بیرۆکەی پاراستنی نهێنی و تایبەتمەندی ژیانی تایبەتی کەسەکان، مێژوویێکی دێرینی هەیەو تەریب بەقۆناغەکانی گەشەسەندنی ئەو مێژووەش، گۆڕان بەسەر واتاو ناوەخنی رەگەزەکانیدا هاتووە. چوارچێوەی رەگەزەکانی بەپێی تێڕوانینی باوی کۆمەڵگاو کولتورو سیستمە جیاوازەکان، بۆ ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی لەگرژبوون و کشانێکی بەردەوامدایە، بەجۆرێک ئەگەر ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی شادەماری ئازادییە بەدەستهاتووەکانی مرۆڤایەتی بێت، ئەوا پاراستنی ئیتیکی و یاسایی مافی ژیانی تایبەتی هاووڵاتیان، تاجەگوڵینەی ئەو ئازادیانەیە کە بەرپرسیارانە بەکاردەهێنرێن و دەبنە هەوێنی مانەوەو بەردەوامی ژیانی تاک و کۆی کۆمەڵگاکان.
رێژەییبوونی ئەم چەمکە وایکردووە بەپێی کەس، بابەت، قۆناغ، شوێنکات و دۆخی کولتوری، سیاسی، ئابوری، زانستیی لەگۆڕانێکی بەردەوامدا بێت و نەخرێتەژێر باری لێکدانەوەیەکی سنوردار، هەروەک چۆن ناشتوانرێ گۆشەکانی بەڕاستەو پرگال بپێورێن و دەستنیشانکردنیان لەلای یاساناسان و توێژەرانی زانستی رۆژنامەگەریی هێند روون و ئاسان بێت کە دەستبەجێ بڕیار لەسەر پەخش و بڵاوبونەوەیان بدرێت، ئەوە لەکاتێکدا ئەگەر هاتوو قورسترین بڕیاری ئەوانە نەبێت کە خۆیان بەبەرپرسیاری ماف و ئازادییەکانی تاکەکەس دەزانن.
تاکەکانی هەر کۆمەڵگایەک بەتەنها بەنان و بەرژەوەندییە مادییەکانیان ناژین و ناتوانن درێژە بەمانەوەی خۆیان بدەن، بەڵکو پێویستییان بەوە هەیە بەدوور لەچاوو زمانی کەسانی دیکە، هەست بەئاسایش و ئۆقرەیی شوێنی مانەوەو پشوودان و نەپشکنین یاخود سەقامگیری ساتەوەختی تەنهایی و هێمنی، نهێنی پەیوەندییە جەستەیی و ئەلکترۆنییەکان یان ئاڵوگۆڕی نامەو وێنەو بەڵگەنامەکان، دۆخی بێدەنگی و خەڵوەتنشینی، ئازادیی پێکەوەژیان و دورەپەرێزی ژیانی رۆژانەی خۆیان بکەن، ئەوەش لەدەقی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، رێککەوتنامە نێودەوڵەتیی و هەرێمایەتییەکان، دەستوری زۆربەی وڵاتان و یاسا ناوخۆییەکاندا دوپاتکراونەتەوە و پارێزگاری لێکردنیان، بەهەند وەگیراوە و ئاماژەیان پێدراوە. لەئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیشدا پاراستنی مافی ژیانی تایبەتی کەسەکان، بەیەکێک لەو مافە سەرەکیی و گرنگانە دادەنرێت کە پەیوەندی بەئازادییەکانی تاکەکەس و بیرۆکەی تاکگەراییەوە هەیە، چونکە تاکەکەس بناغەی کۆمەڵگایەو یاسا ئامرازێکە بۆپاراستنی ماف و ئازادیی کەسەکان. بایەخی ئەم مافە لەلایەک بۆ رێزگرتن لەژیانی تایبەتی هاووڵاتیان و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ ئازادیی رۆژنامەگەریی دەگەڕێتەوە. گرنگییەکەی دوولایەنەیەو هەردووکیشیان لەئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییدا بەهاو بایەخێکی بەرفراوان و کاریگەریان هەیە. کاردانەوەو کاریگەریشیان لەسەر کایەکانی دیکە هەبووەو هەیە.
