پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر د.ئیبراهیم سه‌عید
مامۆستای زانكۆى سلێمانی و توێژه‌ر له ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له ململانێ و قه‌یرانه‌كان
پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆجیاى كۆمینیكه‌یشن و میدیا تا دێت له گه‌ڵ خۆیدا گۆڕانكارى جیاجیا ده‌خوڵقێنیت، به‌جۆرێك ئێستا جیهان له به‌رده‌م جۆرێك له پیشه‌سازیدایه كه به پیشه‌سازى میدیا ناسراوه، ئه‌م پیشه‌سازییه له‌یه‌ك كاتدا قازانج ده‌كات و كاریگه‌ریش له‌سه‌ر وه‌رگر دروست ده‌كات، كاریگه‌رییه‌ك كه‌ته‌واوى جیهانى ته‌نیوه به بێ جیازاوى، ئه‌م پیشه سازییه هاوشێوه‌ى پیشه‌سازییه ته‌قلیدییه‌كان یاساى بازار جێبه‌حێ ده‌كات، خاوه‌نى خۆى هه‌یه و سه‌رمایه‌یه‌كى زۆرى بۆ ته‌رخانكراوه، هاوشێوه‌ى پیشه‌سازییه‌كانى دیكه هه‌ندێ لایه‌ن كۆنترۆڵیان كردووه‌و شێواز‌و میكانیزمه‌كانى كاركردنى دیارى ده‌كه‌ن، بۆیه ئه‌م پیشه‌سازییه له ئێستادا بۆته جێگه‌ى مشتومڕى زۆرێك له ناوه‌نده زانستییه‌كان و پێیان وایه ئه‌وه‌ى كۆنترۆڵى ئه‌م پیشه سازییه ده‌كات جۆرێك له هه‌ژموونگه‌رى دروست كردووه كه له رێگه‌یه‌وه شێوازى بیركردنه‌وه‌ى وه‌رگر دیارى ده‌كات، لێره‌وه چه‌مكى هه‌ژموونگه‌رى میدیایی بۆته بابه‌تێكى دیارى تیۆرى ره‌خنه‌یی میدیایی و خوێندنه‌وه بۆ مه‌غزاو كاریگه‌رییه جیاجیاكانى ده‌كرێت، ئه‌م باسه هه‌وڵێكه بۆ بۆ شیكردنه‌وه‌ى مه‌غزاى سیاسى ئه‌و چه‌مكه‌و تێڕوانینى تیۆرى ره‌خنه‌یی بۆ ره‌هه‌نده جیاجیاكانى.
تیۆرى ره‌خنه‌یی و هه‌ژموونگه‌رى میدیایی
هه‌ژموونگه‌رى وه‌ك چه‌مك به ماناى سه‌پاندن دێت، له بوراى كلتوریدا واته سه‌پاندنى كلتوریكى دیاریكراوى له‌لایه‌نێكى به‌هێزه به‌سه‌ر لایه‌نێكى دیكه‌دا، شوێنكه‌وتووانى تیۆرى ره‌خنه‌یی ئه‌م چه‌مكه وه‌ك به‌شێك له‌و توانا‌و ده‌سه‌ڵاته به‌كاردێنن كه ده‌وڵه‌تێك به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تێكى دیكه‌دا هه‌یه‌تى(1)، له بوارى میدیاشدا بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌كاردێت كه چۆن میدیایه‌ك یاخود میدیاى وڵات و ناوچه‌یه‌ك توانیویه‌تى خۆى بسه‌پێنێت و خه‌فه‌ى ده‌نگى جیاواز‌و نه‌یاره‌كانى بكات.
ئه‌گه‌رچى تیۆرى ره‌خنه‌یی زیاد له بیروبۆچونێك له بوارى میدیادا ده‌خاته روو، هه‌ندێكیش بۆچوونه‌كان ده‌خه‌نه نێو زیاد له تیۆرێك و ناوى لێ ده‌نێن تیۆره‌كانى ره‌خنه‌یی، به‌ڵام له هه‌ردوو حاڵه‌تدا ته‌واوى ئه‌و بۆچونانه له‌سه‌ر چه‌ند ئاراسته‌یه‌كى میتۆدى رێككه‌وتوون كه په‌ویوه‌ندى نێوان میدیا‌و هێزه كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسییه‌كان رێك ده‌خه‌ن، خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانیشى به‌م شێوه‌یه‌یه (2):
1- تیۆرى ره‌خنه‌یی جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ناوه‌رۆكى میدیایی له بنه‌ڕه‌تدا خزمه‌تكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌و گروپانه‌ن كه پاوانى میدیایان كردوه، ئه‌مه‌ش واده‌كات روماڵێكى ناهاوسه‌نگ بۆ په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دروست ببێت.
