لەنێوان ئازادیی دەربڕین و پێشێلکارییەکان دا

هەرێمی كوردستان، سلێمانی: لەژێر ئەم ناونیشانەی سەرەوەداو بەدروشمی ژینگەی میدیایی و پێویستیی چاودێرییكردنی، یەکەمین ئێوارە کۆڕی رەخنەیی ساڵی نوێی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) رێكخرا بۆ هەریەك لە د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و دیاری محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكییكردن لە رۆژنامەنووسان.

لە دەستپێكی ئێوارە كۆڕەكەی ئەمڕۆ(13/01/2018)دا لە گەلەری ئورفەی سلێمانی، د.شوان ئادەم ئەیڤەس وەك ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی، وێڕای بەخێرهێنانی میوانەكان ئاماژەی بە یەكێك لە ئامانجەكانی رێكخراوی چمك كرد لە دەستنیشانكردن و زەقكردنەوەی بەربەستە سەرەكییەكانی بەردەم میدیا و میدیاكاران. هاوكات پەیوەندیی ناتەندروستی نێوان هێزە ئەمنییەكان و میدیاكانی هەرێمی كوردستان لە سەروەختی گرژی و خۆپیشاندانەكانی 17/12/2017و رۆژانی دوایی خستەوە بەر باس، بەتایبەت وەرچەرخانی رووخساری سلێمانی لە “پایتەختی رۆشنبیری”ەوە، بۆ سەرزەمینێكی پڕ لەهێزی چەكدارو رەشبگیری هێزە ئەمنییەكان بۆ سەر خۆپیشاندەران و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان و راگرتنی پەخشی كەناڵەكانی راگەیاندن.

لە تەوەری یەكەمی ئێوارە كۆڕەكەدا، دیاری محەمەد ئاماژەی بە راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسیی لە هەرێمی كوردستانی عێراق كرد كە دوایین چالاكیی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكییكردن لە رۆژنامەنووسان بوو، بە ناونیشانی “یاسا نامانپارێزێت، سەروەرنەبوونی یاسا هەڕەشە لە دیموكراسییەت‌و ئازادی رۆژنامەنووسی دەكات”. لەو راپۆرتەدا پێشلكارییە سەرەكییەكانی ساڵی 2017 تۆماركراون كە بە “سەختترین ساڵ بۆ رۆژنامەنووسان” ناوبراوە، چونكە بوویە هۆی تۆماركردنی چوار حاڵەتی كوشتن، دوو حاڵەتی تیرۆركردن، 14 حاڵەتی برینداربوون لەكاتی رووماڵكردنی بەرەكانی جەنگدا، 206 حاڵەتی رێگری، 12 حاڵەتی شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی، 25 حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی، 23 حاڵەتی دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا، 10 حاڵەتی دەستگیركردن و فەرمانی دەستگیركردن بە بڕیاری دادگا، 58 حاڵەتی هێرش و لێدان، 18 حاڵەتی هەڕەشەكردن، دوو حاڵەتی تەقەلێكردن. ئەمە جگە لە نوێترین جۆری پێشێلكاری كە خۆی لە دوو حاڵەتی پڕكردنەوەی بەڵێننامە بۆ ئەنجامنەدانی كاری رۆژنامەوانی، سێ حاڵەتی تەشویش‌و هێرشی ئەلكترۆنی، هەشت حاڵەتی هێرش‌و تالانكردن‌و سوتاندنی ئۆفیسی دەزگای راگەیاندن، حەوت حاڵەتی راگرتنی پەخش لەگەڵ پێنج حاڵەتی داخستنی نوسینگەی دەزگای راگەیاندن. هۆكاری سەرەكیی ئەم پیچشلكاریانەش بەپێی شیكردنەوەكانی دیاری محەمەد دەگەَڕێتەوە بۆ سەروەرنەبوونی یاسا، مامەڵەی نادروستی هێزە ئەمنییەكان، كارانەبوونی داواكاری گشتی، پەكخستنی پەرلەمان لە چاودێرییكردنی پێشلكارییە یاساییەكانی حكومەت، دەستگیرنەكردنی تاوانباران‌و بكوژانی رۆژنامەنووسان، ئەمە جگەلە كەمیی هۆشیاری یاسایی لای رۆژنامەنووسان لە تۆماركردنی سكاڵا لەدژی ئەوانەی پیچشلكارییان بەرامبەر دەكەن لەگەڵ جێبەجێنەكردنی هەریەك لە یاسای رۆژنامەگەری‌و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری.