ئەم مافە کۆکراوەی چەند مافێکی کەسیی دیکەیەو لەپەیوەندییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ هەریەک لەمافەکانی نیشتەجێبوون و نەپشکنینی شوێنی کارو مانەوە، مافی وێنەی کەسەکان، مافی رێزگرتن لەگفتوگۆی تایبەتی، مافی پاراستنی نهێنی ئاڵوگۆڕی نامەکان، پاراستنی مافی دانەر و پاراستنی مافی زانیارییە ئەلکترۆنییەکان و چەندان ماف و ئازادیی دیکەی کەسەکان. مافی ژیانی تایبەت، بۆیەکەمجار لەبواری زانستە کۆمەڵایەتیی و یاساییەکاندا ناسرا و بڵاوبۆوە، یەکێکە لەمافە شارستانییەکان کە لەئەمڕۆدا بەهۆی داهێنانە بێشومارەکانی زانست و تەکنۆلۆژیای هاوچەرخ، سنوری نێوان ژیانی گشتیی و تایبەتیی کەسەکانی نزیک خستوەتەوە. زۆرجار لەرێی دەزگا سیخوڕیی و هەواڵگرییەکان یان هێرشی عەقڵی ئەلکترۆنیی و چەتەکانی ئینتەرنێت یاخود تیرۆری ئەلکترۆنیی و بەهۆی ئامرازەکانی رۆژنامەگەریی و رۆژنامەوانانەوە، سنوری ژیانی گشتی و تایبەتی دەبەزێنرێت و پێشێلی ئەو مافە مەدەنییەی کەسەکان دەکرێت کە هەریەکەیان لەهەوڵی بەنهێنی هێشتنەوەی لایەنە خودیی و تایبەتیەکانی ژیانی خۆیاندان و نایانەوێ کەسانی دیکە بیزانن یاخود ئاشکرابکرێن و تایبەتمەندییەکانیان پەخش و بڵاوبکرێنەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، هاووڵاتیان لەچوارچێوەی ژیانی بەکۆمەڵدا ژیاون چ لەنێو خێزان و هۆزو شاردابێ یان لەچوارچێوەی وڵاتێکی دیاریکراودا، لەو جۆرە ژیانەشدا هەمیشە کارو چالاکی و رەفتارو هەڵسوکەوتی کەسەکان رووبەڕووی بەرژەوەندییە کۆک و ناکۆکەکانی یەکتری بونەتەوە. لەپێناو بەدەستهێنانی ئاسایش و ئازادیی هەمواندا، کەسەکان ناچاربوون دەست لەبەشێک لەماف و ئازادییەکانیان هەڵگرن، لەدواتریشدا یاسا ئەرک و مافی کەسەکانی وەک دوو رووی یەک دراو دەستنیشانکردوەو بەهۆی پەیوەندییەکی یاساییەوە پێکیەوە بەستونەتەوە، ئەوەش نەک بەتەنها لەپێناو بەرژەوەندییە خودیی و تایبەتییەکانی کەس و لایەنێکی دیاریکراو، بەڵکو بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتیانە. بێگومان گرنگیدان بەمافی ژیانی تایبەت لەنێو کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا سادەتر بووەو هێندەی کۆمەڵگە نوێکانی ئەمڕۆ ئاڵۆز نەبووە، هەروەک چۆن لەئێستادا کۆمەڵگا نوێکان روبەڕووی قەیرانی ژیانی تایبەت بونەتەوە بەهۆی:
1. خێرایی گەشەی ئامرازەکانی گەیاندن و راگەیاندن و زیادبوونی پێویستیی وەرگران بەزانیاریی و هەواڵەکان، بەتایبەت ئەو هەواڵانەی کە پەیوەندییان بەرووداوە سیاسی، ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە.
2. گەشەسەندنی زانستیی و تەکنۆلۆژی بەشێوەیەکی خێرا لەهەموو بوارەکانی ژیاندا، جا چ لەسەر ئاستی بینراو بێ یاخود لەئاستی ئامرازەکانی بیستن و رێکخراوە زانیاریبەخشەکان کە بێگومان خێرایی ئەو گەشەسەندنەش وادەکات دزە بکرێتە نێو نهێنییەکانی ژیانی تایبەت و سنوری تایبەتمەندییەکان ببەزێنرێت. بەدەر لەوە لەهەندێ حاڵەتدا کاردەکاتە سەر تێکشکاندنی تەواوەتی کەسەکان جا کەسانی مەعنەویی بن یان ئاسایی، گشتیی بن یاخود تایبەتی، ئەوەش بەهۆی ئامرازە نوێکانی بواری چاودێرییکردنەوە دەبێ لەرێی بینین و بیستن و تۆمارکردنی دەنگ و رەنگی هاووڵاتیانەوە بەشێوازی نهێنی و شاراوە، دوور لەئاگاداری و وەرگرتنی رەزامەندی خۆیان.
