میدیای کوردیی و بە پاڵەوان ناساندنی تۆمەتبار و تاوانباران!

ئەرسەلان رەحمان
چه‌ند سه‌رنجێك له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ میدیای كوردییدا بووه‌ته‌ باو، تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی تاوانه‌كان ده‌رفه‌تیان پێ ده‌درێت و قسه‌ ده‌كه‌ن و به‌ هیوای ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێكی نزیك له‌ لۆژیك و زانست بێت:
1- به‌ گوێره‌ی بنه‌مای یاسایی “هه‌موو تۆمه‌تبارێك بێ تاوانه‌ تا ئه‌و كاته‌ی به‌ یاسا تۆمه‌ته‌كه‌ی به‌سه‌ردا ساغ ده‌بێته‌وه‌”. ئه‌م بنه‌مایه‌ رێگره‌ له‌وه‌ی ناوی تۆمه‌تبار به‌ “تاوانبار” بهێنرێت، یان بوترێت “بكوژ”، “دز”، “گه‌نده‌ڵ”.. هتد.
2- به‌ گوێره‌ی بنه‌ما پیشه‌ییه‌كانی كاری میدیایی و ته‌نانه‌ت سیستمی دادوه‌ری نابێت و رێگه‌ پێدراو نییه‌ هیچ زانیارییه‌ك له‌ باره‌ی دۆسییه‌كانی تاوان بڵاو ببنه‌وه‌، كه‌ زیان به‌ ره‌وتی لێكۆڵینه‌وه‌ی دادوه‌ری بگه‌یه‌نن.
3- به‌ پێی بنه‌ما ئیتیكییه‌كانی كاری میدیایی باسكردن و رووهه‌ڵماڵینی تۆمه‌تبار به‌ر له‌وه‌ی دادگا بڕیار له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ و ده‌نگی بدات، نا ئیتیكییه‌.
4- رێگه‌دان به‌ تۆمه‌تبار بۆ ئه‌وه‌ی پاكانه‌ بۆ خۆی بكات و ئامرازی میدیا بكاته‌ سه‌كۆی گه‌یاندنی رای خۆی له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌ دادگا قسه‌ی خۆی بكات، لادانی پیشه‌یی و ئیتیكییه‌.
5- له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌موو رۆژنامه‌نووس و كه‌ناڵێك پێویسته‌ كاتێك زانیارییه‌كی پێ ده‌درێت، یان كه‌سێك ده‌ڵێت ده‌مه‌وێت قسه‌تان بۆ بكه‌م، ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆیان بكه‌ن، ئه‌و كه‌س و لایه‌نه‌ بۆ ده‌یانه‌وێت له‌ رێی ئێمه‌وه‌ په‌یامیان بگه‌یه‌نن، نابێت میدیا رێگه‌ بدات خه‌ڵك به‌كاری بهێنێت و ده‌بێت خۆی ستراتیژی بۆ كاركردن هه‌بێت. ئه‌وه‌ی لێره‌ ده‌گوزه‌رێت به‌ده‌ره‌ له‌و بنه‌مایه‌. هه‌ركه‌س چی پێ خۆشه‌ له‌ رێی براده‌ری و نزیكایه‌تییه‌وه‌ ده‌توانێت كه‌ناڵه‌كان به‌كار بهێنێت.
6- هه‌موو ئه‌و دانپێدانانانه‌ی پۆلیس و ئاسایش و دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان بڵاویان ده‌كه‌نه‌وه‌، پێشێلكاری یاسا و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤن و لادانی پیشه‌یین له‌ كار و ئه‌ركی خۆیاندا و ئه‌وان مافی ئه‌وه‌یان به‌ یاسا پێ نه‌دراوه‌، تۆمه‌تبار رابگرن و وێنه‌ و دانپێدانانی بڵاوبكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ریش ئه‌وان ئه‌و پێشێلكارییه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ق نییه‌ میدیا هه‌مان هه‌ڵه‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ و ببنه‌ سه‌كۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و پێشێلكاریانه‌. چونكه‌ ئه‌و دانپێدانانانه‌ هیچ به‌هایه‌كیان نییه‌ و ده‌كرێت له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا بووبێت و بێ ئاماده‌بوونی پارێزه‌ر وه‌رگیراون و ده‌بێت له‌ دادگادا له‌ به‌رده‌م دادوه‌ردا وه‌ربگیرێن، نه‌ك له‌ شوێنی نادیار.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