چمک، ھەرێمی کوردستان: رێکخستنی «کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی» دەکرێتە نەریتێکی ساڵانەی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ بۆ ھەڵسەنگاندنی خەوش و خەونەکانی میدیا و میدیاوانانی ھەرێمی کوردستانی عێراق.
لەوبارەوە د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ خاوەنی بیرۆکە و رێکخەری گشتیی کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی رایگەیاند کە لەمانگی تەمووزی 2022دا و بە دروشمی ژینگەی میدیایی و پێویستیی رێکخستنەوەی، «دووەمیین خوولی کۆڕبەندەکە بەئامادەبوونی پسپۆڕان و بەرپرسانی حکومیی و حزبیی رێکدەخرێت و گەنگەشەی گەشە و گرفتی ئێستای میدیای کوردیی دەکرێت. ئامادەکارییەکان دەستیانپێکردووە و لەچەند ھەفتەی داھاتووشدا وردەکارییەکانی پانێڵەکان و تەوەرەکانی و قسەکەرانی ئاشکرا دەکرێن.»
رێکخستنی کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ھەڵسەنگاندنی دەرفەت و ئاستەنگەکانی میدیای کوردی؛ یەکێکە لەئامانجە درێژخایەنەکانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) کە لە 10ی تەمووزی 2021دا یەکەمیین خوولی لەھۆڵی ھۆتێل داوا لەشاری سلێمانی رێکخرا و بە ئاڕاستەکردنی 20 راسپاردە بۆ لایەنە پەیوەندییدارەکان کۆتایی بە کارنامەکەی ھێنرا. ئامانجی سەرەکیی کۆڕبەندەکە؛ کاراکردنەوەی رۆڵ و بەھای دەرگاوان و بەرزکردنەوەی کواڵیتی پەیامی میدیایی و پێشکەشکردنی ئەدائێکی پیشەییتر و یاساییتری ئەو ژانرە رۆژنامەوانییانەیە کە لە میدیای چاپکراو، پەخشکراو و دیجیتاڵییدا بەرھەمدەھێنرێن و دواتر چاپ و پەخش و بڵاودەکرێنەوە.
#چاودێریى_میدیاى_کوردى (چمك)؛ رێکخراوێکی قازانجنەویستى، ناحکومی، سەربەخۆىیە. لەساڵى 2017دا لەلایەن چەند کەسایەتییەکى ئەکادیمییەوە لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا دامەزرا. تایبەتمەندە بەچاودێرییکردن، هەڵسەنگاندن، راپۆرتکردن و توێژینەوەى خەوش و پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاو رەوشی رۆژنامەگەریی کوردی. جەختکردنەوەى سەرەکیی ئەم رێکخراوە، لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى مافەکانى تاکەکەس و کۆمەڵگەى کوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانى ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانى کوردستان. چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانى ئەم رێکخراوە بۆ رووماڵکردنى بەرهەمە جۆربەجۆرەکانى میدیاى کوردییە، بەمەبەستى گەڵاڵەکردن و خستنەڕووى کارنامەیەکى پیشەییترى کرداریی بۆ راستکردنەوەى هەڵە باوەکانى میدیاو شێوازى کارکردنى میدیاوانانى کوردستان.