مافی ژیانی تایبەت لەیاساو ئیتیکی رۆژنامەگەریی دا، ناونیشانی سەرەکی توێژینەوەکەیەو مەبەست لێی روونکردنەوەو دەستنیشانکردنی چەمکو چییەتی مافو مافی ژیانی تایبەتی کەسەکانە بەدیاریکراوتر، لەگەڵ خستنەڕووی ئەو رەگەزانەی دەچنە چوارچێوەی ئەم مافەو ئەوانەشی ناکەونە ژێر سایەی مافی ژیانی تایبەت، ئەویش لەلایەک بەپێی بنەما یاساییو ئیتیکییەکانی پیشەی رۆژنامەگەرییو لەلایەکی دیکەشەوە لەرێی تۆمارکردنی دیارترین ئەو نمونە رۆژنامەوانییانەی پێشێلی نهێنیو تایبەتمەندی ژیانی تایبەتی کەسەکانی تیاکراوەو بەهۆیەوە رۆژنامەوانان روبەڕووی لێپرسراوێتی ئیتیکی پیشەییو سزای یاسایی بونەتەوە.ئەم توێژینەو ەیە هەوڵ دەدات خوێندنەوەیەکی نوێ بۆمافی ژیانی تایبەت بکاتو سنورەکانی لەیاساو ئیتیکی رۆژنامەگەریی دەستنیشان بکات، رەنگدانەوەی پێشێلکردنی لەرۆژنامەگەریی کوردییدا بخاتە بەر باسو لێدوانو پێشنیازو راسپاردەی گونجاویش بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو پێشێلکاریانە بخاتەڕوو.
لەدوای ئەو شەپۆلە بەرفراوانەی زانستو تەکنۆلۆژیای گەیاندنو راگەیاندن لەکۆتاییەکانی سەدەی پێشوو و دەسپێکی هەزارەی سێیەمدا، کە بەشێکی زۆری جیهانی گرتەوەو تەقینەوەی زانیارییەکان زۆر بەخێرایی بەهەموو کوچەو سوچێکی دنیادا پەخشو بڵاوبوونەوە، قەیرانی ژیانی تایبەتو پاراستنی مافی ژیانی تایبەتی هاووڵاتیان، ئێستا بوەتە باسوخواسێکی گەرموگوڕی نێوان یاساناسانو زانایانی رۆژنامەگەرییو پیشەوەرانی بوارەکە. تازەیی ئەم قەیرانەو تەشەنەسەندنی و نەبوونی سەرچاوەی زانستیی لەلایەکو کەمییو دەگمەنی زانیارییو هۆشیاری لەبارەی ناوەخنی ئەم مافەو سنورەکانیو ئەو رەگەزانەی دەچنە چوارچێوەی ژیانی تایبەتی کەسەکان لەلایەکی دیکەوە بەتایبەت ئەوانەیان کە لەرووی ئیتیکیو یاساییەوە یاساغکراوە زانیارییو هەواڵیان لەبارەوە بڵاوبکرێنەوە لەگەڵ ئەو رەگەزانەی بەژیانی تایبەت دانانرێنو رێگەپێدراوە وردەکارییەکانی لەرێی ژانرە جۆرەبەجۆرەکانی رۆژنامەگەرییو ئامرازە هەمەچەشنەکانییەوە پەخش و بڵاوبکرێنەوە هۆکارگەلی سەرەکی بوون لەهەڵبژاردنی ناونیشانی ئەم توێژینەوەیەو شەنوکەوکردنی رووکاری نادیارو زانراوی ئەم مافەو گەڕان بەدوای رێگەچارەی واقیعیو دروست بۆبەرگرتن لەپێشێلکاری مافی ژیانی تایبەتی کەسەکانو سنوردارکردنی. بەدەر لەوانە، حەزو خولیای توێژەر بۆ قاڵبوونەوەی زیاتر لەبواری رۆژنامەگەرییو رێوشوێنە ئیتیکیو یاساییەکانی پیشەکەو بەئاگابوون لەزۆریی ئەو سکاڵای یاساییانەی لەسەر رۆژنامەوانانو دەزگاکانیان تۆماردەکران بەتایبەت لەدوای پەسەندکردنی یاسای رۆژنامەگەریی کوردستان لەمانگی ئەیلولی ساڵی 2008دا، کە بەشێکی زۆریان بەتۆمەتی ناوزڕاندنو دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتی کەسەکان تۆمارکراون، هەموو ئەوانە وایان لەتوێژەر کرد زیاتر سور بێت لەسەر ئەنجامدانو تەواوکردنی توێژینەوەکە. لەدرێژەی بەش و باسەکانی ئەم توێژینەوەیەدا، هەوڵ و تەقەلای توێژەر لەپێناو گەڕان بەدوای دۆزینەوەو ئاشکراکردنی وەڵامی گریمانەو پرسیارگەلی ئیتیکی و یاسایی دەخرێتەگەڕ، لەبارەی مافی ژیانی تایبەتی کەسەکان لەوانە:
بەهاو گرنگی ماف بەگشتی و شوێنی مافی ژیانی تایبەت لەنێویدا چییەو چۆنەو دەچێتە کام خانەی پۆلێنکردنی مافەکانەوە؟ رەگەزەکانی مافی ژیانی تایبەتی کەسەکان چین و چی لەمافی گشتی جیایان دەکاتەوە؟ چ پەیوەندییەک لەنێوان مافی ژیانی تایبەت و ماف و ئازادییەکانی دیکەدا هەیە؟ ئەی پەیوەندی ئەم مافە بەکایەی رۆژنامەگەریی و سیستمی حوکمڕانی و کولتوری دیموکراسی و کۆمەڵگای هاوچەرخەوە چییە؟ ئەرک و مافی رۆژنامەوان لەکوێدا یەکدەگرێتەوە لەگەڵ پاراستنی مافی ژیانی تایبەت و لەکوێشدا پێشێلکردنی بەپێویست دەزانرێت؟ چۆن وێنەی نهێنی و تایبەتی ژیانی سۆزداریی و خێزانیی کەسەکان لەپێناو تێرکردنی حەزی زانینی خۆی و وەرگرانی یان لەپێناو بەرژەوەندیی کەس و لایەنێکی دیاریکراودا بەکارناهێنێت؟ ئەی چی وا لەرۆژنامەوان دەکات لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و دەزگا هەواڵگرییەکاندا پەیوەندی نەبەستێ بۆتێکدانی ژیانی کەسایەتییە دیارو ناسراوەکانی کۆمەڵ یاخود ئەوانەی بونەتە ئەستێرەی پیشەکانیان و لەئاستی بەرپرسیارێتی وڵاتدان، بەتایبەت لەسەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا یان ناوو وێنەکانیان لەریکلامی بازرگانی و بۆفرۆشی بەرهەمی سەرمایەدارو خاوەن کۆمپانیاکان بەکارناهێنێت؟
ئەو هێزە ئیتیکی و یاساییە چییەو کامەیە کە رێدەگرێ لەوەی رۆژنامەوان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی یان پێویستیی بەرژەوەندی گشتی، گوێ بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنی و ئەلکترۆنییەکان هەڵخات و تۆماریان بکات و پاشتر بڵاویان بکاتەوە یان ناوەڕۆکی ئەو نامەو پۆستەرانە ئاشکرا بکات کە نهێنی و تایبەتمەندی کەسەکان دەگرنەخۆ یاخود وێنەی کەسیی ساتەوەختی نەخۆشکەوتن و بەڵگەنامەی پشکنینی نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەکانی کەسەکان کۆپی بکات و پەخشیان بکات یان ناوی بنەڕەتیی و بیروباوەڕی ئایینی و سیاسی ئەوانە ئاشکرا بکات کە نایانەوێ لەلای کەسانی دیکە ئاشکراببن یاخود رابڕدوو و بیرەوەری ئەو کەسانە بڵاوبکاتەوە کە لەبیرچونەتەوەو تەنها کەسوکارەکانیان ماونەتەوە یاخود کەسیان نەماوە؟ ئەی لەدەسەڵاتی کێدایە رێ لەرۆژنامەوان بگرێ، بەرتیل و خەڵات و دیاریی ئەم و ئەو وەرنەگرێ و ناسنامەی پیشەکەی بۆ بانگهێشتی ئاهەنگ و گەشتی بێبەرامبەرو شێواندنی ژیانی تایبەتی کەسێک لەبەرژەوەندی کەس و لایەنێکی دیکەدا بەکار نەهێنێ؟