2- ده‌روازه‌ى توێژینه‌وه‌ى میدیایی له دیدى تیۆرى ره‌خنه‌ییه‌وه شیكردنه‌وه‌ى ئه‌و كۆده مانایانه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندى سه‌رمایه‌دارى له رێگه‌ى ناوه‌رۆكى میدیاییه‌وه ده‌یخاته روو به‌مه‌به‌ستى راكێشانى ئه‌و چینه كاركه‌ره‌ى به‌ده‌ست چه‌وسانه‌وه‌ى ئابووریه‌وه ده‌ناڵێنن.
3- تیۆرى ره‌خنه‌یی كار بۆ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ى ئه‌فسانه‌ى بێ لایه‌نى له میدیاى خۆرئاوایی به تایبه‌ت ئه‌مریكى ده‌كات، به‌و پێیه‌ى ئه‌و میدیایه خزمه‌ت به كلتورى زاڵ و پاوانخواز ده‌كات، ئه‌و كلتوره‌ى له بنه‌ڕه‌تدا سه‌رمایه‌دارییه‌وه سیستمى سه‌رمایه‌دارى جڵه‌وی كردووه.
ریشه‌ى ئه‌م تیۆره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بیرى ماركسى، به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندى دیالیكتی ژێر خان و سه‌رخان، كه له‌بوارى میدیادا ژێرخان ده‌بێـته توانا ماددییه‌كان ده‌بێـه ئه‌و بونیاده‌ى وێنا سه‌رخان له‌سه‌رى ده‌وه‌ستێـت،له‌م سۆنگه‌یه‌وه تێزه فیكرییه‌كانى شوێنكه‌وتووانى قوتابخانه‌ى فرانكفۆرت(*) و شوێنكه‌وتووانى تێزه فیكرییه‌كانى بیرى ره‌خنه‌یی كلتورى بڕوایان به‌م بۆچونه هه‌یه‌و به‌رگرى لێ ده‌كه‌ن(3).
تێزه فیكرییه‌كانى قوتابخانه‌ى فرانكفۆرت جه‌خت له‌سه‌ر پاوانخوازى سه‌رمایه‌دارى ده‌كاته‌وه كه چۆن ئامانجه‌كانى له رێگه‌ى بازرگانى جیهانى و كلتورى جه‌ماوه‌رییه‌وه به‌دی دێنێت، ، واته كلتور ده‌بێته كاڵایه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانى قازانج، له‌رێگه‌ى پیشه‌سازى به‌رهه‌مهێنانى كلتوریشه‌وه به تێڕوانینێكى سه‌رمایه‌دارانه بیروبۆچونه‌كانى په‌یوه‌ست به كۆنترۆڵكردنى چینى پاوانخوازى و خاوه‌نندارێتى جێگیر ده‌بێت(4) .
(ماكس هوركهایمر) و (تیۆدۆر ئه‌دۆرنۆ) كه به دامه‌زرێنه‌رانى قوتابخانه‌ى فرانكفرت ده‌ناسرێن له چله‌كانى سه‌ده‌ى رابردودا چه‌مكى (پیشه‌سازى كلتورى) یان هێنایه ئاراوه، له رێگه‌ى شیكارییه‌كه‌و بۆ به‌رهه‌مه‌كانى ئه‌و پیشه سازییه له فیلم و به‌رنامه‌ى رادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنى و رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان ئه‌وه‌یان خسته روو كه ئه‌و پیشه‌سازییه هه‌مان یاساكانى پیشه‌سازییه‌كانى دیكه‌ى به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌كرێـت، ئه‌م دۆخه‌ش هێنده له‌به‌ره‌نجامى به‌گه‌ڕخستنى ته‌كنه‌لۆجیا له بوارى ئابووریدا دروست بووه، ئه‌وه‌نده له‌به‌ره‌نجامی پێشكه‌وتنى خودى ته‌كنه‌لۆجیاكه دروست نه‌بووه، بۆیه جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه كه ته‌كنه‌لۆجیا ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا سه‌پاندووه ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا هه‌ژموونگه‌رییه(5).
