کاروان ئەنوەر*
دوێنێ؛ میدیای حزب پاڵتۆكەی گۆگۆڵ بوو بۆ دروستكردن و پێگەیاندنی میدیاكاران، حزب خاوەنی دەوڵەمەنترین ئەزموونە (قۆناغی دوای راپەرین تا ئەمڕۆ) لەروانگەی چەندو جۆرو تەمەنی بڵاوكردنەوەدا. لەسەرەتای نەوەدەكانەوە حزبەكان شانیان دایە بەر ئەركەكەو ئەندامانیان بوون بە یەكەم تاقمو دەستە لەبواری میدیای كوردیدا بە هەر سێ جۆرە باوەكەی ئەو سەردەمەوە (خوێنراو بە كوردی بە عەرەبی، بینراو وەك كەناڵی لۆكاڵ، بیستراو وەك رادیۆ ناوخۆییەكانی ئەو سەردەمە)چونكە پێشتر كەسانێك لەناو كورددا نەبوون كە ئەزموونێكی ئەكادیمی بواری میدیای خوێنراو بینراو بیستراویان هەبێت.
ئەمڕۆ؛ چەندین دەستەو تاقمی ئەكادیمی لە پەیمانگەو كۆلیژەكانی راگەیاندن دەرچوون و گەیشتنە قۆناغی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا، كەواتە میدیای كوردی لەرووی پسپۆڕییەوە خەمی گۆشەگیریو كەنارگیربوونی نەماوە، لە بواری وەشاندنی ئەكادیمیشدا لێكۆڵینەوەكانمان دەگەنە گۆڤارو زانكۆ باڵاكانی جیهان، حكومەتی كوردستانیش هاوكاربوو لە پێگەیاندنی ژمارەیەكی باش لەخوێندكاری تواناسازی لەبواری میدیاو ماس میدیاداو ئێستا هەندێك لەو خوێندكارانە پسپۆرن لەم بوارەدا. لەساڵی 2000یشەوە كە باری ئابوری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كەمێك كرانەوەی بەخۆوە بینی، جۆرێكی تر لەمیدیا دروست بوو كە ویستیان ناوی میدیای ئازاد، یان سەربەست، یان سەربەخۆ لەخۆیان بنێن، بەڵام ژینگەی میدیایی لە هەرێمی كوردستاندا نازناوی (ئەهلی) پێدان نەك ئازاد، چونكە لەناو گەرماو گەرمی رووداوەكاندا ئەم میدیایە ئەوەندەی ئەهلی بوون و كۆمپانیایی بوونی خۆیان نواند، ئەوەندە نەیانتوانی ئازادانە بیر بكەنەوەو كار بۆ میدیایی بوون بكەن، هەستان بەرەیەكیان هەڵبژارد و لەدژی بەرەیەك وەستانەوە، لەئەنجامدا شەقامی كوردی و ژینگەی میدیایی كوردستان ناوبانگی ئازادی لێوەرگرتنەوەو ناوی (ئەهلی) پێدان.
بەگەڕانەوە بۆ باسی تاقمی یەكەمی میدیاكاران كە بەناوی میدیاكارانی حزب و كادرانی میدیایی حزبەكان ناوبانگیان دەركردبوو، ئێستاش لە میدیای كوردیدا بەردەوامن و لە برەودان، لەئێستادا میدیاكاری حزب بەكەمترین مووچە و زۆرترین كاتی ئیشكردن لە كەناڵەكانی حزبدا لەكاركردن بەردەوامە، سەرباری ئەمانەش هاوكاری و دەرماڵە لە زۆربەی حزبەكاندا بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت دابەشنەكراون، هاوكات هێشتا رۆژنامەنووسەكانی حزب لە كارەكانیان بەردەوامن…بە بەروارد بەو پێشكەوتنانەی كە میدیای ئەهلی و میدیای كۆمپانیاكان و میدیای سێبەر بەخۆیانەوە بینیویانە و لەسەردەمی ئەو لێشاوی پارەو پولەی كە تیایاندا خەرج دەكرێن، میدیای حزب و میدیا رەسمیەكانی حزب توانیویانە لەبەردەم ڕەشەبای ئەم دۆخەدا بەرگە بگرن و رۆژنامەنووسی حزبیش توانیویەتی بەرگەی ئەو هەموو تانەو تەشەرو تۆمەتانە بگرێت و خۆیشی لەبەرامبەر دەمچەوركردن و پارەوپولی میدیاكانی تردا رابگرێت، بەڵام ئەوەی زیاتر ئازاری ئەم توێژە لە رۆژنامەنووسان دەدات، كەمی مووچەو دەرماڵەو كاتی زۆری ئیشكردن نیە، ئەوەندەی نەوتن-ە یان دەست نەكراوەیی یان توخن نەكەوتنی تابۆو حەرام و رەخنە لە كێشەو بابەتی رۆژانەیە.