چی وا دەکات رۆژنامەوان بەفەنتازیاو خەیاڵی شاعیرانەی خۆی، نەکەوێتە بڵاوکردنەوەی وێنەی سەرنجڕاکێش و وروژێنەری ناواقعی لەبارەی ساتەوەختی پشوو دەسبەتاڵی و شوێنی مانەوەو نیشتەجێبوون و ناونیشانی کەسەکان؟ ئایا رۆژنامەوان دەتوانێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی نێوان کەسایەتییە گشتیی و تایبەتییەکان یان کەسە مەعنەویی و ئاساییەکان هەموو جۆرە زانیارییەکی نهێنی و تایبەتمەندی ژیانیان بڵاوبکاتەوە لەهەموو سات و سەردەمێکدا لەرێی هەر ژانرێکی رۆژنامەگەرییەوە کە خۆی بیەوێ، لەسەر هەموو کەس و نێوەندو لایەنێک بنوسێ و وێنەی وروژێنەری سێکسی و ئابڕوبەر یان وێنەی مەرگەسات و ئەو کەسانەی جەستەیان شێوێنراوەو کاردانەی دەروونیی خراپیان لەسەر منداڵان و تەنانەت، گەورەکان و کەسوکاریشیان هەیە تۆمار بکات و پەخش و بڵاوی بکاتەوە؟ ئەی رۆژنامەوان بۆ بۆی نەبێ وێنەو تۆماری قۆناغی لێکۆڵینەوەی تۆمەتبارانی کێشە خێزانییەکانی وەک داوێنپیسی، دابڕان، لێکجیابوونەوەی ژن و مێردو….تد، بڵاوبکاتەوە؟ چی وادەکات رۆژنامەوان بۆ بابەتی کات بەسەربردنی خۆی و وەرگرانی، ژیانی ئەو کەسانەی دوچاری لەدەستدانی عەقڵیی و تێکچونی دەروونیی هاتوون یان ئەوانەی گیرۆدەی مادە سڕکەرەکان بوون، نەکاتە کەرەسەی خاوی بەرهەمەکانی و وێنەو ناوەکانیان بڵاونەکاتەوەو نهێنی و تایبەتمەندییەکانی نێو پشکنینە پزیشکییەکانیان ئاشکرانەکات؟ تاچەند بۆ رۆژنامەوان گرنگە رێز بگرێ لەسروتە ئاینییەکان و داب ونەریت و ئاکاری گشتی و بەها نیشتمانییەکان و ژیانی خەڵوەتنشینی و گۆشەگیری ئەو کەسایەتی و سیمبولە ئایینی و نیشتمانیانەی دوور لەئاوەدانی و بەتەنهایی ژیان دەگوزەرێنن؟ ئەی سەندیکاو دەزگاکانی رۆژنامەگەریی هەرێمی کوردستان چ پێوەرو بنەمایەکی ئیتیکییان هەیە بۆ پاراستنی رەگەزەکانی مافی ژیانی تایبەت و تاچەند پێوەی پابەندن؟ رۆژنامەگەریی کوردیی رووبەڕووی قەیرانی پێشێلکردنی ژیانی تایبەتی کەسەکان بوەتەوەو هیچ نمونەیەکی بەرچاو هەیە لەوبارەوە یاخود چۆن رێگە لەتەشەنەسەندنی گیراوە؟ کەم و کورتییەکانی یاسای رۆژنامەگەریی لەکوردستان لەهەمبەر مافی ژیانی تایبەتی کەسەکان چینو چۆن دەکرێ چارەسەر بکرێن؟ ئەی ئایا…….تد؟ ئەمانەو چەندان پرسیارو گریمانەی تر، لەرێی ئەم توێژینەوەیەوە وەڵامدەدرێنەوەو رێگەچارەی گونجاویان بۆ پێشنیاز دەکرێت.
* لەپێشەکی ئەم توێژینەوەیەوە وەرگیراوە کە لەنووسینی شوان ئادەم ئەیڤەس و ساڵی 2013 لەلایەن بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاپ و بڵاوکرایەوە.