هیربه‌رت ماركۆزیش كه یه‌كێكه له فه‌یله‌سوفه‌كانى قوتابخانه‌ى فرانكفۆرت له سۆنگه‌ى به‌رفرانبوونى ته‌كنه‌لۆجیاو میدیاوه فۆرمێكى نوێی هه‌ژموونگه‌رى ده‌خاته‌روو كه بریتیه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى یه‌ك ئاڕاسته‌كه كه تیایدا مه‌وداكانى بیرى ره‌خنه‌یی نه‌هێشتووه(6).
هاوشێوه‌ى قوتابخانه‌ى فرانكفۆرت شوێنكه‌وتووانى تیۆرى كلتورى ره‌خنه‌یی كه ساڵانى حه‌فتاى سه‌دده‌ى رابردو له نێو بازنه ئه‌كادیمییه‌كانى ئینگلته‌راو زانكۆى بێرمینگامدا هاته ئاراوه، له‌م بواره‌دا هاوران له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌ى فرانكفۆرت و پێیان وایه ئه‌وه‌ى كۆنترۆڵى میدیا ده‌كات سه‌ره‌نجام دیدو كارنامه‌و بیروبۆچونه‌كانى به‌شێوازى جۆراو جۆر له ریگه‌یه‌وه ده‌خاته روو، بڕواشیان به چه‌مكى هه‌ژموونگه‌رى هه‌یه كاتێك باس له رۆڵى كلتورى میدیا ده‌كه‌ن(7)، له‌م روانگه‌یه‌وه (ستیوارد هۆڵ) كه كه‌كێكه له رێبه‌رانى ئه‌م تیۆره جه‌خت له‌سه‌ر هێزى میدیا ده‌كات له بوارى فیكر‌و به‌رهه‌مهێنانى كلتوردا و پێی وایه ئه‌ركى میدیا پیشتگیرى كردنى هه‌ژموونگه‌رى ناوه‌نده‌كانى هێزه، ئه‌و میدیاكارانه‌شى ئه‌م ئه‌ركه جێبه‌جێ ده‌كه‌ن راسته‌خۆ له‌لایه‌ن بیرى ئایدۆلوجى و سیاسییه‌وه كۆنترۆڵ نه‌كراون، به‌ڵكو كه‌وتونه‌ته دۆخێك كه به‌خۆیان بزانن یاخود نا بونه‌ته به‌شێك تیایدا، هاوشێوه‌ى ئه‌و هاوڵاتییه‌ى به‌زمانى نه‌ته‌وه‌كه‌ى قسه ده‌كات و له یاساكانى گرامه‌رى زمانه‌كه نازانێت(8).
مۆدێلى خۆرئاوایی و سه‌پاندنى هه‌ژموونگه‌رى میدیایی
گه‌شه‌كردنى ماس میدیا له سه‌ده‌ى رابردوودا چه‌ندین شێوازى جۆراو جۆرى كارى میدیایی له سه‌ر ئاستى جیهان دروستكرد، ئه‌و شێوزانه‌ش راسته‌خۆ په‌یوه‌ندى به‌سیستمى سیاسى وڵاتان و تێرَوانینیان بۆ كارى میدیاییه‌وه هه‌بوو، سیستمه سیاسییه‌كان به بێ جیاوازى دركیان به گرنگى و كاریگه‌رى میدیا كردبوو، به‌ڵام له شێوازى به‌گه‌ڕخستنى میدیادا دیدیان جیاوازبوو، له رژێمه تۆتالیتارییه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ى جه‌ماوه‌ر بخه‌نه ژێر ركێف و كاریگه‌رى میدیاوه بڕوایان به‌وه بوو كه ده‌سه‌ڵاتى سیاسی ده‌بێ راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتى میدیا بكات و له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه په‌یامه میدیاییه‌كان دیارى بكرێت و سانسۆریش بخرێته سه‌ر هه‌موو ئه‌و په‌یامه میدیاییانه‌ى له به‌رژه‌وه‌ندى ده‌سه‌ڵاتى سیاسی‌دا نییه(9) ئه‌م شێوازى به رێوه‌بردنه‌ى میدیا وه‌ك بنه‌مایه‌كى كاركرد له زۆرێك له وڵاتانى جیهاندا حێبه‌جێ كرا به‌تایبه‌ت له‌ماوه‌ى سه‌ده‌ى رابردوودا، تا ئێستاش له هه‌ندێ وڵاتى دنیادا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، له پاڵ ئه‌و مۆدێله‌دا مۆدێلى خۆرئاوایی كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا به پێشه‌نگى داده‌نرێت له سه‌ر بنه‌ماى سیستمى لیبرالى توانى به‌رگرێكى نوێ بكاته به‌ر شێوزاى كارى میدیایی و هه‌رزوو توانى هه‌موو ئه‌و كه‌لێنانه پڕ بكاته‌وه كه ركابه‌ره سیاسییه‌كانى له سیستمه سیاسییه جیاوازه‌كاندا به‌دى ده‌كرا، هه‌ر ئه‌و مۆدیله‌ش بوو واى كرد میدیاى خۆرئاوایی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ژموونگه‌رى دروست بكات له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌ڵه‌تی دروست بكات، مۆدێلى خۆرئاوایی له روانگه‌ى بازاره‌وه روانییه میدیا، به‌جۆرێك كه‌ناڵ ئه‌و ده‌زگایه‌یه كه شمه‌ك و كاڵا به‌رهه‌م دێنێ كه بریتییه له زانیارى و به‌رهه‌مه میدیاییه‌كان وبڵاوكردنه‌وه‌یان بێ قه‌یدومه‌رج، به‌و پێیه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى زانیارى كاڵاى سه‌ره‌كیه بۆ راكێشانى سه‌رنجى جه‌ماوه‌ر، ده‌بێ ئه‌و زانیارییانه سنورى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسی و ته‌نانه‌ت نێوده‌وڵه‌تیش ببه‌زێنێ، جه‌ماوه‌ریش بووه ئه‌و كڕیاره‌یه كه شمه‌كه‌كان ده‌كڕێت، به‌هه‌ند وه‌رگرتنى یاساى بازاڕ‌و قازانج له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بوو كه ده‌زگاكانى راگه‌یاندن كۆمپانیاى ئازادن و بژێوى خۆیان دابین ده‌كه‌ن، له‌و پێناوه‌شدا كار له‌سه‌ر به‌كۆمپانیاكردنی میدیا كرا، ئه‌مه‌ش وایكرد هاوشێوه‌ى بازار، ژماره‌یه‌ك كۆمپانیاى میدیایی پاوانى بازاڕه‌كه بكه‌ن و هه‌ژموونى خۆیان بسه پێنن، ئاوهاش ژماره‌یه‌ك ده‌زگاى راگه‌یاندن پاوانى بازاڕى راگه‌یاندن ده‌كه‌ن، لێره‌وه ئامانجی میدیاى خۆرئاوایی بریتی بوو له به‌ده‌ستهێنانى زۆرترین قازانجی ماددی(10) .
ئاماژه سیاسییه‌كانى هه‌ژموونگه‌رى میدیایی
هه‌ژموونگه‌رى میدیا له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و چینه ده‌ستڕۆیشتووه دروستى كردووه كه كۆنترۆڵێ ئابوورى ده‌كه‌ن، به دیدێكى ئابووریانه‌ش ده‌ڕواننه هه‌موو كایه‌كانى ژیانى مرۆڤ، هه‌ر ئه‌و دیده ئابوورییه‌ش كۆنترۆڵى سیاسه‌ت ده‌كات، واته به پێچه‌وانه‌ى سیستمى تاكڕه‌وى و تۆتالیتارییه‌كان به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كان كۆنترۆڵى سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، ئه‌م دۆخه له وڵاتانى سه‌رمایه‌دارى به روونى ده‌رده‌كه‌ون كه چۆن كۆمپانیا سه‌رمایه‌دارییه زه‌به‌لاحه‌كان ده‌بنه هێزى راسته‌قینه‌ى فشار‌و رۆڵى به‌رچاویان هه‌یه له دروستكردنى بڕیارى سیاسی‌دا، سیستمى حوكمڕأنیش له بنه‌مادا ئه‌و سیستمه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى سه‌رمایه‌دارى تیایدا ره‌نگى داوه‌ته‌وه، كاراكته‌ره سیاسیه دیاره‌كانیش كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌و هێزه ده‌كه‌ن كه به چینى تایبه‌ت ناسراون (11).
