لێم دەپرسن؛ رێبەری كردەیی رۆژنامەوانان لەبارەی پرسەكانی رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن

ئەم پرسانەی لە گۆشەی لێم دەپرسن-دا دەوروژێنرێن؛ لەلایەن پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس وەڵامدەدرێنەوە و دەبن بە بەشێک لە زنجیرە پرۆژەیەکی بەرفراوانتری پەروەردەی میدیایی لەھەرێمی کوردستاندا

30: ئایا بێژەری ھەواڵ و پێشکەشکاری پڕۆگرامە ھەواڵییەکان؛ دەتوانن لەنێو پەخشنامەکاندا گۆرانیی بڵێن یاخوود سروودی ئایینیی و سرووتەکانی بڵێنەوە؟

وەڵام: ئەگەر ئەو پەندە کوردییە ھێشتا راستیی تیامابێت کە دەڵێت: ھەموو شتێک بە خوێ و خوێش بە تام؛ ئەوا بێژەری ھەواڵ و پێشکەشکاری پرۆگرامی ھەواڵیی کە بەراورد بە ژانر و پرۆگرامەکانی دیکە سرووشتێکی رژد(جدی)تریان ھەیە و وەرگر زۆرتر و زووتر پەرۆشی زانینی دواین زانیارییە، ئەوا لە رووی ئەتەکێتی کارکردنەوە باش و جوان نییە ئەرکە پیشەییە گەوھەرییەکەی خۆیان لە یاد بکەن. بەتایبەت لە کاتی بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان یاخوود جەژنە ئایینییەکاندا سرووت و سروود بڵێنەوە یاخوود بە زمانێکی بیانیی جیاواز لە زمانی سەرەکیی دەربڕینی میدیاکەیان، بکەونە پیرۆزباییکردن و وەک گۆرانی داواکراو سڵاو و سڵاوات پێشکەش بەم و بەو بکەن یان وەکئەوەی لە میدیا ئایینییەکاندا خەریکە دەبێت بە دیاردە، لەسەر «داوای بینەران و بیسەران، چەند ئایەتێک لە قوورئانی پیرۆز»یان پێشکەشبکەن و پاساوی ھەموو ئەمانەش بۆ دەنگخۆشیی بێژەرەکە یان پێشکەشکارەکە بگەڕێنرێتەوە و ھیچ بیانوویەکی لۆژیکیی و پیشەیی بەھاداریان لەپشتەوە نەبێت!

دەنگخۆشی؛ بەھرەیەکە و زۆر کەس نییەتی، بەڵام ئەوەیشی ھەیەتی دەبێت بزانێت کەی و لە کوێ و بۆ کێی بەکاردەھێنێت. بەدڵنیاییەوە بینەرێکی تەلەڤزیۆن یاخوود بیسەرێکی رادیۆ؛ کاتی زێڕینی خۆی بۆ ئەوە تەرخانناکات کە گوێقووڵاخی پرس و بابەتی ناھەواڵیی و خۆشباریی بێت. ئەگەر بێژەرێک یان پێشکەشکارێک لەسەر بنەمای دەنگخۆشی؛ چانسی ئیشکردنی لە میدیاییەکدا پێدراوە، باشترە ئەم چانسە لەدەستنەدات و لەو بوارەدا بەکاری بھێنێت، وەگەرنا «شایەر»ی نێو بۆنە میللییەکان و «گۆرانیبێژ» و «ھوونەرمەند»ی نێو live musicی کافتریاکان لەرووی مادییەوە زۆرتریان دەستدەکەوێت و لەرووی کۆمەڵایەتییشەوە، ئاسانتر دەناسرێنەوە و بەناوبانگ دەبن.

ھەواڵ و خوێندنەوەی زانیارییەکانی ناوی؛ بەبێ تێکەڵاوکردنی لەگەڵ بۆچوونی کەسیی بێژەر و داڕێژەرانی یاخوود شرۆڤەکردنی رەھەندەکانی لەلایەن پێشکەشکار و لە رێگەی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و ئاگادارەوە، لەگەڵ زۆربەی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن یەکدەگرێتەوە، بەڵام وتنی گۆرانیی و گۆڕینی زمانی سەرەکیی دەربڕین و بەکارھێنانی ئاماژەی جەستەیی نامۆ و نەگوونجاو بە سرووشتی ھەواڵ و لێکەوتەکانی، لە بەھا و بایەخ و رژدبوونی ناوەڕۆکی ھەواڵەکە دەھێنێتەخوارەوە و دواتر وەرگر_یش بە رژدییەوە وەریناگرێت!

پاساوەکانی نەگوونجاویی و نائەتەکێتیی ئەو کارەی ھەندێک لە بێژەران و پێشکەشکارانی میدیای کوردی؛ ھیچ پەیوەندییەکی بە پیرۆزیی و ناپیرۆزیی دەقە ئایینییەکان نییە، بگرە ئایینییبوونی میدیایەکیش نابێت بکرێت بە پاساوی ئەنجامدانی. ئەوەی پێویستە لێرەدا سەرنجی بخرێتەسەر؛ کەس و کات و شوێنی پێشکەشکردنە، چوونکە ئەگەر بڕیاربێت بێژەر و پێشکەشکار بەھۆی دەنگخۆشیی و داواکاریی ھۆگرانیان لەنێو پەخشنامەی ھەواڵ و پرۆگرامە ھەواڵییەکاندا سرووت و سروودی ئایینیی و نەتەوەیی یاخوود گۆرانیی و رەفتاری بەزمەساز یان سێکسیی بنوێنن، ئەوکات دەبێت بۆ مامۆستایەکی ئایینییش رەوا و رێگەپێدراوبێت کە رێنمایی و ئامۆژگارییەکانی بە دەم ھەڵپەڕکێ و سەرچۆپییگرتن بە پێڕەوانی بگەیەنێت. کەواتە کەسێک کە بە کەسێتیی بێژەر یان پێشکەشکار ناسرا؛ پێویستناکات خۆیشی وەک: ئەکتەری کۆمیدی، شایەر و گۆرانییبێژ یاخوود بانگبێژ و قوورئانخوێن بە وەرگر بناسێنێت، چوونکە وەک رووسەکان دەڵێن: ئەوەی لە یەککاتدا راوی دوو کەروێشک بکات، بەدڵنیاییەوە یەکێکیان لەدەستدەدست!

29: ئایا سپۆنسەرکردنی ھەواڵەکان تا چەند لەگەڵ پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن_دا؛ تەبا و گوونجاوە؟

وەڵام: پاڵپشتییکردنی دارایی (sponsoring)؛ ئەگەر بۆ ھەموو ژانرێکی رۆژنامەوانیی رەوا و رێگەپێدراو بێت، ئەوا بۆ چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەی ھەواڵەکان ناڕەوا و نەگوونجاوە سپۆنسەریی بکرێن، چوونکە سرووشتی زانیارییەکانی نێو ھەواڵ لەگەڵ دیاردەگەلی وەک: پێشەکیی و سەرقفڵانە و مارەیی پێشوەخت_دا ناتەبا و ناسرووشتییە و لەگەڵ بەشێکی زۆر لە پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن_یشدا نایەتەوە. زانیاریی و ھەواڵێک لەژێر ھێز و ھەژموونی پارەدا؛ رێگەی بڵاوکردنەوە یان نەکردنەوەی پێبدرێت، بە دڵنیاییەوە ھەواڵ و زانیارییەک نییە کە سوودی گشتیی تیابێت، چوونکە زانینی زانیاریی ھاوسەنگ و بێگەرد و بێلایەن مافی گشتیی ھاونیشتیمانیانە و پێویستناکات پێشوەختە گوومرگی بخرێتەسەر یان سەودا و مامەڵەی پێوەبکرێت و لە دەستی دوو_وەوە پێیان بدرێتەوە!

با کەمێک لۆژیکیی و واقیعیی بین: بیھێنە پێشچاوی خۆت کە تۆ خاوەنی کۆمپانیاکی گەورەییت و سپۆنسەری بەردەوامی پەخشنامەی ھەواڵەکانی تەلەڤزیۆنێک دەکەیت، لەپڕێکدا ئیشێکی نایاسایی لە کارووباری کۆمپانیاکەتدا درووستدەبێت و دەستبەجێ ئەو تەلەڤزیۆنەی تۆ سپۆنسەری ھەواڵەکانیت دەکرد، بە لێدوانی راستەوخۆی شایەتحاڵ و بە خستنەڕووی بەڵگەی پشتڕاستکراوە لە ھەواڵەکاندا پەخشییکرد؛ ئایا تۆی خاوەن کۆمپانیا کە بە کاری نایاسایی تۆمەتبارکراویت، ئەوەندە سنگفراوانیت کە ھەواڵەکە بە گیانێکی وەرزشییەوە وەردەگریت و لە رێگەی روونکردنەوەوە، راستیی کارە نایاساییەکەت دەخەیتەڕوو یان دەستبەجێ بڕیاری بڕینی پاڵپشتییکردنی دارایی تەلەڤزیۆنەکە دەردەکەیت؟

پێویست بە بیرکردنەوەی زۆر ناکات، چوونکە لەوبارەوە نموونەی دیار و بەرچاو لە میدیای کوردییدا ھەیە. لەم ساڵانەی دواییدا؛ کۆمپانیایەکی پەیوەندییکردن کە گرێبەستی ساڵانەی ریکلامکردنی لەگەڵ رۆژنامەیەکی ھەفتانەدا ھەبوو، کاتێک رۆژنامەکە ھەواڵێکی لەبارەی بازرگانییکردنی خاوەنی ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ گرووپی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام (داعش)دا بڵاوکردەوە، کۆمپانیاکە تاکلایانانە گرێبەستەکەی لەگەڵ رۆژنامەکەدا ھەڵوەشاندەوە. ئەوەیش بوو بە ھۆکارێک بۆ ئەوەی سەرچاوەی داھات و دارایی رۆژنامەکە بپووکێتەوە و لە کۆتاییشدا بەھۆی دەرنەھێنانەوەی پارەی ستاف و چاپ و بڵاوکردنەوەوە؛ بە ناچاریی رۆژنامەکە راگیرا. ھەڵبەتە راگرتنی رۆژنامەیەک کە ریکلامی نەبێت و ئۆرگانێکی حزب یان نووسینگەی بەرپرسێکی حزبیی باربۆی نەکات؛ یەکەم نموونە و دوانموونە نەبووە و نابێت. ئەوەیش دیارترین پاساوێکە کە پسپۆڕانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن بە کارێکی ناڕەوا و رێگەپێنەدراوی بزانن کە میدیاکان گرێبەستی سپۆنسەرکردن بۆ پرۆگرامە ھەواڵییەکان بکەن، چوونکە لە دەستبردن بۆ خەوشییەکان و رووماڵکردنییدا؛ ناتوانن ئازا و ئازاد بن و بە بەردەوامیی کار لەسەر سەربەخۆیی بڕیاردان و سەربەخۆیی کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاریی و ھەواڵ و لێکەوتە رۆژنامەوانییەکانی بکەن!

راستییەکی دووبارەیە کە لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا؛ زۆرجار بە مەرجی داپۆشینی سێکووچکەی: گەندەیی و گووندەیی و گەندەڵی، ریکلام بە میدیا و میدیاوان دەدرێت و ئەوەیش کاریگەریی لەسەر بێلایەنیی و ناسەربەخۆیی رووماڵ و سیاسەت و ستراتیژی میدیایی دەبێت. ھەربۆیە میدیاوان و میدیایەکی نیشتیمانیی پیشەگەر و بەرپرسیار؛ بڕوای بە سەربەخۆیی پیشەیی و ئازایی و ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی ھەبێت، ھەرگیزاوھەرگیز رێگەنادات خۆی و دەزگەکەی وەک ئامڕازی سپییکردنەوەی تاوان و داپۆشینی گەندەڵیی کەسەکان بەکاربھێنرێن و یارییان پێبکرێت. ئەگەر جاران رۆژنامەگەری؛ بە «پیشەی گەڕان بە دوای سەرئێشەدا» ناوزەد دەکرا، بەداخەوە ئێستا ھەوڵ و ھەنگاوی گەورە دەنرێن بۆ ئەوەی بە پیشەیەکی بازاڕیی بەرژەوەندییگەرای کەمینەیەک بناسرێت!

28: ئایا لە رێکخستنی ناوەڕۆکی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا؛ ھەرێمی کوردستانی عێراق پشێوی یاسایی یاخوود پاشاگەردانیی یاسایی ھەیە؟

 وەڵام: لە رێکخستنی یاسایی ناوەڕۆکی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی ئێستای ھەرێمی کوردستانی عێراقدا؛ ھەم پاشاگەردانیی یاسایی (فوچی تشریعی) ھەیە، ھەم بۆشایی یاسادانان (فراغ تشریعی). لەو رووەوە؛ رۆژی شەممە (29ی تشرینی دووەمی 2022) بە نوێنەرایەتیی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و بە سپۆنسەری رێکخراوی کوردستان بۆ چاودێریی مافی مرۆڤ (‏KOHRW) لەھۆڵی ھۆتێل تایتانیک لە سلێمانی؛ مێزگردێکی رەخنەییمان بۆ ھەڵسەنگاندنی «دەرفەت و ئاستەنگەکانی رێکخستنی یاسایی راگەیاندن لە ھەرێمی کوردستاندا» رێکخست کە دەستەبژێرێک لە پسۆڕانی یاسایی، میدیایی، رۆژنامەوانان، نوێنەرانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی بەشدارییان تیاداکرد. دوای تاووتوێکردنی چەند یاسایەکی بەرکار؛ ئەم چەند راسپاردەیەی خوارەوەمان سەرلەنوێ گەڵاڵە کرد و لەچەند خاڵێکی دیارییکراودا دامانڕشتنەوە، تاوەکوو ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندییدارەکان بکرێن و بە ھەوڵ و ھیممەتی ھەموولایەک وردتر کار لەسەر دەوڵەمەندکردن و جێبەجێکردنیان بکرێت، لەوانە:

یەکەم: ھەموارکردنەوەی تەواوی ئەو یاسایانەی کە پەیوەندیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان بە رێکخستنی یاسایی پیشەی راگەیاندن و رۆژنامەگەرییەوە ھەیە. بەدیاریکراوتر یاساکانی: ژمارە 10ی ساڵی 1993ی چاپەمەنی، ژمارە 40ی ساڵی 2004ی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ژمارە 35ی ساڵی 2007ی رێکخستنی رۆژنامەگەری، ژمارە 06ی ساڵی 2008ی قەدەغەکردنی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن، ژمارە 11ی ساڵی 2013ی مافی دەستگەیشتن بە زانیاری، ژمارە 04ی ساڵی 2019ی رێکخستنی ریکلامی بازرگانی. بەجۆرێک ئەو یاسا و مادە و بڕگانەی دووبارەن؛ لاببرێن و ئەوانەیشی لەیەکەوە نزیکن تێھەڵکێش و ئاوێزان بەیەک بکرێن و  یاسایەکی وردتریان بە ناونیشان و ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەندترەوە لێ بەرھەم بھێنرێتەوە. واتە لەبری جەختکردنەوە لەسەر چەندێتیی یاساکان؛ کار لەسەر چۆنایەتیی و باشتر داڕشتنەوەیان بکرێت. بۆنموونە؛ یاسای رێکخستنی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا. لەو یاسایەدا؛ دەتوانرێت رووماڵی سەرجەم جۆرەکانی راگەیاندنی ژمارەیی، پەخشکراو، چاپکراو لەگەڵ چۆنییەتی بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییە فەرمیی و نافەرمییەکانی میدیا و میدیاوان لەرووی یاساییەوە رێکبخرێن.

دووەم: دەقنووسکردن و جێگەکردنەوەی ھەریەکە لە بڕگە و مادەی تایبەت بە میدیای پەخشکراو و میدیای دیجیتاڵیی لەگەڵ پێناسەکردنەوە و ناساندنی کۆنکرێتیی چەمکەکانی: رۆژنامەوان، رۆژنامەگەری، میدیا، دەزگەی میدیایی، بەرژەوەندی گشتی، ئاسایشی گشتی، ئاسایشی تەندروستی، ئاکاری گشتیی لەگەڵ سنوودارکردنی رێکاری راگرتن (توقیف) بۆ سکاڵالەسەرتۆمارکراوان و تۆمەتبارانی خراپ بەکارھێنانی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی لەچوارچێوەی ھەمواری یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007دا.

سێیەم: رێکخستنی تاوانە ئەلکترۆنییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ماف و سیاسەتی تایبەتمەندێتیی و پاراستنی ژیانی تایبەتیی کەسەکان لەچوارچێوەی ھەمواری یاسای ژمارە 06ی ساڵی 2008دا.

چوارەم: کاراکردنی گرێبەستی کارکردنی رۆژنامەوانان، مەرجدارکردنی تازەکردنەوەی مۆڵەتی دەزگەکانی راگەیاندن، بەھێزکردنی ئینتمای نیشتیمانیی رۆژنامەوانان بە کاری پیشەیی و سەندیکایی، زیادکردنی مادەیەک بۆ ئەرکدارکردنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە کردنەوەی خوولی بەردەوامی ھۆشیاریی پیشەیی و یاسایی بۆ بەرھەمھێنەران و بەکارھێنەرانی میدیا لە چوارچێوەی ھەمواری یاساکانی ژمارە 35ی ساڵی 2007و یاسای ژمارە 40ی ساڵی 2004دا.

پێنجەم: زیادکردنی مادەیەک بۆ پرسی پروپاگەندەی سیاسیی و ھەڵمەتی ھەڵبژاردن لە چوارچێوەی ھەمواری یاسای ژمارە 04ی ساڵی 2019دا.

شەشەم: دامەزراندنی دادگەی تایبەتمەند بە تاوانەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و بڵاوکردنەوە؛ لەسەرەتادا لەھەردوو پارێزگەی ھەولێر و سلێمانی. پاشتر ئەگەر سەرکەتوو بوو؛ بۆ پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانی عێراق بگوێزرێتەوە و ھەریەک لە دادوەر و لێکۆڵەر و پۆلیس و ستافی تایبەتمەندی بۆ دابینبکرێن و رابھێنرێن.

حەوتەم: زیادکردنی مادەیەک بۆ مەرجدارکردن یاخوود سنووردارکردنی دەستەڵاتە تەقدیرییەکانی دادوەر. ھەروەھا بەرزکردنەوەی ھۆشیاریی میدیایی دادوەران و مەرجدارکردنی تەمەن و پسپۆڕیی ئەوانەی لە دادگەکاندا بە شارەزا (خبیر) دادەنرێن.

ھەشتەم: زیادكردنی ماددەیەک بۆ یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007؛ لەبارەی رەچاوکردنی مافی تایبەتمەندییە جەستەییەکانی كچان و ژنان لە کاتی دووگیانیی و سووڕی مانگانەدا.

نۆیەم: زیادکردنی مادەیەک بۆ پاراستنی سیاسەت و ھاوسەنگیی جێندەریی لە دەزگە میدیایی و یەکەکانی کارگێڕی، دارایی و بەرھەمھێنان؛ لەسەرجەم یاسا پەیوەندییدارە بەرکارەکاندا.

دەیەم: وەستاندن و کارپێنەکردنی یاساکانی دیکەی وەک سزاکانی عێراق و تۆقاندن (تیرۆر)ی ھەرێمی کوردستان؛ لەلایەن دادوەر و دادگەکانەوە، بەتایبەت دوای ھەموارکردنەوەی سەرجەم یاسا بەرکارەکانی پەیوەست بە رێکخستنی ناوەڕۆکی راگەیاندن، بەشێوەیەکی ھاوچەرخ و دیمووکراتیک.

ھەڵبەتە ئەو راسپاردانە؛ لە سەرزەمینێکدا ئەگەری سەرپێخستن و بەتەواویی جێبەجێکردنیان دەبێت کە «میدیا و میدیاوان» وەک نەخۆش و نەخۆشیی ببینرێن کە ئێستا بوون بە کێشە و پێویستیان بە چارەسەری کوورتخایەن، مامناوەند و درێژخایەن ھەیە. ئیتر ئەوکات جێبەجێکردنی ئەم راسپاردانە؛ دەبن بە دەوای بەشێک لە دەردەکان و بەشێکی دیکەیشی لە رێگەی باشپەروەردەکردنی میدیایی و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاریی پیشەیی میدیاوان؛ چارەسەر دەکرێن.

27: ئایا بە کۆبوونەوە و رێکخستنی کۆڕ و کۆڕبەند و کۆنفرانس و ھاوشێوەکانیان؛ ھیچ گۆڕانکارییەک بەسەر دۆخی رۆژنامەوان و رۆژنامەگەریی و راگەیاندندنی کوردییدا دێت؟!

وەڵام: لە رۆژی 21ی نیسانی 1898 و لەگەڵ دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستان_ی میقداد میدحەت بەگ تاوەکوو بە رۆژنامەگەریی مۆبایل_ی ئەمڕۆی بەردەستی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانی عێراق دەگات؛ ھەر کار و پرۆژەیەکی گەورە و بچووک کرابێت و بکرێت، بەدڵنیاییەوە لەو بیرۆکە و بیروبۆچوونانەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە پانتاییەکی گشتیی و لەنێوان کەسەکاندا ئاڵوگۆڕ کراون و دەکرێن. کەواتە؛ دوای پتر لە سەدەیەک لە مێژووی رۆژنامەگەریی کوردی، ھیچ کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆڕبەند و کۆنگرەیەک بۆ تاووتوێکردنی خەم و خەوشییەکانی میدیا و میدیاوان بێسوود نەبووە، ئەگەر بە وردیی و بە بەرنامەی ئامانجدار رێکخرابێتن و راسپاردەکانیان جێبەجێکرابێتن. رەنگە ھەر یەکتربینین و یەکترناسینی بەشداران و ئامادەبووان؛ لاوەکییترین سوودێک بووبێت کە لەھەر چالاکییەکدا بەدەستھاتبێت!

لەو سۆنگەیەوە؛ ناکرێت ھیچ ھەوڵ و ھەنگاوێک نادیدە بگیرێت کە ئامانجێکی دیراسەتکراو لە پشتیانەوە بێت. ھەندێک ھەنگاو؛ لە رابردوودا نراون و ئێستا ئەنجامەکانی دەردەکەون. ھەروەھا تۆوی ھەندێک ھەنگاوی دیکەیش؛ ئەمڕۆ دەچێنرێن و بەدڵنیاییەوە سبەینێ سەوز دەبن و بەرھەمەکەی دەچنرێتەوە. لەو نێوەندەشدا؛ رۆژانی 26 و 27ی شووباتی 2023 لە ھۆڵی ھۆتێل دیدەمان لە شاری ھەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی ھەرێمی کوردستان بە چوار پانێڵ و بە بەشداریی 13 پانێلیست؛ «کۆنفرانسی پرسی زمان لە راگەیاندن و ریکلامی بازرگانییدا»-ی رێکخست. پاش دوو رۆژی پڕ لە پرسیار و وەڵامی چڕوپڕ لەنێوان پانێلیست و ئامادەبوواندا؛ چەند سەرنج و پێشنیازێک خرانەڕوو. دوای پێداچوونەوە و یەکخستن و داڕشتنەوەیان لەلایەن بەندەوە؛ ئەم چەند راسپاردەیەی خوارەوەیان لێ گەڵاڵە کرا و ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندییدارەکان بە گشتیی و ھەریەک لە وەزارەتەکانی: رۆشنبیریی و لاوان، شارەوانیی و گەشتوگووزار، بازرگانیی و پیشەسازیی کران، لەوانە:

  1. کاراکردنی رێنمایی ژمارە: 01ی رۆژی 22ی ئەیلوولی 2021؛ تایبەت بە ئاسان جێبەجێکردنی یاسای ژمارە: 04ی ساڵی 2019ی رێکخستنی ریکلامی بازرگانیی لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا. ھاوکات ھەموارکردنەوەی ئەو بڕگانەی یاساکە و رێنماییەکانی کە نەبوون بە ئامڕازی سنووردارکردنی پەخش و بڵاوکردنەوەی زمانی زبر و ریکلامی نادرووست و نەشیاو و نەگوونجاو.
  2. پێکھێنانی «ئەنجوومەنی نیشتیمانیی پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی»؛ بۆ کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی وشە و چەمکی نوێی پسپۆڕییە جیاوازەکان لەنێو سەرجەم شێوەزارەکانی زمانی کوردیی لە باشوور و باکوور و خۆرھەڵات و خۆرئاوای کوردستاندا. ئەمەیش بە ھەماھەنگیی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردیی و بەشی کوردیی لە سەرجەم زانکۆکانی جیھاندا دەکرێت یاخوود بە راوێژ و ئاڵووگۆڕی بیروبۆچوون لەنێوانیاندا، دەتوانرێت دەوڵەمەنتر بکرێت.
  3. دابینکردنی دۆمەین یاخوود درووستکردنی ماڵپەرێکی سەربەخۆی تایبەت بە بەرھەمە ساغکراوەکانی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی؛ بۆ درێژەدان بە تازەکردنەوە و دواتر چاپکردن و بڵاوکردنەوەی دوا ھەمواری ساڵانەی لە رۆژی جیھانیی زمانی دایک_دا.
  4. پەسەندکردنی رێبەرێکی یەکگرتووی رێنووسی کوردیی و گشتاندنی بەسەر سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکوومەت و پەرلەمان و دادگەکانی ھەرێمی کوردستاندا؛ بە ئامانجی ھەرچی زووتر یەکخستن و رێکخستنی رێنووسێکی کردەیی پەسەندکراو بۆ بەکارھێنانی وشە و چەمکی ساغکراوە لە نووسراوە فەرمییەکان و پەیامەکانی میدیادا. ئەوەیش بە ھەماھەنگیی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردیی و فەرمانگەکانی میدیا و زانیاریی و تەکنۆلۆژیای ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستاندا دەکرێت، تاوەکوو بە پلانێکی نیشتیمانیی ئەو رێنووسە پەسەندکراوە؛ پرۆگرام بکرێت و لە سیستەمی کۆمپیوتەریی سەرجەم دامەزراوەکاندا کارابکرێت.
  5. پێکھێنانی «ئەنجوومەنی نیشتیمانیی گەیاندن و راگەیاندنی کوردی»؛ بۆ بەدواداچوون و تۆمارکردنی خەوشی پیشەیی و پێشێلکاریی یاسایی راگەیاندن و راگەیاندنکاران. ھاوکات خستنەڕووی چارەسەر و پێشکەشکردنی خوولی بەردەوامی راھێنان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری میدیایی بەکارھێنەر و بەرھەمھێنەری پەیامی میدیایی و ریکلامی بازرگانی.
  6. پشتگیرییکردنی دارایی و کاراکردنی راسپاردەکانی «کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ریفۆرمی میدیایی» کە یەکەم خوولی لە رۆژی 10ی تەمووزی 2021دا لە ھۆڵی ھۆتێل داوا لەسلێمانی لەلایەن رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ بۆ ھەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی دۆخی زمانی راگەیاندن و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی رێکخرا.
  7. مۆڵەتپێدان یاخوود تازەکردنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیاکان و بەرھەمھێنەرانی میدیایی؛ بە مەرجی خۆتۆمارکردنیان لە بەشی یاسا و ریکلامی بازرگانیی وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان_دا. ئەوەیش بە ئامانجی ئاگاداربوون لە باشبەکارھێنانی زمانی کوردیی و درووستنووسین کە رێگەخۆشکەر دەبێت لەوەی تازەکردنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیاکان و میدیاکان بە ھەبوونی دەرگاوان یاخوود راوێژکاری یاسایی، میدیایی، دەروونیی و کۆمەڵایەتیی لە بەرھەمھێنان و بڵاوکردنەوەی پەیامی میدیایی و ریکلامی بازرگانیی و نابازرگانییدا مەرجدار بکرێن.
  8. درووستکردنی لیژنەیەکی ھاوبەش لەنێوان وەزارەتەکانی بازرگانیی و پیشەسازی، شارەوانیی و گەشتوگووزار، رۆشنبیریی و لاوان_دا؛ بە ئامانجی پێداچوونەوەی زمانەوانیی و ژینگەیی ئەو پۆستەر و ریکلامانەی لە شوێنە گشتییەکاندا چاپ و پەخش و بڵاودەکرێنەوە یاخوود ھەڵدەواسرێن. ھەروەھا سنووردارکردنی ئەو ریکلامانەی کە لەسەر بنەمای بێبەھاکردنی بەرھەمی ناوخۆیی؛ برەو بە بەرھەمی بیانیی دەدەن.
  9. درووستکردنی رێبەری گەشتیاریی بە زمانی کوردیی و پاشتر وەرگێڕانی بۆ زمانە زیندووەکانی جیھان. ھەروەھا مەرجدارکردنی شوێنە گەشتیاریی و شوێنەوارییەکان بە بەکارھێنانی ئەو رێبەرە و تازەکردنەوەی ساڵانەی ناوەڕۆکەکەی بە بەردەوامی. ئەوەیش لە رێگەی ماڵپەرێکی کارای تایبەت بە گەشتوگووزار و شوێنەوارەکانی کوردستان دەکرێت.
  10. راگرتنی متمانەبەخشین بە شوێنە گشتییەکانی وەک: ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردن، کۆمپانیا و نێوەندە بازرگانییەکان، میوانخانە و چێشتخانە و نەخۆشخانە و …تد، تاوەکوو ئەوکاتەی کوردیی؛ دەکەن بە زمانی فەرمیی شوێنە گشتییەکان و بازاڕ و ئابووریی لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستاندا.

بە جێبەجێکردنی ئەو راسپاردانە؛ دۆخی زمان و باشبەکارھێنانی لە راگەیاندنی کۆن و نوێ و ریکلامی بازرگانییدا دەچێتە ئاستێکی بەرزتر و گۆڕانکارییەکی جۆریی لە بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی پەیامی میدیاییدا دەکرێت. ئەوەیش ئەو ئامانجە گەورە و گرنگەیە کە لە رێگەی تاووتوێکردنی گشتیی نێو کۆنگرەیەکەوە؛ تانوپۆی ھەنگاوەکانی گەڵاڵەکراوە. ھەربۆیە؛ «ھەرگیز بۆ دەستپێکردن درەنگ نییە»، ھەروەکچۆن خۆبواردن و شانی خۆتەکاندن لە بەرپرسیارێتی، چارەسەری ریشەیی نییە. کەواتە؛ دەکرێت ھەر کەسە و لە ئاستی خۆیەوە و بەپێی پێگە و بەرپرسیارێتی خۆی بەردێک بخاتەسەر بەردێک، تاوەکوو دۆخی رۆژنامەوان و رۆژنامەگەریی و راگەیاندنی کوردیی بە ئاڕاستەیەکی پیشەییتردا بەرێت و لەوەی ئێستا ھەیە باشتربێت.

26: ئایا رێسای پیشەیی و بنەمای یاسایی؛ کامیان بۆ رێکخستنی ناوەڕۆکی راگەیاندن و رەفتاری رۆژنامەوان گرنگتر و کردەییترن؟

وەڵام: لەنێوان پێوەرەکانی رێسای پیشەیی و بنەماکانی یاسای راگەیاندن_دا؛ ئامانجێکی بنچینەیی ھاوبەش و ھەماھەنگییەکی پتەو ھەیە. یەکەمیان؛ پەیوەندیی نێوان خوود (ژات) و خوودی کەسەکان رێکدەخات، واتە لەرووی ویژدانییەوە کەسەکان چۆن بیر دەکەنەوە و بە چ شێوەیەک و لە چ کات و شوێنێکدا بە رەفتارێک یاخوود زیاتر، گووزارشت لە بیرۆکە و بیرکردنەوەکانیان دەکەن یان چۆنچۆنی ھەست بە ئازاری ویژدان دەکەن، کاتێک ھەڵەیەک دەکەن. ھەرچی دووەمیانە؛ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان کەسەکان رێکدەخات، واتە پەیوەندیی نێوان خوود و خوودێکی دیکە و کۆمەڵگە رێکدەخات کە بەردەوام لە گۆڕان و ھەموارکردنەوەدان، نەک پەیوەندیی نێوان خوود و خوا کە ئایین رێکیدەخات و بنەما گۆڕاو و نەگۆڕەکانی پیادەکردنیشی دیارییکردووە.

لەو ئامانجە ھاوبەشەدا؛ ئەگەرچیی رێسای پیشەیی کار لەسەر چاککردن و چاکسازیی خوودی پیشەوەرەکە دەکات لەرووی ویژدانیی و دەروونییەوە، بەڵام بنەمای یاسایی کار لەسەر پەیوەندیی رەفتارە دەرەکییەکانی ئەو خوودە بە کۆمەڵگە و بە خوودەکانی دیکەوە دەکات، تاوەکوو بەپێی بنەمای یاسایی و پێوەری رێسایی پیشەوەرێکی باشپەروەردەکراو بۆ کۆمەڵگە پێبگەیەنن کە لەلایەک لەپای پایەدارکردنی پاداشت و سزا_دا رەفتار بنوێنێت و لەلایەکی دیکەشەوە، لەنێوان بیرکردنەوە و بڕیاری راست و درووست و جیاکردنەوەیان لە ھەڵە و ھەڵەچوونەکانییدا، پشت بە ئازاری دەروون و ویژدانی کەسیی خۆی نەک سزای یاسایی ببەستێت.

مرۆڤ بە سروشتی خۆی؛ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و ناتوانێت لە دەرەوەی کۆمەڵگەدا بژی. ھەر وەک ئەرستۆ دەڵێت؛ مرۆڤی لەکۆمەڵگەدابڕاو دەشێت دڕندە یاخوود خووداوەند بێت کە تەنیایی بۆی باشبێت و پێویستی بە کەسانی دیکە نەبێت. لەنێو کۆمەڵگەشدا؛ مرۆڤ سروشتی مرۆڤایەتیی وەردەگرێت، وەگەرنا بەشێوە و رووخسار بێت رەنگە مرۆڤ بچێتەوە سەر ھەندێک ئاژەڵ و دڕندە. جا ئەگەر بوونی کۆمەڵگە بۆ مرۆڤ ئەوەندە گرنگ بێت کە سروشتە مرۆڤایەتییەکەی لێوە بەدەستبھێنێت، کەواتە بەرژەوەندییە دژ و تەباکانیان بەر یەک دەکەون و بەوەش گرنگیی یاسا بۆ دیارییکردنی ئەرک و مافی ھەرکەسێک دێتەپێش. لەو کۆمەڵگەیەشدا؛ ئەگەر یاسا نەبێت، ئەوا ھەر کەسە و بۆ تێرکردنی غەریزە و پێداویستییە خودییەکانی، پشت بە ھێز و ھەژموونی خۆی دەبەستێت، ئەوکاتیش وەک جەنگەڵ لۆژیکی ھێز باڵادەست دەبێت و رێسای «ماسی گەورە ماسی بچووک دەخوات» پیادەدەکرێت. بەو پێودانگەش؛ دەکرێت دان بەوەدا بنرێت کە کاریگەرترین ئامرازی رێکخستنی بەرژەوەندییە کۆک و ناکۆکەکانی کۆمەڵگە، یاسا_یە کە بۆ راگرتنی ھاوسەنگیی لەنێوان ئەرک و مافی کەسەکاندا، ھەبوونی لە نەبوونی بە باشتر دەزانرێت، چوونکە بونەوەرێکی زیندووە و لەنێو منداڵدانی ململانێی کۆن و نوێدا، یاسا درووستدەبێت و لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانیشدا دەگۆڕێت و ھەموار دەکرێتەوە.

لەوبارەوە پرۆفیسۆری یاسای راگەیاندن د.سامان فەوزی؛ پێداگریی لەسەر ئەو پێناسە کۆنکرێتییە دەکاتەوە کە یاسا وەک کۆمەڵە بنەمایەکی گشتگیر و ئەبستراکت دەبینێت کە دەسەڵاتی تایبەت بە یاسادانان (پەرلەمان) لەھەر وڵاتێکدا بۆ رێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان کەسەکان و پەیوەستکردنیان بەشێوازێکی زۆرەکی (ملزم) دەریدەچوێنێت. ئەوەیش بە ئامانجی پێڕەوکردنی ناوەخنی یاساکە، وەگەرنا سەرپێچیکار سزا دەدرێت. ھەڵبەتە بنەمای یاسایی؛ جگە لە رێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەسەکان بە سرووشتیی و ناسرووشتییەوە، ھاوکات بنەمای گشتیی و ئەبستراکتن، واتە سەرجەم چین و توێژەکان دەگرێتەوە کە یاساکەی بۆ دەرچووە، بەبێ ئەوەی جیاکاریی بکات و بچێتە نێو وەدەکارییەکانی ژیانی سکاڵاکار و سکاڵالێکراو و خاتریان بگرێت، چوونکە بنەمای یاسایی زۆرەکییە و پەیوەستە بە سزاوە. ھەر ئەوەیش خاڵی جیاوازیی نێوان بنەماکانی یاسا و پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن_ە کە سزا وەک چارەسەرێک بۆ سزادانی ئەو کەسانە دەستنیشانکراوە کە رەچاوی ویژدانی خوودیی ناکەن و بە کردەیی رەفتاری تاوانکاریی بە رێگەیەکی ئاشکرایی وەک ئامرازە جیاوازەکانی راگەیاندن ئەنجامدەدەن.

لەکۆمەڵگەیەکدا کە دەستەڵاتەکان بەتەواویی سەربەخۆ نەبن و لێکجیانەکرابێتنەوە؛ بەدڵنیاییەوە ئەگەری جێبەجێبکردنی ھەر یاسایەک تیایدا کەم و سنووردار دەبێت. ھەربۆیە پێویستە بیر لە جێگرەوەیەک بکرێتەوە کە لە یاسا زیاتر و زووتر جێبەجێبکرێت. واتە؛ ئەگەرچیی جێگرەوەی یاسا ھەر یاسا_یە، بەڵام دەتوانرێت لە رێگەی بەرزکردنەوەی ھۆشیاریی و باشپەروەردەکردنی میدیاییەوە؛ چانسی پێڕەوکردنی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن لەپێشتر و کردەییتر بن.

25: ئایا میدیا و میدیاوان؛ دەتوانن لێدوان لە منداڵان و نەخۆشانی داون و دەروونیی و ھاوشێوەکانیان وەربگرن؟

وەڵام: بەپێی یاسا بەرکارەکان و رێسا پیشەییەکان؛ ھەموو میدیاوان و میدیایەک دەتوانن لێدوان لەھەموو کەسێک و لەھەموو کاتێک و لەھەموو شوێنێکدا وەربگرن، بە مەرجێک کەسەکە خاوەن ھۆش و ئاوەز بێت و ئەوەی دەیڵێت و دەیکات، بەھای ھەواڵیی ھەبێت و لەچوارچێوەی دابونەریتی پەسەندکراوی کۆمەڵگە و بایەخی کۆمەڵایەتیی و بەرژەوەندییە گشتییەکاندا بێت. کەواتە لێدوانوەرگرتن؛ کارێکی پیشەگەرانەیە و لە دەرەوەی یاسا و رێساکان نییە، بەڵام دەبێت بزانرێت: لە کێ وەردەگیرێت، کەی وەردەگیرێت، لەکوێ وەردەگیرێت، چیی و چۆن و بۆچیی لێدوانی لێوەردەگیرێت؟!

کەسانێک کە لەرووی تەمەن و ئاوەزەوە گەشەیان نەکردبێت و توانای بیرکردنەوە و بڕیاردانی سەربەخۆیان نەبێت؛ نابێت بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختەی باوان یان بەخێوکەر یان سەرپەرشتیار لێدوانیان لێوەربگیرێت، چوونکە ناتوانن بەرپرسیارێتیی ئەوەی دەیڵێن و دەیکەن بگرنەئەستۆ. ھەر بۆ نموونە، منداڵ و کەسانی داون یان ئەوانەی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە یان دەروونیی و ھاوشێوەکانیان ھەبێت؛ لێدوانەکانیان ھیچ بەھا و بایەخێکی نییە و ھەر میدیاوان و میدیایەکیش بەقسەیان بھێنێت، بەدڵنیاییەوە لە دەرەوەی ئامانجی رۆژنامەگەرییە و بۆ مەبەستێکی دیکەی ناپیشەیی بەکاریاندەھێنێت کە لەرووی یاسایی و پیشەییشەوە، رەوا و رێگەپێدراو نییە. لەوبارەوە؛ میدیایەکی خۆشباری (Entertainment Media) تەنەکەچییەک بە چەکووش و تەنکییەکی گەورەوە بانگھێشتی پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیی کوردزمان دەکات؛ لە بڕگەیەکدا پێشکەشکارانی پڕۆگرامەکە دەیخەنە دۆخێکەوە کە ئەو تەنکییەئاوەی ھێناویانەتە ستۆدیۆ بێکێشەیە و ئاودانادات، بەڵام لەکاردانەوەی پێداگرییەکەی ئەواندا تەنەکەچییەکە تووڕە دەکرێت و بەچەکووشەکەی دەستی، بە تووندی بە تەنکییەکەدا دەکێشێت و بۆیان دەسەلمێنێت کە رزیوە و ئاودەدات. ھەر لەو پرۆگرامەدا؛ ھەمان تەنەکەچیی تووڕە دەکرێت کە ناتوانێت ئەو پەرداخە ئاوە بشکێنێت کە لەسەر مێزە شووشەییەکەی بەردەمی دانراوە!

پرسیاری سەرەکیی لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا چ دانایی و زاناییەک لە شکاندنی پەرداخێکی شووشەدا ھەیە؟ ئەگەر لەکاتی شکاندنی پەرداخەکەدا پارچە شووشەیەک دەستی یەکێکیانی ببڕیایەو بەھۆیەوە نەزیفی خوێن بەربووایە؛ کێ لێی سوودمەند دەبوو؟ ئایا بینەر چ سوودێک لەوەدا دەبینێت کە تەنەکەچییەک تووڕە بکرێت و بە دەنگی چەکووش و تەقەتەقی تەنکییەکی رزیوو بێزار بکرێت؟! ئایا ئامادەکار و پێشکەشکای پرۆگرامەکان؛ میوانەکانیان بۆ تووڕەکردن و بێزارکردن بانگھێشتدەکەن یان بۆ وەرگرتنی زانیاریی و روونکردنەوەی پرس و بابەتێکی ئاڵۆز و ناڕوون؟

کەی و لە کوێ رەوا و رێگەپێدراوە؛ میدیاوان و میدیای کوردیی لە رووماڵی راستەوخۆدا لێدوان لە خانمە ھوونەرمەندێکی پرسەدار وەربگرن کە ھێشتا 24کاتژمێر بەسەر مەرگی ھاوسەرەکەییدا تێنەپەڕی بێت و شۆکی مردنەکە بەری نەدابێت، پرسیاری ئەوەی لێبکرێت کە دواین کاری ھوونەریی چییبووە و بە چ رۆڵێکی سەرسامبووە؟!

ھەر بەڕاست مرۆڤ لە کاتی شین و شایی_دا؛ لە دۆخێکی ھێند ئاسان و ئاساییدایە کە بتوانێت بە کامی دڵ بیروبۆچوونی خۆی لەسەر پرسێکی پەیوەست بە ژیانی تایبەتیی خێزانەکەی لە کات و شوێنێکی تایبەتییدا دەرببڕێت، تاوەکوو راستەوخۆ بە رووخسارێکی شێواو و جلوبەرگێکی تایبەتەوە، دەنگ و رەنگی بۆ بینەرێکی گشتیی بگوێزرێتەوە؟!

چیی بەھایەکی ھەواڵیی و بایەخێکی کۆمەڵایەتیی و بەرژەوەندییەکی گشتیی ھەیە؛ میدیاوان و میدیای کوردیی ناچار بە وێنەگرتنی نەخۆش لە ژووری نەشتەرگەریی بکات یاخوود لە رووماڵی راستەوخۆی باران و لافای گەڕەکێکی ھەژارنشیندا لێدوان لە دایک و باوکێک وەربگرێت کە عەوداڵی دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکەیان بن یان راستەوخۆ لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە وتەکانی تۆمەتبارێک وەربگیرێت و بگوێزرێتەوە کە دەستی بە خوێنی خووشکەکەی سووربێت و ھێشتا پۆلێس دەستی پێی نەگەیشتبێت و دەستگیری نەکردبێت؟ ئایا راگرتنی کەسانی ئاسایی و ناچارکردنیان بە لێکردنەوەی میکیاژ یاخوود تاشینی سمێڵ لەبەرامبەر بڕەپارەیەکدا یان داواکردن لە کچێکی ھەرزەکاری زگوورت بۆئەوەی تەلەفۆن بۆ دایکی بکات و پێیبڵێت کە دووگیانە؛ دەچێتە خانەی رۆژنامەگەریی رووزەرد یان رژد و بەرپرسیار؟!

لەو بارودۆخانەدا؛ ئەو کەس و کەناڵانەی راستەوخۆ لێدوان لە قووربانییەکان وەردەگرن، ئایا ھیچ ھۆش و ھەستێکیان کاردەکات وا لەخۆیان ناپرسن: لێدوانی ئەم قووربانییە چ دیوێکی تاریکی رووداوەکەم بۆ رووناکدەکاتەوە وا من لەبری بەرپرسان ئەو ناچار دەکەم زانیارییەکانم بۆ پشتڕاستبکاتەوە؟! ئایا ئەگەر پێچەوانەبکرێتەوە و ئەمجارە خۆم وەک رۆژنامەوانێکی خاوەن کەسایەتی؛ رازیی دەبم لەبەرامبەر یەکەیەکی پەیوەندییکردن یاخوود بۆن و بڕەپارەیەکدا لەناو جەرگەی بازاڕدا ریش و سمێڵم بتاشن یان سووراو و سپیاوەکەم بسڕنەوە و وێنەیشم بگرن و پێشوەختەش پێمبڵێن کەی و لە کوێ ئەم «شەرمەزاری»ەم پەخشدەکەن؟

چۆن و بۆچیی کاری راگەیاندن و رۆژنامەگەریی ھێند بچووک و بێبەھا کراوە کە وەرگر تاقەتی بینین و بیستن و خوێندنەوەی پەیامەکانی نەبێت؟ ئایا ھەموو ئەوانەی لەلایەن میدیا و میدیاوانان لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا دەکرێن؛ بە پیلان و بەرنامەی پێشوەخت دیراسەتکراو دەکرێن، بۆ لەبیربردنەوەی پرسە گەرمەکانی رۆژ_ە یاخوود ھەر نەزانیی و نەشارەزایی «عەریزەنووس و کرێکار و کاربەڕێکەرانی میدیایی»ە؟!

24: ئایا شەرمەزارکردنی گشتیی چییە و چۆن و بە چ شێوەیەک رۆژنامەوان و رۆژنامەگەریی کوردی؛ دەتوانن خۆیان لە چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەی بپارێزن؟

وەڵام: مەبەست لە شەرمەزارکردنی گشتیی (Public Shaming)؛ چاوترسێنکردن و تۆقاندنی کەسێکە لە رێگەی سووکایەتییپێکردن و زەلیلکردنی، بە ئامانجی سزادانی ئاشکرای لەپای رەفتارێکی دیارییکراو یان ئاشکرانەکراودا. ئەوەیش سیاسەت و ستراتیژێکی دێرین و نوێی دەزگە ھەواڵگریی و میدیاییەکانە. یەکەمیان؛ لە رێگەی سیخووڕانی خۆیانەوە و وەک جۆرێک لە دەرخستنی دەستەڵاتی بێسنووریان بەرامبەر نەیارانی خۆیان دەیکەن. ھەرچی دووەمیانە؛ لەرێگەی رازاندنەوە و رووماڵکردنی رۆژنامەوانەوە سزای میدیایی قووربانییەکە دەدەن، چوونکە بە رووناکییخستنەسەر ئەو سووکایەتییەی بەسەریدا ھێنراوە، کەسەکە ئازار دەچێژێت یاخوود لانیکەم لەھەمبەر زەلیلکردنییدا بێدەنگیی و پاشەکشێ ھەڵدەبژێرێت. ئەوەیش؛ ئامانجی سەرەتا و کۆتایی ئەوانەیە کە سووکایەتییەکە دەکەن و بە زەلیلبوونی کەسەکە لەبەردەمیاندا، دڵخۆشن و دەشیانەوێت رایگشتیی ئاشنا و ئاگاداری ھۆکاری دڵخۆشییەکەیان بێت!

شێوازی کارکردنی رۆژنامەوان و رۆژنامەگەری؛ رۆڵێکی دیار و بەرچاوی لە وردکردنەوە و زیاتر بڵاوکردنەوەی دیاردە و دەرکەوتەکانی شەرمەزارکردنی گشتییدا ھەیە کە بەداخەوە بووە بە شێوازێکی شەرمھێنەری نارێسایی و نایاسایی ئەمڕۆی میدیا و میدیاوان لە ناوخۆ و دەرەوەی نیشتیمانی کارکردنی پیشەییاندا. شەرمەزارکردنی گشتی؛ ئەگەرچیی مێژووەکەی بۆ کۆتاییەکانی ساڵانی 1700 و سەرەتای 1800 دەگەڕێتەوە کە  لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا گەیشتە ترۆپک، بەڵام لەسەدەی بیستوویەک و ھەزارەی سێییەمدا ھێشتا کۆتایی نەھاتووە و ئێستە بەھۆی ئامڕازە نوێکانی گەیاندن و راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زووتر و زیاتر پەخش و بڵاودەبێتەوە و بازاڕسازیی بۆ شکاندنی شکۆی مرۆڤ دەکرێت. هەرێمی كوردستانی عێراقیش؛ دوور و دابڕاو نەبووە لە چیرۆکەکانی ئەتککردن لە رێگەی سەرتاشین و برۆ تاشین لەلایەن کەسانی ناسراو و نەناسراو و پاشان بڵاوکردنەوەی لە میدیادا، بەئامانجی شكاندنی شان و شكۆی كەسێتی تاکەکانی کۆمەڵگە. رفاندن و سەرتاشینی پارێزەرێکی راوێژکار و فڕێدانی لەبەردەم ماڵەکەییدا، بەڤیدیۆ تۆمارکردنی سەرتاشینی ھوونەرمەندێکی میللیی و بڵاوکردنەوەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەبەھاری 2023دا، سەرتاشینی پێشمەرگەیەک لەسەر جیاوازیی بیرکردنەوە و شاربەدەرکردنی لەساڵی 2016دا؛ سێ شەرمەزارکردنی گشتیین کە میدیاوان و میدیای کوردیی رۆڵیان لە ناساندنیان و زیاتر بڵاوبوونەوەی چیرۆکەکانیاندا ھەبووە.

بەبڕوای شارەزایان و پسپۆڕانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن؛ چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەی شەرمەزارکردنی گشتیی زۆرجار بە رەفتارێکی ئەرێنیی لێکدەدرێتەوە، چوونکە لە رووی پیشەییەوە ئەو شتانە ئاشکرا دەکرێن کە لەلای زۆر کەس بە ڕەفتارێکی خراپ دەزانرێن، لەوانە: پۆست و تویتی ڕەگەزپەرستانەی سپییپێست دژ بە رەشپێست و بەپێچەوانەیشەوە. ھەروەھا شەرمەزارکردنی بەرپرسانی گشتیی (Public Figures)؛ کاتێک کە نایانەوێت یاخوود پێیان خۆشنییە و رێگەدەگرن لەوەی رایگشتیی لە سێکووچکەی: گەندەیی و گووندەیی و گەندەڵییەکانیان بەئاگابھێنرێتەوە، تاوەکوو شەرمەزارکردنی خۆیان و رەفتارەکانیان نەبێت بەھۆکاری لێپێچینەوە و سزادانیان. ئەوەش ئەو جۆرە کارکردنەی رۆژنامەوان و رۆژنامەگەرییە کە لە رووی پیشەییەوە بە «شەرمەزارکردنی باش» ناسراوە. بەپێچەوانەوە؛ «شەرمەزارکردنی خراپ» لە نموونەی چاپ و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ڕەفتاری بەدی بێئەدەبەکان لە رێگەی شەرمەزارکردنی خەڵک لەسەر بابەتی بێبەھا و بێبایەخی کۆمەڵایەتیی و سوودی گشتی. بەداخەوە لە ھەردوو جۆری باش و خراپی شەرمەزارکردنی گشتییدا؛ رۆژنامەوان و ڕۆژنامەگەریی ڕۆڵی پاڵپشتییکەر (supporter) دەگێڕن و خۆیان وەک چاودێر و وەسفکەر دەبینن، تەنانەت بانگەشەی ئەوەشدەکەن کە هیچ پشکێکیان لەو ئەنجامانەدا نییە کە بەھۆی بڵاوکردنەوەی شەرمەزارکردنی گشتیی دەکەوێتەوە. لە واقیعدا؛ ھەر بەتەنیا تۆمارکردن و بەڵگاندنی شەرمەزارکردنی گشتیی لەلایەن رۆژنامەوان و ژوورەکانی ھەواڵ، خزمەت بە خراپترکردنی دۆخی سووکایەتییپێکراو و زەلیلکراوان دەکات کە دواتر بە ئاسانیی تێکەڵاوی تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگە نابنەوە و لەرووی دەروونییشەوە خۆیان بە تێکشکاو یاخوود شکۆشکێنراو دەبیننەوە. لەبارەی ڕۆژنامەگەریی و شەرمەزارکردنی گشتییەوە؛ مەکبراید (2015) چەند ڕێنماییەکی پیشەیی دەخاتەڕوو، تاوەکوو رۆژنامەوان ببێت بە بەشێک لە چارەسەر نەک کێشە بۆ شەرەمەزارییەکە، لەوانە:

یەکەم: خۆپەروەردەکردن و خۆپێگەیاندن لەسەر لەقاڵبدانی رەفتارە نەرێنییەکان و سنووردارکردنیان، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ھۆشیاری میدیایی بەھەردوو رووی پیشەیی و یاسایی لەکاتی بەڵگاندن و وێنەگرتنی ڕەفتاری بێئەدەبانەدا. بۆنموونە؛ بە زبڵدانکردنی زەوی و فڕێدانی بنێشت و توێکڵی گوڵەبەڕۆژە یاخوود قسەکردن بە دەنگی زۆر بەرز لە مۆبایلدا. لەوبارەوە رۆژنامەوانێک دەڵێت: کاتێک وێنەی کەسێک دەگرم، یەکەم بیرکردنەوە کە دوای ئەوە هەمبووە ئەوەیە؛ «باشە، ئێستا خەڵک لەبارەی تۆوە دەزانن؟» وەکئەوەی بەڕاستیی دادپەروەرانە بێت و ئەوەش وادەکات لەو بارەیەوە هەست بە باشتربوون بکەم، چوونکە من وەکئەوەی پێویستە لێپرسینەوەت لەگەڵدا بکرێت لەسەر ئەو کارەی کە دەیکەیت، پێویستە لەسەر ڕەفتارە خراپەکانت لێپرسینەوەت لەگەڵدا بکەم، ئەوەیش بەدڵنیاییەوە چارەسەرەکەیە. رایان مارتن؛ سەرۆکی بەشی دەروونناسیی لە زانکۆی ویسکۆنسێن گرین بەی دەڵێت: ئێمە گیرۆدەی لایک و کۆمێنت و ڕیتویت دەبین، کاتێک کە ھەستی توڕەیی لەھەر ھەستێکی دیکە خێراتر لەئینتەرنێتدا بڵاودەبێتەوە. ھەربۆیە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک سەکۆیەک بۆ تووڕەیی و تووڕەکردنی مرۆڤ؛ وادەکات مرۆڤ زیاتر شەڕانگێزانە مامەڵە بکات. لەو سۆنگەیەوە؛ رۆژنامەوانان بەرپرسیارن لەوەی بزانن کەی خەڵک یان جەماوەرێک گیرۆدەی سووڕی تووڕەیی دەبن، تاوەکوو لەخۆیان بپرسن ئایا چیرۆکێک بەڕاستیی هەواڵە یان هەموو ئەو کلیکانە تەنها کەسانێکن کە قامچییان لێدراوە و کەوتوونەتە ناو جەنجاڵییەکی سۆزدارییەوە. کاتێک کە تاکە بەهای هەواڵ؛ هێمنایەتییە، ڕەنگە رۆژنامەوانانان بە پرسیارکردن لەبارەی بەهای ڕاستەقینەی هەواڵەکانەوە دەستپێبکەن.

دووەم: مامەڵەکردن؛ تەنیا بە مەبەستی رۆژنامەوانی. زۆرجار رۆژنامەوانان پاساو بۆ دەرخستنی رەفتاری تایبەت، بە ئاشکرا دەزانن کە دووڕوویی یان ڕق و کینە ئاشکرا دەکەن، بەڵام بە بەردەوامیی رەفتارێک هەیە کە پێویستە ئاشکرا بکرێت. بەدڵنیاییەوە؛ ئامانجی ڕۆژنامەوانیی پێداویستییەکانی وەرگر لەبەرچاو دەگرێت و زیانەکانی کەمتر دەکاتەوە. ھەربۆیە زۆرجار شەرمەزارکردنی گشتیی بەهیچشێوەیەک پەیوەندیی بە پێداویستییەکانی وەرگر_ەوە نییە.

سێییەم: زانیاریی و کۆنتێکستی زیاتر بەدەستبهێنە. کەوتنەداوی قەرەباڵخی؛ زۆرجار ھەڵەی گەورە بە رۆژنامەوان دەکات، ئەوەیش بەھۆی کەمیی زانیاریی و نەبوونی بەڵگەی پێویست لەبارەی ئەو واتەواتەی لەنێو خەڵکییدا بڵاودەبێتەوە. بەداخەوە؛ ئێستا شەرمەزارکردنی گشتیی بووە بە ھەواڵی گەرمی ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە پشکی شێری بەر دەزگەکانی میدیای هەواڵیی دەکەوێت. بەو هیوایەی لەگەڵ پەرەسەندنی ستانداردەکانی هەواڵ_دا؛ رۆژنامەوانانی پیشەگەر خۆیان لە شەرمەزارکردنی کەسانی تایبەت دوور بخەنەوە کە چاکە و بایەخێکی کۆمەڵایەتیی زۆر کەمیان ھەیە. ھەربۆیە باشترە کاتێک کە چیرۆکێک دەبیستن توخمەکانی شەرمەزارکردنی تێدایە، چەند پرسیارێک لەخۆیان بکەن، تاوەکوو شەرمەزارکردنی باش لە شەرمەزارکردنی خراپ جیابکەنەوە، بۆنموونە:

  1. ئایا ئامانجی رۆژنامەوانان لەشەرمەزارکردن؛ تاکێکە یان ڕێکخراوێک؟
  2. ئەگەر تاکێک بێت، ئایا کەسێکی بەهێزە؟
  3. ئەگەر ڕێکخراوێک بێت، ئایا ڕێکخراوێکە دەسەڵاتی تایبەتی بەسەر تاکەکاندا هەیە؟
  4. کێ ئەو شەرمەزارییە دەکات؟
  5. ئایا شەرمەزارکردنەکە؛ دەرئەنجامی یەک ڕووداو یان ساتێک لەساتەکانە؟
  6. بۆ تێگەیشتن لە شەرەمەزارییەکە؛ چ چوارچێوەیەکی زیادە پێویستە؟
  7. دەربارەی تاکەکەسەکە یان ڕێکخراوەکە؛ چ زانیارییەکی دیکە ئەگەری ئەوەی ھەیە پەیوەندییدار بێت؟
  8. لە وەسفکردنی رەفتاری ئاڵۆز و قەرەباڵخدا؛ ئایا تۆش وەک رۆژنامەوان بەشداریی تێدا دەکەیت؟

رۆژنامەوان و رۆژنامەگەریی کوردی؛ دەتوانن خۆیان لە چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەی شەرمەزارکردنی گشتیی بپارێزن لە رێگەی جیاکردنەوەی شەرمەزارکردنی خراپ لە شەرمەزارکردنی باش و بەدیھێنانی پێویستییەکانی وەرگر، لەسەر بنەمای بەھای ھەواڵی، بایەخی کۆمەڵایەتیی و سوودی گشتی.

