شرۆڤەکار لەمیدیای کوردییدا!

د.شوان ئادەم ئەیڤەس

شرۆڤەکار؛ دەشێت کەسێک بێت کە زانیاریی گشتیی و پاشخانی ھزریی بەرفراوانی ھەبێت و لەبوارێکی دیارییکراوییشدا خاوەن شارەزایی یاخوود پسپۆڕیی وردبێت، واتە «لەھەموو بوارێکدا؛ شتێک بزانێت و لە بوارێکیشدا؛ ھەموو شت بزانێت.» ھەروەھا بەپێی کەرت و کایە جیاوازەکان؛ دەبێت جیاوازیی لەنێوان شرۆڤەکاری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتیی و …تد_دا ھەبێت، چونکە شارەزایی و پسپۆڕیی وردی ھەر بوارێک، پێویستیی بە ھۆشیاریی و تواناسازیی لە پێگەیاندنی شرۆڤەکاری تایبەتمەنددا ھەیە کە بەھۆیەوە دەرکەوێت و بناسرێتەوە.

بەداخەوە ھاوشێوەی زۆر بوار و بابەتی دیکە؛ لەھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا دەرکەوتن و ناساندنی شرۆڤەکار بە فلتەرێکی زانستیی و پیشەییدا ناڕوات و نەڕۆشتووە. ھەربۆیە «شرۆڤەکاران» پێویستییان بە راھێنانی بەردەوامی بەھرە و تواناکانیان ھەیە. ھاوکات گرنگ و کاریگەرتر دەبن؛ ئەگەر لەبوارێکی دیارییکراودا بەپێی پسپۆڕیی یاخوود شارەزاییان جیابکرێنەوە و زەمینەی دەرکەوتن و ناساندنیان بەشێوازی جیاواز و بەرنامەرێژکراو لەو بوارەی خۆیاندا بۆ بڕەخسێنرێت.

خەوشی بەشێکی زۆر لەوانەی لە میدیاکانەوە وەک شرۆڤەکار دەناسێرێن زۆر و ھەمەجۆرە، چوونکە لە زۆر بواردا بەمەبەست بێت یان بێمەبەست بەبێ ئەوەی شارەزایی یاخوود وردیی پسپۆڕییەکانیان بە ھەند وەربگیرێت؛ بەکاردەھێنرێن. خاوەنی زانیاریی نوێ و خوێندنەوەی وردی دیاردە و دەرکەوتەکان نین و توانای پێکەوەبەستنەوەی پێدراوەکانیان سنووردارە و کەمتر دەتوانن ھەڵھێنجاندنی درووست بخەنەڕوو. لەھەمووی گرنگتر کەمترین گرنگیی بە ئیتیک و ئەتەکێتی قسەکردن و وەڵامدانەوە دەدەن و لەپەڕاوێزخستنی پرسیارە موحریجەکانیشدا دیبلۆماسیی نیین. زۆرجار بەبێ ھۆ؛ ھەڵدەچن و لەکۆتاییشدا خاڵ ناخەنەسەر پیت. ھێندەی بۆ خۆدەرخستن و دیکۆر و پڕکردنەوەی بۆشایی میدیایی بەکاردەبرێن، نیوھێندە بۆ لابردنی تەمی گوومان و روونکردنەوەی ئەو بابەتە بانگھێشتناکرێن کە لەسەری دەدوێن.

لەرووی سیاسییەوە؛ کەمترین زەمینە بۆ پێگەیاندن و ھێنانەپێشەوەی نەوەی نوێی شرۆڤەکاران بەگشتیی و خانمان بەتایبەتیی رەخسێنراوە. لەرووی پۆشاک و رێکپۆشیی و زمانی جەستەوە؛ ھەست بەبێ سەلیقەییەکی زۆری ئەوانە دەکرێت کە بە «شرۆڤەکارانی حزب» ناسێنراون. بەتایبەت لەو دۆخانەدا کە حزب پێویستیی بە روونکردنەوەی پلان و کارنامەیەکی دیاریکراوی ھەیە، ئەمان ھێندەی لەرووی سۆز و بیرکردنەوەی تەسکی حزبییەوە بەرگریی دەکەن، نیوھێندە پشت بە داتا و ھێزی لۆژیک نابەستن!
لەبەر ئەوانە و دەیان ھۆکاری دیکە؛ کردنەوەی خوولی ھۆشیاریی بۆ تواناسازیی شرۆڤەکاران گرنگ و پێویستە. بەتایبەت لەبابەتگەلی وەک: شرۆڤەکار و پێویستیی ھۆشیاریی میدیایی، شرۆڤەکار و تایبەتمەندییە زانستییەکانی، شرۆڤەکار و گرنگیی زمانی جەستەی، شرۆڤەکار و کۆنترۆڵکردنی ھەڵچوونە دەروونییەکانی، شرۆڤەکار و درووست بەکارھێنانی زمان.

لەگەڵ ھەموو ئەوانەیشدا؛ زۆرجار زۆر دەرکەوتنی «شرۆڤەکار»ی بێتوانا و بێسەلیقە ھێندەی پەیوەندیی بە خراپی ھەڵبژاردەی میدیاکانەوە ھەیە، نیوھێندە پەیوەندیی بەو کەسەوە نییە کە زووزوو بانگھشتدەکرێت و لەکۆتاییشدا ھیچ تەمومژێک ناڕەوێنێتەوە!

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