له بوارى میدیادا ئه‌م دۆخه به روونى ده‌رده‌كه‌وێـت كه چۆن میدیا به‌هاوشێوه‌ى سیاسه‌ت تێكه‌ڵ به ئابوورى كراوه، هه‌روه‌ك چۆن سیاسه‌ت دواجار ده‌چێته‌وه خزمه‌ت ئابوورى ، ئاوهاش میدیاش هه‌ر له‌خزمه‌ت فیكرى ئابووریدایه، واته میدیا‌و سیاسه‌ت دوو رووى یه‌ك دراون كه بریتییه له خزمه‌تكردنى سیستمى ئابوورى كه خۆى له سیستمى سه‌رمایه‌داریدا ده‌بینێته‌وه، بۆنمونه له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، پیشه سازى میدیایی هیچی كه‌متر نییه له پیشه‌سازییه‌كانى دیكه، له رووى به ده‌ستهێنانى قازانجه‌وه به یه‌كێك له پیشه‌سازییه پر قازانجه‌كان له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، هه‌روه‌ك ئه‌م پیشه سازییه له‌پاڵ قازانجى ماددیدا ، ئامانجی سیاسی ده‌پێكى، به‌تایبه‌ت كه توانایه‌كى له راده به‌ده‌رى هه‌یه بۆ ته‌یار كردنى جه‌ماوه‌ر، بۆیه زۆر جار ناو ده‌برێت به پیشه‌سازى راى و دروستكردنى بۆچون و سازاندنى فیكر‌و قه‌ناعه‌ت پێكردنى جه‌ماوه‌ر(12)، یۆرگن هابرماس كه به جێنشینى فیكرى ره‌خنه‌یی و قوتابخانه‌ى فرانكفۆرت له قه‌ڵه‌م ده‌درێت ئه‌م جۆره پیشه سازییه به به چه‌واشه‌كارى ده‌زانیت و پێی وایه دووباره‌كردنه‌وه سیستمى فیوداڵییه(13).
میكانیزمى كۆنترۆڵركردنى پیشه سازى میدیا له لایه‌ن كۆمپانیا گه‌وره‌كانه‌وه به‌چه‌ند شێوه‌یه‌ك ده‌ده‌كه‌وێت دیارترینیان كۆنترۆڵكردنى ته‌كنه‌لۆجیا و كۆنترۆڵكردنى ئه‌و عه‌قڵانه‌یه كه ناوه‌رۆكه‌كان به هه‌م دێنن، به واتایه‌كى دیكه هه‌ژموونگه‌رى میدیا له رێگه‌ى كۆنترۆڵكردنى ته‌كنه‌لۆجیاو سه‌رمایه‌ى هێزى به‌رهه‌مهێنانه‌وه ده‌بێت، ئه‌و هێزه‌ى تواناى ئه‌و كۆنترۆڵكردنه‌ى هه‌یه به پله‌ى یه‌كه‌م هێزى ئابوورییه، كه وه‌ك موگناتیسێك هه‌مووان بۆ خۆى راده‌كێشێت و به زه‌برى سه‌رمایه بوار بۆ ئه‌وانى دى ناهێڵێته‌وه، لێره‌وه هه‌ژموونى خۆى ده‌سه‌پێنێت، هه‌ر ئه‌و هێزه‌شه ئه‌و په‌یامانه دیارى ده‌كات كه دواجار له به‌رژه‌وه‌ندى خۆیدایه، به‌و پێیه‌ى پاوانكردنى میدیا وا ده‌كات له یه‌ك كاتدا زانیارییه‌كان و بیروبۆچونه‌كانیش پاوان بكرێت و هه‌موان پێكه‌وه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندى یه‌ك گۆشه نیگادا بخرێنه گه‌ر، له‌م سۆنگه‌یه‌وه هه‌روه‌ك چۆن له ئاستى سیاسی و ئابووریدا چه‌ند زلهێزێكى جیهانى هه‌یه ئاوهاش له‌سه‌ر ئاستى به‌رهه‌مهێنانى میدیایی و هه‌ژموونگه‌رى میدیایی چه‌ند زلهێزێك ده‌ركه‌وتوون، ئه‌و زلهێزانه میدیاى وڵاتانى خۆرئاوایه كه توانیویانه كۆنترۆڵى بواره جیاجیاكانى میدیا بكه‌ن كاریگه‌رى بكه‌نه سه‌ر راى گشتى جیهان (14).
