چمک بانگھێشتی نەخشەرێگای پەرەپێدانی کۆمەڵی مەدەنیی کرا

بەئامانجی پەرەپێدانی کاری رێکخراوەیی کۆمەڵی مەدەنی؛ نوێنەری رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بانگھێشتی کۆبوونەوەیەکی راوێژکاریی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی کرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە رۆژی پێنجشەممە (17ی ئاداری 2022) لە ھۆڵی ژمارە شەش_ی بارەگای سەرەکیی رێکخراوی چالاکی لاوان رێکخرا. د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ وەک نوێنەری #رێکخراوی_چمک بەشدارییکرد و تیایدا نەخشەرێگای پەرەپێدانی کاری رێکخراوەیی کۆمەڵی مەدەنیی و کاراترکردنی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی لەلایەن د.بەختیار عەبدوڵا؛ راوێژکاری رێکخراوی نێودەوڵەتیی NED خرایەڕوو.
بەوتووێژی نوێنەرانی رێکخراوە بەشدارەکان و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون لەبارەی نەخشەرێگای پێشنیازکراو؛ ناوەڕۆکەکەی دەوڵەمەنتر کرا و بڕیاردرا درێژە بەمجۆرە کۆبوونەوانە بدرێت تا ھەموو ھەوڵ و ھەنگاوەکان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵی مەدەنیی وەک گروپێکی گوشار باشتر رێکبخرێنەوە.
#چاودێریى_میدیاى_کوردى (چمك)؛ رێکخراوێکی قازانجنەویستى، ناحکومی، سەربەخۆىیە. لەساڵى 2017دا لەلایەن چەند کەسایەتییەکى ئەکادیمییەوە لەشارى سلێمانى، دامەزرا. تایبەتمەندە بەچاودێرییکردن، هەڵسەنگاندن، راپۆرتکردن و توێژینەوەى خەوش و پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاو رەوشی رۆژنامەگەری کوردی. هەربۆیە جەختکردنەوەى سەرەکیی ئەم رێکخراوە، لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى مافەکانى تاکەکەس و کۆمەڵگەى کوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانى ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانى کوردستان. چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانى ئەم رێکخراوە بۆ رووماڵکردنى بەرهەمە جۆربەجۆرەکانى میدیاى کوردییە، بەمەبەستى گەڵاڵەکردن و خستنەڕووى کارنامەیەکى پیشەییترى کرداریی بۆ راستکردنەوەى هەڵە باوەکانى میدیاو شێوازى کارکردنى میدیاوانانى کوردستان.
وێنە: وریا باقر

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