23 : ئایا میدیاوان و میدیای کوردی؛ بۆچیی پیشەگەرانە کاریان لەسەر تاوانەکانی ھەڵەبفال و جەنگ و جینۆسایدی کوردستانیان نەکردووە؟

وەڵام: لەماوەی پتر لە سێ دەیەی ئەزموونی فەرمانڕەوایی خۆبەخۆی کورد لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا؛ نانیشتمانیی و ناپیشەیی کارکردن و بیرکردنەوەی تەسکی میدیاوان و میدیای کوردیی بووە بە یەکێک لە خەسڵەتە زەق و زاڵەکانی ناسینەوەی ئەو ئەزموونەی لەسەر پشت و پیتاکی ھاونیشتیمانییەکانی بنیاتنرا. ئەوەیش رێگرێکی سەرەکیی کرد؛ لەوەی وێنە و وێنای دۆست و دووژمن، جەلاد و قووربانی، تۆمەتبار و تاوانبار، جاش و پێشمەرگە، نیشتیمانفرۆش و نیشتیمانپەروەر بە راستە و پرگالی کەسانی ساغ و ساغلەم و دەرووندرووست بکێشرێن و ببینرێن!

 دوای 35ساڵ لە یاد و یادەوەری پڕ ئازاری ھەشت قۆناغەکەی تاوانی ئەنفال (22ی شووبات _ 06ی ئەیلوولی 1988)و بێسەرووشوێنکردنی پتر لە 182 ھەزار کەس و تاوانی کیمیاییبارانی ھەڵەبجە (16ی ئاداری 1988) و خنکاندنی ھەناسەی پتر لە پێنج ھەزار مرۆڤی بێوەی و برینداربوونی ھەزارانی دیکە و وێرانکردنی سەدان گووند و شارۆچکە و شارەدێ و شاری کوردنشین؛ تازەبەتازە بیرکردنەوەکانی بەعس و بەعسگەرایی لە نێو بەرھەمی میدیایی و پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زەق و زیندوو دەکرێنەوە. تەنانەت بووە بە نوێترین مۆدێلی میدیای نوێی کوردزمان کە گوومان بخرێتەسەر ھۆڤیگەریی دیکتاتۆرێتی سەدام حسێن و سەدامییەکانی ھاوشێوەی وەک پاڵەوانی قۆناغی راگووزەری دیمووکراسیی بناسێنرێن و لەرێگەی پڕۆمۆ و پرۆگرامی سپۆنسەرکراوەوە و بە سیستەمی پەخشی HD، ستایشی نەوەکانیان کراوە و دەکرێت!

ئەو ئەزموونە بێوێنەیە کە وەک ھێلکەی دەڵەمە؛ ھێشتاوەکوو نەگیرساوەتەوە و ھەر رۆژەی پایە و پێگەیەکی لەق و بنکۆڵدەکرێت، نەیتوانیوە یان بە پیلان و بە بەرنامە نەیویستووە میدیایەکی نیشتیمانیی بەرپرسیار و پیشەگەری ئەوتۆی ھەبێت کە تاوانەکانی جەنگ و جینۆسایدی کورد لەنموونەی ئەنفال و کیمیاییباران وەکخۆی بۆ نەوەی نوێ بگێڕێتەوە و پێیان بناسێنێت. تەنانەت نەشیتوانیوە یاخوود بوێریی و ئازایی و ئازادیی ئەوەیشی نەبووە کە بەدوور لە بیرکردنەوەی تەسکی ناوچەیی و حزبیی و خێڵگەرایی؛ رووماڵی شین و گرینی نێو ساڵیادەکانیان بکەن و چیرۆکی قووربانییەکان بە درووستیی بگێڕنەوە. لەوەیش خراپتر؛ لەسایەی بێسنووریی و بێخاوەنیی میدیای نوێ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئێستا بە بەرنامە رووی رەشی جاش و جەیشی بەعسییەکان سپییدەکرێتەوە و لێرە و لەوێش «بەعسییبوون» دەکرێت بە ئیمتیازی عێل و عەشرەت و لەسەروەختی ھەڵبژاردنەکانیشدا چەندین ئیمتیازی دیکەی پێوەردەگیرێت!

بۆ دەربازبوون لەرووماڵی بێبەھای میدیایی بۆ چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەی گووتاری بێناوەڕۆک و بەڵێنی بێوادە و سوێندی درۆ لەبارەی ھەڵەبفال (ھەڵەبجە + ئەنفال) و تاوانەکانی دیکەی قڕکردن و جەنگ و جینۆسایدی کورد بە دەستی تاوانبارانی حزبی بەعسی عەرەبیی ئیشتراکیی عێراق؛ باشترە میدیاوان و میدیای کوردیی لە پەتای درمی نانیشتمانیی و ناپیشەیی بیرکردنەوەی رەخنەیی و رەفتاری بەعسییانە دەستھەڵبگرن و ئەم چەند ھەنگاوەی خوارەوە بگرنەبەر:

  1. لە رووی دەربڕینەوە؛ وردتر و درووستتر مامەڵە لەگەڵ رێنووس و زمانی راگەیاندنی کوردیی بکرێت. ھەروەک پێشنیازکراوە؛ میدیا لە وشەگەلی بێلایەنانەی وەک: پرۆسەکانی ئەنفال، ھێرشەکانی ئەنفال، شاڵاوەکانی ئەنفال و دۆخی بکەرنادیاری دەربڕینی وەک: رووخێنرا، وێرانکرا، کوژرا، کرایە قوربانیی پاکبکرێتەوە و لەبری ئەوان دەستەواژەکانی: کوشت، ڕووخاند، وێرانکرد، کردە قوربانی، بەکار بهێنرێن. بەتایبەت کە دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە رۆژی 24ی حووزەیرانی 2007دا بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەشێک لە تاوانباران و بکەرە سەرەکییەکانی تاوانی جینۆسایدی کورد و بە فەرمیی ناساندنی داوە و بە زیندان و لەسێدارەدان سزای ھەندێک لە تاوانبارانیشی داوە، چوونکە بێلایەنیی لە رووماڵی میدیایی و گواستنەوەی رووی راستەقینەی رووداو و زانیارییەکاندا وەک جۆرێک لە لایەنداریی و خۆڵکردنە چاوی جەماوەری لێدێت کە ئەوەیش لەگەڵ پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن_دا دژ و پێچەوانە دەکەوێتەوە.
  2. کارکردن لەسەر بەرھەمھێنانی فلم و دراما و دیکۆدرامای تاوانەکانی تاوانبارانی تاوانی جینۆسایدی کورد و بەدەنگھێنانی قووربانییەکان بە دەق، وێنە، ڤیدیۆ. بۆ بەدیھێنانی ئەو ئامانجەش؛ دەکرێت ھەماھەنگیی لەگەڵ سەنتەرەکانی توێژینەوەی جینۆساید لە زانکۆکانی ھەڵەبجە و چەرموو و نێوەندە ئەکادیمییەکانی دیکەدا بکرێن، تاوەکوو ئەرشیفێکی دیجیتاڵیی دەوڵەمەند بە زمانی کوردیی بەرھەمبھێنن و پاشتریش بۆ زمانە زیندووەکانی جیھان و ھەریەک لە زمانی دەوڵەتانی: عەرەب، فارس و توورک بەتایبەت پەرچڤە بکرێن. ھاوکات بازاڕسازیی وردتر و زیاتر بۆ ناوەڕۆکی بەرھەمەکان بکرێت، تاوەکوو نەتەوە و گەلانی دنیا ئاشنا و ئاگاداری تاوانەکانی داگیرکەران بن و لە رێگەیەوە ھاوسۆزیی و ھاودەنگیی بۆ پرسی کورد لەسەرانسەری جیھاندا درووستبکرێت. واتە ھەم لەسەر ئاستی ناوخۆ و لەلای نەوەی نوێ کاری وردتری لەسەر بکرێت، ھەم لە ئاستی نێودەوڵەتیی و بۆ رایگشتیی جیھانیش.
  3. بە دەقی یاسایی ھەرجۆرە بانگەواز و بانگەشە و بەرنامەیەکی میدیایی بۆ ستایش و سپییکردنەوەی رووی رەشی بەعسییەکان و ھاوشێوەکانیان لە راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا یاساغ بکرێت. ھەروەھا بە تاوان و تاوانبارناساندنی ئەوانەی بەبێ بەڵگە و توێژینەوەی زانستی؛ گووماندەخەنە سەر راستیی تاوانەکانی جینۆسایدی کورد و ژمارەی قووربانییەکانیان و ستایشی تاوانی تاوانبارانی جینۆساید و جەنگ و ھەڵەبفال دەکەن.
  4. رووماڵنەکردن و نەگواستنەوەی بۆنەی تەشریفاتیی ساڵیادەکان و ھاندانی بڕیارسازان و بڕیاردەرانی کەرتی گشتیی و تایبەت؛ بۆ وەبەرھێنان لەو ناوچانەی زۆرترین قووربانیی دەستی تاوانبارانی جینۆسایدی کوردی لێییە.
  5. بایەخدانی بە بەرنامەی میدیایی بۆ بە زیندوویی ھێشتنەوەی مێژووی ئەو تاوانی جینۆسایدکردنانەی بەسەر کورد و کوردستانیان ھێنراون؛ لە رێگەی بەدەنگھێنانی شایەتحاڵ و ھاندانی وەزارەتەکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بۆ خوێندنی پرۆگرامی جینۆساید لە قۆناغەکانی زانکۆ و پەیمانگە و ئامادەیی و بنەڕەتی.

لە رابردوودا میدیاوان و میدیای کوردیی کەمتەرخەم و بێباکبووە لە وردتر ناسینەوە و ناساندنی؛ تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید و ھەڵەبفال دژ بە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی نێو جوگرافیای ھەرێمەکانی کوردستانی بندەستی عێراق، ئێران، توورکیا و سووریا. بۆ قەرەبۆکردنەوەی ئەو خەوش و ھەڵە پیشەیی و نیشتیمانییەی میدیاوان و میدیای کوردییش؛ پێویستە پلان و پرۆژە و پرۆگرامی بەھێز و بەپێزی بۆ دابنرێت، تاوەکوو لەوە زیاتر جەلادەکانی دوێنێ  وەک قووربانیی ئەمڕۆ نەبینرێن و نەناسرێنەوە!

22 : ئایا بۆچیی بەرھەمھێنەران و بەکارھێنەرانی میدیای کوردی؛ وادەردەکەون کە زۆرتر تێبکەون و کەمتر تێبگەن؟

وەڵام: لەواقیعدا ئەگەر یەکێک لە ئامانجە گەورە و گرنگەکانی «پەروەردەی میدیایی»؛ پێگەیاندنی «خوێندەواری میدیایی» بێت، تاوەکوو ئاشنا و ئاگاداری جۆر و چییەتیی یان شێوە و شێوازی بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی پەیامی میدیایی بێت، ئەوا لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا بەداخەوە زۆرینەی ئەوانەی لە میدیادا کاردەکەن یاخوود ئامڕازە جۆربەجۆرەکانی میدیا بەکاردەھێنن و بوون بە بەشێک لە رۆتینی ژیانی رۆژانەیان، کەمتر خۆیان تازەدەکەنەوە و گوومان و سووسەی دواین زانیاریی پیشەکەیان دەکەن و بە رۆشنبیرییەکی دیاریکراوەوە بەردەوامیی بە بوون و مانەوەی خۆیان دەدەن. تەنانەت ھەندێکیان بە خوێندنەوە سەریان دێشێت، بەڵام وەکئەوەی خوێنی جەستەیان بووبێت بە مرەکەب و نەزیفی نووسین و قسەکردنیان بەربووبێت، لە زۆر شوێن و لەسەر زۆر حاڵەت بێئاگا دەنووسن و لێدوانی سەیر و سەمەرەی لەبارەوە دەدەن!

ئەو جۆرە لەکارکردنی ئەو جۆرە کەسانە؛ کەمتر پیشەگەرانەیە و زۆرتر وەک «عەریزەنووس» عەرز و حاڵی پارەپێدەر_انیان دەنووسنەوە و بوون بە «کرێکار و کاربەڕێکەری میدیایی»! ئەوانە؛ زۆر بە کەمیی بڕوا و متمانەیان بە خۆپەروەردەکردن و خۆپێگەیاندن ھەیە و رق و تووڕەیەکی بێسنووریشیان بەرامبەر خوێندەوارانی میدیایی ھەیە، تەنانەت لە زۆر شوێن و کاتی جیاوازدا غیرە و غرووری خۆیان بەسەردا دەبارێنن و کەمتر وەک پیشەگەرێکی بەرپرسیار رەفتار و مامەڵە لەگەڵ چواردەورەکەیاندا دەکەن. ھەڵبەت وەرگرتن و بەخشینی زانیاریی و خۆنوێکردنەوە؛ پرۆسەیەکی رۆژانە و درێژمەودای ھەر پیشە و پسپۆڕییەکی زانستیی و پیشەییە کە لە ئاساییترین دۆخییدا، کەسەکان بەبێ وەرگرتن ناتوانن ببەخشن و ببن بە بەخشەری زانست و زانیاری. لەو سۆنگەیەوە؛ ئەگەر سەرچاوەکانی پەروەردە و پێگەیاندنی نێرەر روون و دیار نەبن، ئەستەمە بتوانرێت زانیاریی درووست و پشتڕاستکراوە بە وەرگر ببەخشێت. ھەربۆیە زۆرجار زانیاریی پشتڕاستنەکراوە و ھەواڵی ناڕاست و ھەڵبەستراو وەک دوایین حەقیقەت و دوایین زانیاریی دەرخواردی بینەران و بیسەران و خوێنەران دەدرێت؛ ئەوانیش لەبەر نەبوونی شارەزایی و ھۆشیاریی میدیایی ھەموو ئەوەی دەرخواردیان دەدرێت، بەبێ گوومان و پرساندن وەریدەگرن و وەک راستەقینەیەک لەنێو خۆیاندا ئاڵوگۆڕی پێدەکەن. لەو نێوەندەشدا ئەوەی دەبێتە قووربانی؛ ئەو حەقیقەتەیە کە میدیاوان و میدیای کوردیی پێویستە وەک مافێکی گشتیی بیگەیەنن و نایگەیەنن یاخوود بە پچڕپچڕی و شێواوی بە وەرگر_ی دەگەیەنن!

بەپێی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن؛ بەرھەمھێنەران و بەکارھێنەرانی پەیامی میدیایی دەبێت ھێند زیت و زرنگ و ھۆشیاربن کە بتوانن دیوە وتراو و نەوتراوەکانی یەکتری بخوێننەوە، تاوەکوو لە پرۆسەی پەیوەندیی و پێکگەیشتنی دووانەی پەیامەکانی نێوانیاندا ھەم لەیەکتر بگەن ھەم کاریگەریی و کاردانەوەیان ھەبێت. کۆدی ھاوبەشی نێرەر و وەرگر؛ دەشێت ئەو زمانە ھاوبەشەی دەربڕین و ئاماژەی نێوانیان بێت کە وادەکات ھەم وەرگر سیاسەت و ستراتیژی پەیامی میدیایی بەرھەمھێنەر بخوێنێتەوە و لێی تێبگات، ھەم نێرەر ھەست بە خواست و خەون و پێویستییەکانی بەکارھێنەری پەیامی میدیایی بکات و لەچوارچێوەی پلان و پرۆژە و پرۆگرامی میدیایی خۆیدا کاریان لەسەر بکات.

لەو پەیوەندییە دووانەییەدا؛ نە نێرەر کارا و نە وەرگر ناکارا-یە، بەڵکوو ھەردوولا لە بەرھەمھێنان و بەرکارھێنانی پەیامی میدیاییدا تەواوکەری یەکتری دەبن. لە دۆخێکی وەھاشدا؛ ھەم میدیا و ئامڕازەکانی دەبن بە پانتایی گشتیی (Public Sphere) بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی و بۆچوونە دژ و تەباکان، ھەم بەکارھێنەرانی میدیا دەبن بەو جەماوەرە چالاک و ھۆشیارەی کە رۆڵیان لە بڕیاری سیاسیی و پتەوکردنی پایەکانی سیستەمی دیمووکراسییدا دەبێت. بەبێ گەشەی ئەو ھۆشیارییە؛ میدیا ھەر ئامرازی پڕووپاگەندە و کۆنترۆڵی وەرگر دەبێت و وەرگر-یش ھەر یارییپێکراو و تووتیی ئەو پەیامانە دەبێت کە رۆژانە دەیانبیستێت یاخوود دەیانبینێت و دەیانخوێنێتەوە. سەرئەنجام ئەو راستییە دەبێتە دیفاکتۆ کە بەرھەمھێنەر و بەکارھێنەری پەیامی میدیایی ھێندەی تێدەکەون؛ نە تێدەگەن نە پێدەگەن!

21: ئایا چۆن و بە چ شێوەیەک میدیاوان و میدیای کوردیی رووماڵی پرسی پێکھاتە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستانی کردووە و دەکات؟

وەڵام: بەدڵنیاییەوە ئەوەی نەتەوەی بێدەوڵەتی کورد لە نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکانی عەرەب و توورک و فارسی داوا کردووە؛ ھەمان ئەو داواکارییانەیە ئێستا پێکھاتە ئایینیی و نەتەوەییەکانی دیکە لە کوردی دەستەڵاتداری ھەرێمی کوردستانی عێراقی داوادەکەن!

رەنگبێت قەدەری کورد بێت؛ ئەوەی لەرابردوودا بەسەر خۆیدا ھاتووە، ئێستا بەسەر پێکھاتەکانی دیکەیدا بھێنێتەوە و تۆڵەی بێدەوڵەتیی و بێمافیی خۆی لەوان بکاتەوە. بەھەمان ساز و ئاواز؛ میدیاوان و میدیای کوردییش رووماڵی دۆخ و ماف و ئازادییەکانی پێکھاتە جیاوازەکانی عەرەب، توورکمان، کلدۆئاشووری، سابیئەی مەندایی، ئێزدی، کاکەیی، زەردەشتیی و ئەھلی حەقە دەکەن!

لەرووی پیشەییەوە؛ رووماڵی میدیایی میدیاوان و میدیای کوردیی بۆ پرس و بابەت و رووداوەکانی پێکھاتە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان عێراق کرچ و کاڵ و کەم و کوورتە، چوونکە ھەندێکجار نەیانتوانیوە لە دەربڕینی ھەستی جیاکاریی و رەگەزپەرستیی دەرباز بن و لۆژیکی سۆزداریی و بازاڕسازیی تێیپەڕێنن. سۆزداری؛ بۆ راکێشانی سەرنجی پێکھاتە جیاوازەکان، تاوەکوو لە پرسگەلی نەتەوەیی و تەنانەت حزبییشدا بیانکەن بە پاشکۆی ئایدۆلۆژیا و کارنامەی سیاسیی خۆیان و لە بابەتی ھەڵبژاردنە گشتییەکاندا وەک ھاوپێڕی خۆیان ھەژماریان بکەن و بەکاریان بھێنن. بازاڕسازی؛ بۆ پرسی پێکەوەژیانی ئایینیی و نەتەوەیی و راکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە ئامانجی پشتگیرییکردنی ئەزموونی فەرمانڕەوایی ھەرێمی کوردستان و قەوارەکەی. بەداخەوە؛ رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و رەخساندنی زەمینەی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی بۆ تەواوی پێکھاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەبێ جیاوازی، شاھۆکاری رووماڵکردنی میدیایی رووداو و بابەت و پرسەکانیان نەبووە و نییە!

بەدرێژایی مێژووی رۆژنامەگەریی کوردی؛ پلان و پرۆژە و پرۆگرامێکی نیشتیمانیی میدیاوان و میدیای کوردیی بۆ رووماڵی پیشەیی خەم و خەونەکانی پێکھاتە جیاوازەکان نەبووە و نییە. ھەر ئەوەی کە ساڵی جارێک و ھەر جارەی رووماڵێکی تەلەڤزیۆنیی بۆ ساڵی نوێ یاخوود پرۆگرامێکی رادیۆیی بۆ ساڵڕۆژی مردن یان لەدایکبوونی «سەرکردەیەکی مێژوویی» و راپۆرتێکی رۆژنامەکان لەسەر شێوازی ژنھێنان و شووکردن و جەژن و پرسەگێڕان؛ کەمترین رووبەڕووی بڵاوکردنەوە و ماوەی پەخشی میدیاکانی بۆ تەرخانکراوە، بەڵگەیەکی روونە لەسەر بەھەندوەرنەگرتنی پرسی پێکھاتە جیاوازەکان و نەکردنیان بە بابەتێکی بەردەوامی سیاسەت و ستراتیژی کارکردنی میدیاوان و میدیای کوردی، بە حزبیی و حکوومیی یان ناحزبیی و ناحکوومییەوە!

جیاکاریی ئایینیی و نەتەوەیی و ورووژاندنی ھەستی رەگەزپەرستیی لە گواستنەوەی رووداو و زانیارییەکانی تایبەت بە پێکھاتە جیاوازەکاندا؛ بەڵگەیەکی زەقی ناپیشەیی مامەڵەکردنی میدیاوان و میدیای کوردیی بووە لە رابردوو و ئێستایشدا. ھەڵبەت دیمەنی ھۆڤیگەرای کووشتنی کچە ئێزدی؛ دوعا و دەستاودەستکردنی پارچەڤیدیۆی بە بلۆک کووشتنی لەنێو راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دیارترین نموونەی جیاکاریی و رەگەزپەرستیی بوو. نموونەیەک کە ھیچ گوومان و دوودڵییەکی بۆ خراپیی رووماڵکردن و ناپیشەییبوون نەھێشتەوە و ھەمووانی خستەسەر ئەو باوەڕەی کە بڵێن: سەد رەحمەت لە کفندز!

بۆ بەرگرتن لە خراپبەکارھێنانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناپیشەیی رووماڵکردنی خواست و خەونی پێکھاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بە کەمینە و زۆرینەشەوە؛ پێویستە رێوشوێنی ھەم یاسایی و ھەم رێسایی بگیرێتەبەر. بە بارێکدا بە دەقی یاسایی یاساغبکرێت، بە بارێکی دیکەشدا لەرێگەی کاراکردنی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن بەگشتیی و پێوەری رێزگرتنی بەھاکان بەتایبەتی؛ جاڕنامەی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ بکرێت بە بنەمای بەرھەمھێنانی پەیامی میدیایی و پەخش و بڵاوکردنەوەی. ئەوەیش؛ بەئامانجی راستەقینەی رێزگرتن لە جیاوازیی پێکھاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و رووماڵکردنی پیشەیی، بەدوور لە سووکایەتیی و تێڕوانینی رەگەزپەرستانە بۆ پرسە نەتەوەیی و ئایینییەکانیان. بەوەیش دەتوانرێت زەمنەسازیی بۆ نوێنەرایەتییکردنی راستەقینەی پێکھاتەکان لەنێو کۆمەڵگەی کوردستانیی و لەکاتی درووستکردنی بڕیاری سیاسی، ئایینی، ئابووری، کۆمەڵایەتیی و کولتوورییدا بکرێت.

20 :ئایا جیاوازیی نێوان رۆژنامەنووس و عەریزەنووس چییە و چۆنچۆنی ھەریەکەیان بناسرێنەوە؟

وەڵام: رۆژنامەنووس؛ بەوەدا دەناسرێتەوە کە خۆی ناوەندی بیرکردنەوە و بڕیاردانی کارە پیشەییەکەیەتی و ھەر خۆیشی نێچیرەکانی راو دەکات. عەریزەنووس؛ بە نووسەرەوەی عەرز و حاڵی مووشتەرییەکانی دەناسرێتەوە و ھیچ بیرکردنەوە و بڕیارێکی پیشەیی لەژێر ھێز و ھەژموونی خۆییدا نییە و نەبووە، جا چ بە دەستیی بینووسێتەوە یاخوود بە ئەلکترۆنی!

رۆژنامەنووس؛ ئەگەر بەشێوەیەکی پیشەیی و بەرپرسیارانە بەدوای زانیاریی و رووداوەکاندا بچێت، مەرجە بەرژەوەندی گشتیی پێش بەرژەوەندی تایبەتیی خۆی بخات و لە سۆنگەی بایەخی کۆمەڵایەتیی و بەھای پیشەیی بەرھەمەکانی، چاپ و پەخش و بڵاویبکاتەوە. عەریزەنووس؛ لە پیشەییترین دۆخییدا ھەموو ھێز و ھەژموونی خۆی بۆ بەرژەوەندی تایبەتیی و راکێشانی سەرنجی مووشتەرییەکانی دەخاتەگەڕ، تاوەکوو ئەو داواکارییەی مەبەستیانە بە جوانترین وشە و رەوانترین رستە بیھۆنیتەوە. ھاوکات پیشەگەرترین رۆژنامەنووس؛ دەشێت ئەوانەبن کە خەڵات و دیاریی و بەرتیلی سەرچاوەی زانیارییەکانیان رەتدەکەنەوە و راستیی زانیاریی و رووداوەکان بە قووربانیی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان ناکەن، بەڵام عەریزەنووس دەتوانێت دەست نەنێت بەرووی مووشتەرییەکانییەوە و بە خواستی خۆیان، داخوازییەکانیان بۆ راییبکات و قنجیش ھەڵپەڕێت و کەسیش مافی ئەوەی نەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکات و پێیبڵێت: بەری چاوت؛ کلی پێوەیە!

رۆژنامەنووس؛ بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەھەواڵێکی رۆژنامەوانیی ناتوانێت بە تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی زانیاریی ببەستێت، بەڵام عەریزەنووس بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی پەیوەندییەک یاخوود ھەر باسوخواسێک کە داوای لێبکرێت، بەتەنیا یەک مووشتەری بەسە بۆ ئەوەی بە تەنیا گرێچن و کارەکتەر و بیرۆکەکان لەناونیشانەوە بۆ کۆتایی بھۆنێتەوە؛ بەجۆرێک کێی ویست بیکات بە دۆست و پاڵەوان و کێیشی نەویست بیکات بە دژ و دووژمن. کەواتە خاڵی ھاوبەشی رۆژنامەنووس و عەریزەنووس؛ گێڕانەوەی چیرۆکە. یەکەمیان پشت بە زیاد لە سەرچاوەیەک و کنە و گەڕان و پشکنینی پیشەیی دەبەستێت، تاوەکوو بنکۆڵی رووداوێک یان زانیارییەک بکات و پاشان بڵاویبکاتەوە. ھەرچی دووەمیانە؛ باکی بە زۆریی و کەمیی سەرچاوە نییە و بەلایەوە گرنگ نییە کە کێ، کەی، لە کوێ، چی، چۆن و بۆچیی بەپێی خۆیان و بەشێوەیەکی مەیدانیی سەردانی دەکەن و چیرۆکە تایبەتییەکانی خۆیان دەخەنە بەردەستی، تاوەکوو بە پووختەکراوی بۆیان بھۆنێتەوە و بیداتەوە دەستیان!

بۆ ئەوەی ھەردوو پیشەکە رێزلێگیراوبن و رۆژنامەنووس و عەریزەنووس نەبن بە جێگرەوەی کاری یەکتر و ئاڵووگۆڕ بە رۆڵ و پێگەی یەکتری نەکەن؛ باشترە رەچاوی رێکار و رێسا پیشەییەکان بکەن. ئەوەیش لە رێگەی تۆخکردنەوەی ھێڵی سوور و سەوز و زەردی کارکردنیان دەبێت. لەھیچ شەقامێکی پیشەییدا؛ رەوا و رێگەپێدراو نییە کە گڵۆپی سوور داگیرسابێت و بەبێ گوێدانە سەرپێچی یاسا و رێسای ھاتووچۆ، رۆژنامەنووس ماشێنە پیشەییەکەی بئاژووێت. ھەروەکچۆن رەوا و رێگەپێدراو نییە عەریزەنووس بە کەیفی خۆی لەکاتی داگیرسانی گڵۆپی سەوزدا بوەستێت و ببێت بە ھۆکاری ھێشتنەوەی ئەوانیدیکە و وەستاندنی ترافیکی پیشەیی؛ کوردوتەنی: نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب.

