سەرنجی یاسایی لەبارەی پێشنیازە یاسای ڕێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی لە هەرێمی كوردستان

دانا دارا حسین*
ڕاستە لە هەرێمی كوردستان چەند یاسایەك هەندێك لە بواری كاری ئەلكترۆنی ڕێك دەخەن وەك : یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008 ی قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان – عێراق , و یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان , و یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2006 ی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان , بەڵام ڕێكخستنی كۆی بوارەكانی ئەم شۆڕشە مەعلوماتیە تا ئێستا بەیاسایەكی سەربەخۆ نەكراوە .
ئاستەنگەكانی بەردەم ئەم پێشنیازە یاسایە:
1. تەقنین كردنی ئەم بوارە ووریاییەكی زۆر باشی دەوێت , لەبەر ئەوەی سەرجەم بوارەكانی تەكنەلۆجیا سنورەكان ناناسێت , وە شكۆی وڵات و سەروەریەكەی و تایبەتمەندی كۆمەڵگاكان ڕەچاو ناكات , تەنانەت باز دەدات بەسەر سەروەری یاسا و ڕەهەندە نیشتیمانیەكانیشدا.
2. ڕێكخستنی بوارێك كە سەرچاوەكەی لەبەردەستی تۆنیە , كارێكی زۆر قورس و گرانە.
3. تۆڕەكانی ئینتەرنێت سەرجەمیان لەلایەن كەرتی تایبەتەوە خاوەندارێتی و بەڕێوە دەبرێن , وە بەشێوەیەكە كە كەرتی حكومیش وەك هاوڵاتیان بەشدارن و یەكێكن لە كڕیارەكانی.
4. زۆری بوارەكانی ڕێكخستنی ئەم بوارە وادەكات كە خودی دادگاكان تا ڕادەیەك دەست بەستراو بن لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی وەك لادان یاخود تاوانە ئەلكترۆنیەكان , ئەنجام دەدرێن.
5. ڕێكخستنی ئەم بوارە بەیاسایەك بۆ ئەوەی نەبێتە هۆكار بۆ تەسك كردنەوەی بواری ئازادی ڕادەربڕین , پێویستە یاسادانەر هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی داب و سیستەمی گشتی لەلایەك و پاراستنی ئازادیەكان بەتایبەت لە نێو میدیاو تۆڕی جاڵجاڵۆكەیی بەم یاسایە بپارێزێت و یاساكە نەكاتە قەدەغەكردن بە پشتیوانی یاسایی.
6. ئەو ئەزمونانەی لە پێشن بۆ ڕێكخستنی ئەم بوارە بەم شێوەیەن ( ئەزمونی میصریەكان كە لەنێو وڵاتە عەرەبیەكاندا بە یەكەم ئەزمون دادەنرێت , پاشان ئەزمونی تونسە لەم بوارەدا , پاشان وڵاتانی تریش بەدوایاندا هاتن : ئەردەن , مەغریب , جەزائیر , كوەیت , عێڕاق ).
7. نمونەی ڕێكەوتننامە و یاساكانی ئەم بوارە بریتین لەمانە :
– ڕێكەوتننامەی بۆدابست 2001
– ڕێكەوتننامەی عەرەبی بۆ قەڵاچۆكردنی تاوانە ئەلكترۆنیەكان .
– یاسای ڕێكخستنی ڕاگەیاندنی ئەلكترۆنی كوەیتی ژمارە 8ی ساڵی 2016
– ڕەشنوسی یاسای تاوانە ئەلكترۆنیەكان ی عێڕاق .
8. ڕەشنوسی یاسا عێراقیەكە بەناوی ( قانون الجرائم المعلوماتیة العراقی ) كە ساڵی 2011 لە ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و تا ئێستاش نازانرێت كە چارەنوسی چۆنە , ڕەخنە و سەرنجی زۆری لەسەر وترا , نمونەی وەك ڕێكخراوی (هیومان رایتس ۆچ ) زۆرترین سەرنجی هەبوو لەسەری و لەبارەیەوە ڕاپۆڕتێكی بڵاوكردەوە بەناوی ( قانون سيء الصياغة و عقوبات وحشية تنتهك حقوق و اجرائات التقاضى السليمة و حرية التعبير ) .
+سەرنجەكان لەسەر پێشنیازە یاساكە :
1. پێشنیازە یاساكە لەبری پەنا بردن بۆ هەمواری یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری لە هەرێم , هاتوە یاسایەكی نوێ‌ ی بۆ ئەم بوارە دەركردوە كە بەهۆیەوە جۆرێك لە فەوزای تەشریعی دروست دەكات , وەك زانراویشە كە پێشنیازەكە بۆ ڕێكخستنی بواری میدیای ئەلكتۆنیە , نەك سەرجەم بوارەكان بەتایبەت تاوانە ئەلكترۆنیەكان.
