایبەت لەسەروەختی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی و قەیرانەکان و کارەساتە سروشتییەکاندا. بۆخوێندنەوەی دەقی تەواوەتی توێژینەوەکە کرتە لەم بەستەرەی خوارەوە بکە:

http://journal.lfu.edu.krd/ojs11/index.php/qzj/article/view/285

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