سنورێک بۆ مامەڵەی دادوەران لەگەڵ ڕۆژنامەنوساندا

چمك، یادگار عەلی
‫ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق؛ داوا لەدادگاکان دەکات پەلە نەکەن لەفەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڕۆژنامەنوسان و ھەر ڕێکارێک لەبەرامبەر ڕۆژنامەنوسان دەگرنەبەر دەبێت بەئاگاداری سەندیکای ڕۆژنامەنوسان بێت.‬
ئەنجومەنەکە لە راگەیانراوێکدا، ئاماژەی بەناوەرۆکی دەستوری ھەمیشەیی عێراق (٢٠٠٥)، تایبەت بەئازادی کاری ڕۆژنامەنوسی لەتەوەری (ئازادی ڕۆژنامەنوسی و چاپ و ڕێکلام و ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە) کردوە و ئاگاداری دادگاکانی کردوەتەوە کەبەدیققەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو سکاڵایانەدا بکەن کەبەرامبەر ڕۆژنامەنوسان تۆماردەکرێن. ھەروەھا ڕێکاری ناچارکردنی ڕۆژنامەنوس بۆ ئامادەبون لەبەردەم دادگا، بەپێی[قانون اصول المحاكمات الجزائية]، ژمارە(٢٣)ی ساڵی (١٩٧١) دەبێت، کەلەمادەی(٨٧)، ئاماژەی بەوەکردوە لەڕێگەی بانگھێشتی رەسمییەوە داوا لەسکاڵالێکراو دەکرێت لەبەردەم دادگا ئامادەبێت، لەحاڵەتێکیش بەبێ پاسای بڕواپێھێنەر ئامادەنەبو، ئەوکات فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەکرێت.‬
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق؛ جەختی لەوەکردوەتەوە کەنابێت پەلەبکرێت لەدەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڕۆژنامەنوسان و رێکارە یاساییەکان بەشێوەی زنجیرەیی بگیرێتەبەر، بەڵام نابێت بەبێ ئاگاداری سەندیکای ڕۆژنامەنوسان ھیچ رێکارێک بگیرێتەبەر.‬ ‫ئەو جەختکردنەوە و ئاگادارکردنەوەیەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بۆ دادگاکان، ھەنگاوێکی باشە بۆ تێگەیشتن لەگرنگیی کاری ڕۆژنامەنوسیی و سنوردانان بۆ ئەو پێشێلکارییە مەزاجی و لێکدانەوە شەخسیی و نابابەتیانەی ھەندێک دادوەر بەئارەزوی خۆیان دەرحەق بەرۆژنامەنوسان ئەنجامی دەدەن.‬

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