2. سەبارەت بە ناونیشانی تەشریعەكە , ئەگەر بویسترێت كە تەواوی چالاكیە ئەلكترۆنیەكان بگرێتەوە , ئەوا دەبێت ناوی تەشریعەكە بە شێوەیەك كە گونجاو بێت دەستكاری بكرێت.
3. ماددەی 1 كە پێناسەی چەمك و دەستەواژەكانە , تیایدا خزمەتگوزاری بە یان لەگەڵ ڕیكلامی بازرگانی كراوەتە دوو شتی جودا . پێویستە چاك بكرێت , هەروەها بەبازاڕكردن و كڕین و فرۆشی ئەلكترۆنی و پاشان بە خاڵێكی جودا چەمكی (حكومەتی ئەلكترۆنی ) پێناسە و بۆ زیاد بكرێت.
4. ماددەی 4 ی پێشنیارە یاساكە كە تەرخانە بۆ (بواری جێبەجێكردنی یاساكە ) دەبێت لەڕوی ڕیزبەندیەوە بخرێتە دوای ماددەی یەكەمەوە.
5. وە سەبارەت بە خاڵی كۆتایی هەمان ماددە , كە حوكمەكانی ناو ئەم یاسایە لاپەڕەی ناو تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان دەگرێتەوە , پێویستە بنوسرێت كە ( ئەوانەی بەناوی خاوەنی ڕاستەقینەیانەوەن ) و و پاشان پێویستە كەلە هەمان بڕگەدا ناوی سەرجەم ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیانە بهێنرێت كە حوكمەكانی ئەم یاسایە دەیان گرێتەوە.
6. ماددەی 5ی پێشنیارەكە ببرێتە بەشێكی كۆتایی بەناوی (حوكمە كۆتاییەكان)ی یاساكە.
7. ماددەی 6 و 7 ی پڕۆژەكە لە مەرجی خاوەن ئیمتیاز و سەرنوسەردا , تەمەنی 21 ساڵی وەك تەمەنی یاسایی و كامڵ بونی ئەهلیەت داناوە , ئەمەو لەكاتێكدا بەپێی یاسای شارستانی عێراقی بەركار تەمەنی یاسایی تەواوكردنی تەمەنی 18 ساڵیە.
8. ماددەی 9 لە پێشنیارەكە دەستەواژەی (بیفرۆشێ‌) بكرێتە وشەیەكی تر.
9. ماددە 11 مافی پۆزش هێنانەوە بۆ هەموو كەس بنوسرێت , هەروەها دەستەواژەی (بەدرۆخستنەوە ) بۆ دەقی تەشریعی جوان نییە پێشنیار دەكەم بگۆڕێت.
10. ماددەكانی 12+13+14 لە پێشنیارەكە , بكرێت بە بەشێكی سەربەخۆ بەناوی (حوكمە سزاییەكان)ەوە.
11. ماددەی 15 كە دوو مافی ژماردون و زۆر بە كورتیە , بەبێ‌ ئەوەی كە ناونیشانێكیش بەناوی ئەركەكان دیاربێت , پێویستە بخرێتە سەرەتای بەشەكەوە و ناونیشانیش وەربگرێت.
12. ماددەی 16 پێویستە ناونیشانی حوكمە سزاییەكان وەربگرێت و بڕگە بگە بكرێت.
13. لە بڕگەی یەكەمی ماددەكە , دەستەواژەی (پەلامار ) بكرێت بە (دەست درێژی ).
14. وە دێڕەكانی چوارەم و پێنجەم بكرێت بە بڕگەی سەربەخۆ چونكە لێك جودان , وە تەواوی بڕگەكانی ئەم ماددەیە وەك حوكمی سزایی داڕشتنەوەی بۆ بكرێتەوە.
15. ماددەی 17 لە پێشنیارەكە كە ماوەی 3 مانگی بۆ تەقادومی هەر تاوانێكی ئەلكترۆنی داناوە وەك تاوانی تەشهیری ڕۆژنامەنوس , ئەوا باش و گونجاوە , بەڵام پێویستە پرسی (شروعیش ) لە ماددەكەدا باس بكرێت.
16. ماددەی 22 كە تەرخانە بۆ ماددە پڕۆتۆكۆلیەكان و ڕاستەوخۆ دوای بڵاوكردنەوە جێ‌بەجێ‌ دەكرێت , گونجاوە كە بنوسرێت دوای 30 ڕۆژ لە بڵاوبونەوەی , ئەمەش لەپێناوی ئەوەی كە بگات بە عیلمی تەواوی هاوڵاتیان.
17. لەكۆتایدا هۆیەكانی دەرچون بكرێت بە هۆكارە پێویستەكان , كە یاساییە و وەرگێڕانی دەستەواژە عەرەبیەكەشە بەشێوەیەكی زانستی .
* ڕاوێژكاری پەڕلەمانی كوردستان

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