هه‌ژموونگه‌رى میدیایی له ئاستى نێوده‌وڵه‌تییدا
له‌و كاته‌وه‌ى میدیا سنوورى وڵاتانى به‌زاندوو هه‌وڵى دا وه‌رگره‌كانى له‌سه‌ر هه‌موو جیهان بێت لێكۆڵینه‌كانى په‌یوه‌ست به هه‌ژموونى میدیایی ده‌ستى پێكرد، ئه‌گه‌ر ساڵانى دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهان به سه‌ره‌تاى چڕبوونه‌وه‌ى ره‌خنه‌كانى په‌یوه‌ست به هه‌ژموونى میدیایی له قه‌ڵه‌م بدرێت، ئه‌وا له قۆناغی ئێستاداو له‌گه‌ڵ پته‌وبوونى دینگه‌كانى به‌جیهانیبووندا هه‌ژموونى میدیایی له هه‌موو كات زیاتر بره‌وى سه‌ندووه‌و، ئه‌م هه‌ژموونه‌ى میدیا هه‌وڵى كۆنترۆڵێ گشت جیهان ده‌دا، به‌و پێیه‌ى مۆدێلى خۆرئاوایی له میدیادا شێوازى كارى لۆكاڵى گواسته‌وه بۆ ئاستى نێوده‌وڵه‌تى، به واتایه‌كى تر هه‌موو جیهان بونه ئه‌و بازاره فراوانه‌ى كه‌له‌به‌رده‌م میدیاى خۆرئاواییدا كرایه‌وه‌و هه‌وڵى ساغكردنه‌وه‌ى كاڵاكانى ده‌دا، ئه‌و مۆدێله‌ى میدیا به‌كردارى توانیویه‌تى به عه‌قڵه‌یه‌تى ئابوورى و به‌زه‌برى سه‌رمایه كۆنترۆڵێ ته‌كنه‌لۆجیاى به‌رهه‌هه‌مهێنان و شێوازى دروستكردنى په‌یام بكات، ئه‌گه‌رچى وڵاتانى تازه پێگه‌یشتوه‌كانیش دركیان به‌و هه‌ژموونه‌ى میدیاى خۆرئاوایی كردووه، به‌ڵام ئه‌وان له نێوان به‌رداشێكدان كه نازانن به‌كام لادا هه‌نگاو بنێن، كه ئایا خۆیان راده‌ستى ئه‌و هه‌ژموونه بكه‌ن و لاسایی ئه‌و مۆدێله بكه‌نه‌وه كه له كۆتادا خزمه‌تكردنه به‌فراوانكردنى ئه‌و هه‌ژموونه، یاخود به‌رگرى له كلتورى خۆیان و سیاسه‌تى خۆیان بكه‌ن، هه‌ر ئه‌م دۆخه‌شه وایكردووه جۆرێك له ململلانێی فیكرى له‌نێوان شوێنكه‌وتوانى بیرى خۆرئاوایی و ئه‌و موحافیزكارانه‌دا دروست ببێت كه بڕوایان به وابه‌سته‌بوونه به كلتورى ناوچه‌یی و نیشتمانى خۆیان،(15).