19: ئایا لەمیدیای کوردییدا؛ سڵامەتیی رۆژنامەوان یاخوود پێشدەستی رۆژنامەوانیی گرنگتر و لەپێشترە؟

وەڵام: بەدڵنیاییەوە؛ سڵامەتیی دەروونیی و جەستەیی رۆژنامەوان لە ھەر جۆرە پێشدەستییەکی رۆژنامەوانیی (السبق الصحفی) گرنگتر و لەپێشترە، چوونکە بەھای ھیچ ھەواڵێك لە بەھای مانەوە و بەردەوامیی مرۆڤ، گەورەتر و گرنگتر نییە. ھەروەک دەوترێت: رۆژنامەوانی پیشەگەر؛ ئەو رۆژنامەوانەیە کە ناھێڵێت بمرێت، چوونکە کە مرد ئیتر جارێکی دیکە ناتوانێت بە زیندوویی چیرۆکەھەواڵەکان بگێڕێتەوە یاخوود بیگوێزێتەوە!

لەو سۆنگەیەوە؛ دەشێت ئەو راستییە ھەڵبھێنجرێت کە ئەگەرچیی مردن و ژیان لە دەستی خوودی مرۆڤدا نییە، بەڵام ھۆکاری مانەوە و تەمەندرێژیی دەکرێت لە دەستی خۆیدا بێت. بۆنموونە؛ نەخۆشێک کاتێک دەچێتە لای پزیشکی چارەساز و ئاگاداری دەکاتەوە کە بە دوورکەوتنەوە لە ھەندێک جۆری خواردن و خواردنەوە دەتوانێت لە چارەسەری نەخۆشییەکەی نزیکبێتەوە، بەڵگەیەکی روون و راشکاوە لەسەر ئەوەی کە «خۆپاراستن لە چارەسەرکردن؛ باشترە.» بەھەمان پێودانگ رۆژنامەوانێک کە دەچێتە بەرەیەکی جەنگ یاخوود شوێنێکی سەخت و مەترسییدار؛ مەرجێکی پێشوەختی پیشەکەیەتی کە كڵاو و جلوبەرگ و کەرەستە و کەسی شارەزا لەگەڵ خۆییدا بەرێت، تاوەکوو لەھەر جۆرە مەترسیی و زیانێکی پێشبینیکراو و چاوەڕواننەکراو خۆی بپارێزێت.

چیرۆکی سەرکێشیی و ھەڵخزانی رەوانشاد ئەحمەد عەلی؛ وێنەگری تەلەڤزیۆنیی و بەرھەمھێنەری پرۆگرام لە دامەزراوەی میدیایی نالیا لە چیای پیرەمەگروون لە نزیک پارێزگەی سلێمانی لە رۆژی 09ی نیسانی 2023دا، ھەروەھا رووداوی بۆمبپێداتەقینەوەی رەوانشاد شیفا گەردی؛ بێژەر و بەرھەمھێنەری پرۆگرام لە تۆڕی میدیایی رووداو لە سەروەختی شەڕی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان دژ بە گرووپی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام (داعش) لەنزیک پارێزگەی مووسڵ لە رۆژی 25ی شووباتی 2017دا، بە دوو دیارترین نموونەی بێباکیی و نەپاراستنی سڵامەتیی پیشەیی  میدیاوانان لەلایەن دەزگەکانیان ھەژماردەکرێن.

ھاوشێوەی سیاسییە کوردەکان؛ بەداخەوە رۆژنامەوانانیش لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا پەند لە رووداوەکانی مێژوو وەرناگرن و ھەڵەیەک بە چەندین شێوە و شێوازی جیاواز لە سات و سەردەمی جیاوازدا دووبارە دەکەنەوە. ھەربۆیە لەمەبەدوا گرنگە؛  پێداچوونەوەی ورد بە پرۆگرامەکانی خوێندنی نێوەندە زانستیی و پیشەییەکانی رۆژنامەگەریی و گرێبەستەکانی کارکردنی میدیاییشدا بکرێت و گرنگیی و بایەخێکی زیاتر بە پاراستنی سڵامەتیی دەروونیی و جەستەیی رۆژنامەوانان و ساتەوەختی برینداریی و نەخۆشکەوتنیان بدرێت، بگرە مافی رەوا و رێگەپێدراوی خۆیشانە بیمە و دەرماڵەی مەترسیی و «شەھیدانە»یان بۆ ببڕدرێتەوە. وەگەرنا لەسەر دەزگە میدیاییەکانە کە پێشوەختە کەس و کەرەستەی پێویست بۆ چاودێریی بەردەوام و مەشقپێکردنی میدیاوانان دابینبکەن و پابەندیشیان بکەن کە لە کاتی رووماڵی خۆپیشاندان و لە شوێنە ھەستیار و مەترسییدارەکاندا بەکاریبھێنن. ھاوکات رەچاوی لێھاتوویی و تایبەتمەندێتییەکانی «کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو» بکرێت؛ لە شوێنی مانەوە و سڵامەتیی نێردراوانیان دڵنیاببنەوە و لە پەیوەندیی بەردەوامدابن لەگەڵیاندا.

بەپێچەوانەوە؛ لە دۆخی دابیننەکردنی پێداویستییەکانی خۆپارێزیی و کەمتەرخەمیینواندن لە بەھاناوەچوون و پاراستنی پێشوەختەی سڵامەتیی میدیاوانان لەلایەن دەزگەکانیانەوە، پێویستە وەک تاوانێک بناسرێت و بەرپرسان و بڕیاردەرانی ئەو دەزگەیەی میدیاوانان کاری تیادەکەن بەرپرسیاربکرێن و پشتبەست بە سکاڵای کەسووکار یان داواکاری گشتیی و دواتر وتە و بەڵگەکانی نێو دانیشتنەکانی دادگە و بڕیاری دادوەر؛ سزای شیاوی یاسایی کەمتەرخەممان بدرێت و لەرووی پیشەیشەوە بە راگرتن و دوورخستنەوەیان سزابدرێن یاخوود سەرلەنوێ بۆ پیشەی رۆژنامەگەریی رابھێنرێنەوە و ئامادەبکرێنەوە.

18 : ئایا گرنگیی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە لە بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی پەیامی میدیایی-دا چییە و چۆنە؟

وەڵام: لە یەکەم ساتی گەڵاڵەکردنی بیرۆکەی رۆژنامەوانیی و دواتر کۆکردنەوەی زانیاریی و سەرلەنوێ داڕشتنەوە و بڵاوکردنەوەی پەیامی میدیاییدا؛ ئەگەر بیرکردنەوەی رەخنەگرانە (critical thinking) رێنیشاندەری ھەوڵ و ھەنگاوەکانی میدیا و میدیاوان نەبێت، ئەستەمە پەیامێکی بەرھەمدار لە نێرەر_ەوە بۆ وەرگر بڕوات و پاشتر کاریگەریی و کاردانەوەی لێبکەوێتەوە. کەواتە گوومان نەک بەدگوومانی؛ دەستپێکی ھەرجۆرە بیرکردنەوەیەکی رەخنەگرانە دەبێت، لە ھەر پرس و بابەتێکی بەھاداری بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی پەیامی میدیاییدا.

لەو سۆنگەیەوە؛ وتەیەکی باو ھەیە کە دەڵێت: لە کاری راگەیاندن و رۆژنامەگەرییدا ئەگەر دایکی خۆت پێیوتی؛ خۆشمدەوێییت، لێی بەگوومانبە. ئەم وتەیەش زۆرجار دەدرێتەپاڵ جۆزیف پۆلیتەرز؛ ئەو کەسەی لە مێژوودا بە بڵاوکاری رۆژنامە (newspaper publisher) ناسراوە و لەساڵی 1892دا بڕی دوو ملیۆن دۆلاری ئەوکاتی پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆی کۆڵۆمبیا کردووە بۆ دامەزراندنی یەکەم قوتابخانەی ڕۆژنامەگەریی لە جیهاندا، بەڵام لە سەرەتادا زانکۆکە پارەکەی ڕەتکردوەتەوە. دواتر و لە رۆژی 08ی  ئەیلوولی 1908دا؛ یەکەم قوتابخانەی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەگەریی دەرگاکانی لە زانکۆی میزۆر_ی کردەوە کە دەکەوێتە شاری کۆڵۆمبیا لە ویلایەتی مۆسۆلۆجیای ئەمەریکا. واڵتەر ویلیامز؛ بووە یەکەم ڕاگری ئەو قوتابخانەیە کە بە پێویستی دەزانی: پەروەردەی ڕۆژنامەگەری پیشەیی بکرێت و ئەوەیش لە زانکۆدا دابینبکرێت. لێرەوە؛ پەیوەندیی بەتینی نێوان زانکۆ و خوێندنی پەروەردەی میدیایی لە دابینکردنی بیرکردنەوەی رەخنەگرانەدا زیاتر بەدەردەکەوێت.

ئەگەر بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و بەرھەمھێنانی توێژینەوە؛ یەکێک بێت لە ئەرک و ئامانجەکانی زانکۆ و بەشە زانستییەکانی کە فێرخوازانی لەسەر پێبگەیەنن، ئەوا ئەنجامەکەی دەبێت سەربەخۆیی بیرکردنەوە و بڕیاردان بێت لە پەروەردەی میدیاییدا، تاوەکوو ھیچ زانیاریی و بیرۆکە و بیرکردنەوەیەک بەبێ رەخنەکردن و ھەڵسەگاندنیان تێنەپەڕێت. بەپێی توێژینەوەیەکی تایبەت بە بیرکردنەوەی رەخنەیی لە بواری راگەیاندن_دا کە ساڵی 2021 بڵاوکراوەتەوە؛ تیایدا هەڵوێستی مامۆستایانی زانکۆ بەرامبەر بە هەواڵی ساختە و کاریگەرییەکانی لەسەر وانەوتنەوە وەرگیراوە. ئەنجامەکانی توێژینەوەکە ئەوەیان دەرخستووە کە شێوەکانی فێربوونی پەیوەندییدار لە نموونەی سەمینار، گفتوگۆ، چڕکردنەوەی مێشک و وتووێژکردن لەسەر بیرۆکەکان؛ دەبنە هۆی ئەوەی کە فێرخواز بەشدارییەکی کارا لە پرۆسەی فێربووندا بکات، چوونکە فێرخواز خۆکۆنتڕۆڵکردن و هۆشیاریی زیاتری هەیە، بەوەیش پاڵنەری فێربوونی زیاد دەکات و تێگەیشتنێکی باشتری لەو بابەتانەدا دەبێت کە دەیانخوێنێت و توێژینەوەیان لەسەر دەکات. ھەر بەپێی ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە؛ بیرکردنەوەی رەخنەیی بۆ شیکردنەوەی زانیارییەکان بەپێی کێشەکان و دۆخەکان پێناسەکراوە، تاوەکوو مامۆستایان ھانی فێرخوازان بدەن توانای پرسیارکردن لە پرس و بابەتەکان گەشەپێبدەن و بەھۆیەوە شیکردنەوە بۆ ھۆکار و ئەنجامی رووداوەکان بکەن و ھەروا سەرپێی بەسەریاندا تێنەپەڕن.

پەروەردەکردن و پێگەیاندنی نەوەی نوێی رۆژنامەوانان لەنێوەندە ئەکادیمییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان بێت یاخوود لەنێوەندە پیشەییەکانی دەزگەکانی راگەیاندن؛ دەبێت بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و شێوازەکانی ئاشنابکرێن. ئەوەیش بە ئامانجی پشکنینی زانیارییەکان و سەرچاوەکانیان و دڵنیابوونەوە لە راستییەکان (truths)، پاشان چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەیان لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن_دا. بەھەمانشێوە بۆ بەکارھێنەرانی پەیامی میدیایی گرنگە؛ بە چاو و بیرێکی رەخنەییەوە دیوی ئاشکرا و پەنھانی پەیامەکان بخوێننەوە و ھەموو پەیامێک بە راستەقینە و بێگوومان وەرنەگرن، تاوکوو لە زیاد لەسەرچاوەیەکی زانیارییەکان و بە بینین و بیستن و خوێندنەوەی بەڵگەی پشتڕاستکراوە دڵنیادەکرێنەوە. ئەوەیش وایانلێدەکات ببن بە چاوێکی چاودێر بەسەر پەیامی میدیایی میدیاوان و میدیای کوردیی و لەوە زیاتر و زووتر؛ درۆ بە راستیی و جەلاد بە قووربانیی و شەیتان بە فریشتە نەناسێنرێت لەلایان و زانیاریی ماوەبەسەرچوو بە حسابی تازە و گەرماوگەرم گەرمنەکرێتەوە بۆیان و دەرخواردیان نەدرێت، چوونکە ھەواڵی ناڕاست و ھەڵبەستراو و ماوەبەسەرچوو ھاوشێوەی خواردن و خواردنەوەی بەسەرچوو، زیان بە گیان و جەستەیان دەگەیەنێت.

17 : ئایا میدیاوان و میدیای کوردیی زۆرتر پابەندی چ پێوەرێکی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن؛ نەبوون و نابن؟

وەڵام: بەدرێژایی مێژووی رۆژنامەگەریی کوردی؛ پابەندبوون و پابەندنەبوونی رەھا بە پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن نییە و نەبووە، چوونکە پرسێکی رێژەییە و بەپێی کەس و کات و شوێن و دۆخ و دۆز و دۆسێی کار لەسەرکردنی میدیاوان و میدیای کوردیی دەگۆڕێت و لە گۆڕانی بەردەوامدایە. واتە زۆر کەم و دەگمەنە میدیاوان و میدیایەک بدۆزرێتەوە؛ لەھەموو بەرھەمێکیاندا رەچاوی یاسا بەرکارەکان و رێسا پیشەییەکانیان نەکردبێت!

ئەگەر رێژەییبوون لەجێبەجێکردندا؛ خاڵی زەقی کارکردنی پیشەوەرانی رۆژنامەگەریی بێت لەسەر پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن، کەواتە زیندوویی ویژدان و باشپەروەردەکردنی میدیایی، شاھۆکاری خۆ بە دوورگرتنە لەھەر لادان و پێشلکارییەکی پیشەیی، تاوەکوو نەبنە ماکی ئەنجامدانی تاوان بە گشتیی و تاوانەکانی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی یان دەربڕین و بڵاوکردنەوە بەتایبەتی. ھەربۆیە تۆماری پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاوان و میدیای کوردیی لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا؛ لە رەچاونەکردنی ئەم چەند پێوەرەی خوارەوەدا پڕبووەتەوە و بەرجەستەبووە، لەوانە:

  1. رەچاونەکردنی پێوەری بەرپرسیارێتی. ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیی لە ساتەوەختی بەرھەمھێنان و بڵاوکردنەوەی بەرھەمی میدیایی لەلای میدیاوان و میدیای کوردی؛ کەم و کوورت و سنووردارە. بۆنموونە؛ رووماڵکردنی راستەوخۆی ئەو خێزانە ھەژارانەی کۆمەکدەکرێن، ئەوپەڕی ھەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتیی پیشەیی و سزادانێکی ئاشکرای میدیاییە بۆ شکاندنی شکۆ و کەسایەتیی ھەژارەکان.
  2. رەچاونەکردنی پێوەری وردبینیی و راستگۆیی. ئەم پێوەرە زۆر بە کەمیی میدیاوان و میدیای کوردیی پێوەی پابەند دەبن. ھۆکارەکەیشی؛ لەلایەک بۆ غروور و غیرەی خۆیان و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ نەزانیی و نەشارەزاییان دەگەڕێتەوە کە زۆرجار دوای راستکردنەوەی زانیارییەکانیشیان، بوێریی ئەوەیان نییە ددان بەوەدا بنێن کە پێیانکراوە یان بەسەریانداتێپەڕیووە کە کەوتوونەتە ھەڵەوە و پێویستە دەستبەجێ داوای لێبووردن لە وەرگر بکەن، تاوەکوو متمانەی پیشەیی نێوانیان لەدەستنەدەن.
  3. رەچاونەکردنی پێوەری سەربەخۆیی. ھێز و ھەژموونی حزب و کارەکتەرەکانی بەجۆرێک فراوان و بەربڵاوە، بە دەگمەن میدیاوان و میدیایەک دەدۆزیتەوە توانای مانەوە و بەردەوامیی مابێت و لە سەرچاوەی داھات و دارایی و زانیاریی و بڕیارداندا؛ سەربەخۆبێت و پشتی بە قازانجی بەرھەمە میدیاییەکانی خۆی و داھاتی ریکلامی دەزگەکەی بەستبێت. ئەوەیش ئەو دۆخەیە کە وایکردووە بە بەرنامە؛ چانسی دەرکەوتن و سەرکەوتنی میدیای سەربەخۆ و پیشەیی زۆر کەم و سنوورداربێت!
  4. رەچاونەکردنی پێوەری ئازایی و ئازادی. ئازادبوون لە سیستەم و سیاسەت و ستراتیژی چەپاندنی حزبی بەعسی عەرەبیی ئیشتراکیی عێراق؛ رێگەخۆشکەربوو لەبەردەم ئازایی میدیاوان و میدیای کوردیی بۆ نوێبوەوە و گۆڕانکاریی چەندێتیی دوای راپەڕینی 1991، بەڵام بەداخەوە لەرووی جۆرایەتیی پیشەییەوە ھێشتا شوێنەواری بەعسگەرایی لە بەرھەمی میدیایی میدیاوان و میدیای کوردییدا ماوە و بنەبڕنەکراوە. ئەوەیش وای لە ئەزموونی خۆبەخۆی کورد لە باشووری کوردستان کردووە؛ ھەرگیزاوھەرگیز دوانەی ئازایی و ئازادیی پیشەی رۆژنامەگەریی، بەبێ باج تێنەپەڕێت و گەشەکردنی سنوورداربێت!
  5. رەچاونەکردنی پێوەری جیاکاریی و بێلایەنی. دیسانەوە؛ بەھۆی زاڵیی بیرکردنەوەی تەسکی حزبیی و ناوچەیی، وەک پێویست بێلایەنیی لەنێوان لایەنە کۆک و ناکۆکەکاندا لەکاتی چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەی دۆسێکانیاندا نەپارێزراوە و زۆرجار بەمەبەست بێت یان بێمەبەست جیاکاریی چینایەتی، جێندەری، نەتەوەیی، ئایینی، ناوچەیی، حزبیی و …تد؛ زاڵ و زەقکراوەتەوە. رووماڵی رووداوەکانی سلێمانی لە میدکانی ھەولێر و بەپێچەوانەیشەوە؛ دیارترین نموونەی جیاکارییکردن و لایەندارییکردنە.
  6. رەچاونەکردنی پێوەری بابەتییبوون و دەستپاکی. ناپاکیی لە دەستاودەستکردنی زانیاریی و نابابەتییبوون لە رووماڵی رووداوەکاندا؛ دۆخێکی وای درووستکردووە کە ھەرگیز نەتوانرێت متمانەی تەواوەتیی بە میدیایەکی کوردیی بکرێت. ھەربۆیە زۆرجار بۆ زانینی رووی راستەقینەی رووداوێک؛ ناچاری خوێندنەوە و بیستن و بینینی دەیان ھەواڵی میدیاکان بیت، تاوەکوو چانسی نیگاکردنی وێنەیەکی گەورە و تەواوەتیی رووداوەکەت ھەبێت. ھەواڵی ھێرشی درۆنەکانی ئێران و توورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانی؛ روونتر پێشلکارییەکانی پێوەری بابەتییبوون و دەستپاکیی دەرخست.
  7. رەچاونەکردنی پێوەری ھاوسەنگی. رانەگرتنی ھاوسەنگیی لەنێوان ھەژموون و ھێزی یار و نەیار، کۆک و ناکۆک، خەڵک و حکوومەت، دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆن و …تد؛ بوو بە ھۆکاری ھەماھەنگیینەکردن لە دامەزراندن و سەرپێخستنی میدیایەکی نیشتیمانیی پیشەوەر و لاسەنگیی لە بەرھەمھێنان و بڵاوکردنەوەی پەیامی میدیاییدا.
  8. رەچاونەکردنی پێوەری تایبەتمەندێتی. بەھۆی خراپبەکارھێنانی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و رەچاونەکردنی ئیتیک و ئەتەکێتی بڵاوکردنەوەی نووسین و وێنە و ڤیدیۆ لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا؛ ئێستا قەیرانی پاراستنی مافی تایبەتمەندێتیی و رێزنەگرتن لە ژیانی تایبەتیی کەسەکان لەلای میدیاوان و میدیای کوردیی سەریھەڵداوە و رۆژ دوای رۆژیش پەرە بە خەسڵەتەکانی رۆژنامەگەریی رووزەرد دەدەن.
  9. رەچاونەکردنی پێوەری دادوەریی. ھەڵپەی بڵاوکردنەوە و کۆکردنەوەی زۆرترین ژمارەی لایک و شەیرکردن؛ کارێکی وایکردووە میدیای کوردیی بووە بە شوێنی سپیکردنەوەی تاوانبار و ئاساییکردنەوەی تاوان و پێگەیەک بۆ پێگەیاندن و فێرکردنی ئارەزوومەندانی تاوان و سەرپێچییکردن و لە یاسادەرچووان. پەخشکردنی وردەکاریی «ددانپێدانانی تیرۆریستان»؛ دیارترین بەڵگەی پێشێلکردنی پێوەری دادوەریی_ە کە میدیاوان و میدیای کوردیی وایان لە وەرگر کردووە حەزی فێربوون و لاساییکردنەوەی دیاردە و دەرکەوتە نەرێنییەکان؛ لەلایان شیرینتر بکەن!
  10. رەچاونەکردنی پێوەری پاراستنی نھێنی. نەپاراستنی نھێنیی سەرچاوەی زانیارییەکان و دزەپێکردنی بۆ نێو میدیا؛ بووە بە مەترسییەکی گەورە لەسەر کارکردنی رۆژانەی کەسەکان. تەنانەت کار گەیشتوەتە بێمتمانەییەکی ئەوتۆ بە میدیاوان و میدیای کوردی؛ ئێستا لە زۆر کۆبوونەوەی حکوومیی و حزبییدا پێشوەختە مۆبایلی زیرەک و ھەر ئامێرێکی دیکەی تۆمارکردن لە بەشدارانی کۆبوونەوەکە کۆبکرێتەوە و رێگەنەدرێت بەکاری بھێنن!
  11. رەچاونەکردنی پێوەری خۆناساندن و شیاوی زمانەوانی. یەکێک لە قووربانییە سەرەکییەکانی دەستی میدیاوان و میدیای کوردی؛ زمانی دەربڕین و راگەیاندنە کە بەداخەوە بەجۆرێک شێوێنراوە زۆرجار ناناسرێتەوە. ھاوکات بەکارھێنانی زمانێکی نزم و بازاڕیی لە پەیامی میدیاکاندا وای لە وەرگر کردووە کە ھەندێکجار بەھۆی درووستبەکارنەھێنانی زمانی کوردیی لەمیدیاکاندا تەنانەت فریای زوو گۆڕینی شەپۆلی رادیۆ و پەخشی تەلەڤزیۆنەکان نەکەوێت. ئەوەیش بەھۆی ئەو چەمک و زارەوە و رستە نەساز و نەشیاوانەی لەکاتی خوێندنەوەی ھەواڵ و لەنێو ناوەڕۆکی پرۆگرامەکاندا لە رێگەی زمانی جەستە و دەربڕین بەکاردەھێنرێن. ھەروەھا خۆنەناساندنی میدیاوان لەشوێنی رووداو و خۆنیشاندانی وەک کارەکتەرێکی گەورە و گرنگتر لە قەبارەی ئاسایی خۆی؛ ھەندێکجار لێکحاڵینەبوون و دواتر بەدگوومانیی درووستکردووە!
  12. رەچاونەکردنی پێوەری رێزگرتنی بەھاکان. بەھا کولتووریی و ئایینیی و کۆمەڵایەتیی و تەواوی وردە بەھاکانی دیکە؛ بەشێوەیەکی گشتیی لەلای میدیاوان و میدیای کوردیی رێزلێگیراو نین. بەتایبەت ھەندێک پرۆگرامی خۆشباریی و ھوونەری؛ ھەموو سنوورێکی ئەدەب و ئەتەکێتی میواندارییکردنیان بەزاندووە. ئەوپەڕی بێشەرمییە بێژەرێک یان پێشکەشکارێک بە گاڵتەجاریی و بەجۆرێک لە سووکایەتییپێکردنەوە؛ پرسیاری وەڕەسکەر لەبارەی کوورت و درێژیی باڵا و دڵداریی و دواتر ھاوسەرگیریی میوانەکانی بکات یاخوود ناچاریان بکات چیرۆکی «خیانەتکردن» لەھاوسەرەکانیان بگێڕنەوە یان لەنێو ستۆدیۆدا و لەپای بڕەپارەیەکدا، ھەڵیانپەڕێنێت یان مووی برۆ و سمێڵ_یان بتاشن!
  13. رەچاونەکردنی پێوەری ھارکاریینەکردنی دەزگا سیخووڕییەکان. خراپترین دۆخی میدیاوان و میدیای کوردیی لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە پیشەی رۆژنامەگەریی تێکەڵاوی ھەواڵگریی کرا. بەدواییدا؛ ئەفسەر و پلەدارانی دەزگە ئەمنییەکان بوون بە بەڕێوبەر و سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری میدیاکان. ئەوەیش بە ئاشکرا لە سەروەختی ململانێ و قەیران و ھەڵمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا زەقتر بووەوە و شتێک بە ناوی میدیا و میدیاوان نەما. لەو کاتەشدا؛ سیخووڕ و دەزگەی ھەواڵگریی تەحەکوومیان بە زۆر زانیاریی و ھەواڵ و پرۆگرامی میدیاکانەوە دەکرد و ئێستایش دەیکەن!

سنووردانان بۆ رەچاونەکردنی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن؛ تەنیاوتەنیا لەرێگەی خوێندەواریی و باشپەروەردەکردنی میدیایی دەبێت، تاوەکوو ئاستی ھۆشیاریی بەکارھێنەری میدیایی ھێندە بەرزبێتەوە کە بەرھەمھێنەری میدیایی ناچار بە وەستان و سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ئاست و ئاڕاستە و کواڵیتی بەرھەمەکانی بکاتەوە.

16: ئایا مەبەست لە چەرناڵیزم چییە و تا چەند خەسڵەتەکانی لە میدیای کوردییدا بەدەرکەوتوون؟

وەڵام: پچڕینگەریی یان ئەوەی لە زمانی ئینگلیزییدا پێیدەوترێت: (churnalism)؛ لەھەردوو وشەی پچڕین (churn) و رۆژنامەگەری (journalism) وەرگیراوە. چەرناڵیزم بەپێی فەرھەنگە میدیاییەکان؛ جۆرێکە لە جۆرە رووزەردە ناپیشەییەکانی ڕۆژنامەگەریی کە لەسەر بنەمای پچڕینی شتێک لە شتێکی دیکە، دووبارەکردنەوە یاخوود بەکارهێنانەوەی ئەو ماددانە کاردەکات کە لە سەرچاوەی دیکەی وەک: بەیاننامەی ڕۆژنامەوانیی یان ڕاپۆرتی هەواڵیی سەندیکاکانەوە بەدەستهاتوون، نەک لە رێگەی لێکۆڵینەوەی ڕەسەن و کاری مەیدانیی رۆژنامەوانییەوە. ئەم چەمکە ئاوێتەکراوە، بۆ یەکەمجار لە سەدەی بیستوویەک لەلایەن وەسیم زاکیر؛ رۆژنامەوان لە دامەزراوەی پەخشی بەریتانیا (BBC) وەک سووکایەتییکردن بەو کەسانە بەکارھێنرا کە لە بواری راگەیاندن و رۆژنامەگەرییدا کاردەکەن، بەڵام لەبری گەڕان و پشکنین و دۆزینەوەی زانیاریی و بنکۆڵکاریی خۆیان بۆ پەیداکردنی ھەواڵ و بیرۆکەی رۆژنامەوانی؛ پشت بە دووبارە بەکارھێنانەوەی ناوەڕۆکی بەیاننامە و راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان دەبەستن یان پارچە زانیاریی بەیاننامە جیاوازەکان لەیەکدەدەن و وەک راپۆرتێکی رەسەنی خۆیان بڵاویدەکەنەوە! واتە مەبەست لێی؛ ئەو کەسانەیە کە لە بەدواداچوون و ساغکردنەوە و پشتراستکردنەوەی زانیاریی و بەڵگەکاندا تەمبەڵیی دەنوێن و لەسەر بەرھەمی ئەوانیدیکە درێژە بە مانەوە و بەردەوامیی کاری رۆژنامەگەریی خۆیان دەدەن. درووست وەکئەوەی ئێمە؛ ناومان لێناون: «عەریزەنووسی میدیایی»، «کرێکاری میدیایی» یاخوود «کاربەڕێکەری میدیایی»!

