بڕیارێکی دروست، بەڵام درەنگوەخت!

د.شوان ئادەم ئەیڤەس*

راگرتنی سێ پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی کەناڵە ئاسمانییەکانی نێت و کۆڕەک و کوردماکس بڕیارێکی دروستە؛ ئەگەر خاوەنی کەناڵەکان و ئامادەکار و پێشکەشکارانی پرۆگرامەکان بە سنوردارکردنی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی خۆیان راڤەی نەکەن!

ئەوەی ئەو کەناڵانە و ھەندێک پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی دیکە دەیکەن؛ بەدوورە لەھەر بەھا و بنەما و پێوەرێکی میدیایی پیشەوەر کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتیی و دەستوەرنەدان بێت لە ماف و ئازادییە کەسییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە. لەمێژە وتراوە ئازادییەکانی ھەر کەسێک لەوێدا کۆتاییان پێدێت کە ئازادییەکانی کەسێکی دیکە دەستپێدەکەن، بەڵام لەوەش گرنگتر ھەبوونی تێگەیشتنێکی قووڵە لەسەر ئەوەی کە کێ و کەی و لەکوێ و چیی و چۆن و بۆچیی ئازادییەکان؛ ئازاد یان یاساغ دەکرێن!

ئەوانەی پێیان ئاسان و ئاساییە لەسەر شاشەی تیڤییەکان و لەئاڵتونیترین کاتی پەخشدا، ئەزموون و باسوخواسی خوێناوییبوونی جلی ژێرەوەی ژنان و چیرۆکی خیانەتکردن لەھاوسەر و چۆنییەتی لەباربردنی کۆرپەی یاری پێشوویان و دابەزاندنی زمانی دەربڕین بۆ جنێو و جڕت و جیاکاریی جێندەریی و ئەزموونکردنی جۆرە جیاوازەکانی قۆپییەکردن و سێکساندنی ھەواڵە گەرمەکانی رۆژ و تێکدانی شیرازەی خێزان و ھاندانی دژایەتیی منداڵان لەباوانیان و چەندان جوڵە و ئاماژەی ھەرزەکارانەی دیکە بۆ پیر و گەنج و منداڵ و ھەرزەکار بکرێت؛ بەدوور لەھێڵی سووری دەرگاوانی میدیایی و تێپەڕاندنی بە فلتەری پەروەردەیی و دەروونیی و خوێندنەوەی واقیعی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەیەکی نەریتسالاری ھەرێمی کوردستاندا تەنیاوتەنیا ئامانجیان؛ رێکنەخستنی یاسایی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەسەکان و ھەڵوەشاندنەوەی ھەر رێسایەکە تێیدا پیشەکان بە ئاڕاستەیەکی باشدا بەکاربھێنرێن!

شۆمەگەزین و نێتگرام و نایتشۆ؛ نموونەی سێ پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی سێ کەناڵی ئاسمانیی خۆشباری (Entertainment )ن کە لەسەر سکاڵای یاسایی داواکاری گشتیی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان بۆ ماوەی ھەفتەیەک بڕیاری راگرتنیان دراوە، بەئامانجی پێداچوونەوە بەناوەڕۆکی پرۆگرامەکانیاندا و گونجاندنیان لەگەڵ کولتور و کەلەپور و داب و نەریتی کوردەوارییدا.

ئەگەرچی درەنگوەخت بوون، بەڵام ئەو بڕیاری راگرتنانە راست و دروست بوون، چونکە راستەوخۆ بڕیاری راگرتنی ھەمیشەیی پرۆگرامەکان و پەخشی کەناڵەکان نەدراوە، بەڵکو زۆرتر وەک ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە دەبینرێن کە پێویستە لەماوەی ئەو ھەفتەیەدا کەناڵەکان بەرپرسیارانە؛ پێداچوونەوەیەکی پیشەیی بەئەنجامی بەرھەمە پەخشکراوەکانیاندا بکەن و ھەوڵبدەن بەراوێژکردن لەگەڵ پسپۆڕاندا ئاڕاستەیەکی نوێی کارکردن بدۆزنەوەو لەپێناو چەند ئامانجێکی پیشەیی بیرلێکراوەی پشتبەستوو بەپێوەری میدیایی و پەروەردەیی درێژە بە مانەوەو بەردەوامیی خۆیان بدەن.

ئەو پێداچوونەوەیەش دەبێت ئامانجی سەرەکیی ئەوە بێت کە لەلایەک ئەو کەناڵانە و پرۆگرامەکانیان نەبنە سەرچاوەیەکی فێرکاریی حازربەدەست بۆ دەرکەوتە و دیاردە نەشاز و نەشیاوەکانی کۆمەڵگە؛ لەسەر دەستی چەند ھەرزەرەفتارێک کە نە میدیاکارن نە لەئیتیک و ئەتەکێتی کارکردنی میدیایی تێدەگەن. لەلایەکی دیکەشەوە ناکرێت بەمۆدێلی ئەوروپایی و خۆرئاوایی بیر لە بەرھەمھێنان و پەخش و بڵاوکردنەوەی پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی بکرێتەوەو لەولاشەوە دیاردەی ژنکوژیی و خۆکوشتنی گەنجان و ئاستی تێگەیشتن و پێگەیشتنی رۆشنبیریی تاکەکان لەبەرچاو نەگیرێت و ھەموو کرۆکی پرۆگرامەکان لەسەر بەئامانجگرتنی پێکەنین و ئاساییکردنەوەی تاوان و سپیکردنەوەی پێشلکارییەکان و شکاندنی کەسایەتیی ئەوانیدیکە بنیات بنرێن!

لەدوای ئەو بڕیارانەوە، زۆر گرنگە وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان بەھەمانگیی لەگەڵ شارەزایان و رێکخراوە میدیاییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییدا کار لەسەر وردتر چاودێرییکردنی پیشەیی و رێکخستنی یاسایی پەیامی میدیایی کەناڵە زەمینیی و ئاسمانییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن. بەجۆرێک رستێک پێوەری دیموکراسیانەی ھاوچەرخی نووسراو بۆ لادان و پێشێلکارییەکانی میدیاکان بەرھەمبھێنن و بڵاوی بکەنەوە، تاوەکو بەھەموولایەک رێگریی لەخراپ بەکارھێنانی میدیای کوردیی و پەیامەکانی بگیرێت کە ئێستا ھەمووان لێی زیانمەندن.

*سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