سێ بەرنامەی تەلەڤزیۆنیی رادەگیرێن

چمک، ھەولێر: بڕیاری راگرتنی سێ بەرنامەی تەلەڤزیۆنیی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکی وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی ھەرێمی کوردستانەوە بڵاو دەکرێتەوە.

بەرنامەی نێتگرام لەکەناڵی ئاسمانیی نێت تیڤی، بەرنامەی شۆمەگەزین لە کەناڵی ئاسمانیی كوردماكس، بەرنامەی نایتشۆ لەکەناڵی ئاسمانیی كۆڕەك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەوە بڕیاری راگرتنیان بۆ ماوەی ھەفیتەیەک دەدرێت، بەئامانجی پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی پرۆگرامەکاندا کە دژ و پێچەوانەی کولتور و داب و نەریتی کوردەواریین.

چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ وەک رێکخراوێکی داکۆکیکار لە باش بەکارھێنانی پەیامی میدیایی و بەدیارخستنی خەوش و پێشلکارییە پیشەیی و یاساییەکانی میدیای کوردی، ئەم بڕیارانەی وەزارەتی رۆشنبیریی و داواکاری گشتیی لەپێناو ھەرچی زووتر پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی ئەو جۆرە بەرنامانەدا بەرز دەنرخێنێت. ھاوکات پشتیوانیی و ھەماھەنگیی خۆی لەگەڵ ھەردوولادا دووپاتدەکاتەوە بۆ ئەوەی بەپلانێکی ورد چاودێریی ناوەڕۆکی پەیامی میدیایی و ھەر زانیاریی و ھەواڵ و بابەتێک بکرێت کە لەدەرەوەی پێوەرە پیشەییەکانی راگەیاندن چاپ و پەخش و بڵاوبکرێنەوە. #رێکخراوی_چمک بڕوای تەواوی بەو بنەمایە ھەیە کە ئازادیی و بەرپرسیارێتیی دوانەیەکی لێکجیانەکراوەن و لەنەبوونی یەکێکیاندا، ئەویدیکەیان بە خراپ بەکاردەھێنرێت. ھەربۆیە لەگەڵ داکۆکیکردنی بەردەوام لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەری؛ پێویستیی چاودێرییکردنی پیشەیی و رێکخستنەوەی یاسایی میدیای کوردیی دووپاتدەکاتەوە.

#چاودێریی_میدیای_كوردی_چمك؛ رێکخراوێکی ناحكومی، قازانجنه‌ویستى، سه‌ربه‌خۆییه ساڵی 2017 دامەزراوە. کار بۆ چاودێرییكردن، هه‌ڵسه‌نگاندن، راپۆرتكردن‌و توێژینه‌وه‌ى خه‌وش‌و پێشلكارییه‌ پیشه‌ییه‌كانی میدیاو ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیی دەکات. جه‌ختكردنه‌وه‌ى سه‌ره‌كیی ئه‌م رێكخراوه‌، له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیارى تاكه‌كه‌س‌و كۆمه‌ڵگه‌ى كوردییه‌ له‌هه‌مبه‌ر په‌ڕاوێزخستن‌و ده‌ستێوه‌ردانى ناپیشه‌یی میدیاو میدیاوانانى كوردستان. چالاكیی‌و پرۆژه‌كانى ئه‌م رێكخراوه‌ بۆ رووماڵكردنى به‌رهه‌مه‌ جۆربه‌جۆره‌كانى میدیاى كوردییه‌، به‌مه‌به‌ستى گه‌ڵاڵه‌كردن‌و خستنه‌ڕووى كارنامه‌یه‌كى پیشه‌ییترى كرداریی بۆ راستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ باوه‌كانى میدیاو شێوازى كاركردنى میدیاوانانى كوردستان.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