ریکلامکردن: کوشتنی بەرهەمی خۆوڵاتی

نەوزاد جەمال
هەموو ساڵێک وەزارەتی کوشتوکاڵ دەکەوێتە بەردەم گرفتێکی چەندبارە بووەوە: راگرتنی هاوردەکردنی بەرووبوومی دەرەکی(ئەگەرچی هەر بەقاچاخ دێت). هەنگاوێکی خراپ نییە، بەڵام سەرچاوەی گرفتەکەش چارەناکات. چونکە، ناتوانێ بەرهەمی نێوخۆیی بپارێزێت و کێشەکەش چەندلایەنە. بەشێکی بۆ سیاسەتی کوشتوکاڵی و پیشەسازی دەگەڕێتەوە. بەشەکەیتریش پشتیوانی میدیاکانە لەساخکردنەوەو بازاڕسازیکردن بۆ بەرهەمی دەرەکی. ئایا ریکلامکردن رۆڵی لەبێبەهاکردنی بەرهەمی نێوخۆییدا هەیە؟
بەداخەوە نەپسپۆڕانی میدیاو نەکەناڵەکانیش درکیان بەم راستییەکردووە. بێئەوەی بەخۆمان بزانین، بازاڕسازی گەرموگوڕ بۆ کاڵای دەرەکی دەکەین و بەرهەمی نێوخۆیش بێبەها دەکەین. بەسەیرکردنی کەناڵەکان، هەست بەجەنگی برنجوڕۆن و چاو هتد… دەکەیت. ساڵانە سەرمایەکی باش لەبرەودان بەکاڵای هاوردەدا خەرجدەکرێ. ئەو ریکلامە بازرگانیانەی جەنگێکی نەبڕاوە لەسەر برنجێکی هاوردەدەکەن، لەسەدایەکیش رەواج بەهی خۆوڵاتی-خۆمانە- نادەن. بەگیرفانی خۆمان، ریکلامی زەبەلاح بۆ تورکیاو ئێران و هەندێکی وڵاتیتردەکرێت!
ریکلامەکان مەترسی راستەوخۆن لەسەر بەرهەمی ناوخۆ. کارەساتە بەپارەو تواناو بازاڕو زمانی خۆت، ریکلامی برنج، رۆنی و هتد… بیانی بکەیت. وەکئەوەی کوردستان بیابان بێت و ئەو بەرهەمەی تێدا شین نەبێت. ئاخر، ئەو هەموو ریکلامە بۆ برنجێک، لەکاتێکدا کۆمپانیایەک نییە برنجی خۆماڵی بکاتە -براند-مارکەیەکی بازرگانی و رکابەریی بکات؟ هەندێک بەرهەم وەک ‘چا’ کە ریکلامیان بۆ دەکرێت، بەرهەمهێنراوی وڵاتی کۆمپانیاکە نییە تا بڵێن لەناوخۆدا ئەو جۆرە بەرهەمناهێنرێت و پێویستە.
لێرەوە، ریکلامکردن دیوێکیتری گەمەی هاوردەکردنە. ئەو باج و سەرانەیەی چینێکی بەرپرس و کارمەندو کۆمپانیا لێی سوودمەندن، کە خۆشیان کاڵا ئەمدیودەکەن هیچ گومرک نادەن! مەترسیداری ئەقڵیەتی هاوردەکاری، پاشکۆیەتی ئابوورییەو شکست بەبەرهەمی خۆوڵاتی دەهێنێ. پاشکۆبوونێ کە “ناسنامەی نیشتمانی” فشەڵکردووە. ئەگەر نەڵێین هەرێمی کوردستان داگیرنەکراوە، ئەوا تەواو وابەستەی دەرەوەکراوە. بەناوی بازاڕی ئازادەوە، رێی داگیرکردنی ئابوری خۆشکراوە!
ئازادی بازاڕ هی کەرەسەو کاڵای خۆمانە نییە. بەڵکو، بێ لێپرسینەوەو بێچاودێری و بێسنوور، ئەمدیوکردنی کاڵای دەرەکییە. ئەو ترافیکە بێکۆنترۆڵەی لەخاڵە سنوورەکاندایە، شادەماری گەندەڵییە. لەڕێیەوە سەرمایەی ناوخۆ دەبردرێتەدەرەوە پارەشۆردنەوەش لەولاوە بووەستێت.