لەتەوەری دووەمی ئێوارە كۆڕەكەدا، د.هەڤاڵ ئەبوبەكر وەك گەورەترین بەرپرسی یەكەی كارگێری‌و سەرۆكی لیژنەی ئارامیی‌و پارێزگاری سلێمانی نیگەرانیی خۆی پیشاندا لەهەر دەستدرێژی‌و پێشلكارییەك كە نەك بەرامبەر میدیاو رۆژنامەنووسان، بەڵكو بەرامبەر هەر هاووڵاتییەكیش ئەنجامدرابێت، بەتایبەت لە سەروەختی گرژی‌و خۆپیشاندانەكانی مانگی رابردوودا. هەروەها جەختی لەوەشكردەوە كە لەدەرەوەی توندوتیژی، پشتگیری ھەموو کارێکی مەدەنیانە دەکات. بەڵام گلەیی لەكەناڵەكانی راگەیاندن كرد كە زۆرجار شتی نەبوو دەڵێن‌و ئەوەش كاریگەری لەسەر دەروونی كۆمەڵگا هەیە، “میدیا قوتابخانەی کۆمەڵگایە، بۆیە دەبێت زۆر وریابین لەوەی کە ئەم قوتابخانەیە چۆن کۆمەڵگامان بۆ بەڕێوەدەبات … لە کۆمەڵگای کوردیدا، کاتێک میدیا بێدەنگ دەبێت كۆمەڵگا ئارام دەبێت، کە میدیا کاردەکات کۆمەڵگا نائارام دەبێت، ئەمە ڕەخنەیەکە کە من دەیگرم، وەک ئەوە وایە خەنجەر بە دڵما بھێنم، بەڵام ئەوە ڕاستییە”. هاوكات دژایەتی خۆیشی راگەیاند بۆ هەر كەس‌و لایەنێك كە هانی بەریەككەوتن‌و توندوتیژی بدات، چونكە گوتاری میدیای كوردی وەك كۆمەڵە تیرێكن كە رۆژانە بە هاوولاتیانەوە بنرێت، ئەوەش وایكردووە ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و دۆخی دەروونیی تاكەكان تێكبدات‌و بێهیوایی باڵ بەسەر هەموواندا بكێشێت، ئەمەش ئەو دۆخەیە كە ئەگەر بەری پێنەگیرایە دۆخی سلێمانی لە دۆخی موسڵ خراپتر دەبوو. هەروەك روونیشیكردەوە، رۆژنامەگەری كوردی هێشتا لە قۆناغی حیكایەتدایە‌و زۆربەی رووماڵەكانی زاتییەو دوورە لە بابەتیی بوونەوە، “بەپێچەوانەی هەموو دنیاوە، میدیاو هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستاندا هۆكاری ناسەقامگیریین”. د.هەڤاڵ ئەبوبەكر كە پرۆفیسۆری یاریدەر بووە لەزانكۆی سلێمانی‌و پێشتریش وەك رۆژنامەنووس كاری كردووە، رەخنەی لە میدیاكان گرت بەوەی ئەوەندەی بەتەلەفۆن زانیارییەكان وەردەگرن، ئەوەندە مەیدانیی نین‌و ناچنە شوێنی رووداوەكان‌و بەدواداچوون‌و بنكۆڵكاریی لەو زانیاریانە ناكەن كە پێیان دەگات. هەربۆیە هەموو رۆژنامەنووسانی بانگهێشت كرد كە هەر كەس‌و لایەنێك سكاڵایەكی لەسەر هەر كەس‌و فەرمانگەو هێزێكی سنوری حكومەتی خۆجێی سلێمانی هەیە، دەتوانێت سكاڵای یاسایی تۆماربكات‌و ئەویش لەنزیكەوە بەدواداچوونی بۆ دەكات. هاوكات خۆشحاڵی خۆیشی راگەیاند كە بەراورد بە خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتی 2011، لەرووداوەكانی 17ی كانونی یەكەمی 2017دا، هیچ ئامێرو كەرەستەیەكی رۆژنامەنووسان نەشكێنراوەو هیچ ئامێرێكی ئەو كەناڵانەش نەبراوەو دەستی بەسەردا نەگیراوە كە فەرمانی راگرتنی پەخشەكەشیان دراوە، تەنانەت ئەوانەشی كە دەستگیركراون بەشێوەیەكی زۆرباش مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە. بەڵام تكای لەرۆژنامەنووسان‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی كرد كە بەشێوەیەكی باشتر یاساكان بخوێننەوەو “ئینتیقائی”انە مامەڵەیان لەگەڵ نەكەن، هاوكات فەرمانی سەربازی لە دامەزراوەی مەدەنیی جیابكەنەوەو هەوڵی دابەشكردن كۆمەڵگای كوردی نەدەن. هەربۆیە پارێزگاری سلێمانی لە چوارچێوەی پلانی خۆیدا ئاماژەی بە دامەزراندنی هۆبەی زانیاری كرد بۆ بەخشینی زانیاری راست‌و دروست بە هاووڵاتیان‌و رۆژنامەنووسان. هەروەك بەڵێنی دا كە لەداهاتوویەكی نزیكدا لەگەڵ نوێنەری میدیاكان‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی‌و هەموو چین‌و توێژەكانی دیكەشدا كۆببێتەوە بۆ دۆزینەوەی شێوازێكی گونجاوتر، تا بە هەموولایەك‌و بەگیانێكی نیشتمانیی نەك حزبیی كار بۆ ئیدارەیەكی سەركەوتووتر بكەن.

