چمك، سلێمانی: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووسان بڵاویكردەوە كە لەماوەی 48 كاتژمێرا، كەناڵی ئێن ئاڕ تی سەر بە دامەزراوەی میدیایی نالیا شەش جار بانگهێشتی دادگا كراون بۆ لێكۆڵینەوە.
لە راگەیاندراوێكدا كە رۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2018 بڵاوكراوەتەوە، سەنتەری میترۆ نیگەرانی خۆی لە كاراكردنی دادگاكانی لێكۆڵینەوە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان و دامەزراوەكانی میدیا راگەیاندووە و داوا دەكات زەمینە خۆش بكرێت تا میدیاكان وەك چاودێرێكی كارا هەڵەو كەموكوڕی و گەندەڵییەكان بخەنە بەردەم رای گشتیی و حكومەتی هەرێمی كوردستان .
بەپێی ناوەڕۆكی راگەیاندراوەكە، لە ماوەی 48 كاتژمێری رابردودا بە تایبەتیش پاش ئەوەی كەناڵی NRT پانتاییەكی زۆری بەرنامەو هەواڵەكانی كەناڵەكەی بۆ كێشەی قوتابیانی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانی تەرخانكرد، شەش جار لەسەر كەیسەكانی پێشوتر داواكراون بۆ لێكۆڵینەوە. پێشتریش چەند داوایەكی یاسایی روبەڕووی كەناڵی KNN كرانەوە، وەك داوای یاسایی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی و یەكێك لە فەرماندەكانی پێشووی میحوەری كەركوك، كە سكاڵای یاسایی لەسەر لەسەر بەڕێوەبەری كەناڵەكەو، رەنج عوسمان پەیامنێری رانیە، پشدەر بابەكر كارمەندی ژوریی هەواڵی تۆمار كرا و سكاڵاكەر داوای یەك ملیار دینار قەرەبووی كردبۆوەو و بە پێی ماددەكانی یاسای سزادانی عێراقی داوای ئەو مافەی كردوە. سەرباری داوایەكی تری جێگری یەكەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
سەنتەری میترۆ دژی هیچ كەس و لایەنێك نییە كە لە بری بەكارهێنانی توندو تیژی پەنا بۆ دادگاكان بەرن تا كێشەكانیان لەگەڵ میدیاكاران و كەناڵەكانیان یەكلابكاتەوە، بەڵام زۆربوونی داوای یاسایی و فۆكس كردنە سەر كەناڵێك لە قۆناغێكی دیاریكراوداو زۆربوونی داوایاساییەكان گومانی ئەوەمان لەلا دروستدەكات بە مەبەستی فشار بن نەك سەروەربوونی یاسا. هەربۆیە سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان نیگەرانە لە كاراكردنی بنكەكانی پۆلیسو بەشەكانی لێكۆڵینەوەیان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان، داواش دەكات حكومەت لە بری لێپرسینەوە لەو رۆژنامەنوسان و دەزگانی میدیا لێپَچینەوە لەسەدان كەیسی گەندەڵی بكات كە لەو كەناڵانە خراونەتە روو. هاوكات میترۆ داوا دەكات زەمینە خۆش بكرێت تا میدیاكان وەك چاودێرێكی كارا هەڵەو كەموكوڕی و گەندەڵییەكان بخەنە بەردەم رای گشتی و حكومەت و یاسا نەكرێتە فاكتەری دەمكوتكردنو فشار بۆ سەر رۆژنامەنوسان و دامەزراوەكانیان. چونكە یاسا كاتێك سەروەر دەبێت كە رۆژنامەنوسێك و بەرپرسێك، وەك یەك تەماشابكرێتو ببرێنە بنكەكانی لێكۆڵینەوە، نەك دەستیان بۆ رۆژنامەنوسان درێژ بێت بەڵام بۆ بەرپرسی گەندەڵیش كورتو حكومەتیش بەستەزمان.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوسو پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.
تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگو ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 و 2017 هەڵبژاردن بۆ دەستەی بەڕێوەبردن كراوە.
میترۆ 7 راپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە رەوشی ئازادی میدیا لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە
پەیوەندی بە سەنتەری میترۆ
بۆ زمانی كوردی: 07700004147
بۆ زمانی عەرەبی : 07701528887