ئه‌م هه‌ژموونه‌ى میدیای خۆرئاوا له سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى دروست بووه، له بنه‌مادا بۆ پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆجیاو زانیارییه‌كان و خستنه گه‌رى بیرى ئابووریانه له بوارى میدیادا ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه سیستمى سه‌رمایه‌دارى خۆرئاوایی به‌رگرى لێ ده‌كات، هه‌موو پێشكه‌وتنێكى ته‌كنه‌لۆجیش زیاتر ئه‌و هه‌ژموونه ده‌چه‌سپێنێت، به‌و پێیه خۆیان به‌رهه‌مهێنى ئه‌و ته‌كنه‌لۆجیایه‌ن و وڵاتانى تازه پێگه‌یشتوو ناچارن له رێگه‌ى ئه‌وانه‌وه ده‌ستیان بكه‌وێت، لێره‌وه دیدى ره‌خنه‌یی له دژى ئه‌و هه‌ژموونگه‌رییه چه‌ندین تێرمى جیاجیان خستۆته روو ، له‌وانه نا هاوسه‌نگى له گواستنه‌وه‌ى زانیارییه‌كاندا به‌جۆرێك ئه‌م تێرمه زۆر جار بۆته جێگه‌ى مشت و مڕو له‌نێو كۆبونه‌وه‌كانى یونسكۆدا قسه‌ى له‌سه‌ر كراوه، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن وڵاتانى تازه پێگه‌یشتوه‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه، مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌یه كه وڵاتانى پێشكه‌وتوو كۆنتڕۆڵى ته‌واوى راگه‌یاندنى جیهانیان كردوه‌و ئه‌وه‌ى مه‌به‌ستیانه ده‌ینێرن و ئه‌وه‌ى مه‌به‌ستیان نییه ره‌تى ده‌كه‌نه‌وه هه‌روه‌ك فه‌رامۆشى پێداویستیه راسته‌قینه‌كانى وڵاتانى تازه‌پێگه‌یشتوو ده‌كه‌ن . لایه‌نگرانى ئه‌م تێرمه ره‌خنه له وڵاتانى ئه‌مریكاو ئه‌وروپاى خۆرئاوا ده‌گرن و پێیان وایه ئێستا ئه‌و وڵاتانه كۆنتڕۆڵى راگه‌یاندنى جیهانیان كردووه له ئاژانسه‌كانى هه‌واڵ، له رۆژنامه‌و گۆڤارا، له رادیۆ‌و كه‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنیه‌كان و فیلمه سینه‌ماكان … تادوایی، به‌پله‌ى یه‌كه‌م له وڵاتانى خۆرئاوا به‌تایبه‌ت ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا به‌رهه‌م دێت ئاراسته‌ى جیهان ده‌كرێ، وه‌رگره‌كانیش له‌سه‌ر ئاستى جیهان به‌خۆیان بزانن یا نا راده‌ستى ئه‌و هه‌ژموونه میدیاییه بوون كه به‌ده‌ر نین له مه‌غزای سیاسی كه پله‌ى یه‌كه‌م سه‌پاندنى دیدگاى سیاسیانه‌ى خاوه‌نن میدیایه كه‌له كلتورىكى نامۆیه شوناسى ره‌سه‌نى كلتورى وه‌رگره‌كانى(16).
ده‌ره‌نجام
هه‌ژموونگه‌رى میدیایی وه‌ك چه‌مكێك گوزارشته له توانا‌و هێزی میدیا له چه‌سپاندنى بیروبۆچونه‌كاندا، ئه‌و هه‌ژموونگه‌رییه‌ش به پله‌ى یه‌كه‌م هه‌ژموونێكه میدیاى خۆرئاوایی به تایبه‌ت میدیاكانى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا دروستیان كردووه، به‌و پێیه‌ى به‌دیدێكى ئابووریانه به‌هه‌مه میدیاییه‌كان ده‌خه‌روو بونه‌ته به‌شێكى ته‌واوكه‌رى سیستمى سه‌رمایه‌دارى، ئه‌م چه‌مكه ئێستا به روونى خۆى به‌رجه‌سته كردووه‌و به كردارى توانیویه‌تى له رێگه‌ى پیشه‌سازى به‌رهه‌مه میدیاییه‌كانه‌وه كاریگه‌رییه‌كانى خۆى به‌سه‌ر ته‌واوى جیهاندا بسه‌پێنێت، به‌جۆرێكیشه تادێت كاریگه‌رى زیاتر دروست ده‌كات، تێزه فیكرییه‌كانى تیۆرى ره‌خنه‌یی له مێژه مه‌ترسیه‌كانى ئه‌م هه‌ژموونگه‌رییه‌ى میدیاى خستویانه‌ته روو، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ به ئاگابوون له ده‌رهاویشته‌كانى و دانانى میكانیزم بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ى، به‌ڵام رۆژ له دواى رۆژ ئه‌م هه‌ژموونگه‌رییه زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت و له‌مپه‌ره‌كانى به‌رده‌م خۆى راده‌ماڵێت به‌تایبه‌ت له رۆژگارى ئه‌مرۆماندا كه دینگه‌كانى به‌جیهانیبوون خۆى چه‌سپاندووه‌و له‌سه‌ر ئاستى سیاسیش تاك جه‌مسه‌رى بوونى هه‌یه.