دوابەدوای پێشکەشکردنی هەردوو تەوەڕەكە، بەشێکی زۆر لەئامادەبووان بەسەرنج‌و تێبینییەكانیان باسەكانی ئێوارەكۆڕەكەیان دەوڵەمەندتر كردو پێشنیازی بەردەوامییدانیان بە كۆڕو كۆبوونەوەی هاوشێوە كرد تاوەكو ئەو ساردوسڕییەی لەنێوان میدیاو دەسەڵات یان رۆژنامەنووس‌و پۆلیس هەیە بگۆڕدرێت‌و جۆرێك لەهاوكاری‌و هەماهەنگیی دروست ببێت.

چاودێریی میدیای کوردی (چمک)، رێکخراوێکی قازانجنەویستی، ناحکومیی سەربەخۆیە. ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر پێکدێن لەهەریەک لە شوان ئادەم ئەیڤەس خاوەنی دکتۆرا لەکولتورەکانی رۆژنامەگەری، هەتاو حەمەساڵح خاوەنی دکتۆرا لەئازادیی راگەیاندن، فاروق جەمیل خاوەنی ماستەر لەرۆژنامەگەری ئەلکترۆنی، توانا عەلی خاوەنی بەکالۆریۆس لە زانستی راگەیاندندا. ئەم رێکخراوە، لە رۆژی پێنجشەممە (1/11/2017) مۆڵەتی فەرمیی لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە. لەرێی چاودێرییکردنی ناوەڕۆکی پەیامە میدیاییەکان و رێکخستنەوەی، کار لەسەر بەرهەمهێنانی رۆژنامەگەرییەکی پیشەیی دروست و هاوسەنگ دەکات لەسەر بنەمای پەروەردەکردنی نەوەی نوێی رۆژنامەنووسان، بەراهێنیان لەسەر پتەوکردنی بنەماکانی پیشەگەرێتی و پێڕەوکردنی یاساو ئیتیکی پیشەیی میدیا.