چمک، سلێمانی: لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ڕێکخستنی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی، پارێزگای سلێمانی بە فەرمیی پشتیوانی و هاوبەشی کارگێڕیی خۆی بۆ کۆڕبەندەکە ڕاگەیاند کە بڕیارە لە یادی 128 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیی-دا لە شاری لەندەن-ی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەبچێت.
ڕۆژی سێشەممە (03ی شوباتی 2026)، لە دیوانی پارێزگا؛ پ.ی.د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، پێشوازیی لە پ.ی.د. شوان ئادەم ئەیڤەس، سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و ڕێکخەری گشتیی کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ڕیفۆرمی میدیایی کرد.
پایتەختی ڕۆشنبیريی و مێژوویەکی هاوبەش لەگەڵ بەریتانیادا
لە دیدارەکەدا؛ تیشکخرایەسەر ڕۆڵی مێژوویی و دەستپێشخەریی بەردەوامی پارێزگای سلێمانی وەک پایتەختی ڕۆشنبیریی لە گەشەپێدانی کەرتی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی کوردیي-دا. ئاماژە بەوە کرا کە سلێمانی هەر لە سەردەمی شێخ مەحموودی حەفید و هاتنی چاپخانە و چاپکردنی ڕۆژنامەکانەوە، پێشەنگ بووە لە ڕێکخستنەوەی پیشەیی میدیا، تا دەگاتە سەردەمی ئێستای “شۆڕشی ژیریی دەستکرد” و پێویستییەکانی ڕیفۆرم لە ناوەڕۆکی میدیای کوردیي-دا.
لەندەن؛ وێستگەی نوێی ڕیفۆرمی میدیایی
هەردوولا هاوڕابوون کە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتووی وەک شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) و بەشداریپێکردنی پسپۆڕان و نێوەندە ئەکادیمییەکانی ئەو وڵاتە، پێویستییەکی هەنووکەییە بۆ دانانی نەخشەڕێی ڕیفۆرمی میدیایی لە کوردستان-دا. لەو سۆنگەیەوە، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر هەم وەک پارێزگار و هەم وەک پسپۆڕێکی بواری زمانی ڕاگەیاندن، دەستخۆشی لە دەستپێشخەرییەکانی ڕێکخراوی چمک کرد و ئامادەیی تەواوی پارێزگای سلێمانی بۆ پشتیوانی و هاوبەشی کارگێڕیی لە سێاەمین خولی کۆڕبەندەکەدا دەربڕی کە بڕیارە لە لەندەن سازبکرێت؛ ئەو شارەی کە لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانییەکانەوە دووەم خولی ڕۆژنامەی کوردستان-ی لێ چاپکراوە.
دەربارەی چمک و کۆڕبەند
چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ ڕێکخراوێکی ناحکوومیی قازانجنەویستی سەربەخۆیە، لە ساڵی 2017-ەوە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە. ڕێکخراوەکە لە ساڵی 2021دا یەکهەمین خولی “کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ڕیفۆرمی میدیایی” لە شاری سلێمانی ئەنجامدا و بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گونجاندنی میدیای کوردیی لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکان-دا.











