توێژینەوەیەكی مەیدانییە لە پارێزگای سلێمانی
پاڤێ جەمیل ئەحمەد ساڵح
قوتابی دكتورا لە بەشی ڕاگەیاندنی كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەددین / هەولێر
بەسەرپەرشتی د.سابیر بەكر مستەفا
پوختەی توێژینەوە:
ئەم توێژینەوەیە، هەڵێنجراوی تێزێكی دكتۆرا یە بە ناونیشانی (ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكان و پەیوەندی بەشڵەژانەكانی دەروونی دوای هێدمە لای ئاوارەكان-توێژینەوەیەكی مەیدانییە لە پارێزگای سلێمانی)، وەك بەشێك لە پێداویستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دكتورا لە زانكۆی سەلاحەددین / هەولێر –كۆلێژی ئەدەبیات – بەشی ڕاگەیاندن ئەنجام دەدرێت، لە گرنگترین ئامانجەكانی توێژینەوەكە بریتین لە زانینی هۆكاری پشتبەستنی ئاوارەكان بە ئامڕازەكانی ڕاگەیاندن لەكاتی جەنگ و ئاوارەبووندا، هەروەها زانین و دیاریكردنی ئاستی شڵەژانی دەرونی دوای هێدمە (PTSD) لای یەكەكانی سامپڵی توێژینەوەكە ، دەرخستنی ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكانی شڵەژانی دەرونی دوای هێدمە (PTSD) لای ئاوارەكانی پارێزگای سلیمانی،میتۆدی ئەم توێژینەوەیە وەسفییە ، لە چوارچێوەی میتۆدی وەسفیدا ڕێبازی ڕووپێوی (مسحی Survey) بەكارهێنراوە، تا گەیشتن بە ئەنجامێك بەمەبەستی دانانی پێشنیار بۆ چارەسەر ، ئەم توێژینەوەیە مەیدانییە و دەكەوێتە چوارچێوەی زانستی سایكۆلۆژی ڕاگەیاندنەوە.
كۆمەڵگەی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە سەرجەم ئەو خێزانە ئاوارانەی لەناو كەمپەكانی پارێزگای سلیمانی نیشتەجێكراون ، بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی سلیمانی ژمارەیان (3880) خێزانە ، لەكۆمەڵگەی توێژینەوە، سامپڵێك وەرگیراوە كە ژمارەیان (418) كەس بوون لەو ئاوارانەی لەكەمپەكانی پارێزگای سلیمانی نیشتەجێكراون واتا بەڕێژەی (10.77٪) لە هەریەك لەكەمپەكانی (قورەتوو /كەلار، تازەدێ/كەلار، ئاشتی/ناحیەی عەربەت، عەربەت/ناحیەی عەربەت، بەرزنجە/عەربەت، سیتەك، كەنیسەی گەرەكی چوارچرا لە نێو شاری سلیمانیدا)، بۆ كۆكردنەوەی داتا و زانیاری لە سامپڵی توێژینەوە فۆڕمێك ئامادەكراوە كەلەچەند تەوەرێك پێكهاتووە بەر لەوەی ئەو فۆڕمە بكرێتە بنەمای كاركردن دوای ئامادەكردنی پرسیارنامەكە كەلە (75) پرسیار و بڕگە پێكهاتبوو، بۆ ڕاستی ئامڕازەكە پرسیارنامەكە ئاڕاستەی ژمارەیەك لە پسپۆران و شارەزای بوارەكانی ڕاگەیاندن ، دەروونزانی و كۆمەڵناسی كرا ئەوانیش دوای هەندێك تێبینی پەسەندیان كرد، بۆ شیكردنەوەی زانیارییەكان (SPSS) بەكارهێنراوە، لە ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە دا دەركەوتووە كە وەرگر زیاتر پشت بە ئامڕازەكانی راگەیاندن دەبەستێت بۆ وەرگرتنی زانیاری لەكاتی جەنگ و كێشەكاندا، تەلەفزیۆن زیاتر بەكار دەهێنرێت وەك لە ئامڕازەكانی تری ڕاگەیاندن، بابەتی سیاسی زیاتر گرنگی پێدەدرێت لەلایەن سامپڵی توێژینەوەكەوە وەك لە بابەتەكانی تر ، ئاستی شڵەژانی دەروونی دوای هێدمە لای ئاوارەكان لە پلەیەكی بەرزدایە، ئاستی شڵەژانی دەروونی دوای هێدمە پەیوەندی بە جۆری كارەسات و ڕووداوەكانەوە هەیە، ڕاگەیاندن نەی توانیوە ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەری شڵەژانە دەروونیەكانی دوای هێدمە، لە كۆتایشدا كۆمەڵێك ڕاسپاردە و پێشنیار خراونەتەڕوو.
بۆخوێندنەوەی دەقی ئەم توێژینەوەیە، دەتوانن سەردانی بەشی توێژینەوە كوردییەكانی ماڵپەری چمك بكەن لە رێی ئەم لینكەی خوارەوە: