میدیای کوردی لەنێوان بەرپرسیارێتی یاسایی و پیشەیی دا

هەرێمی كوردستان، سلێمانی: لەژێر ئەم ناونیشانەی سەرەوەداو بەدروشمی میدیا و پێویستیی چاودێرییکردنی، رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)، دووەمین ئێوارە کۆڕی رەخنەیی بۆ د.سامان فەوزی و مەم بورھان قانع رێکخست.

لەدەستپێکی کۆڕەکەدا، م.فاروق جەمیل ئەندامی دامەزرێنەری رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی کورتەباسێکی لەبارەی رێکخستنی ئەمجۆرە چالاکییانەوە پێشکەشکردو پاشتر ھەریەک لە کۆڕگێڕانی بەئامادەبووان ناساند.

لەمیانی باسەکەییدا، د.سامان فەوزی تیشیکیخستە سەر ھەوڵەکانی رێکخستنی میدیا لەھەرێمی کوردستان و دیارترین بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی رۆژنامەوانانی خستەروو. ھاوکات دووپاتیکردەوە کە ئەگەرچی ھەرێمی کوردستان لەعێراق زیاتر یاسای بۆ رێکخستنی میدیا ھەیە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە یاسا وەک پێویست جێبەجێ ناکرێت.

لەتەوەری دووەمی ئێوارە کۆڕەکەدا، مەم بورھان قانع چەمکی پیشەییبوون و بەرپرسیارێتییە پیشەییەکانی میدیای کوردی شرۆڤە کرد. ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەرچی ھەندێ نێوەندی میدیایی خاوەنی رێسای پیشەیی تایبەتمەندن، بەڵام ھێشتا پێوەی پابەندنین و بڕگەکانی بەھەند وەرناگرن.

دوابەدواى پێشکەشکردنى باسەکان، بەشێکى زۆر لەئامادەبووان بەپرسیارو سەرنجەکانیان ئێوارە کۆڕەکەیان دەوڵەمەندکرد. هەندێکیان رەخنەى ئەوەیان لە د.سامان فەوزی ھەبوو کە باسەکەی بەزمانێکی ئەکادیمیی لێوانلێو لەوشەگەلی عەرەبیی پێشکەشکرد. ھاوکات مەم بورھان قانع تۆمەتبارکرا بەوەی ئەو پێوەرو بنەما پیشەییانەی لەباسەکەییدا خستنییەروو، کەمتر لەو کەناڵە میدیاییەدا رەنگیداونەتەوە کە بەڕێوەی دەبات. پاشتر ھەریەک لە کۆڕگێڕان وەڵامی رەخنەو سەرنجی ئامادەبوونیان دایەوە.

چاودێریی میدیاى کوردى (چمک)، رێکخراوێکى قازانجنەویستی، ناحکومیی سەربەخۆیە. ئەندامانى دەستەى دامەزرێنەر پێکدێن لەهەریەک لە شوان ئادەم ئەیڤەس خاوەنى دکتۆرا لەکولتورەکانى رۆژنامەگەرى، هەتاو حەمەساڵح خاوەنى دکتۆرا لەئازادیی راگەیاندن، فاروق جەمیل خاوەنى ماستەر لەرۆژنامەگەرى ئەلکترۆنى، توانا عەلى خاوەنى بەکالۆریۆس لەزانستى راگەیاندندا. ئەم رێکخراوە، لە رۆژى پێنجشەممە (1/11/2017) مۆڵەتى فەرمیی لە فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانى هەرێمى کوردستان وەرگرتووە. لەرێی چاودێرییکردنى ناوەڕۆکى پەیامە میدیاییەکان و رێکخستنەوەى، کار لەسەر بەرهەمهێنانى رۆژنامەگەرییەکى پیشەیی دروست و هاوسەنگ دەکات لەسەر بنەماى پەروەردەکردنى نەوەى نوێی رۆژنامەنووسان، بەراهێنیان لەسەر پتەوکردنى بنەماکانى پیشەگەرێتى و پێڕەوکردنى یاساو ئیتیکى پیشەیی میدیا.

ئەم زنجیرە کۆڕانەى رێکخراوى چمک بەسپۆنسەرى بەڕێوەبەرێتى رۆشنبیری و هونەرى سلێمانى، چاپخانەى ئاسا و گەلەرى ئورفە بەڕێوەدەبرێن.