رۆژنامەنووسی حزب لەچوارچێوەی كاری میدیادا جبێبەجێكار و داڕێژەری بیری گشتی حزبە لەدوو توێی لاپەرەكان و لەناو كەناڵەكاندا، تۆمەتبارە بە گەیاندنی بیری حزب، نەك شێوازی كارەكەی، ئەمەش یەكێكی ترە لەو خاڵانەی كە ئازاری خودی میدیاكاری حزب دەدات چونكە هەرگیز قسەوباس لەسەر هزرو بیروباوەڕو داهێنانی خودی میدیاكارەكە ناكرێت، لەمڕۆشدا حزب تەنها ئایدیای خۆی بۆ میدیا واڵاكردوەو میدیاش تەنها گیرفانی لای حزبەو ئەویش لەخرابترین باری گیرفاندایە، جگە لەمە ئەوی تر هەمووی لە سەرشان و لەناو بیری ئامێری جێبەجێكاری حزبدان كە رۆژنامەنووسەكان و كەناڵەكانی حزبەكەن، بیریشمان نەچێت ئەوەندەی میدیای دەرەوەی حزب باس لە حزبەكان دەكەن، زمانحاڵەەكان نیوهێندە باسی حزبەكانی خۆیان ناكەن.
تابۆ و تەحریم لەمیدیای حزبەكاندا؛ كۆمەڵێك بابەتی حەرامكراو هەن كە عەقڵەكانی میدیای حزب ناتوانن توخنیان بكەون، هەرچەندە دەستبۆبردن و تاوتوێ كردنیان زیاتر برەو بەكاری میدیاو ناووناوبانگی رۆژنامەنووسەكەش دەدات، بەڵام تابۆ هەرتابۆیەو گەر میدیاكاری حزب خۆی لە قەرەی یەك لەو حەرامكراوانە بدات، بێگومان جگە لەخۆی، حزبەكەش و دەزگای میدیاكەش باجێكی قورس و سەختی لەسەر دەدەن، بۆیە میدیاكاری حزب زۆربە قورسی و زۆر بە سەختی بە دەستێكی نەكراوەوە نووكە پەنجە بۆ تابۆكان دەبات نەكا حزبی بەرامبەر یان دەوڵەتی دراوسێ یان فڵانە تیرەو عەشیرەت و تائیفەو مەزهەب دڵیان گەرد بگرێت و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا رێژەو ژمارەی دەنگەكانی حزب كەم ببێتەوە!!!!! تەماشای قورسی ئەم ئەركەی رۆژنامەنووسی حزب بكەن.
نوسەری حزب كەدەیەوێت شتێك بڵێت، نابێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سوریالیەت و داداییەكان، هێماو رەمزی ئەوتۆ بەكار بهێنێت كە ناوەرۆكی پێ نارۆشن بكات، ئەوە لادانە لەپرنسیبی نووسینی میدیایی، چونكە زمانی میدیا زمانێكە زۆر ئاشكراو ڕوون بەبێ هێما، بێ ئاماژە، بێ رەمزەكان، لەمیدیادا تابۆو تەحریم نیە، بەڵام شێوازی وتن و دەربڕینی زۆر هەن، زمانی میدیا دەبێت زاناو نەزان لێی تێبگات، دەشێت لە سادەیی و ساكاریدا هێندە گەیەنەر بێت بیركردنەوەی قووڵی نەوێت، بەڵام كە تۆ زمانت بەستراو دەست گیراو مێشك خەسا بە كۆمەڵێك تابۆو حەرامكراوی دەورووبەر، كەواتە داهێنان لە ژینگەیەكی وەهادا مەحاڵەو قورسە و نایەتەدی، لەكەشوهەوایەكدا كە هەر وشەو گرتەو فۆتۆو كۆلۆمێك چەندین حسابی جۆراوجۆری بۆ بكرێت، بێگومان داهێنان لە بار دەچێت یان بە كەمئەندامی لە دایك دەبێت یان هەر لە دایك نابێت .
لە ئان و ساتێكی وەهاشدا ، میدیاكاری حزب نایەوێت لەكاروانی رەخنەو و راستكردنەوە بەجێ بمێنێت، نایەوێت لەدەرەوەی گروپەكە بفڕێت یان مەلە بكات، نایەوێت دەنگی حزبەكەی دەنگێكی نەشاز بێت، لە هەمان كاتیشدا ناتوانێت بە ئاوازی ئەوانی تر بخوێنێنت ..ئەوەی هاوپیشەكەی زۆر بە سادەیی دەینوسێت بەڵام بە دەستێك و دەمێكی كراوەوە، هاوكارێك لە میدیای حزبێكدا زۆر قوڵتر باشتر جوانتر روونتر دەتوانێت و بە چەندین زمانی تریش بینوسێت و بیبێژێت و بیوێنێت بەڵام نایكات !!!
نەكردن، نەنووسین، نەوەشاندن، ناوێناكردن….(نـــــــــا) كانی بەردەم رۆژنامەنووسی حزبن كە بەدەستی خۆی تواناكانی خۆی لەبار دەبات، بەقەڵەمی خۆی فیكری خۆی دەسڕێتەوە، بە چەكوشی خۆی سەرپەنجەكانی خۆی دەكوتێتەوە، بەتەنیشت (ئەم)ی حزبەوە (ئەو)ی دراوسێ و هاوپیشە و هاوقەڵەم و هاوزمانەكەی پەی دەبات بەو بابەتەی كە هەزاران وشە لەمێشكی ئەمی حزبدا گینگڵ دەدات و بۆی ناوترێت، داهێنانیش بۆ (ئەو) ی ئەهلی و كۆمپانیاو سێبەر ئەژمار دەكرێت..
*سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان