سەرۆكی ڕێكخراوی چمك «سوپاس و پێزانین»ی وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوانی پێدەگات

چمک، هەولێر: وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوان بە نووسراوی ژمارە 111ی ڕۆژی 02ی کانوونی یەکهەمی 2024، «سوپاس و پێزانین» ئاڕاستەی دکتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس؛ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کولتوور و میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەکات کە وەک پسپۆڕێکی ڕێسا پیشەییەکانی ڕاگەیاندن، «لە ڕێگەی سەرۆکایەتیی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک) و بە چەندین ڕێگەی جیاوازی وەک نووسینی کتێب، توێژینەوەی زانستیی، کاری پیشەیی و ئەکادیمییەوە؛ لە دەرخستنی خەوش و هەڵە باوەكانی میدیا بەشداربوون.»

لە نووسراوەکەی حەمەی حەمەسەعید؛ وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوان بۆ پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس-دا هاتووە: «سووپاس و پێزانینی وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان ئاڕاستەی بەڕێزتان دەکەین لە پای هەوڵ و هەنگاوی خەمخۆرانەتان بۆ چاودێریی و ڕێکخستنەوەی ناوەڕۆکی میدیایی لە هەرێمی کوردستاندا، …هەوڵەکانتان لە سۆنگەی خەمخۆرییەوە بووە بۆ باش پەروەردەکردنی میدیایی و کەمکردنەوەی ئاستی خراپ بەکارهێنانی ناوەڕۆکی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. بەردەوام؛ بۆ هەر پرس و بابەتێکی جێبایەخی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ئامادە و هاوکار بوون، ئەوەیش مایە ڕێز و پێزانینمانە.»

چاودێریی میدیای کوردیی (چمک)؛ وەک ڕێکخراوێکی ناحکوومیی قازانجنەویست لە تشرینی یەکهەمی 2017 لەلایەن دکتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس دامەزراوە و سەرۆکایەتیی دەکرێت. هاوکات وەک سەرنووسەری یەکهەم گۆڤاری پەروەردەی میدیایی دەرگاوان و ڕاوێژکار و ڕاهێنەر و پسپۆڕێکی ڕێسا پیشەییەکانی ڕاگەیاندن لە چەندین خول و بەشی زانستیی زانکۆکان کاری ئەکادیمیی و پیشەیی کردووە.

پ.ی.د. شوان ئادەم ئەیڤەس وەک مامۆستایەکی زانکۆ لە ڕۆژی دووشەممە (03ی حوزەیرانی 2024)دا و بە بڕیاری ژمارە 2534/ک/2021، دادگەی کەتنی دووی سلێمانی بە تاوانی دانانی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی ئیتیکی میدیا بۆ قۆناغی دووهەمی بەشی ڕاگەیاندنی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی هەڵەبجە بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021، سزای سێ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاند کە بە بڕوای بەشێکی زۆر لە یاساناسان؛ «حووکمێکی سەیر و نامۆ» بوو بە سیستەمی دادوەریی و دادگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش. هەروەک لە دەقی سزاکەدا هاتبوو: بەپێی ماددە 433/ێ‌ لە یاسای سزادانی عێراق؛ ژمارە 111ی ساڵی 1969 سزای (حەبسی سووک) بەسەر ئەو مامۆستایەی زانکۆدا سەپێنراوە، ئەوەیش بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن و باری ژیان و نەبوونی پێشینەی تاوانکاریی و بارودۆخی تاوانەکەی؛ دادگا دەگەیەنێتە ئەو باوەڕەی کە جارێکی تر لە داهاتوودا تاوان ئەنجام نادات، لەبەر ئەوە دادگا بڕیاری دا بە وەستاندنی جێبەجێکردنی سزاکە دژی تۆمەتبارکراو بۆ ماوەی سێ ساڵ لە رۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارە، بەو مەرجەی بەڵێن بدات کە لەو ماوەیەدا رەفتار و هەڵسوکەوتی چاک بێت.

سزادانی ئەکادیمییەکی پسپۆڕی وەک د.شوان ئادەم ئەیڤەس ناڕەزایی بەدوادا هات و کۆمەڵێک توێژەر و مامۆستای زانکۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایانکرد کە «سنوردارکردنی ئازادییەکانی توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ لە مافی دەربڕین و هێناوەوەی نموونەی زیندوو لە هۆڵەکانی خوێندن و وانە گوتنەوە و پرسیارەکانی تاقیکردنەوە، بە هێڵی سووری کارکردنی پیشەیی و ئەکادیمیی خۆمان دەزانین و هەر هەوڵ و هەنگاوێکی لەو جۆرەش شەرمەزار دەکەین و دژی دەوەستینەوە.» هەروەها تۆڕی ئەکادیمیی کوردیی؛ ئەو بڕیارەی بە هەڕەشەیەکی مەترسییدار ناوبرد و ڕایگەیاند: «سزادانی د.شوان ئادەم ئەیڤەس لەسەر بڕگەکانی «پرسیاری تاقیکردنەوە» و لەپای هێنانەوەی «نموونەی زیندوو» لە هەواڵ و بابەتی رۆژنامەوانیی میدیای کوردی، بە پێشلکارییەکی زەق و دیاری ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەری و ئەرک و مافی کارکردنی ئەکادیمی و ئەکادیمیانی کوردستانی دەزانین.»

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