ئایا ریکلامکردن بۆ کاڵاو بەرهەمی هاوردە، چ رەنگدانەوەیەکی لەسەر شوناسی مرۆڤی ئێمە هەیە؟ هەمیشە بەبینین و پڕبوونی مارکێتەکان بەکاڵای ئەملاوئەولا، هەست بەنائامادەی ‘خۆت’ وەک مرۆڤێک دەکەیت. چونکە، کەمی و سووکی مرۆڤی خۆتت بەسەردا ساخدەکاتەوە. ‘تۆ’ی بێبەرهەم هیچیت، چونکە هیچت لەدەستنایەت. بەرهەم و کاڵای وڵاتێکیتر، باڵادەستی و زرنگی و لێزانی و دەستڕەنگینی “ئەوانت” بیردەهێنێتەوە. ئەوانێکی بەهرەدار، تۆیەکی تەمەڵ و بەرخۆر. جگەلەوەی، هاوردەکاری، راهێنانە لەسەر تەمەڵی، بێزاری و رقبوونەوە لەخۆت. راستە، پارەت هەیە، بەڵام ئەگەر ئەوان پێت نەفرۆشن، ناتوانی پارەکانت بخۆیت. رەنگە، هەندێک بەبیانوی ئەوەی دەستی ناوخۆیی بێئەزموونە، تەمەڵە یان خۆ پارەمان هەیە، ئیتر بۆخۆمان بڕەنجێنن. کە پارەش هەبوو مەلا لەمزگەوت دەردەکەم! بەڵام ئاکامەکەی ترسناکە وەک دەیبینین.
ساڵانێک ریکلامکردن لەراگەیاندنی کوردیدا باونەبوو. لەیادمە (٢٠٠٨) لەرێکخراوی(IMSK) هۆڵەندی/ کوردی، راهێنانمان بەرۆژنامەنووسەکان دەکردو هۆکاری پەرەنەسەندنی رۆژنامەگەری ئازاد باسدەکرا. یەکسەر، نەبوونی سەربەخۆیی دارایی گرفتێکی گەورەبوو. چونکە، میدیاکان بەگشتی سەرچاوەی سەربەخۆی داراییان نییە. رێگەچارەش؛ ریکلام و مارکێتین بوو. بەڵام، سەرنووسەرەکان، رۆژنامەنوسەکان هەمیشە گلەییان دەکرد کە کەس ریکلام ناکات. لەبەرئەوەی، دوکان، رێستورانت یان کۆمپانیاکان ناسراون، بێڕیکلامیش بازاڕیان گەرمە! کەچی ئێستە ئەوەندە ریکلام زۆربووە، خواخواتە هەواڵ و بەرنامەو فیلمەکان نەبچڕێن. پێدەچێت، وەک کەناڵە جیهانییەکان- دەبێت پارەبدەی بۆئەوەی ریکلام نەبینیت. ئەمەش، فێڵێکیتری بازاڕسازییە کە بەدوو میکانیزم قازانجدەکات. لەلایەک بەڕیکلامکردن پارە لەخاوەن کاڵاکە دەسەنێت. لەلایەکیترەوە، تەماشاکەری ‘تیڤی’ ئەگەر حەز بەڕیکلام نەکا دەبێت پارەبدات! کەواتە، ئەوەندە بەریکلامکردن هەراساندەکرێیت تا دەبێت خۆت بکڕیتەوە.
ئەو ریکلامانەشی کە دەکرێن، پێویستە بخرێنەژێر زوومی توێژینەوە. تاچەندە کاریگەری نەرێنین لەسەر بەرهەمی خۆوڵاتی هەیە؟ ئایا لەڕووی پەروەردەییەوە گونجاون؟ ئاستی زمانپاراوییان لەکوێدایە؟ یان ئاکام و لێکەوتەی تەندروستیان چۆن؟ راست و ناڕاستی لەپەیامیاندا، چێواشەکردن و بەلاڕێدابردنی پێوەدیارە؟ بانگەشەکردن بۆ کاڵایەک کە باشترینە، کاریگەرترینەو بەنموونە دابەزاندنی کێش، شامپۆو دەرمان، بەبێ بەدواچوون و سەرپەرشتی تەندروستی نابێبکرێت. ئەمانەو چەندان کێشەیتر کە پێویستە ریکلامکردن وەک بەشێک لەسیاسەتی فەرهەنگسازی و پاراستنی بەرهەمی خۆمانە تەماشابکات. رەنگە، رێسای بازاڕ ئەوەبێت: ریکلام کڕیار و پێداویستی بۆ بەکاربەر دروستدەکات، نەک بەپێچەوانەوە. بەڵام، ئەمڕۆ ریکلام لەپێشدا گیرفانمان خاڵیدەکات، ئینجا بیرۆهۆش و دەروونمان بەتاڵدەکاتەوە.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