ئەو جۆرە کارکردنە ناپیشەییە؛ لەسەر ئاستی جیھان لەکۆتاییەکانی ساڵی 2015ەوە تائێستا رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە. ئەوەیش لە دەرئەنجامی دابەزینی کواڵیتی رۆژنامەگەریی پیشەیی رەسەن و بەرزبوونەوەی رۆژنامەگەریی کۆپیکراوی ناڕەسەن بوو؛ لەرێگەی چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەی ھەواڵی دووبارە و ناڕاست و ھەڵبەستراو. ئەمجۆرە رۆژنامەگەرییە؛ زۆرتر و زووتر بەھۆی ھێز و ھەژموونی تەکنۆلۆژیای گەیاندن و راگەیاندن، بێسنووریی ئینتەرنێت و زۆر بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاسان وەرگرتنی ھەواڵ و زانیاریی و قەرەبووکردنەوەی داھاتی لەدەستچوو؛ لەپای کەمبوونەوەی ریکلام و ھێزی کاری مەیدانیی برەویسەند. بەداخەوە؛ ھەرێمی کوردستانی عێراقیش دوور و دابڕاو نییە و نەبوو لەو شەپۆلە ناپیشەییە و ساڵانێکە گیرۆدەی شێوازی کارکردنی چەرنالیزم-ە کە دەکرێت دیارترین خەسڵەتەکانی لەم خاڵانەی خوارەوەدا چڕبکرێنەوە:

  1. وەرگرتنی زانیاریی و ھەواڵ لە بەرھەمی رۆژنامەوانیی کەسانی دیکە و سەر لەنوێ بەکارھێنانەوەی ڤیدیۆ و وێنە و دەقەکانیان.
  2. ئاماژەدانی لاوەکیی و ناڕاستەوخۆ یاخوود پەراوێزخستن و ئاماژەنەدانی تەواوەتیی بە سەرچاوەی زانیارییەکان و پشتڕاستکردنەوەی ناوەڕۆکەکانیان کە ئەوەیش بە جۆرێک لە مافخواردنی کەسانی دیکە و دزیی ئەدەبی (plagiarism) دادەنرێت. بەداخەوە؛ ماڵپەڕە ھەواڵییە کوردییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان لەمجۆرە دزییەدا پێشەنگن!
  3. تەمبەڵیی لە کارکردندا، بەھۆی دانیشتن لە پشتی مێز و بەدوادانەچوونی مەیدانیی بۆ ئەو بیرۆکە رۆژنامەوانیانەی بە ناو و لۆگۆیەکی دیارییکراو؛ چاپ و پەخش و بڵاویدەکەنەوە. بۆنموونە؛ زۆرجار تێبینیی ئەوە دەکرێت کە ھەندێجار ھەندێک بەرپرس بەتەنیا لێدوان بۆ رۆژنامەوانێکی مەیدانیی کورد لە میدیایەکی بیانیی دەدەن، بەڵام میدیا ناوخۆییەکان وا بڵاویدەکەنەوە کە ئەو لێدوانە تایبەتەی بەرپرسەکە راستەوخۆ بەوان دراوە!
  4. بەکارھێنانەوەی زانیارییەکانی نێو بەیاننامە فەرمییەکان؛ بەبێ ھیچجۆرە گوومان و بەدواداچوون و پشتڕاستکردنەوەیەک. بۆ نموونە؛ لەسەروەختی پەتای کۆرۆنادا، وەزارەتی تەندرووستیی رۆژانە راپۆرتی 24کاتژمێری مردووان، تووشبووان، پشکێنراوان، چاکبووان_ی بڵاودەکردەوە بەبێ ئەوەی رۆژنامەوانێک یان دەزگەیەکی میدیایی گوومانی لە زۆریی و کەمیی ژمارەکان و راست و درووستییان ھەبێت؛ بگرە وەکخۆی و بەبێ ھیچ  لێدوان و پشتڕاستکردنەوەیەکی مەیدانیی بڵاویاندەکردنەوە!
  5. ناپاکییکردن لە رۆژنامەگەریی و ھاوپیشەکان و پێشێلکردنی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن، لەوانە: بەرپرسیارێتی، وردبینیی و راستگۆیی، نھێنیی سەرچاوەی زانیارییەکان، تێکەڵاوکردنی کاری ھەواڵگریی بە کاری رۆژنامەگەریی و …تد.
  6. حووکمدانی پێشوەخت و تێکەڵاوکردنی بۆچوون و زانیاریی و ھەڵپەی بڵاوکردنەوەی زۆرترین ھەواڵ بە کەمترین کات!
  7. جیاوازیینەکردن لەنێوان چەمکە یاساییەکان و بە ھەڵە بەکارھێنانیان، لەوانە: تۆمەتبار (المتهم) و تاوانبار (المجرم)، راگرتن (التوقیف) و بەندکردن (السجن)، پێبژاردن (الغرامە) و قەرەبووکردنەوە (التعویچ) و …تد.
  8. خستنەڕووی زانیاریی ناپێویست و بێبەھا لەسەر ژیانی تایبەتیی بکەر و بەرکاری رووداوەکان و سەرچاوەکانی ھەواڵ.
  9. ناوھێنان و وێنەگرتن و گواستنەوەی دیمەنی نەشیاو و بێبەھا و پەراوێزخستنی ئەو زانیارییە بەھادارانەی بۆ روونکردنەوە و راستکردنەوەی رووداوەکان؛ گرنگ و پێویستن.
  10. بە کەم و کوورت پیشاندانی توانا و توانستی جەستەیی و ھزریی رەگەزی مێیینە و جیاکارییکردنی جێندەریی لەگەڵ زەقکردنەوەی ھەستی ناوچەگەرێتیی و رەگەزپەرستیی و تۆخکردنەوەی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەکانی پێکھاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.

چەرناڵیزم؛ رووی راستەقینەی ئیشکردنی کاربەڕێکەر و کرێکارانی میدیایی دەردەخات کە بەبێ ئەوەی ویژدانیان بجووڵێت و پێڕەوەی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن بکەن، ئەوەی دێتە بەردەستیان یان دەیبینین و دەیاندرێتێ راستەوخۆ و بەبێ لەبەرچاوگرتن ھیچجۆرە رەھەندێکی دەرگاوان، بڵاویدەکەنەوە. ئامانجی ئەوان؛ بەتەنیا قاودان و قازانجە نەک بەرپرسیارێتیی پیشەیی. ھەربۆیە دەست لە زانیاریی و ھەواڵی ناڕاست و ھەڵبەستراو و تەنانەت راستییش ناپارێزن؛ کۆلاژ و مۆنتاژی دەکەن و بەپێی حەز و خواستی ئەو میدیایەی کاری لەگەڵدا دەکەن، بۆی دادەڕێژنەوە و بڵاوی دەکەنەوە. درووست وەک ئەو عەریزەنووسانەی داواکاریی مووشتەرییەکانیان دەنووسنەوە و بەمەبەستی سەرنجڕاکێشان و کاریگەریی؛ جوانکاریی لە وشە و بڕگە و رستەکانییدا دەکەن!

15 : ئایا بۆ نەوەی نوێ کامیان لەپێشترە: پەروەردەی میدیایی یاخوود میدیای پەروەردەیی؟

وەڵام: ئەگەرچیی ھەردووکیان تەواوکەری ئەرک و ئامانجەکانی یەکترن، بەڵام بەدڵنیاییەوە بۆ نەوەی نوێی بەکارھێنەران و بەرھەمھێنەرانی میدیای کوردی؛ پەروەردەی میدیایی زۆر زیاتر لە میدیای پەروەردەیی گرنگتر و لەپێشترە. ھەڵبەت ئەوەیش لە رێگەی دانانی پرۆگرامێکی جیاوازی قۆناغ بە قۆناغ دەبێت کە لەلایەن منداڵان، ھەرزەکاران و لاوان_ەوە؛ لە باخچەکانی ساوایانەوە و پێش چوونە قووتابخانە تاوەکوو پێش چوونە زانکۆ و پەیمانگەکان بخووێندرێت، تاوەکوو فێری «خوێندەواریی میدیایی» ببن و دواتر ببن بە بەردی بناغەی لە ریشەوە چاککردن و چاکسازیی میدیایی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق_دا. ھاوکات گرنگە لەلایەن وەزارەتەکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ راھێنەری تەکنیکی و مامۆستای پسپۆڕ بۆ وتنەوەی پرۆگرامی پەروەردەی میدیایی قۆناغە جیاوازەکان پێبگەیەنرێن و لەرووی سەرچاوەی مرۆییشەوە؛ ئاسانترە کار لەسەر دەرچووانی بەشە زانستییەکانی میدیا و ئەکادیمییەکانیان بکرێت.

لەو سۆنگەیەوە؛ نێوەندی کەنەدا بۆ خوێندەواریی میدیایی و دیجیتاڵیی لە پێگەی خۆییدا دووپاتییکردووەتەوە کە «پەروەردەی میدیایی فێربوونی وەڵامە دروستەکان نییە؛ ئەوە پەیوەندیی بە بەکارهێنانی وێنەی میدیاییەوە هەیە بە بیرێکی چالاک و ڕەخنەگر و پرسیاری درووست.» کەواتە پەروەردەی میدیایی؛ لە چۆنییەتی وێناکردن و کارکردنی تیۆریی و کرداریی میدیادا یارمەتی بیرکردنەوەی رەخنەگرانەی گەنجان دەدات کە تێبگەن و بزانن کێ لە کۆتاییدا بڕیار دەدات، بەوەیش وێنە گەورەکە و پەیامە میدیاییەکانی ئێستا سەبارەت بە خەڵکی ڕەسەن دەخەنە چوارچێوەی دیدگەیەکی جیاوازەوە و باشتر دەتوانن ھەڵیسەنگێنن و ھۆشیاری میدیایی خۆیان بەرزبکەنەوە.

زۆر نا؛ بە تەنیا بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بگەڕێوە دواوە و بیر لەوە بکەرەوە کە بەبێ تەلەڤزیۆن، ئینتەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مۆبایلی زیرەک و ئایپاد و ئەپڵیکەیشنەکانی بیت؛ چیی روودەدات. بەدڵنیاییەوە تێدەگەیت کە لەم رۆژگارەدا میدیا و تەکنۆلۆژیای پەیوەندییکردن؛ رۆڵێکی گەورە و گرنگ لە ژیانی رۆژانەی کەسەکاندا دەگێڕن، بەڵام زۆرینە لەو کاریگەریانە نیگەرانن کە لەسەر منداڵەکانیان ھەیانە. ھەر بەتەنیا لە بڕی ئەو کاتەدا نا کە بە دیار شاشەکانەوە بەسەری دەبەن، بەڵکوو ئەو ناوەڕۆکە میدیاییەشی نیگەرانیان دەکات کە منداڵەکانیان سەیری دەکەن. ھەربۆیە؛ خوێندەواریی میدیایی رێگە بە منداڵان و خێزانەکانیان دەدات کە زۆرتر و زووتر لەو پەیامە میدیاییانە بەئاگابن کە بە ویست و بەبێ ویست پێیاندەگات. لەبارەی پەیامەکانەوە؛ منداڵان فێری درووستکردن و بیرکردنەوەی رەخنەیی دەبن. ئەو بەھرانەیش رێگە لەبەردەم منداڵاندا خۆشدەکات؛ باشتر کۆنترۆڵی ئەو میدیایانە بکەن کە لە چواردەوریاندان نەک ئەوان کۆنترۆڵییان بکەن. لەوبارەوە جێنیڤەر لاندە؛ 10 ھۆکار دەخاتەڕوو کە پێویستە پەروەردە و خوێندەواریی میدیایی لە پێشینەی کارەکاندا بێت، لەوانە:

  1. ئێمە لەجیھانێکی تەواو میدیاییدا دەژین. بەپێی توێژینەوەیەک؛ 52٪‏ی ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 5-8ساڵییدایە، چەند جۆرێکی میدیای مۆبایل بەکاردێنن.
  2. بەپێی ماڵپەریcom؛ منداڵانی ئەم سەردەمە بەتێکڕایی ھەفتانە 28—32 کاتژمێر لەبەردەم شاشەکاندا بەسەر دەبەن.
  3. میدیا کاریگەریی لەسەر تەندرووستیی مرۆڤ ھەیە. توێژینەوە جۆراوجۆرەکان پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان بەرکەوتنی بەرز بە توندوتیژیی لە میدیاکان و ڕەفتاری شەڕانگێزیی پێشنیازدەکەن، هەروەها پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان زۆر بینینی تەلەڤزیۆن و ھەریەک لە قەڵەوی، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و زیادبوونی چالاکیی سێکسیی لە تەمەنی گەنجییدا ھەیە. یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی ئەکادیمیای ئەمریکایی بۆ پزیشکی منداڵان ئاماژە بەوە دەدات کە کاتێک منداڵان؛ تەلەڤزیۆن لە ژووری نووستنیاندا هەیە، ئەگەری زیادبوونی کێشیان بە ڕێژەی 31% ھەیە و ئەگەری جگەرەکێشانیشیان دوو هێندە زیاد دەکات، چوونکە زۆرێک لە منداڵان؛ تاوەکوو تەمەنی سێ ساڵیی لە ژووری نووستنیاندا تەلەڤزیۆنیان هەیە.
  4. ریکلام؛ پیشەسازییەکی خۆڕێکخراوە.
  5. فرەچەشنی بۆچوون لە میدیاکاندا؛ کەموکووڕی هەیە. زۆربەی میدیاکان تەنیا لەلایەن پێنج کۆمەڵەی میدیاییەوە کۆنتڕۆڵدەکرێن، ئەوانیش: دیزنی، تایم وارنەر، کۆمپانیای هەواڵی مەردۆخ، بێرتێلسمانی ئەڵمانیا و ڤیاکۆم. سەیرکردنی سەدان کەناڵی تەلەڤزیۆنیی وا دەکات کە وا دەرکەوێت ئێمە هەڵبژاردەی بێسنوورمان هەیە، بەڵام لە راستییدا سەرچاوەی زانیارییەکان لەڕادەبەدەر سنووردارن!
  6. کوژاندنەوەی کۆمپیوتەر یان تەلەڤزیۆن کێشەکە چارەسەر ناکات. لە تابلۆی بانگەوازی ڕێگاوبانەکانەوە تاوەکوو ئەو هەرزەکارەی کە لۆگۆی سەر تیشێرتەکەی لەبەردەمتدایە، لە کەوانتەری چێک ئاوت، پەیامە میدیاییەکان ڕۆژانە دەورمان دەدەن. هەوڵبدە لە ڕۆژێکدا ناوی هەموو ئەو ڕیکلام و لۆگۆیانە بنووسیت کە ڕووبەڕووت دەبنەوە و زوو تێدەگەیت کە میدیا چەند دزەی کردووەتە ناو ژیانتەوە. بوون بە خوێندەواری میدیایی؛ هۆشیاری مرۆڤ لەبارەی میدیا و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی هەر یەکێکمان زیاد دەکات.
  7. منداڵان پێویستیان بە شارەزایی و خوێندەواریی میدیایی هەیە بۆ ئەوەی لە هەر پیشەیەکدا و لە جیهانێکی دیجیتاڵییدا سەرکەوتوو بن. مرۆڤ فێرە؛ پیشەیەک هەڵبژێرێت یان بڕوانامەیەکی کۆلێژ بەدەستبهێنێت، زۆربەی منداڵان دەچنە ناو پیشەیەکەوە کە پێویستی بە هەندێک لێهاتوویی تەکنیکی و ئاسوودەیی لەگەڵ جۆرێک لە میدیادا ھەیە. ئەو منداڵانەی کە توانای خوێندەواریی میدیاییان هەیە، بۆ داهاتوویەکی سەرکەوتوو باشتر ئامادە دەبن.
  8. خوێندەواریی میدیایی لە جیھانێکی دیجیتاڵییدا؛ پێویستیی بە توانای درووستکردن و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە پەیامی میدیایی هەیە. پەرەپێدانی ئەم کارامەیییانە؛ کاریگەرییەکی بەردەوامی بۆ منداڵان لە ژیانی کەسیی و هەوڵە پیشەییەکانیاندا دەبێت. ئەوەیش پێویستیی بە لێهاتوویی زیاتر لە خوێندنەوە و نووسین هەیە.
  9. خوێندەواریی میدیایی؛ ئەگەری زۆرترین سوود و کەمترین زیانی هەیە. بەڵگەی دژیەک لەسەر بەهای تەکنەلۆژیا لەسەر گەشەکردنی منداڵ ھەیە. جگە لەو نیگەرانییە تەندروستییانەی پێشتر باسمانکرد، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە میدیا دەتوانێت ئامرازێکی بەهێز بێت بۆ فێرکردن و فێربوون. منداڵان کاتێک میدیا بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاردەهێنن؛ توانای مەعریفیی و کۆمەڵایەتییان زیاد بووە. هەروەها توێژینەوەکان سوودی میدیایان بۆ منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت، پەیوەندی ماڵەوە-قوتابخانە و فێرخوازانی دوو زمان باشتر دەرخستووە. ئەوەیش بەپێی بەیاننامەیەکی هەڵوێستی هاوبەشی کۆمەڵەی نیشتمانیی بۆ پەروەردەی منداڵانی بچووک و سەنتەری فرێد ڕۆجەرز بۆ فێربوونی پێشوەختە و میدیای منداڵان لە سەینت کۆلێژی ڤینسێنت.
  10. کارامەییەکانی خوێندەواری میدیایی؛ بەشێکن لە مەنهەجی ماساشووستس، کارامەییەکانی سەدەی بیستویەکەم و دەستپێشخەرییەکانی ستانداردی ناوەکی باوی ویلایەت. لە سەرانسەری وڵاتدا؛ پەروەردەکاران دان بە پێویستیی ئەم کارامەییانەدا دەنێن، بەڵام زۆربەیان ڕووبەڕووی کەمکردنەوەی بووجە دەبنەوە کە کڕینی تەکنەلۆژیا و ڕاهێنانی مامۆستایان قوورسدەکات.

بەدەر لەو پاساوانە؛ پەروەردەی میدیایی دەتوانێت چاو و گوێی رۆژنامەوانان و نەوەی نوێ بکاتەوە، تاوەکوو لە رووی ئاشکرا و پەنھانی پەیامی میدیایی تێبگەن و وردتر بیخوێننەوە. ئەوەیش بەبێ سەرپێخستنی میدیایەکی پەروەردەیی خاوەن ستراتیژ و سیاسەتی میدیایی؛ ئەستەمە پەروەردەی میدیایی بە ئاکام بگات و بە زوویی دەرئەنجامەکانی بەدەرکەون و لە ژیانی رۆژانەی بەرھەمھێنەران و بەکارھێنەرانی میدیادا رەنگبدەنەوە، تاوەکوو کاریگەریی و کاردانەوەیان لەسەر چاککردن و چاکسازیی میدیایی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق_دا ھەبێت!

14: ئایا میدیای ئەلیکترۆنیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ لە رووی یاسایی و پیشەییەوە دەتوانرێت رێکبخرێن؟

وەڵام: ئەگەرچیی لەم سەردەمی بێسنووریی و بێسانسۆرییەی ئینتەرنێت و خزمەتگووزارییەکانییدا ئاسان نییە، بەڵام کارێکی نەکردە نییە و دەتوانرێت میدیای ئەلکترۆنیی یاخوود دیجیتاڵیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە رووی شێوە و ناوەڕۆکەوە بەجۆرێکی ئەوتۆ رێکبخرێن کە ئەرک و مافی بەرھەمھێنەران و بەکارھێنەرانیان تیا پارێزراوبێت. ئەوەیش بە پلەی یەکەم لەئەستۆی بەرھەمھێنەران و بەکارھێنەرانییەتی؛ ھەم ھۆشیاری پیشەیی و ھەم ھۆشیاری یاسایی خۆیان بەجۆرێک بەرزبکەنەوە کە ئەو جۆرە بیرکردنەوە و گوفتار و رەفتارانەی دژ و ناکۆکن لەگەڵ بەرزیی ئاستی ھۆشیارییاندا، بچووک و پەراوێزی بخەن. ھاوکات بەشێکی دیکەی ئەو رێکخستنەوەیە؛ دەکەوێتە ئەستۆی ھەریەک لە دەستەڵاتەکانی پەرلەمان، حکوومەت، دادوەریی لەگەڵ پسپۆڕانی میدیایی، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و تەواوی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.

ھەڵبەت دوای تێپەڕبوونی پتر لە 16ساڵ بەسەر دەرچوونییدا؛ چیدیکە یاسای رۆژنامەگەریی کوردستان، ژمارە: 35ی ساڵی 2007 بۆ ساڵی 2023 و دواتریش گوونجاو نییە و پێویستی بە ھەموارکردنەوە و فراوانکردنی مادە و بڕگەکانی ھەیە، تاوەکوو  یاساکە لە رووماڵکردنی میدیای چاپکراو_ەوە بۆ یاسای میدیای پەخشکراو و دیجیتاڵیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فراوانبکرێت و لە سزادانی تاوانەکانی راگەیاندنیشدا جیاوازیی بکرێت و بە جیا تایبەتمەندێتیی ھەر تاوانێک لەبەرچاو بگیردرێت. ھەروەک پەیماننامەی نێودەوڵەتیی فیدراسۆنی رۆژنامەوانان وەک پاشکۆی یاساکە لاببرێت و پێداچوونەوە بە مەرجەکانی دامەزراندنی میدیای نوێ و جۆری خاوەندارێتییکردنییدا بکرێت. ھەروەھا بکرێت بە مەرج کە ھەر میدیایەک دامەزرا یاخوود مۆڵەتی نوێکردەوە؛ 50٪‏ زیاتری ستافەکەی لە دەرچووانی بەشە زانستییەکانی میدیا بن.

لەساڵانی رابردوودا؛ ئەگەرچیی زۆر کەس و لایەن بە گشتیی و دەستەبژێری ئەکادیمیی بەتایبەت، بەپێی رۆڵ و پێگەیان کەم و زۆر کاریان لەسەر ڕێکخستنی میدیا و میدیای دیجیتاڵیی کردووە و پێشنیازەیاسای ھاوچەرخیان بۆ ئەو بوارانە گەڵاڵە کردووە کە تائێستا یاسایان نییە، لەوانە: «پێشنیازەیاسای ئەنجوومەنی نیشتمانیی میدیا لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا»، بەڵام گرفتە سەرەکییەکە؛ بەدەنگەوەنەھاتن و گوێنەگرتنە لە دەستەبژێری ئەکادیمیی و بەھەند وەرنەگرتنی پرۆژە و پلان و پرۆگرام و ئەنجامی توێژینەوەکانیانە. بەتایبەت ئەو دەستەبژێرە ئەکادیمییەی لەم ساڵانەی دواییدا ھەوڵ و ھەنگاوی ھەمەلایەنەیان لە رێگەی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)ەوە خستەگەڕ؛ بۆ رێکخستنی کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ریفۆرمی میدیایی و چاپکردنی زنجیرە کتێبی میدیایی و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری دەرگاوان بۆ پەروەردەی میدیایی لەگەڵ سازکردنی دەیان کۆڕ و کۆڕبەند و سیمپۆزیۆمی رەخنەیی لەسەر خەوش و خەونەکانی میدیاوان و میدیای کوردی، بەڵام بەداخەوە نە خەڵک و نە حکوومەت و نە حزب وەک پێویست بەدەنگیانەوە نەھاتن و گوێ لە راسپاردە و رێنمایی و پێشنیازەکانیان نەگیرا. لەوەیش واوەتر؛ ھەندێکیان تۆمەتبارکران و سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکرا و بە بەرنامە و بەبێ بەرنامە بەربەست بۆ کار و پرۆژەکانیان درووستکرا و لەرووی مەعنەویی و مادییشەوە قەرزاربار کران!

ئەو دەستەبژێرە ئەکادیمییە؛ ھەم وەک راھێنەر و مامۆستا و ھەم وەک پسپۆڕ و توێژەری میدیایی لە خوولە پیشەیی و بەشە زانستییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستاندا؛ کاریان لەسەر ناساندنی بنەما یاساییەکان و رێسا پیشەییەکانی بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی میدیای دیجیتاڵیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەروەردەکردنی فێرخوازانی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی و نەوەی نوێی رۆژنامەوانان کردووە. گرفتی سەرەکیی لەو نێوەندانەدا؛ بۆ کەمیی ماوەی خوول و کۆرس و سمستەرەکان دەگەڕێتەوە کە بۆ بابەتەکانی ئیتیک و یاسا تەرخانکراون. ھاوکات نەبوونی ئازادیی دەربڕین و کۆکردنەوەی داتا و ھێنانەوەی نموونەی زیندووی نێو میدیای کوردیی بۆ فێرخوازانی نێوەندە ئەکادیمییەکان؛ گرفتێکی دیکەیە کە پسپۆڕان و توێژەرانی میدیایی پێوەی دەناڵێنن و خۆیشیان بوون بە  قووربانییەک لە قووربانییەکانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی کە بەپاساوی دانانی پرسیاری میدیایی سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکرا و ھاتووچۆ و دانیشتنی بیرازکەری دادگە؛ کرا بە پاداشتی ھەوڵ و ھەنگاوە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکانیان!

بەدەر لە ھەوڵی دەستەبژێرێک لە ئەکادیمییەکان؛ دەستەبژێرێک لە رۆژنامەوانان و بەڕێوەبەران و بڕیاردرووستکەرانی میدیایی رۆڵی دیار و بەرچاویان لە رێکخستنی ناوەڕۆکی راگەیاندنی کۆن و نوێ ھەبووە، بەڵام بەھۆی دابڕان و یەکترنەخوێندنەوە و بەھەند وەرنەگرتنی پرۆژەی ھاوبەش، زۆرجار ھەوڵەکانیان سنووردار و کوورت و بێئەنجامبوون. باشترین چارەسەرێک بۆ رێکخستنی میدیا و میدیای ئەلکترۆنیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ سەرلەنوێ پێداچوونەوەی یاسا بەرکارەکان و ھەموارکردنەوەیانە لەچوارچێوەی سیستەمێکی دیمووکراسیی ھاوچەرخی میدیاییدا کە ھەم ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی بەرتەسکنەکاتەوە، ھەم ھۆشیاریی رێگرتن لە پاشاگەردانی میدیایی و تاوانە ئەلکترۆنییەکان بەرزبکاتەوە.

13: ئایا مۆڵەتی کارکردنی رادیۆ و تەلەڤزیۆن لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا؛ چۆن و بە چ شێوەیەکە؟

وەڵام: بەپێی بڕگەی یەکەم لە مادەی سێییەمی رێنمایی ژمارە: 01ی ساڵی 2014؛ وەزارەتی رۆشنبریی و لاوان بە هاوكاریی و ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتەکانی ناوخۆ، گواستنەوە و گەیاندن لەپێدانی مۆڵەتی كاركردنی میدیای بینراو و بیستراو بەرپرسن.

ئەو رێنماییە کە بۆ رێکخستنی فریکوانسی سپەیس لە ھەرێمی كوردستانی عێراقدا دەرچووە؛ چەند بوارێکی کارکردن دەگرێتەوە، لەوانە: رادیۆ و تەلەڤزیۆنی لۆکاڵیی و ساتەلایت و وێستگەکانی سەرلەنوێ پەخشکردنەوە، تاوەر و وێستگەکانی پەخشی ھاوبەش و چەپکەیەک لە رادیۆ و تەلەڤزیۆن، کۆمپانیاکانی تایبەت بە بوارەکانی ریكلامكردن، فرۆشتن و بە کرێدانی فریكوانسی ساتەلایت، فرۆشتنی ئامێری پەخش و تاوەر و SNGی جێگیر و جووڵاو، دۆبلاژکردن و بڵاوکردنەوەی بەرھەمە رادیۆیی و تەلەڤزیۆنییەکان لەگەڵ نووسینگەکانی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی بیانی، سكرینی ریكلامكردنی گەورەی سەرشەقامەکان و پەخشی تەلەڤزیۆنی دیجیتاڵیی DVB-T.

لە بڕگەکانی دیکەی مادەی سێییەمی ئەو رێنماییەدا ئاماژە بە خاوەندارێتیی میدیای پەخشکراو کراوە کە دەبێت خاوەنی کەسایەتییەکی مەعنەویی بێت و فۆڕمی دامەزراندنی رادیۆ و تەلەڤزیۆن لە وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان پڕبکاتەوە؛ زانیاریی درووست لەبارەی ئامانج و ئاڕاستەی کارکردن و زمانی پەخشکردنیان پێشکەشبکات. لەماوەی 60رۆژدا؛ پێویستە وەزارەتەکانی ناوخۆ، گواستنەوەو گەیاندن وەڵامی ئەو داواکاری دامەزراندنەی بدەنەوە کە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە ئاڕاستەیان دەکرێت. پاش دڵنیابوونەوە لە ناوەڕۆکی داواکارییەکە؛ بۆ ماوەی یەک ساڵ مۆڵەتی دامەزراندنی رادیۆ و تەلەڤزیۆن دەدرێت کە سەرپەرشتییکردنی لایەنە تەکنیکییەکانی پەخشکردنیان دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و پێویستە ساڵانە لەکاتی دیارییکراوی خۆیدا مۆڵەتەکانیان تازەبکرێنەوە، وەگەرنا دووچاری لێپێچینەوەی یاسایی دەبن. لە پاش مۆڵەتوەرگرتن؛ پێویستە ھەر میدیایەک لەماوەی 90رۆژدا پەخشی ئەزموونیی خۆی بکات. بەپێچەوانەوە؛ مۆڵەتەکەیان ھەڵدەوەشێتەوە و لە کاتی وەستانی پەخش-یشدا پێویستە وەزارەتی لێ ئاگاداربکرێتەوە، وەگەرنا دوای 90رۆژ لە وەستانی پەخش مۆڵەتەکەیان بە ھەڵوەشاوە ھەژمار دەکرێت.