سه‌رچاوه
(1) د. می العبدالله، نظریات الاتصال، بیروت، دار النهضه العربیه، 2006، ص 204.
(2) المصدر نفسه، ص ص 197-198
(*) ساڵى 1923 ژماره‌بیرمه‌ندو توێژه‌ر هاوشێوه‌ى ماكس هۆركهمایر و فریدریك پۆللۆك ئه‌نیستیتۆیه‌كى تایبه‌ت به توێژینه‌وه‌ى سۆسیۆلۆژیان له زانكۆى فرانكفۆرتى ئه‌ڵمانیا دامه‌زراند، كه به‌یه‌كه‌م ناوه‌ندى توێژینه‌وه‌یی له ئه‌ڵمانیا ده‌ناسرێت به ئاشكرا خاوه‌ن دیدێكى ماركسی بوون، توێژینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كانیان بریتی بوو له ئابوورى سه‌رمایه‌دارى و مێژووى بزافی كرێكارى، ساڵى 1930 هۆركهمایر بووه سه‌رۆكى ئه‌و ئه‌نیستوته، ئه‌و ده‌مه‌ى ئه‌دۆلف هێتله‌ر هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات هۆركهمایر و هه‌موو ئه‌ندامه جوله‌كه‌كانى ئینیستوته‌كه‌ى ده‌كرد، ئینیستۆته‌كه‌ش به‌و پێیه‌ى له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك بازرگان و گروپى جوله‌كه‌وه هاوكارى دارایی ده‌كرا، باره‌گاى له چه‌ند وڵاتێك وه‌ك پاشكۆ كرایه‌وه، ئه‌م دۆخه زۆرى نه‌خایاندو ئه‌ندامانى ئه‌و ئینیستۆته له زانكۆى كۆلۆمبیا له نیویۆرك جێگیر بوون و سه‌رله نوێ ده‌ستیان به توێژینه‌وه زانستییه‌كانیان كرده‌وه، بڕوانه: ارماند ماتیلار و میشیلیه ماتیلار، نظریات الاتصال، ترجمه ادیب خضور، دمشق، المكتبه الاعلامیه، 2003، ص‌ص 78-79
(3) د.عماد حسن مكاوي، د.ليلى حسن السيد، الاتصال و نظرياته المعاصرة، القاهرة، الدار المصرية اللبنانية، 1998، ص ص 118-119.
(4) المصدر نفسه، ص 121.
(5) ارماند ماتيلار و ميشيلية ماتيلار، مصدر سابق، ص ص 82-83.
(6) المصدر نفسه، ص 85.
(7) د.عماد حسن مكاوي، د.ليلى حسن السيد، مصدر سابق، ص121
(8) د. مي العبدالله، مصدر سابق، ص 205.
(9) د. محمد بن سعود البشر، مقدمة في الاتصال السياسي، رياض، مكتبة العبيكان، 1998، ص ص 63- 64 .
(10) د. سعاد جبر سعيد، سيكولوجية الاتصال الجماهيري، عمان، جدارا للكتاب العالمي ، 2008، ص 87
(11) ناعوم تشومسكي، السيطرة على الاعلام، تعريب اميمة عبداللطيف، القاهرة، مكتبة الشروق الدولية، 2003، ص ص 11-12
(12) سلام خطاب الناصري، الاعلام والسياسة الخارجية الامريكية، بغداد، دار الشؤون الثقافة العامة، 2000ص 23.
(13) ارماند ماتيلار و ميشيلية ماتيلار، مصدر سابق، ص 87
(14) د. فاروق خالد، الاعلام الدولي والعولمة الجديدة، عمان، دار الاسامة، 2008، ص 139.
(15) د.وسام فاضل راضي، الاعلام السياسي و التلفزيون الدولي، بغداد، دار ومكتبة عدنان، 2013، ص ص 32-33.
(16) المصدر نفسه، ص 32