سێهەمین کۆڕبەندی چمک وەک کۆنفرانسێکی زانستیی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا تۆمار کرا

چمک، هەولێر: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، سێهەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی وەک کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتیی تۆمار کرد و ڕەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی دەربڕی.

پاڵپشت بە ڕێنمایی کۆنفرانسی زانستیی، ژمارە: شەش-ی ساڵی 2022 و بە واژۆی پ.ی.د.ژاڵە سەعید خەتات؛ بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە ڕۆژی سێشەممە (24ی شووباتی 2026) نووسراوی فەرمیی ژمارە 3815ی لەبارەوە دەرچووە کە تێیدا «لاری نەبوون»ی زانستیی وەزارەت بۆ ڕاگەیاندنی کۆڕبەندەکە دوپاتکراوەتەوە. ئەم هەنگاوە کارگێڕییە فەرمییە دوای کۆبوونەوەیەکی فراوانی نێوان د.ئارام محەمەد قادر؛ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی و پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) هاتە ئاراوە.

لەو دیدارەدا کە هەریەک لە پ.د.محەمەد حسێن، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگەی دڵنیایی جۆریی، پ.ی.د.توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕیی و دارایی، و پ.د.ئەمجەد سابر دەلۆ؛ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر ئامادەی بوون، وەزیری خوێندنی باڵا پشتیوانی تەواوی خۆی و وەزارەتەکەی بۆ سەرخستنی کارەکانی سێهەمین خولی کۆڕبەندەکە دەربڕی کە بڕیارە لەژێر ناونیشانی «ڕیفۆرمی میدیایی لە ناوچەکانی پاش-ململانێ-دا: کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتیی لەسەر نەخشەڕێی سیاسەتی ستراتیژیی کوردستان» بەڕێوەبچێت. لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا؛ئامادەبووان گفتوگۆیان لەسەر چەند پرسێکی گرنگ و هەستیار کرد، لەوانە: کاریگەرییەکانی تەشەنەسەندنی تەکنیکەکانی ژیریی دەستکرد (AI) لەسەر نووسینی توێژینەوە زانستییەکان و مەترسییەکانی پێشێلکردنی پێوەرەکانی ڕێسا پیشەییەکانی ڕاگەیاندن. هەروەها جەختکرایەوە سەر گرنگیی بەرفراوانکردنی ئازادییە ئەکادیمییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی، وەک بەشێک لە پڕۆسەی ڕیفۆرمی میدیایی لە هەرێمی کوردستان-دا.

جیاواز لە خولەکانی ڕابردوو؛ سێهەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک لە یادی 128 ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ساز دەکرێت. هەرچەندە بڕیاربوو لەمانگی نیسان-دا ئەنجامبدرێت، بەڵام لەپێناو هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی ڕێکارە زانستییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ توێژەران تا بتوانن ڤیزەی بەریتانیا بەدەستبهێنن، پێشنیاز کرا کۆڕبەندەکە بۆ ڕۆژانی 6-7ی تەمووزی 2026 دوابخرێت. ئەم چالاکییە نێودەوڵەتییە بە میوانداریی زانکۆی میدڵسێکس و هاوپەیمانێتیی ڕیفۆرمی میدیایی لە سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی گۆڵدسمس و بە هاوبەشیی هەریەک لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، دەزگای ڤیژن ئەید بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی و دامەزراوەی پەروەردەیی کانگا ڕێکدەخرێت.

کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی؛ پڕۆژەیەکی ساڵانەیە و لەلایەن ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی-ەوە سەرپەرشتی دەکرێت. خولی یەکهەمی لە ساڵی 2021 و خولی دووهەمی بە هاوبەشیی ئەکادیمیی زانکۆی سلێمانی لە ساڵی 2025 بەڕێوەچوو. ئەم کۆڕبەندە هەر بەتەنها چالاکییەکی زانستیی نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی ڕاسپاردەکانییەوە کار لەسەر ئاڕاستەکردنی دەسەڵاتەکانی: یاسادانان، ڕاپەڕاندن، دادوەریی و دەزگەکانی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنیی دەکات بۆ بنیاتنانی ژینگەیەکی میدیایی لەبارتر.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