مەرجەکانی خاوەندارێتییکردنی میدیای پەخشکراوی ناوخۆیی و جیھانیی بە چەند تایبەتمەندێتییەکی یاسایی سنووردارکراون، لەوانە: مەرجە ئەو کەسەی خاوەندارێتیی رادیۆ و تەلەڤزیۆن دەکات؛ تەمەنی لەسەروو 25ساڵەوە بێت و کەسێتی یاسایی ھەبێت، ئەگەر بۆ رێکخراو و گرووپ و پارتی سیاسیی بوو ئەوا دەبێت مۆڵەتی کارکردنیان لەھەرێمی کوردستاندا ھەبێت. ھاوکات بۆ کەسانی بیانی؛ مەرجە مۆڵەتی مانەوەیان لانیکەم لە شەش مانگ کەمتر نەبێت. لەپاش مۆڵەتوەرگرتن ھەر گۆڕانکارییەک بەسەر خاوەندارێتیی میدیاکەدا ھات؛ مەرجە وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان_ی لێ ئاگادار بکرێتەوە و رەزامەندیی بۆ خاوەندارێتیی نوێ وەربگیرێت. ھاوکات خاوەندارێتیی میدیاکە پێویستە سەرمایەکەی بەجۆرێک رێکبخرێت کە بۆ دامەزراندنی ساتەلایت لە 50ملیۆن دیناری عێراقیی کەمتری نەبێت، بۆ خاوەندارێتیی پەخشی چەپکە رادیۆ و تەلەڤزیۆن و پەخشی سیستەمی DVB-T لە 30 ملیۆن دینار کەمتری نەبێت. بۆ خاوەندارێتیی تەلەڤزیۆنی لۆکاڵیی لە 25ملیۆن دینار و بۆ رادیۆ لە 15ملیۆن دینار کەمتری نەبێت. لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا؛ مەرجە خاوەنی میدیاکە پارێزەرێک بۆ راوێژی یاسایی و کارووبارەکانی دەستنیشانبکات. ھەروەک بۆ خاوەندارێتیی بیانی؛ مەرجە لانیکەم 50٪‏ی کارمەندانی میدیاکە و نووسینگەکانی، ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستان بن و ناشبێت دوو دامەزراوەی میدیایی بە ھەمان ناو و لۆگۆ دابمەزرێن یان ھەڵگری ناوی میدیایەکی دیکەی جیھانیی بن. لە پاش مۆڵەتوەرگرتنی فەرمی؛ مەرجە خاوەندارێتیی میدیاکە لەلای دادنووس بەشێوەیەکی یاسایی ناو و لۆگۆ و خاوەندارێتیی میدیاکان تۆمار بکرێن. خاوەنی میدیاکە پێویستە ئەندازیارێک کە تایبەتمەندێتیی لە بوارێکی گەیاندن، ئەلکترۆنیک، کارەبا_دا ھەبێت یان کەسانێک کە خاوەن ئەزموون یان خاوەن بڕوانامی خوولێکی پرۆفیشناڵی ئەو بوارانە کە لانیکەم خاوەن بڕوانامەی ئامادەیی بێت دابمەزرێنت. لەگەڵئەوەشدا؛ مەرجنییە کەسێکی میدیاکار خاوەندارێتیی بکات، بەڵکوو پێویستە ئەو کەسەی بە بەڕێوەبەری رادیۆ یان تەلەڤزیۆن دادەنرێت، لانیکەم پێنج ساڵ ئەزموونی لە بواری راگەیاندن و رۆژنامەگەرییدا ھەبێت.

کۆی ئەو مەرجانەی لەو رێنماییەدا دانراون؛ پشتیان بە بڕگەی نۆیەمی دووەم مادەی یاسای وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی ھەرێمی کوردستانی عێراق، ژمارە: 12ی ساڵی 2010 و یاسای رێکخستنی رۆژنامەگەری، ژمارە: 35ی ساڵی 2007 بەستووە، تا ئەو کاتەی یاسایەکی سەرتاسەری گشتگیریش بۆ راگەیاندن دەردەچێت، کارکردن بەو رێنماییە بەردەوامدەبێت. بەشێوەیەکی گشتی؛ ئەو رێنماییە بۆ سات و سەردەمی دەرچوونی، گەورە و گرنگبووە، بەڵام بۆ ئێستا گوونجاونییە و سەرلەبەری پێویستیی بە ھەموارکردنەوەیە، چوونکە ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی لەھەر ھەرێم و وڵاتێکدا، گرێدراوی چەند پێوەرێکی سەرەکییە لەوانە: دامەزراندنی دەزگەی راگەیاندن بەشێوەیەکی ئاسان و دوور لە رۆتینیات، کارکردن بە سیستەمی لێپرسینەوەی پاشوەخت نەک پێشوەخت، کارنەکردن بە تاوانەکانی بیروبۆچوون، لە کار نەخستن و قەدەغەنەکردنی دەزگەکانی راگەیاندن کە بەداخەوە بەشێک لەم پێوەرانە ھێشتا ھەر مرەکەبی سەر کاغەز و درووشمی ھەڵبژاردنن و نەبوون بە ئەمری واقیع!

12: ئایا کێ لە زانینی زانیاریی و وردەکارییەکانی چیرۆکی مردن، کووشتن، خۆکووشتن و خۆسووتاندنی کەسەکان؛ سوودمەند دەبێت؟

وەڵام: ھیچ خوێنەر و بیسەر و بینەرێکی ھۆشیار کە باری دەروونیی ئاسایی و تەواو و ساغلەم بێت؛ ئەستەمە سوودمەندبێت و چێژ لە خوێندنەوەی وردەکاریی کووشتن و بیستنی زۆریی ژمارەی ئەوانەی خۆیان دەکووژن یان بینینی گرتەی شۆئامێز و دیمەنی ھەڵقرچانی پێستی ئەو کەسانە ببینێت کە خۆیان دەسووتێنن!

نەبوونی ئامانج یان لێڵیی سیاسەتی میدیایی؛ زەقترین خاڵی ناسینەوەی کارکردنی ئەم رۆژگارەی زۆرینەی میدیاوان و میدیای ھەرێمی کوردستانی عێراقە. لەلایەک دەیان شارەزای میدیایی، ئایینی، دەروونی، کۆمەڵایەتیی و یاسایی بانگھێشتی پرۆگرامەکانیان دەکەن؛ تاوەکوو ئاستی ھۆشیاری وەرگر لەسەر خراپیی خۆکووشتن و بێھیوایی و باشییەکانی ژیاندۆستیی و بەختەوەریی بەرزبکەنەوە، لەلایەکی دیکەشەوە راستەوخۆ رووماڵی خۆکووشتن و خۆسووتاندن و ساتەوەختی پێکداھەڵپژانی چەکداریی و مردن و شین و شەپۆڕی کەسووکار و تاسانیان دەکەن و دەیکەن بە ھەواڵی «بەپەلە» و مەزاجی وەرگر بەجارێک دەشێوێنن کە ھیچ رێز و شکۆیەک بۆ زەوق و سەلیقەی، کات و شوێنی یاخوود رەنگ و رەگەز و تەمەنی ناھێڵنەوە، چیان بە مێشکدا بێت دەیخەنە سەر دەمیان و راستەوخۆ و بەبێ دەرگاوان چاپ و پەخش و بڵاویدەکەنەوە. تەنانەت ھەندێکجار تینوویەتیان بەوەش ناشکێت؛ ھەندێکیان لە رێگەی کۆلاژ و مۆنتاژی وێنە و ڤیدیۆی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دۆبلاژی فلم و زنجیرە درامای نامۆ و ناباو بە کولتوور و کەلەپووری خۆرھەڵاتیی یان ھی وڵاتانی دراوسێ، کەلەپوور و کولتووری خۆرئاوایی یان ھی وڵاتانی ئەوروپایی بۆ ئاساییکردنەوەی تاوان و شییرینکردنی شێوازەکانی، مانەوە و بەردەوامیی میدیاکانیان درێژە پێدەدەن!

لە چوارچێوەی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن و بەپێی پێوەری دادوەری؛ رەوا و رێگەپێدراو نییە ھیچ رووداو و زانیارییەک کە رەھەندی نەرێنیی لە ئەرێنیی زۆرتربێت و ببێت بە مایەی ترس و تۆقین و ئاشووب و شڵەژان، بە وردەکاریی تەواوەوە رووماڵ بکرێت و بۆ وەرگر بگوێزرێتەوە، چوونکە ھیچ سوود و بەرژەوەندییەک لەو وردەکارییە نابینێت. بۆنموونە، کەسێک کە بەھەر ھۆکارێک بێت خۆی کووشتووە یان بەشێوەیەکی دڕندانە کووژراوە یان بە رێژەیەکی زۆر خۆی سووتاندووە؛ ھیچ بەھایەکی ھەواڵیی و بایەخێکی کۆمەڵایەتیی و بەرژەوەندییەکی گشتیی لەوەدا نییە کە دیمەنی ئەو قایش و پانکەیەی خۆی پێھەڵواسییوە یان ئەو چەرخ و نەوت و پەرەمێزەی خۆی پێسووتاندووە یان ئەو گوولە و دەمانچەیەی پێیکووژراوە، لەگەڵ وردەکارییەکانی ساتەوەختی چاودەرپەڕین و گیاندەرچوون و گریان و شیوەنی خێزان و خزمانی زووم بکرێت و بکرێت بە باسی گەرمی چەندین گەشتی ھەواڵی رادیۆیی و تەوەری سەرەکیی پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی و مانشێتی رۆژنامەکان!

بەپێچەوانەی وڵات و ھەرێمە خۆرھەڵاتییەکانی ھاوشێوەی کوردستان؛ لەنێو ھەرێم و وڵاتانی خۆرئاوایی و ئەورووپاییدا کە ھەندێکیان بە سەرزەمینی ئازادییەکان ناسراون، ھاوونیشتیمانیان بە زۆرینەی ماف و ئازادییەکانیان گەیشتوون و تاقیانکردوونەتەوە. تەنانەت ساڵانە؛ بەرزترین رێژەی خۆکووشتن ھەر لەو وڵاتانەدا تۆمار دەکرێن، بەڵام بە دەگمەن نەبێت رێگە بە میدیاوان و میدیاکانیان نادەن وردەکاریی چیرۆکی خۆکووشتن و ژمارەیان و پەیوەندییەکانیان رووماڵبکرێن و ببن بە ھەواڵ و بەدواداچوونی میدیایی لەسەر ژیانی تایبەتیی قووربانییەکان و دۆخی خێزانیی و پەیوەندییەکانیان بکرێن. ستراتیژ و سیاسەتی میدیایی ئەوان بەپێچەوانەی میدیاوان و میدیای کوردی؛ کار لەسەر شکاندنی رێز و شکۆی مرۆیی و مافی تایبەتمەندێتیی کەسەکان و ھاندانی وەرگر بۆ چاولێکەریی دیاردە نەرێنییەکان و لاساییکردنەوەی تاوان و سپیکردنەوەی و خراپبەکارھێنانی ماف و ئازادییەکانی تاکەکەس ناکەن، چوونکە بە دەردی رووسەکان دەڵێن: لە پیسایی؛ چکلێت درووستناکرێت!

ئەوەی میدیایەکی بەرپرس لە نابەرپرس جیادەکاتەوە؛ ئەو ئامانجە پیشەییانەیە کە لە پێناوییدا دامەزراوە. میدیایەک؛ ئامانجی نانەوەی پشێویی یان تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتیی و شێواندنی شیرازەی خێزان و رشتنی تۆوی رق و کینە و زیاتر ترازاندنی کەلێنی ناکۆکییەکانی نێوان کەس و گرووپ و پێکھاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بێت، بەدڵنیاییەوە ھەموو رێگە و رێچکەیەکی رەوا و ناڕەوا دەگرێتەبەر و باکی بە دەرئەنجامی ئەو دەق و وێنە و ڤیدیۆ و گرافیکانەش نابێت کە بڵاویاندەکاتەوە. ھاوکات لە خەمی ئەوەیشدا نییە کە دواتر چ کاریگەریی و کاردانەوەیەک لەسەر وەرگر بەگشتیی و لەسەر ھەست و ھەستیاریی منداڵان، ھەرزەکاران و گەنجان درووستدەکات.

چیرۆکی کووشتنی دووکاندارێک لەلایەن دووکاندارێکی ھاوڕێی و دواتر بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان لە تەلەڤزیۆن بەر لە گەیشتن بە دادگە و یەکلاکردنەوەی دۆسییەکانیان، ھەروەھا رووماڵی راستەوخۆ بۆ کووشتنی پیاوێکی خێزاندار لە کافتریایەک و بەستنەوەی بە ژنێکی دیکە و ئاشکراکردنی چیرۆکی پەیوەندییە سۆزدارییەکانیان یاخوود راستەوخۆ پەخشکردنی پرسیاری پەیامنێرێک لە ھوونەرمەندێک لەبارەی دوا کاری ھوونەریی خۆی و ھاوسەرەکەی کە بەر لە چەند کاتژمێرێک بەھۆی جەڵدەوە مردبوو؛ دیارترین نموونەی بەشێک لەو خەوش و ھەڵە پیشەییانەی میدیاوان و میدیای کوردیین کە ھێشتاوەکو ساغنەبوونەتەوە کە بۆچیی و لەپێناو کێ و کەی و لە کوێ زانیاریی بەھاداری ھەواڵیی لە بێبەھا و بێبایەخ جیابکەنەوە و لەوە زیاتر نەبن بە ماتەوزەی مانەوە و بەردەوامیی میدیای ماتەم لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا، چوونکە تەنیاوتەنیا کەسانی نائاسایی دنەدراو و دەرووننەخۆش سوودمەندی سەرەکیی ئەو جۆرە وردەکاریی ھەواڵانەن، وەگەرنا کەسێکی ساغ و ساغلەم پێویستیی بەوە نییە و نابێت چۆن و بە چ شێوەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی یان کەسانی دیکە بھێنێت، تاوەکوو بێژەرێکی کەشخەکراوی ھەواڵ بە زمانێکی تەنزئامێز و ئاماژەی سێکسی؛ چیرۆکی وردترین بەشی تاوانە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانیش لە زێڕینترین کاتی پەخش و نانخواردندا بدا بە گوێ و چاوی بینەر و بیسەری کوردزماندا!

11: ئایا رۆژووگرتنی رۆژنامەوان و رۆژووگرتنی گشتی؛ چ جیاوازیی و لەیەکچوونێک لەنێوانیاندا ھەیە؟

وەڵام: بەپێچەوانەی رۆژووگرتنی گشتیی کە 30 رۆژ کەمتر یان زیاتر دەخایەنێت، رۆژووگرتنی رۆژنامەوان بە درێژایی 365 رۆژی کارکردنی؛ ئامانج لێی خۆبەدوورگرتنە لە خواردن و خواردنەوەی یاساغکراو و وەرگرتنی ھەرجۆرە خەڵات و دیاریی و پشکێکی بەنرخ و بەھادار لە سەرچاوەکانی زانیاری، تاوەکوو لەرووی دەروونیی و جەستەییەوە ساغلەمتر بێت و لە پابەندبوون بە بڕگە و مادەکانی بەڵێننامەی پیشەیی و سوێندی رۆژنامەوانیی پارێزراوتربێت. ھەروەھا باشتر بتوانێت متمانەی وەرگری پەیامە میدیاییەکانی بەدەستبھێنێت و پیشەکەی بە سەربەخۆیی بھێڵێتەوە و لەبەر دەستکەوتێکی مادیی یان مەعنەوی، راستیی و راستەقینەکان بە قووربانی حەز و خەون و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی و خێزان و خزمانی نەکات.

لەو سۆنگەیەوە؛ ئەگەر رۆژووگرتنی گشتیی لەپێناو ئامانجێکی ئایینیی یان تەندرووستییدا بێت، ئەوا رۆژووگرتنی رۆژنامەوان لەپێناو ئامانجێکی پیشەیی و بۆ پاراستن و مانەوەی بێگەردیی و بێمنەتییەتی لە وەرگرتنی ھەرجۆرە بەرتیل و داوەتێک کە لەئاست خاوەن بەرژەوەندییەکاندا چاوبەرەوژێری بکات، تاوەکوو لە رووماڵکردنی خەوش و گەندەڵییە جۆربەجۆرەکانیان خۆبەدووربگرێت. ئاشکرایە کە ھیچ پێوەرێکی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن و ھیچ بنەمایەکی یاسایی؛ رەوایەتیی بە بەرتیلوەرگرتن و ساختەکاریی و چاوبەست و بەلادارێبردنی جەماوەر نادات، چوونکە دژ و پێچەوانەی پەخش و بڵاوکردنەوەی ھەواڵی راست و مافی گشتیی ھاوونیشتیمانیانە، لە دەستگەیشتن بە زانیارییە گشتییە درووستەکان.

میدیاوان و میدیایەک ناتوانن لاف و گەزافی باوەڕداریی و بەرۆژووبوونی پیشەیی و سەربەخۆیی داھات و دارایی لێبدەن، لەکاتێکدا کۆمپانیاک یان گرووپی چەند کۆمپانیاک کە لە دەیان جۆری گەندەڵیی تێوەگلابن؛ سپۆنسەری سەرەکیی ھەواڵ و پرۆگرامەکانی دیکەیان بن و ھەرجارە و بە مارکەیەکی نوێی قات و بۆینباخ و بۆنی گرانبەھا بۆ بڕیاربەدەستان و بێژەر و پێشکەشکاران، بۆگەنی گەندەڵییەکان لە بیر وەرگر بەرنەوە. وەرگرتنی ھەرجۆرێکی بەرتیل لەلایەن میدیا و میدیاوان؛ بەشێوەی پارەی کاش و خەرجیی گەشت و تکتی فڕۆکە و چالاکییەکانی خۆشباریی یاخوود بەشێوەی زەویی و یەکەی نیشتەجێبوون و ئوتومبێل و ھەر شمەک و کاڵایەکی دیکەی مادیی یاخوود ھەر دەستپێشخەریی و ئاسانکارییەک لەرووی مەعنەوییەوە بۆیان دەستەبەر بکرێت، تاوەکوو وەرگر یان رایگشتیی لە زانینی مافی زانیاریی و گەیشتن بە راستەقینەکان بێبەشبکەن، دەبێت بە ھۆی بێمتمانەیی و شکاندنی رۆژووی پیشەییان و دەرچوون لە رەزامەندیی خوا و خەڵک و گیرۆدەبوون بە دەردی جەستەیی و دەروونیی ئەوتۆ کە بە دەیان گەشت و گەڕانی وڵاتان و نەشتەرگەری گەورە و گرانیش دەوا نەکرێن!

ھەڵبەت لیستی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن لەلای زۆرینەی ئاژانس و تەلەڤزیۆن و رادیۆ و رۆژنامە و پێگە ئەلکترۆنییە خاوەن متمانە بڕواپێکراوەکان؛ خاڵیی نییە لە پێوەری سەرڕاستیی و راستگۆیی و دەستپاکیی و بەرپرسیارێتیی لە رووماڵی زانیاریی و رووداوەکان لە کاتی کۆکردنەوە، داڕشتنەوە و بڵاوکردنەوەیان، بەدوور لە رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتیی و بایەخی کۆمەڵایەتیی وەرگر. ھەربۆیە ئەو مامەڵەیەی میدیاوان و میدیای کوردیی لەم ساڵانەی دواییدا بە کڕین و فرۆشتنی زانیاریی و بەڵگە و داشکاندن لە بڵاوکردنەوەی ھەندێکی و ھەراجکردنی ھەندێکی دیکەیەوە دەیكات، لەپێناو وەرگرتنی دیاریی ریکلام و سپۆنسەری میدیایی؛ ھیچ رەوایەتییەکی پیشەیی و پاڵپشتییەکی یاسایی و لێخۆشبوونێکی کۆمەڵایەتیی نییە!

رۆژووگرتنی پیشەیی رۆژنامەوان لە وەرگرتنی بەرتیل و خەڵات و دیاریی بەبێ مەرجی پێشوەختەی چاوپۆشیی لە گەندەڵیی و گەندەخۆریی بەرپرس و دەستەڵاتداران؛ نە پێویستی بە رووپۆش و لەسەرکردنی نیوەلەچک ھەیە نە بە نوێژی کاتیی و ریشی قاتقاتی مۆدێلات، بەڵکوو تەنیاوتەنیا بڕواھێنان بە یەک پایەی بنچینەیی پێویستە کە ئەویش «ویژدانێکی زیندوو»ە کە بە دڵنیاییەوە بە پەروەردەیەکی ھاوچەرخی میدیایی گەشاوە و کاراتر دەبێت. کەواتە ویژدانێکی زیندوو؛ دەبێتە زەقترین خاڵی لەیەکچوون لەنێوان رۆژووگرتنی رۆژنامەوان و رۆژووگرتنی ئایینیی و رۆژووگرتنی تەندرووستی.

10: ئایا دیارترین خاڵی لەیەکچوون و جیاوازیی لەنێوان پیشەی رۆژنامەگەریی و پیشەی ھەواڵگریی_دا چییە؟

وەڵام: زۆر کەس وا تێگەیشتوون یان وا گۆشکراون کە پیشەی رۆژنامەگەریی و پیشەی ھەواڵگری؛ وەک دوو رووی یەک دراو وان و ھیچ جیاوازییەک لەنێوانیاندا نییە، بەڵام لە واقیعدا جیاوازیی ئەم دوو پیشەیە تاڵە دەزوویەکی باریکە و زۆرجار بەمەبەست دەپسێنرێت!

زەقترین خاڵی جیاوازیی نێوان رۆژنامەگەریی و ھەواڵگری؛ جیاوازیی ئامانج و شێوازی ئیشکردنیانە. یەکەمیان؛ زانیارییە گشتییەکان لە شوێنە گشتییەکان بە قازانجی بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگە کۆدەکاتەوە و دواتر بە رێگەیەکی ئاشکرا و گشتی، چاپ و پەخش و بڵاویاندەکاتەوە. ھەرچی دوومیانە؛ زانیاریی تایبەت لە شوێنی تایبەت بە سوود و قازانجی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی دەزگەیەکی تایبەتی دەوڵەت کۆدەکاتەوە و دواتر بە رێگەیەکی نھێنیی و تایبەت، لەکات و شوێنێکی تایبەت لە خزمەت ئامانجێکی تایبەتدا دەیانخاتەگەڕ و بەکاریاندەھێنێت.

رۆژنامەگەریی کە وەک «پیشەی گەڕان بە دوای سەرئێشەدا» ناسێنراوە؛ لەچوارچێوەی سیستەمی میدیاییدا دەستەڵات بە رۆژنامەوان دەدات بەوپەڕی پیشەگەرێتیی و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتیی و بایەخی کۆمەڵایەتیی و لەژێر چەتری بنەماکانی یاسا بەرکارەکان و پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن_دا، ئەدائی ئەرک و ماف و ئازادییەکانی بکات. ئەوەیش لە کاتێکدایە کە ھەواڵگریی وەک پیشەیەکی نھێنیی و ھەستیار لەچوارچێوەی سیستەمی سیاسیی دەوڵەت_دا؛ رەوایەتیی دەستەڵات بە سیخووڕ دەدات کە ھەموو رێگەیەک لەپێناو پاراستن و مانەوەی دەوڵەت_دا بگرێتەبەر!

رۆژنامەوان و سیخووڕ؛ ھەردووکیان پیشەوەری دوو پیشەی دژ و لەیەکجیان. ھەربۆیە تێکەڵاوکردن و تواندنەوەیان لە بۆتەی کاری میدیایی و بە پاساوی بەرفراوانکردنی سنووری «ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەری»؛ ئەو پشێویی و پاشاگەردانییە پیشەییە درووستدەکات کە ئێستا لە ھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا بەرکارە. بۆنموونە؛ نە لە رووی پیشەییەوە و نە لە رووی یاساییشەوە رەوا و رێگەپێدراو نییە کەسێک لەیەککاتدا ئەفسەرێکی پلەداری دەزگەیەکی ئەمنیی بێت و وەک سەرنووسەر و سەرپەرشتیار یان خاوەن و رێکخەری دەیان پەیج و سایت و وێب تیڤی، لەھەوڵ و ھەنگاوی خێرادا بێت بۆ بەرفراوانکردنی سنووری پەخش و چاپ و بڵاوکردنەوەیان، ئەگەرچیی لە شەو و رۆژێکیشدا سەرچاوەی دنە و داھات و ئاڕاستەکردنیشی گۆڕدرابێت!

ئاشکرایی؛ ئەگەر چەکی دەستی رۆژنامەوان و پەنھانی؛ چەکی دەستی سیخووڕ بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە ناتوانرێت لەیەککاتدا و وەکیەک ئازادیی و سەربەخۆیی پیشەیی پیشەوەران بپارێزرێت. ھەربۆیە بڕینەوە یاخوود کورتکردنەوەی دەستی دەزگە ئەمنیی و ھەواڵگرییەکان لەبازاڕی کاری میدیاییدا؛ دەبێت بە میلی یەکەم ھەنگاوی رێگەیەکی ھەزار میلیی بۆ چالاککردنەوە و چاکسازیی لە میدیای کوردییدا.

09 : ئایا جیاوازیی شێوازی کارکردنی رۆژنامەوان و دادوەر چییە و لە چییدا لەیەکدەچن؟

وەڵام: لەرووی پیشەییەوە؛ بەشی زۆری ھەوڵ و ھەنگاوەکانی دادوەر و رۆژنامەوان لەپێناو ئامانجی ھاوشێوەدان و لەیەکچوون لەنێوانیاندا ھەیە، بەڵام لەرووی یاساییەوە؛ ئەوەی دادوەر دەتوانێت بیکات، رۆژنامەوان بە رێگەی پیشەیی و یاسایی ناتوانێت بیکات.

دادوەر؛ نوێنەرایەتیی سیستەم و دەستەڵاتی دادوەریی دەکات کە لە رووی پیشەیی و یاساییەوە لە ھەردوو دەستەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) و دەستەڵاتی راپەڕاندن (حکوومەت)، سەربەخۆ و جیاوازترە. رۆژنامەوان؛ نوێنەرایەتیی سیستەمی میدیایی و دەستەڵاتی چوارەم دەکات کە دەستەڵاتێکی سیمبوولییە و دەبێت بە چاوێکی چاودێر بەسەر کارەکانی سێ دەستەڵاتە دەستوورییەکەی دیکەوە. ھەڵبەت ئەمەیش لە سیستەمێکدا ئەگەری بەدیھاتنی دەبێت کە کولتووری یەکترخوێندنەوە و دیمووکراسیی بەرکار بێت، بەجۆرێک جیاکردنەوەی دەستەڵاتەکان و سەربەخۆیی کارکردنییان بە یاسا مسۆگەرکرابێت.

دادوەر و سیستەمی دادوەریی؛ کار لەسەر رەفتاری دەرەکیی کەسە لە یاسادەرچووەکان دەکەن، واتە کار لەسەر حاڵەت دەکەن، نەک دیاردە. بەپێچەوانەوە؛ رۆژنامەوان و سیستەمی میدیایی کار لەسەر دیاردەکان دەکەن، نەک حاڵەت. بۆنموونە یەکەمیان؛ ئەگەر یەک حاڵەتی سکاڵای ناوزڕاندن (Defamation) ھەبێت، دۆسێی بۆ دەکرێتەوە و تا یەکلاکردنەوەی لەگەڵییدا دەڕۆن، بەڵام دووەمیان؛ کار لەسەر یەک حاڵەتی دیارییکراو ناکات، تاوەکوو ئەوکاتەی حاڵەتەکان زۆرتر دەبن و دەبن بە دیاردە. ئەوەیش یەکێکە لە خاڵە جیاکەرەوەکانی میدیایەیەکی پیشەوەر و بەرپرسیار لەگەڵ میدیایەکی نابەرپرس و ناپیشەوەردا، چوونکە تاکە «حاڵەتێکی دزییکردن» بۆ نموونە، رەنگە بەھایەکی ھەواڵیی ئەوتۆی نەبێت رایگشتیی لەسەر بورووژێنرێت، بەڵام «دیاردەی دزییکردن» لە سامانی گشتیی وڵات بەھایەکی گەورە و گرنگی ھەواڵیی ھەیە و رۆژنامەوان بە ئەرکی پیشەیی خۆی دەزانێت رایگشتیی لەسەر بجووڵێنێت، تا ئەوکاتەی دەبێت بە دۆسێیەک و دادگە و داوەر یەکلاییدەکەنەوە.

سرووشتی کارکردنی پیشەیی رۆژنامەوان و دادوەر وا دەخوازێت کە ھەردووکیان شێوازی سووکرات_یی بۆ گەیشتن بە راستەقینەکان بەکاربھێنن. واتە لە رێگەی دانیشتن و رێکاریی پرسیار و وەڵامی کراوە و داخراو لەگەڵ سکاڵاکار و سکاڵالێکراودا؛ راست و درووستیی وتە و بەڵگە و پەنجەمۆر و شوێنەواری رەفتارە دەرەکییەکانی ھەریەکەیان ئاشکرادەکرێن و لە کۆتاییدا، ئەنجامی جیاواز بۆ ئامانجی جیاواز دەدۆزرێتەوە!

نەبوون یان نەدانی حووکمی پێشوەخت لە ھەر دۆسێ و رووداوێکدا؛ خاڵی لەیەکچوونی پیشەیی ھەریەک لە رۆژنامەوان و دادوەر_ە، چوونکە بەبێ کنە و پشکنین و لێکدانەوەی لۆژێکی، ئەستەمە حووکمی راست و درووست لەسەر چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەی ئەنجامی رووداوەکان بدرێت، عەرەب وتەنی: تێگەیشتن لە پرسیار؛ نیوەی وەڵامە. بەپێچەوانەوە؛ حووکمدانی پاشوەخت لەسەر دۆسێ و رووداوەکان لەرووی پیشەیی و یاساییشەوە، بەتەنیا لە دەستەڵاتی دادوەر و سیستەمی دادوەرییدایە و ئەوەیش خاڵی جیاکەرەوەیەتی لەپیشەی رۆژنامەگەریی و کارکردی رۆژانەی رۆژنامەوان لەچوارچێوەی سیستەمێکی میدیایی دیمووکرات و ھاوچەرخدا. واتە دادوەر و رۆژنامەوان؛ ھەردووکیان رێوشوێنە پیشەییەکانی یەکتر دەگرنەبەر، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی دەتوانێت حووکمبدات: دادوەرە نەک رۆژنامەوان!

