دوایین پرۆژەی رێکخراوی چمک دەبێتە تەوەری پرۆگرامێکی رادیۆیی

چمك، سلێمانی: بەمیوانداریی سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ دەقی نووسراوی پرۆژەی «زنجیرە مێزگردێکی لەبارەی دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا» بووە تەوەری سەرەکیی پرۆگرامی NGO لەرادیۆی گۆڕان بۆ قسەکردن لەسەر «دۆخی رۆژنامەوانی لەھەرێمی کوردستان»دا.
لەو پرۆگرامەدا کە گمۆ محەمەد ئامادە و پێشکەشیکرد؛ رووناکیی خرایەسەر ئەو پرۆژەیەی لەتەموزی 2020دا بڵاوکرایەوە کە لەدەقی نووسراوی حەوت مێزگردی رەخنەیی پێکھاتبوو؛ لەماوەی مانگەکانی ئەیلول و تشرینی دووەمی 2019دا بەدەستپێشخەری رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» و ھەماھەنگی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و ئامادەبوونی 45 کەسایەتی جیاواز رێکخران.
سەرۆکی رێکخراوی چمک لەو پرۆگرامەدا، وێڕای بەبیرداھێنانەوەی لەمپەرە سیاسیی، یاسایی، ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکان؛ دووپاتیکردەوە کە رەوشی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی ئێستای ھەرێمی کوردستان لەخراپترین دۆخی خۆیدایە، چونکە میدیای پیشەیی سات لەدوای سات کەمبەھاتر و بێبایەختر دەکرێت. بگرە خۆری میدیای حزبەکانیش بەرەو ئاوابوونەو ئێستا «میدیای کەسی» شوێنی میدیایەکی پیشەیی خاوەن کارنامەی نیشتمانیی گرتوەتەوە کە رۆژنامەوانان بەگشتیی و رەگەزی مێیینە بەتایبەت؛ بوونەتە قوربانیی سەرەکی.
بۆبیستنی تەواوی پرۆگرامەکە، کرتە لەم بەستەرەی خوارەوە بکەن:

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