08 : ئایا بۆچیی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان و ئەو بابەتانەی لە نێوەندە ئەکادیمییەکاندا دەخوێنرێن؛ پەراوێزدەخرێن و لە نێوەندە پیشەییەکانی راگەیاندندا کار و بەرپرسیارێتیی تەواوەتیان پێنادرێت؟

وەڵام: بەدڵنیاییەوە ھۆکارەکان زۆرن کە وا دەکات ئەو پرس و بابەتە تیۆریی و کردەییانەی لە بەشە زانستییەکانی راگەیاندن و رۆژنامەگەری، تەکنیکی میدیا و دیجیتاڵمیدیا، بازاڕگەریی و پەیوەندییە گشتییەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقدا دەخوێنرێن؛ لە نێوەندە پیشەییەکانی وەک دەزگەکانی راگەیاندن و نێوەندە بازرگانییەکانی وەک کۆمپانیاکاندا کاریان پێنەکرێت و وەک پێویست پێشوازیی لە دەرچووانی ئەو بەشە زانستییانە نەکرێت!

شا_ھۆکاری ئەو پەراوێزخستنە؛ بۆ بێمتمانەیی نێوان نێوەندە «ئەکادیمی» و «پیشەیی»یەکان دەگەڕێتەوە کە لە زۆر بۆنە و بارودۆخدا نەیانتوانیوە لەرووی زانستیی و پیشەییەوە نوێنەرایەتیی سەرڕاستی کەرت و کایەکانی خۆیان بکەن، تاوەکوو دواتر فێرخوازان و شاگردەکانیان وەک «ماموەستا» دەربکەون. ھەردوولا زۆرجار وەک «وەستا» و «مامۆستا»ی جاران مامەڵە و خواست و خوێندنەوەیان بۆ ئاست و ئەدائی یەکتری کردووە کە ئەوەیش لە کۆتاییدا شوێنەواری لەسەر رەتکردنەوە یان پەڕاوێزخستنی دەرچووانیان بەجێھێشتووە. بەداخەوە؛ ھەردوولایان کەمتر توانیویانە رۆڵی بڕیارساز و پێشەنگ ببینن، ھەربۆیە زۆرجار لەبری ئەوەی «بکەر»ی سەرەکیی رووداو و گۆڕانکارییە زانستیی و پیشەییەکانی کایەکە بن، خۆیان بوون یاخوود کراون بە «بەرکار»ی کردار و کاری کەس و شوێنی دیکەیان پێ راییکراوە و زۆرتر وەک بووکەڵە لەنێو گەمەی سیاسییدا بەکارھێنراون!

جیاوازیی ئامانج و ئەنجامی کارکردنی نێوەندە ئەکادیمیی و پیشەیی و بازرگانییەکان؛ ھۆکارێکی دیکەیە کە ھەریەکەیان لە دۆڵێک و بە ئاڕاستەیەکی جیادا ھەوڵ و ھەنگاوی مەبەستدارانەی بۆ دەنێن. روون و راشکاوتر بڵێین: بازاڕی کارکردنی ھەروولایان جیاوازە؛ بە جیاوازیی خاوەندارێتیی و ئاستی ئاڕاستەکردن و بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق. بەجۆرێک چاوەڕوانیی بازرگانێک یان خاوەنی دەزگەیەکی راگەیاندن لە بەشێکی زانستی؛ پێگەیاندن و بڕوانامەپێدانە بە کەسێک کە رۆژێک دوای دەرچوونی، ئامادەکراوبێت بۆ ئەوەی بیخاتەسەر کار و بەرھەمی میدیایی لێی ھەبێت، بەڵام لە واقیعدا جیاوازیی گەورە لەنێوان غیرە و غرووری بڕوانامەدار و ئەزموون یان توانای کارکردنییدا بینراوە و دەبینرێت! بۆنموونە، کەمتەرخەمیی یان کەموکوورتیی لە دابینکردنی پێویستییەکانی «تاقیگەی میدیایی» بەشە زانستییەکاندا؛ وایکردووە لایەنی تیۆریی زاڵ و زۆرتر بێت. ئەوەیش دیارترین خاڵی پێچەوانە و کارکردنی مەیدانیی نێوەندە پیشەییەکانە، ھەروەک خۆیان دەڵێن: ئێمە بڕوانامەدار یاخوود دەرچوویەکی زانکۆ و پەیمانگەمان بۆ چییە کە نەزانێت دوو ھەواڵ بەبێ کەموکوورتیی دابڕێژێت یان کامێرایەک بە تەواوی بەکاربھێنێت یاخوود چوار_پێنج فرەیم بە کرداریی کۆلاج و مۆنتاژ بکات؟!

بەدەر لەکەمیی کارکردنی مەیدانیی فێرخوازان و نەبوون یان باش بەڕێوەنەبردنی تاقیگەی میدیایی؛ ھۆکارێکی دیکەی پەراوێزخستن و بێمتمانەیی نێوان نێوەندە ئەکادیمیی و پیشەییەکانی کوردستان بۆ خوودی فێرخوازان و نەبوونی پرۆگرامێکی پەرەپێدراوی «پەروەردەی میدیایی» دەگەڕێتەوە کە لە تواناییدا بێت «خوێندەواری میدیایی» پێبگەیەنێت و لە ئاست خواست و خەونەکانییدا بازاڕی کاری بۆ فەراھەمبکرێت. بازاڕێک کە ساڵانە نزیکەی 1400 بڕوانامەدار لە 14 بەشی زانستیی زانکۆ و پەیمانگە حکوومیی و ناحکوومییەکانەوە بۆ بەرھەمدەھێنرێت، بەڵام کەمتر لە 1000 میدیای دیجیتاڵی، پەخشکراو و چاپکراو لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا ھەلی کار دەڕەخسێنن. جا لە دۆخێکی بێپلانی لەو شێوەیەدا؛ باشترین کارێک بکرێت، لەبەرچاوگرتنی ئەم چەند پێشنیازەی خوارەوەیە:

  1. یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی سەرجەم بەشە زانستییەکانی پەیوەست بە راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکان لە چوارچێوەی سێ کۆلیژی تایبەتمەند و چەند بەشێکی وردی پسپۆڕییدا. بەوەیش سەرجەم تواناکانی ئەکادیمیی و توێژەرانی میدیایی زانکۆ و پەیمانگەکان کۆدەکرێنەوە و سەر لەنوێ بەپێی پسپۆڕیی و لە چوارچێوەی بەشی تایبەتمەنددا جێدەکرێنەوە. لەو رێگەیەشەوە؛ رێگە لە زۆر و بۆریی خوێندن و بڕوانامەی بێئاست دەگیرێت و دەتوانرێت بە ھەمانگیی لەگەڵ بازاڕی کاردا ھێزی کاری زرت و زرنگ و کاراتر پێبگەیەنرێت و زووتر چانسی کار و سەرکار_ییان پێبسپێردرێت.
  2. ھەمانگیی لەنێوان نێوەندە ئەکادیمییەکان و نێوەندە پیشەییەکان بکرێت؛ بۆ لابردنی دوو مانگی «مەشقی ھاوینە» و جێگەکردنەوەی لەچوارچێوەی وانە کردارییەکانی نۆ مانگی خوێندنی ئەکادیمییدا. بەجۆرێک فێرخوازان بتوانن ھەفتەی رۆژێک؛ بە کردەیی لە بەشێک لە بەشەکانی دەزگەیەکی راگەیاندن_دا ئەزموونی کار وەربگرن و دواتریش نمرەکانی پرۆژەی دەرچوونی کۆتاساڵیان لەلایەن ھەردوو نێوەندەکەوە دابنرێت. بەوەیش دەتوانرێت بەپێی پێویستیی بازاڕی کاری میدیایی؛ کێبەرکێ لەسەر وەرگرتنی شیاوترین بڕوانامەدار و خوێندەواری میدیایی بکرێت.
  3. لەکاتی دامەزراندن یان تازەکردنەوەی مۆڵەتدا؛ وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی ھەرێمی کوردستان بیکات بە مەرج بەسەر دەزگەکانی راگەیاندن کە بڕوانامەدارانی میدیایی دبلۆم یان بەکالۆریۆس وەربگیرێن.
  4. پەروەردەی میدیایی؛ بخرێتە نێو پرۆگرامەکانی خوێندنی بەرایی و باڵا، تاوەکوو ساڵانە بەشێک لە دەرچووانی میدیایی لەلایەن کەرتی گشتیی و تایبەت بۆ وتنەوەی ئەو پرۆگرامە دابمەزرێن و زووتر ھەلی کاریان دەستبکەوێت.
  5. ساڵانە راپێوی و توێژینەوەی ورد بکرێت؛ بۆ دانانی پلانی وەرگرتنی فێرخوازان، تاوەکوو زووتر و ئاسانتر ھەلی کار یاخوود خوێندنی باڵایان بۆ بڕەخسێنرێت.

07 : ئایا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چ رۆڵێکیان لە بنیاتنان یاخوود لە لەناوبردنی ناسنامەی بەكارهێنەرانیاندا ھەیە؛ بۆچیی پرسە ھەنووکەییەکان نابن بە تەوەری گەرمی قسەلەسەرکردنی جدی بەکارھێنەرانی فەیسبووک؟

وەڵام: لەهەرێمی كوردستان و پارێزگەکانی دیكەی عێراقدا؛ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێندەی بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی سیاسیی و رەنگدانەوەی وەلائی سیاسیی بەكارهێنەرانی بووە، نیوهێندە بۆ ئامانجە بنچینەییەكانی تۆڕەكان نەبووە كە لەبنەڕەتدا بۆ دروستكردن و بەهێزكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و بەدەنگهێنانی کەسەکان دامەزراوە. ھەربۆیە رۆڵی ئەرێنیی و نەرێنیی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان؛ گرێدراوی نیەت و نیاز و ئامانجی بەكارهێنەرانی بووە. واتە بەكارهێنەران زۆرتر پابەندی ئامانجە بنەڕەتییەكانی تۆڕەكان نەبوون، بەڵكوو خۆیان ئامانجی دیارییكراو و تایبەتییتریان بۆ داڕشتوون لەوەی كەی و لەكوێ و چۆن و بە چ مەبەستێك بەكاریان بهێنن. هەربۆیە، لە بنیاتنان یاخوود لە لەناوبردنی ناسنامەی كۆمەڵایەتیی و سیاسیی بەكارهێنەراندا، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێندەی بەكارهێنراو و كاریگەریی لەسەر دانراو بوون، نیوهێندە خاوەن كاریگەریی نەبوون. بەپێی جیاوازیی تایبەتمەندییەکانی هەریەكەشیان، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆرتر كاریگەریی لەسەر ناسنامەی گشتیی بەكارهێنەران و هەندێ وردەناسنامەیان هەبووە، لەوانە: ناسنامەی سۆزداریی و خێزانیی یان كۆمەڵایەتی، سیاسیی یان ئایدۆلۆژی، ئەكادیمیی و ….تد.

لەو سۆنگەیەوە؛ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەگشتیی و فەیسبووك بەتایبەتیی وەك میدیایەكی جێگرەوە (Alternative Media) و بەكارهێنانی لەهەرێمی كوردستاندا، هێندەی بۆ نمایشكردنی پاشخانی رووكەشگەرای بەكارهێنەران و بەیادهێنانەوەی وێنەی زەینی خۆیانە لای هاوفەیسبووكەكانیان، نیوهێندە بۆ رایەڵكردنێكی جدیی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و بەرفراوانكردنی سنوورەکانی ئازادیی دەربڕین نییە و نەبووە. بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، زۆرجار بەمەبەست بووبێت یان بێمەبەست؛ بوون بە هۆکاری سنووردارکردنی ئازادییەكانی دەربڕین و بێبەهاكردنی كرۆكی ئەو بابەتانەی خراونەتەبەر باس و لێدوان. ئەوەیش بەهۆی خاڵیكردنەوەی بابەتە وروژێنراوەكان لە جدییەتی ئەو ئامانجەی لەپشت خستنەڕووییەوە ھەبووە. واتە كەمجار توانراوە ئەم تۆڕە وەك پانتایەكی گشتی (Public Sphere) بەكاربهێنرێت كە هەروەك پێشتر فەیلەسوفی ئەڵمانیایی؛ یۆرگن هابرماس تیۆریزەی رۆژنامە_ی وەك میدیایەكی باو (Mainstream Media)ی پێكردبوو كە ئامانج لێی ئەو ناوچەیەیە لەژیانی كۆمەڵایەتییدا، تاكەكان پێكەوە و بەئازادانە گفتوگۆ لەسەر پرسە كۆمەڵایەتییەكانیان دەكەن و لەدەرئەنجامی ئاڵوگۆڕی بیروڕاكانیاندا، كاریگەریی لەسەر بڕیاری سیاسیی دروستدەكەن.

هەڵبەت ئەو گفتوگۆیانە؛ زیاتر مەبەست لێی وتووێژی گشتی (Public Debate)ە كە ئامرازەكانی راگەیاندن، دەبن بە باشترین ژینگەی سەوزبوونی بەرهەمی وتووێژە جیاوازەكان. ھەربۆیە لەخستنەڕوو یان وروژاندنی هەر پرسێكدا كەمترین جدییەت لە وتووێژكردندا بەدیدەكرێت، بەوەش زمانی بازاڕیی و گاڵتەوگەپ و هەندێجاریش جنێودان و تۆمەتبەخشینەوە جێی بەڵگە و سەلماندنی بۆچوونەكان دەگرێتەوە. بەتایبەت لەو باسوخواسانەدا كە پەیوەندیی بەپاشخانی حزبیی فەیسبووكەوانانەوە هەیە. بۆ نموونە، ئەو کاتەی کاربەدەستانی حكومەتی هەرێمی کوردستان ددانیان بەهەبوونی 27ملیار دۆلار قەرزدا نا؛ ئەو ددانپێدانانە هێندەی وەك نوكتە و بابەتێكی گاڵتەجاریی خرایەروو، كەمتر پرسیار و وتووێژی جدی لەسەر هۆكار و مەرج و سوودەکانی لایەنی قەرزلێكراو كرا. ھەروەک كەمتریش كرایە تەوەری پرۆگرام و رووماڵی تیڤییەكان و بەدواداچوونی رۆژنامەوانیی بۆ دۆزینەوەی دیوە شاراوەكانی پشت قەرزەكان. ئەوەیش لەکاتێکدا بوو كە مانگانە زیاتر لە 400هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرا و داهاتێكی زۆری ناوخۆ دەگەڕایەوە و دەرماڵەیەكی قەبە لە بەغدا و یەكێكیش لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە دەھات!

پاڵنەری سەرەكیی پشت لایككردن، كۆمێنت نووسین و شەیركردنی هەر بابەتێكی بڵاوكراوەی فەیسبووك؛ زۆرتر گرێدراوی ئەو پەندە كوردییەیە كە دەڵێت: بۆیە پێتدەڵێم مامە بۆئەوەی دوو چۆلەكەم بۆ بگریت. واتە ئەگەر بەكارهێنەرێكی فەیسبووك هیچ ھاوسۆزییەک یان پێویستییەكی خۆی لەپۆستێكی بڵاوكراوەی هاوفەیسبووكەكانییدا نەبینێتەوە، ئەوا كاردانەوەیشی بۆی نابێت یاخوود لەباشترین دۆخدا بۆ راگرتنی دڵی بەرامبەر و بۆ دەفعی گلەیی؛ كاردانەوەی دەبێت. وەگەرنا كەسێك كە پۆست و پایەیەكی كارگێڕیی نەبێت و سیحری راكێشانی سەرنجی هاوفەیسبووكەكانی نەبێت، ئەوا كەمترین وەڵامدانەوەی دەبێت بۆ ئەو بابەتانەی پۆست دەكرێن؛ ئەگەرچیی زۆریش ھەنووکەیی و گرنگ و پێویستبن. ئەوە جگەلەوەی پاڵنەری هەندێك كەسی خاوەن گرێی دەروونیی خۆبەكەمزانین و نەخۆشی شیزۆفرۆنیا، هێندەی گەڕانە بەدوای كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەر هاوفەیسبووكانی خۆی و سكرینشۆت_كردنی بۆ بەڕێوبەر و بەرپرس و نانپێدەرانی، هێندە ئامانجی بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نییە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی. لە پاڵ ھەموو ئەوانەشدا؛ ئەنجامە ئەرێنییەكانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆرتر لەوەدا بەدەردەکەون كە زۆرینەی بەكارهێنەرانی، لەسەر هاوبەشیپێكردنی ئەزموون و رووداوە كەسییەكان و قسەكردن و دەربڕینی بۆچوونەكانیان لەسەر ژیانی خۆیان و دیاردە و دەركەوتەكانی چواردەوریان راهێناوە، بەڵام لایەنە نەرێنییەكەی ئەوەیە زۆرجار پێڕەوی هیچ ئیتیک و ئەتەكێتێکی نووسن و بڵاوكردنەوە ناكەن کە بەداخەوە ھەندێک لایەن و کەسایەتی سیاسییش رۆڵێکی زۆر خراپییان لەو رووەوە گێڕا، بەجۆرێک ئێستا بەشێکی زۆر لە پارتە سیاسییەکان لە بری مەکتەبی رێکخستن؛ کار لەسەر کاراکردن و تەدارەککردنی مەکتەبی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان-یان و ئەدمین و ھەڵسووڕێنەرانی دەکەن!

06: ئایا ددانپێدانانی تۆمەتبار و تاوانباران رەوا و رێگەپێدراوە؛ چاپ و پەخش و بڵاوبکرێتەوە؟

وەڵام: لە رووی یاسایی و رێسایی پیشەوە؛ رەوا و رێگەپێدراو نییە چیرۆکی ددانپێدانانی تۆمەتباران و تاوانباران پەخشبکرێت یان چاپ و بڵاوبکرێتەوە، چوونکە «تۆمەتبار؛ بێتاوانە تا ئەو کاتەی لە دادگاییکردنێکی ئاشکرادا تۆمەتەکەی بەسەردا ساغدەبێتەوە.» تەنانەت لەیەکلابوونەوەی دۆسییەکەی و بە فەرمیی ناساندنیشی وەک تاوانباردا؛ ئاشکراکردنی وردەکاریی ئەنجامدانی تاوانەکەی بۆ رایگشتیی زۆر گرنگ و پێویست نییە، چوونکە ھیچ بەھا و بایەخ و بەرژەوەندییەکی گشتیی لە گەورەکردنی قەبارەی تاوان و بەپاڵەوانناساندنی تاوانبار و گەوجاندنی وەرگر_دا نییە!

لەم ساڵانەی دواییدا؛ میدیای کوردیی بە گشتیی و میدیای پەخشکراو و دیجیتاڵیی بە تایبەتی، زۆر دەرفەت و دەرگای بێدەرگاوانیان بۆ ناپیشەییبوونی ھەندێک میدیاوان لە ھەندێک پرس و پرۆگرامدا خستەسەر پشت کە تاوان و کردەی تاوانبارانیان تیا ئاسایی دەکردنەوە و زەمینەی بەپاڵەوانبوونیان بۆ دەرەخساندن. ئەوەیش لە دواتردا سەری دەکێشا بۆ ئەوەی وەرگر؛ چاویان لێبکات و ھەوڵی لاساییکردنەوەیان بدات. بەوەیش پەیامی میدیایی بەلاڕێدا دەبرا و دەبوو بە ھۆکاری سەرەکیی بەرھەمھێنانی توندوتیژیی و شێواندنی رێڕەوی لێکۆڵینەوە و بێبەھاکردنی رۆڵی پۆلیس و نەھێشتنی متمانە بە دادوەر و ھەرجۆرە پرۆسەیەکی دادگاییکردن. بەداخەوە؛ لەو جۆرە پرۆگرامانەدا کە زۆرجار لەسەر شاشەی تیڤییەکان و رووپەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەخشدەکرێن، دەرفەت بە تاوانباران دەدرێت کە بە زمانی خۆیان و بەبێ ھیچ ترس و سڵەمینەوەیەک، زۆر بە روونیی و راشکاویی باس لەچیرۆکی تاوانەکەیان و وردەکارییەکانی بکەن. ئەو دۆخە بەجۆرێک پەرەیسەند؛ ھەندێک لەو تۆمەتبارانەی چنگ پۆلیس نەدەکەوتن یاخوود دەستەڵاتی قۆڵبەستکردن و گرتنیان نەبوو، ئێواران دەبوون بە میوانی بەرنامەکانی تەلەڤزیۆنە کوردییەکان و راستەوخۆ لێدوانیان لێوەردەگیرا!

ئەو جۆرە پرۆگرامانە کە ساڵانێکە لە رووداوەکانی تاوانی کۆمەڵایەتیی و تیرۆری سیاسیی و ژنکوشتندا دەزگەکانی راگەیاندنی ھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراق کاری لەسەر دەکەن و راستەوخۆ رووماڵی دەکەن، دژ و پێچەوانەی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و پێوەرەکانی رێسا پیشەیەکانی راگەیاندن دەوەستنەوە کە ھەموویان جەخت لەسەر پاراستنی پێوەری دادوەریی لە گواستنەوەی زانیارییەکان و نەچوونە نێو وردەکاریی چیرۆکەکانی تاوان و دادگەکان دەکەنەوە؛ تاوەکوو ئەوکاتەی لە دادگەدا بە فەرمیی تۆمەتبار و تاوانبار ئاشکرا دەکرێن و لەلایەن دادگای تێھەڵچوونەوەوە بڕیارەکان یەکلایی دەکرێنەوە و حوکمی کۆتایی وەردەگرن. بەداخەوە ئێستا ئاشکراکردنی بەڵگەنامەی تاوان (کشف ادلە الجریمە)؛ وەک رێکارییەکی پڕ وردەکاریی پۆلیس بۆ دۆزینەوەی سەرەداوی تاوان و دیارییکردنی بکەری سەرەکیی و ھاندەر و ھاوکار و بەشدارانی تاوانەکە، لەلایەن بەشێک لە میدیا و میدیاوانان_ەوە بەکاردەھێنرێت. بەتایبەت لەو پرۆگرامانەدا کە بە لێکدانەوەی خۆیان ئامانجیان بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری یاسایی جەماوەرە تا ئاشنا و ئاگاداری دۆسییەکانی تاوان بن. بەپێچەوانەی ئەو ئامانجەی ھەیانە؛ بەشێک لەو پرۆگرامە تەلەڤزیۆنیانە بوون بە نێوەندێکی فێرکاریی بۆ ناساندنی تاوانەکانی نێو کۆمەڵگە و چۆنییەتی ئەنجامدانیان. ھەروەک ھەندێکجار لە ناوەڕۆکی ئەو پرۆگرامانەوە دەردەکەوێت؛ جۆرێک لە جۆرەکانی ھاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان و لاساییکردنەوەیان ھەستپێدەکرێت. بەتایبەتتر کاتێک کە لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ھەندێک پرسیاری نایاسایی و ناپیشەیی لە بابەتی «پێتباشە ئەم تاوانبارە چ سزایەک بدرێت؟» یان «ئەگەر تۆ دادوەر بیت؛ چجۆرە سزایەک بەسەر ئەم تاوانبارەدا دەسەپێنیت؟» رۆح و جەوھەری جدییەتی دۆسییەکان سادە دەکرێنەوە و وەک بابەتێک بۆ گاڵتە و گەپ و پێکەنین، بازاڕسازییان بۆ دەکرێت!

 لە ھەندێک پرۆگرامی پەخشکراوی ئەم ساڵانەی دواییدا کە لەسەر تاوانی بازرگانییکردن بە ماددە ھۆشبەرەکان و بەکارھێنانی تلیاک بوون، ھێند بە وردەکارییەوە شێوازی دۆزینەوە و کڕین و دەستخستن و بەکارھێنانیان باسدەکرا، حەزی زانین و دووبارەکردنەوە و فێربوونی ھەنگاوەکانی لەلای بینەران زیاتر دەورووژاند و ناڕاستەوخۆ بۆ ئەنجامدانی تاوان ھانی دەدان. بەوەیش ناوەڕۆکی پرۆگرامەکە؛ دژ و پێچەوانەی ئەو ئامانجەی دەکەوتەوە کە دەبوو لە بنەڕەتدا «ھۆشیاری یاسایی» بینەران لەسەر قێزەونکردن و دوورکەوتنەوە لێی بەرزبکاتەوە. ھەربۆیە گرنگە میدیاکان ئەو جۆرە پرۆگرامانەیان بسڕنەوە یاخوود رایبگرن، تاوەکوو لەوە زیاتر لەسەر ھەڵەی پیشەیی و یاسایی ھاوشێوە بەردەوامنەبن و دووبارەی نەکەنەوە. ھاوکات پێویستە لایەنە پەیوەندییدارەکانی وەک رێکخراوە ناحکوومییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان؛ بەپێی یاسا و رێنمایی دیراسەتکراو، سنوورێک بۆ ئەو جۆرە پێشلکارییە پیشەیی و یاسایانە دابنێن. ئەوەیش  لە رێگەی تۆمارکردنی راپۆرتێکی ساڵانە لەسەر ئەو پێشلکاریانە دەبێت کە دەکرێت پێشنیازی گۆڕانکاریی لە تازەکردنەوەی مۆڵەتی کەناڵەکان، مەرجەکانی ئەندامێتیی سەندیکا، ھەموارکردنەوەی مادە و بڕگەکانی رێنمایی و یاسا بەرکارەکانی تیا بکرێت و دواتر بەدواداچوون بۆ ئاستی جێبەجێکردنیان بکەن.

05: ئایا رووماڵکردنی وردەکاریی شایی و شین و پرسە و گریانی پرسەداران؛ چ بەھایەکی ھەواڵیی ھەیە و دەکەوێتە کوێی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن_ەوە؟

وەڵام: ئیتیک و ئەتەکێتی کارکردنی پیشەی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی دژ و پێچەوانەی رووماڵکردنی وردەکاریی شایی و شین و پرسە و گریانی پرسەدارانە، چوونکە نە ھیچ بەھایەکی ھەواڵییان ھەیە و نە ھیچ بەرژەوەندییەکی گشتییش لە بەزاندنی سنووری مافی تایبەتمەندێتیی و دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کەسەکاندا ھەیە.

لە رووی یاساییەوە؛ کەس (الشخص)، ھەم وەک کەسی سرووشتیی کە گیانلەبەرە و تاکەکانی کۆمەڵگە نوێنەرایەتیی دەکەن، ھەم وەک کەسی ناسرووشتیی کە بێگیانە و کەسایەتیی واتایی (معنوی) ھەیە، دەزگە و دامەزراوەکان نوێنەرایەتیی دەکەن، لە یاسای سزاکانی عێراق، ژمارە 111ی ساڵی 1969ی ھەموارکراودا کە لە ھەرێمی کوردستانیشدا بەرکارە، دەقنووسی سزای جیاوازی تاوانەکانی پەیوەست بە ماف و ئازادیی و شکۆ و رێزی کەسەکانی کردووە. ئەگەر ھەرکەسێک سنووری ژیانی تایبەتیی کەسێکی دیکە ببەزێنێت و خۆی لە شوێنی نیشتەجێبوون و کارووبارەکانی: تەندرووستی، دارایی، خێزانی، سۆزداری، پەیوەندیی و نامە ئاڵوگۆڕکراوەکانی ھەڵقوورتێنێت و زانیارییان لەبارەوە چاپ و پەخش و بڵاوبکاتەوە، «ھەتا ئەگەر راستییش بن»، سزادەدرێت، خۆئەگەر تاوانەکان لە رێگەی ئامرازە ئاشکراکانی راگەیاندن کران، ئەوا سزاکانیان تووندتر دەبن. لەوبارەوە؛ پەیوەندیی سۆزداریی کچ و کووڕ، ژن و مێرد و چیرۆکەکانی بەیەکگەیشتن و جیابوونەوە، مارەیی و میرات، شین و شایی و …تد، دیارترین نموونەی ئەو پرسە قەدەغەکراوانەن کە نابێت زانیارییان لەبارەوە بڵاوبکرێنەوە و بکرێن بە بابەتی قسەلەسەرکردنی گشتیی یاخوود رایگشتییان لەسەر بووروژێنرێت.

لە رووی پیشەییەوە؛ کەسەکان بۆ سێ جۆر پۆلێندەکرێن، لەوانە:

یەکەم؛ کەسانی ئاسایی (Ordinary People) کە ھیچ پلە و پۆست و بەرپرسیارێتییەکی گشتییان نییە و ھەر جۆرە بیرکردنەوە و گوفتار و رەفتارێکیان ھەبێت؛ خۆیان بەرپرسیارێتیی ھەڵدەگرن و سوود و زیانی بۆ خوودی خۆیان دەبێت.

دووەم؛ کەسانی گشتی (Public Figures) کە بە خواست و رەزامەندیی خۆیان لە کایەیەک لە کایە گشتییەکاندا خۆیان بەربژێر کردووە و بەشداریی ھەڵبژاردنە گشتییەکانی وەک ئەنجوومەنی نوێنەران یان پارێزگەکان دەکەن و دوای دەرچوونیان، دەبن بە کەسایەتی گشتیی و نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییە گشتییەکان دەکەن، بە بەردەوامیی لە ژێر چاودێریی و لێپرسینەوەدان.

سێییەم؛ کەسانی ناودار (Celebrities People) کە بەھۆی بەھرە و کارامەیی، شارەزایی و ئەزموون و توانایان لە بوارێک لە بوارەکانی وەک ھوونەر، ئەدەب، وەرزش و …تد دەبن بە ئەستێرەی بوارەکە و لەنێو کۆمەڵگەدا ناودار دەبن و نوێنەرایەتیی ناسراویی بوارەکەیان دەکەن و ھەموو جموجۆڵێکیان لەژێر چاوی چاودێریی و چاوەڕوانیی ھەوادارانیاندایە.

لەرووی یاسایی و پیشەییەوە؛ لەو سێ جۆرە کەسایەتییەی ئاماژەیان پێدرا، میدیا و میدیاوانان ناتوانن و رێگەپێدراویش نین ھیچجۆرە زانیاریی و ھەواڵ و بەدواداچوونێک لەسەر ژیانی تایبەتیی کەسانی ئاسایی بڵاوبکەنەوە، مەگەر ئەوەی رەزامەندیی پێشوەختەی خۆیان وەرگیرابێت یاخوود رووداوێکی سەیر و ناباو لە ژیانیاندا رووی دابێت. بۆنموونە، دایکێک بە یەک سک؛ چوار منداڵی ببێت یان باوکێک خاوەنی پێنج ژن و 25منداڵی دوانە بێت. بەپێچەوانەوە؛ لەھەردوو جۆری کەسانی گشتیی و ناودار_دا میدیا و میدیاوانان رەوایەتیی بە خۆیان دەدەن رووماڵی زانیاریی تایبەت و گشتیی لەبارەیانەوە بکەن، چوونکە وایدەبینن کە ھەرجۆرە رەفتار و گوفتار و بیرکردنەوەیەکی ئەو دوو جۆرە کەسایەتییە پەیوەندیی بە بەھا و بەرژەوەندییە گشتییەکانی ژیانی کەسەکانەوە ھەیە و بە ئەرکێکی پیشەیی و دواتر یاسایی خۆیانی دەزانن کە رایگشتییان لێ ئاگادار بکەنەوە. ئەوە جگەلەوەی کە ئەوان بە ھۆشیاریی و ویست و رەزامەندیی پێشوەختەی خۆیان؛ راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەوەیان پەسەندکردووە کە وەک کەسایەتییەکی گشتیی و ناودار، دەنگدەر و ھەوادارانیان چاوەڕوانییان لێیان ھەبێت یاخوود چاودێریی بکرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ھەربۆیە لێرەدا کار بەو بنەمایە دەکرێت کە دەڵێت: تا ناوبانگ و پلە و پۆست و بەرپرسیارێتیی کەسەکان بەرزتربێتەوە؛ ژیانی تایبەتییان بەرتەسکتر و مافی پاراستنی تایبەتمەندییان کەمتر دەبێتەوە، تا رادەی لەدەستدانی!

بەداخەوە؛ لەم ساڵانەی دواییدا میدیاوانان و میدیای کوردیی چەندین رووماڵی بێبەھای ھەواڵیی لە گواستنەوەی شین و شایی کەسایەتییە جیاوازەکاندا کرد. دواتر؛ چاپ و پەخش و بڵاویانکردنەوە و بوون بە پەڵەیەکی رەشی نێو تۆماری پێشلکارییە پیشەیی و یاساییەکان کە دەرھەق بە ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و شکۆی کەسەکان لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا کران، لەوانە: رووماڵی راستەوخۆی ئاھەنگی تایبەتیی و گریانی پرسەگێڕان و وەرگرتنی لێدوانی بێبەھا لە شوێنی بەھادار و …تد. بەشێکیان بەدڵنیاییەوە؛ لە نەشارەزایی و بێئاگاییەوە بوون و بەشێکی دیکەشیان بە پلان و پرۆگرامی پێشوەخت ئامادەکراو ئەنجامدران، بەتایبەت لەسەروەختی گرژیی و قەیران و ھەڵمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردنە گشتییەکاندا. لەھەردوو بارەکەدا؛ پێویستبوو میدیا و میدیاوانان ھۆشیارتر و وردتر بوونایە و ئەم چەند پرسیارەی خوارەوەیان لە خۆیان بکردایە:

  1. ئایا ھەموو زانیارییەکی رۆژانە کە ھەستیان پێدەکەم یان دەیانبیستم و دەیانبینم؛ شیاوی ئەوەن بکرێن بە ھەواڵ و بە دەق و وێنە و ڤیدیۆ رایگشتییان لێ ئاگادار بکەمەوە؟
  2. ئایا ئەرکێکی میدیایی پیشەوەرانە رادەپەڕێنم؛ ئەگەر چاوپێکەوتن و رووماڵی راستەوخۆ بۆ وەرگرتنی لێدوانی کەسی شینگێڕ یان شاییگێڕ لە کات و شوێنی تایبەتدا وەربگرم؟!
  3. ئایا لەجێی کەسی شینگێڕ یان شاییگێڕ، خۆم یان کەسانی پلە یەکی خۆم بن، بەھەمانشێوە ئامادەبووم لێدوان بدەم و دۆخی نائاسایی خۆمان پیشانی جەماوەر بدەین؟
  4. ئایا رووماڵکردنی ئاھوحەسرەتی کەسێکی کۆستکەوتوو یاخوود کەیفخۆشیی کەسێکی شاد و سەرچۆپیکێش؛ چ بەھایەکی ھەواڵیی یان بایەخ و بەرژەوندییەکی گشتیی بۆ بەشێکی زۆر لە خوێنەران و بیسەران و بینەران تێدایە، تاوەکوو زەوق و سەلیقە و ئاستی چێژبینینیان بشێوێنم و لێیان تێکبدەم؟
  5. ئایا رووماڵی راستەوخۆ و وەرگرتنی لێدوان لە منداڵان و ھەرزەکاران، قوربانییانی کارەساتە سرووشتیی و ناسرووشتییەکان، کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، نەخۆشانی دەروونی، کۆستکەوتوو یاخوود مەست و مەدھۆشان؛ تا چەند لەگەڵ بنەماکانی یاسا بەرکارەکان و پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن_دا یەکدەگرنەوە؟

04 : ئایا پابەندبوون بە پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکان لە راگەیاندنی کۆن و نوێی ھەرێمی کوردستاندا لە چ ئاستێکدایە؛ چۆن و بە چ شێوەیەک پێشێلکراون و دەکرێن؟

وەڵام: بەدڵنیاییەوە؛ ئەمجۆرە پرسیارانە پێویستیی بە کنە و پشکنینی ورد و توێژینەوەی زانستیی ھەیە، تاوەکوو بە راست و درووستیی وەڵامبدرێنەوە. لەگەڵئەوەشدا؛ بە چاوگێڕان و چاودێریی میدیای کوردیی، ئەوە زۆرتر بەرچاو دەکەوێت کە ئەگەرچی ئامڕازی بەدەستھێنان و بڵاوکردنەوەی بەرھەمە میدیاییەکان _لە میدیای نەریتیی بن یان ھاوچەرخ_ جیاواز و ھەمەجۆرن، بەڵام پێشمەرجێکی بنچینەیی ھەیە کە ئەتەکێتی جیاکردنەوەی راست لە ھەڵە، باش لە خراپ، درووست لە نادرووست، جوان لە ناشرین و …تد، کردووە بە شاپێوەری ویژدانیی ھەر رۆژنامەوانێک کە بڕیاری پیشەوەرانە کارکردنی دابێت. وەگەرنا پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکان لە میدیای کۆن و نوێ_دا چوونییەک نین، چوونکە ئەو کەرەستانەی لەھەریەکێکیاندا بەکاردەھێنرێن جیاوازن، بە جیاوازیی تەکنیک و لۆژیکی بەکارھێنانیان. ھەربۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ ھەر مەتریاڵ و تەکنیکێکی میدیاییدا پێویستیی بە جۆرێک لە پسپۆڕێتیی و ھۆشیاری پیشەیی ھەیە. بۆنموونە؛ پاراستنی مافی تایبەتمەندێتیی و رێزگرتنی ژیانی تایبەتیی کەسەکان لە میدیای نوێ_دا، کز و کەم و سنووردارترە، چوونکە کەس و کەرەستەکانی پێشلکردنی ئەو مافە کەسییە بە بەراورد بە میدیای کۆن، ئاسانتر و نەناسراوترن!

لەو سۆنگەیەوە؛ دەتوانرێت پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکان لەمیدیای کۆن و نەریتی_یدا تا ئاستێکی زۆرباش پێڕەوبکرێن. ئەوەیش لە رێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاریی بەرھەمھێنەرانی میدیا و تێگەیشتن لە وەرچەرخانە تەکنیکی، یاسایی، ئابووریی و سیاسییەکانی چەرخی نوێی کولتوورەکانی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیارییە جۆربەجۆرەکانی رۆژنامەگەری. واتە تا ئاستی ویژدانیی رۆژنامەوان بەرزتربێت؛ پابەندبوونیشی بە پێوەرە پیشەییەکان زۆرتر و زووتر دەبێت.

بەداخەوە ئاماژەکانی گەشەپێدانی میدیایی لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا؛ لەرووی چۆنایەتییەوە لەدۆخێکی زۆر خراپدایە و ھیچ پسپۆڕ و توێژەرێکی میدیایی ئیرەیی پێنابات. ھۆکاری ئەو خراپییە؛ بەشێکی بۆ  سەربەخۆنەبوون و جیانەکردنەوەی دەستەڵاتەکانی یاسادانان، راپەڕاندن و دادوەریی دەگەڕێتەوە کە وایکردووە میدیاوان و میدیای کوردیی بێدەستەڵات بکرێن و ببن بە پاشکۆی سێ دەستەڵاتەکەی دیکە و لەژێر چاودێریی و لێپرسینەوەی ئەواندا بێن و بچن. بەشێکی دیکەی خراپییەکەش؛ بۆ نەشارەزایی یاخوود ناپیشەییبوونی میدیاوان و میدیای کوردیی دەگەڕێتەوە کە کەمترین بایەخ بە خۆپێگەیاندن و خۆنوێکردنەوەی زانیاریی و ماریفەت (Knowledge)ی خۆیان دەدەن. ھەربۆیە رۆژنامەوانان لە میدیای نوێ و ھاوچەرخ_دا؛ کەمتر پابەندی بنەماکانی یاسا بەرکارەکان و پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن بوون و دەبن، چوونکە ئێستا میدیای پەخشکراو و دیجیتاڵیی و کۆمەڵایەتیی لەھەرێمی کوردستاندا لە نارێکخراوەییتریین دۆخی خۆیاندان و پێویستییان بەسەرلەنوێ رێکخستنەوەی یاسایی و رێسایی ھەیە.

لەو روانگەیەوە و بەشێوەیەکی گشتی؛ رۆژنامەوانانی ھەرێمی کوردستانی عێراق پابەندی بنەماکانی یاسا بەرکارەکان و پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن نابن. ئەوەیش بۆ نەبوونی ئیرادەی جێبەجێکردنی رۆحی یاساکان و بەھەندوەرنەگرتنی ئامانجەکانی ئیتیک لە میدیادا دەگەڕێتەوە، چوونکە میدیا و میدیاوانانی ئەم رۆژگارە بەشێوەیەکی زۆر سنووردار ھەست بە بوونی لێپێچینەوەیەکی ویژدانیی و نێوەندێکی ھۆشیاری ھەڵسەنگاندن و چاودێریی بەسەر خۆیان و  بەرھەمەکانیانەوە دەکەن؛ تاوەکوو ناچار بە پابەندبوونی یاسایی و رێسایی پیشەکەیان بکات. بەدڵنیاییەوە؛ ھەر ئەو پەڕاوێزخستن و پابەندنەبوونە بە پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن؛ رێگەخۆشکەر دەبێت لەبەردەم پێشێلکردنی بنەما یاساییەکان و تاوانە جۆربەجۆرەکانی راگەیاندن_دا.

لەدەرئەنجامدا؛ دەرھاویشتەی ئەو پێشێلکاریانە دەبێتە ھۆی ھەڵایسانی ئاگری شەڕ و ئاژاوە و پاشاگەردانی، ھەڵەشەیی و ھەڵەی پیشەیی و یاسایی، وردنەبوون و ناڕاستی، ناھاوسەنگیی و نابابەتییبوون لە گواستنەوە و داڕشتنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاریی و رووداوەکاندا. بەوەیش شێوازەکانی شێواندن، چەواشەکاریی، ھەواڵی ناڕاست و ھەڵبەستراو زۆر دەبن و چەندین گرفتی سیاسیی و ئابووریی و کولتووریی_یان لێدەکەوێتەوە. ھاوکات دەبێت بە ھۆکاری رانەگرتنی ھاوسەنگیی و دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کەسەکان و پێشێلکردنی مافی تایبەتمەندێتیی و کەوتنەوەی تاوانەکانی راگەیاندن؛ لە نموونەی ھاندان بۆ تاوان، ناوزڕاندن و …تد. ھەربۆیە باشترین چارەسەرێک بۆ ئاو کردن بە پشکۆی ئەو ئاگرەی میدیا و میدیاوانان دەیگەشێننەوە؛ بریتییە لەو پێشنیازەی کە خۆپاراستنی پێشوەختی پیشەیی لە چارەسەری درەنگوەخت یاسایی بە گرنگتر و باشتر دەناسێنێت.

03: ئایا مەبەست لە رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن چییە و دیارترین پێوەرەکانی چین؟

وەڵام: رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن (Media Professional Ethics)؛ بابەتێکی پڕ مشتوومڕی فەلسەفییە و بە یەکێک لە لقە مەعریفییەکان دادەنرێت کە بایەخ بە چاکە و بەرژەوەندی گشتیی کەسەکان دەدات، بەتایبەت لە کاتی رووماڵکردنی رووداوەکان و کۆکردنەوەی زانیارییەکان و داڕشتن و بڵاوکردنەوەیاندا.

ئەو رێسایانە وەک رێبەرێکی ویژدانیی رێنوێنیکاری پیشەیی؛ لەلایەن پیشەوەرانی راگەیاندن و رۆژنامەگەرییەوە گەڵاڵە دەکرێن و لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی باش لە خراپ، جوان لە ناشرین، راست لە ناڕاست، درووست لە نادرووست، واقیع لە خەیاڵ و …تد، پێوەرەکانی کارکردنیان دادەڕێژن و بە خواستی خۆیان پابەنددەبن پێیانەوە. تەنانەت لەسەر رەوایەتیی جێبەجێکردنیان؛ رایگشتیی لەسەر پرسە جۆربەجۆرەکان درووستدەکەن.

لە زمانی کوردییدا؛ چەمکەکانی «رەوشتی پیشەیی» یاخوود «ئاکاری پیشەیی» وەک ھاوواتای (Professional Ethics)ی ئینگلیزیی و (اخلاقیات المهنە)ی عەرەبیی بەکاردەھێنرێن کە ئێمە بە وەرگێڕانێکی وردیان نازانین و لەبری ئەوانە؛ چەمکی «رێسای پیشەیی» بە ھاوواتایەکی گوونجاوتر دەزانین بەکاربھێنرێت، چوونکە وایدەبینین کە رەوشت (الاخلاق) و ئاکار (الاداب) مەرجنییە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە پیشەیەکی دیارییکراوەوە ھەبێت.

لە پیشەی رۆژنامەگەرییدا؛ دەکرێت کەسێک لەرووی پیشەییەوە زۆر پیشەوەربێت، بەڵام مەرجنییە لەرووی کۆمەڵایەتییەوە پەسەندکراو بێت و لەژێر پرسیاری تاکەکانی کۆمەڵگەدا نەبێت. ئەوکات ناکرێت وشەگەلی وەک «بەڕەوشت» و «بێڕەوشت» بۆ ھەمان کەس بەکاربھێنرێت، چوونکە رێسا پیشەییەکان ھێندەی پەیوەندیی بە لایەنی ویژدانیی و سەروو ناوک_ی کەسەکانەوە ھەیە، نیوھێندە پەیوەندیی بە خوار ناوک و لایەنی زایەندی پیشەوەرانەوە نییە. ھەربۆیە ئێمە لە چاپی دووەمی کتێبی ئیتیک لە رۆژنامەوانیی کوردییدا کە یەکێکە لە زنجیرە چاپکراوەکانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) لەساڵی 2020دا؛ وردەکاریی چەمکی ئیتیک یان ئیسیک (Ethics) و چەمکی ئاکار (Moral) و جیاوازیی بەھاکانی نێوانیان لە پەیوەندییدا لەگەڵ تیۆرەکانی راگەیاندن و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەرییدا باشتر روونکردووەتەوە. ھەروەھا دیارترین رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن لە سیانزە پێوەردا چڕکراونەتەوە کە بریتیین لەمانەی خوارەوە:

  1. پێوەری بەرپرسیارێتی
  2. پێوەری وردبینیی و راستگۆیی
  3. پێوەری سەربەخۆیی
  4. پێوەری ئازایی و ئازادی
  5. پێوەری جیاکاریی و بێلایەنی
  6. پێوەری بابەتیی و دەستپاکی
  7. پێوەری ھاوسەنگی
  8. پێوەری تایبەتمەندێتی
  9. پێوەری دادوەریی
  10. پێوەری پاراستنی نھێنی
  11. پێوەری خۆناساندن و شیاوی زمانەوانی
  12. پێوەری رێزگرتنی بەھاکان
  13. پێوەری ھارکاریینەکردنی دەزگا سیخووڕییەکان

ھەڵبەتە پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن کۆت و بەندی سەر رۆژنامەوانان نین؛ وەکئەوەی ھەندێک کەس راڤە و لێکدانەوەی بۆ دەکەن، بەڵکوو رستێک رێسای رێنیشاندەری پیشەیین و لەنێو کولتوورێکی کراوە و شەقامی دیمووکراسییدا دەبن بەو گڵۆپە پرتەقاڵیی و سەوز و سوورانەی ماشێنەکانی پیشەی میدیا و میدیاوانان رێکدەخەن و لەنێوان رۆیشتن و رێگرییکردندا ھەماھەنگیی دەکەن، بەوەیش رۆڵی بەرپرسیارانەی پیشەکەشیان بە بیردا دەھێننەوە. ئاشکرایە کە لەھیچ کۆمەڵگەیەکدا؛ نە ئازادیی رەھا ھەیە و نە رەھایی ئازادییەکان لە بەرژەوەندیی کەسەکاندایە، لەبەر ئەوە ھەر کەسە و خاوەنی بەھا و بەرژەوەندیی تایبەتییە، ئەگەر رێکنەخرێن، ئەوا لە دەرئەنجامدا بەرژەوەندییە گشتییەکان پارێزراونابن. ھەربۆیە گرنگە ئازادیی و بەرپرسیارێتیی لە راییکردنی پیشەی راگەیاندن و رۆژنامەگەرییدا؛ ببن بە دوو رووی یەک دراو و رۆژنامەوانان وەکیەک بەھەندیان وەربگرن و پارێزگاریان لێبکەن.

02: ئایا دیارترین ھۆکاری پیشەیی کارنەکردنی راگەیاندن و راگەیاندنکاران چییە و چ ھەنگاوێک بە چارەسەری راستکردنەوەیان دەزانیت؟

وەڵام: بەدڵنیاییەوە؛ کارکردنی راگەیاندن و راگەیاندنکاران و دۆخی رۆژنامەگەریی لەھەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی سرووشتیی و لەسەر رێڕەوە ستاندارد و پیشەییەکەی خۆی گەشەی نەکردووە. تەنانەت بەشێک لە پرۆسەی «گەشەپێدانی میدیایی» ئەم ھەرێمەش پشتی بەو پەڕاوێزە لە ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی بەستووە کە پارتە سیاسییەکان (بەتایبەت ئەوانەیان کە لە دەستەڵاتدا بوون یان دەستەڵاتداربوون) وەک خەڵات و دیاریی راپەڕین و شۆڕش؛ بۆ میدیاوان و میدیای کوردییان دەستەبەرکردووە. بەجۆرێک کە ئەگەر لەئاستی جیھانییدا جیاکردنەوەی سیاسەت لە میدیا ئەستەم بێت و بووبێتن بە دوو رووی یەک دراو؛ ئەوا جیاکردنەوەی ھەژموونی حزب لە میدیای ھەرێمی کوردستاندا دووجار ئەستەمبووە. ئەستەمییەکەیشی زیاد لە ھۆکارێکی ھەبووە و ھەیە، لەوانە:

یەکەم؛ پێڕەونەکردنی بنەما و پێوەرە ھاوچەرخەکانی زانستی سیاسەت و ناسروشتیی دامەزراندنی حزب و نادامەزراوەیی کارکردنی رێکخراوەیی.

دووەم؛ نازانستیی و ناپیشەیی کارکردنی میدیاوان و میدیای کوردیی کە زۆرتر لە پیشەی سیخووڕیی دەزگە ھەواڵگرییەکانەوە نزیکن، وەک لە «پیشەی گەڕان بەدوای سەرئێشەدا»!

 ئەو دوو ھۆکارە؛ دەرئەنجامێکی نەرێنیی وایان لێکەوتووەتەوە کە ئێستا لە ھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا، نە سیستەمی سیاسیی و نە سیستەمی میدیایی ھیچ بەھا و بایەخێکیان نەبێت. تەنانەت لە بری چوارچێوە و رێوشوێنەکانی سیستەم؛ حزب و دەزگەکانی ھەواڵگریی ھەژمووندارن، نەک سیاسەت و میدیا بەشێوە پیشەییەکەی. ھەربۆیە پێکھاتەی راگەیاندن و خوودی راگەیاندنکاران و تەنانەت رێکخراوە ناحکوومیی و حکوومییەکانی ھاوشێوەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و چالاکییەکانیشیان دەرھاویشتەی ئەو دۆخە بارگاوییەن کە لەم ھەرێمەدا بە پلانی درەنگوەختی حزب و بە پیلانی پێشوەختەی ھەواڵگری؛ کاری ھاوبەشیان لەسەر دەکرێت. دۆخێک کە بەبێ داگیرساندنی گڵۆپی سەوزی بەشێک لە کەسایەتییەکانی حزب و دەزگە ئەمنییەکانی؛ ھیچ کەرت و کایەیەک چانسی رێڕۆشتن و کارکردنی، ئاسان نەبووە و نابێت. ھەربۆیە رۆژ لە دوای رۆژ بە بەرنامە؛ سنوورەکانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی بەرتەسکتر دەکرێنەوە. ئەوەش بە دەق لە راپۆرتی 2022ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر پێشێلکاریی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا تۆمارکراوە. ھاوکات ھۆکاری ترس و تۆقاندن و پێشلکارییەکانی دەستەڵاتیش؛ لە دژی ماف و ئازادییەکانی ھاونیشتیمانیان زۆر و ھەمەجۆرن. ھەندێکیان لەلایەن نووسینگەی رێکخەری راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە رەتکردنەوەی ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی ئەمەریکادا ئاماژەیان پێدراوە کە دیارترینیان؛ بۆ ترسی حزب و حکوومەت و دەستەڵاداران لە مافی دەربڕین و تێنەگەیشتن لە ئەرک و ئامانجی پیشەی رۆژنامەگەریی و رۆژنامەوانان دەگەڕێتەوە کە زۆرجار بەدگوومانن و بە چاوی دژ و دوژمن سەیریان دەکرێت و کەمتر پەی بە ھەستی «ھاوبەرپرسیارێتیی» نێوان میدیا و دەستەڵات دەبرێت. ئەوە بێجگە لە ھەقیقەتی نەشارەزایی پیشەیی و یاسایی یاخوود خراپ بەکارھێنانی ئامرازەکانی گەیاندن، راگەیاندن و پەیامەکانی لەلایەن خوودی رۆژنامەوانان و ئەوانەیشی خۆیان بەپیشەکەدا ھەڵواسیوە و نانیان لە «مەلەکردن لە ئاوی لێڵدا»یە یاخوود لەبێئیشیی و بێبەھرەییدا بوون بە بار بەسەر میدیای کوردییەوە؛ ھۆکارێکی دیکەی ئەو پشێویی و پاشاگەردانییەن کە ئەمڕۆ دەست و پەنجەیان لەگەڵدا نەرمکراوە!

ھەڵبەت دەستەڵادارانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش وەک وڵاتێکی پاش_ململانێی نێو خۆرھەڵاتی ناوەڕاست؛ راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ھەموو ھەوڵ و ھەنگاوێکیان گرتووەتەبەر و دەیگرنەبەر بۆئەوەی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی بچووک و بچووکتر بکرێنەوە. ھەردوولا بە پلان و پرۆژە و پرۆگرامی دیراسەتکراو یاخوود ھەندێکجار بە بڕیاری تاکەکەسیی و بەشێوەیەکی ھەڕەمەکیی و بە دوور لە ھەر پێوەر و بەھایەکی دیمووکراسی؛ لەنێوان ئازادیی ئاساییش و ئازادیی زانیارییدا یاخوود لەنێوان پاراستنی ئاسایش و پاراستنی ئازادییدا، ئەوەی یەکەمیان ھەڵبژاردووە و ھەرجۆرە بەرەنگارییەکیش بەرامبەر بەم ئاڕاستە ھەژمووندارە ھەبووبێت، بەبێ باج و بیرازکردن تێنەپەڕیوە. ھەربۆیە باشترین چارەسەرێک بۆ گۆڕین یان کەمکردنەوەی ھەژموونی دەستەڵاداران لەسەر سنووردارکردنی ماف و ئازادییەکانی میدیاوان و میدیای کوردی؛ بەدەنگھاتنی دەستەجەمعیی و کارکردنی بەردەوامە لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییدا، تاوەکوو بکەر و یاریزانانی میدیا و سیاسەت لەم نیشتیمانەدا ئاشتبکرێنەوە و سەرلەنوێ پێوەرە پیشەییەکانی کارکردنی ھەریەکەیان پێناسە و کارابکرێنەوە. بەجۆرێک رێز لە مافی تایبەتمەندێتیی و سەربەخۆیی کارکردنی پیشەیی بگرن و لەبری رەتکردنەوە یاخوود لغاوکردن، سفرکردنەوە و تۆمەتبارکردنی یەکتری؛ بیر لە کاری پێکەوەیی و ھەماھەنگیی نێوان بڕیارسازان و نوێنەرانی راستەقینەی دەستەڵاتی چوارەم لەگەڵ بڕیارسازان و نوێنەرانی راستەقینەی ھەر سێ دەستەڵاتی: یاسادانان، راپەڕاندن و دادوەریی بکەنەوە، تاوەکوو «کوردستانێکی بەھێزتر» بنیاتبنێن، نەک وەک نوێترین راپۆرتی پێگەی Foreign Policyی ئەمریکایی دووپاتییکردووەتەوە: ھەرێمی کوردستانی عێراق؛ مەترسیی رووخانی لەسەربێت!

لە دەرەوەی ھەموو ئەو پشێویی و پاشاگەردانییەی لەھەرێمی کوردستان و پارێزگەکانی دیکەی عێراقیشدا ھەیە، ئەگەر نییەتپاکیی و ئیرادە و ئیدارەیەکی بەھێز و بەپێزی پێکەوە کارکردنی میدیا و دەستەڵات ھەبێت؛ ئەوا ھەوڵ و ھەنگاو زۆرن کە بگیرێنەبەر تاوەکوو دۆخی راگەیاندن و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و مافی بەدەستھێنانی زانیارییە گشتییەکان بۆ ھاووڵاتیان دەستەبەربکرێن. بەو ھۆیەشەوە؛ ئەو پاشاگەردانییە میدیاییەی ئێستا بەرکارە، سنووردار بکرێت و بخرێتەوەسەر راستەرێی پیشەگەرێتیی خۆی و لەژێر دەستی رەشی کەسانی دەرووننەخۆش و نەشارەزا بە پەروەردەی میدیایی دەربھێنرێت و پاکبکرێتەوە. ئەوەیش کاتێک ئەگەری بەدیھاتنی دەبێت کە ئەگەر بێتوو رەچاوی ئەم چەند پێشنیازەی خوارەوە بکرێن و بە پلانی ورد کاریان لەسەر بکرێت، لەوانە:

  1. رەنگڕێژکردن و تۆخکردنەوەی ھێڵە سەرەکییە دیمووکراسییەکانی ھەردوو سیستەمی سیاسیی و میدیایی؛ بەجۆرێک دەستەبەری جیاکردنەوە و سەربەخۆیی پیشەی رۆژنامەگەریی لە پیشەکانی دیکەی وەک ھەواڵگریی و بازرگانیی بکات.
  2. دانانی پرۆگرامێکی ورد و بەپێزی «پەروەردەی میدیایی» لەنێو پرۆگرامەکانی خوێندنی وەزارەتەکانی: پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ لە قۆناغەکانی پێش چوونە قووتابخانە تاوەکوو پێش چوونە زانکۆ و پەیمانگە.
  3. دامەزراندنی دەرچووانی بەشە زانستییەکانی میدیا و ھاوشێوەکانی؛ بە ئامانجی برەودان بە وتنەوەی پرۆگرامی پەروەردەی میدیایی یاخوود ھێنانەپێشەوەی ئەو نەوە نوێییەی دەرچووان و رۆڵپێدانیان لە دەزگەکانی راگەیاندن و رەخساندنی ھەلی دەرکەوتن و پێشخستنیان. ھەڵبەت ئەوان لە رووی تیۆرییەوە ئامادەکراوترن؛ بە پێدانی دەرفەتی کردەیی کارکردنیش، زووتر و باشتر ئاشنا و ئاگاداری وردەکاریی یاسایی و رێسایی پیشەی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی دەبن.
  4. پێداگریی لەسەر واژۆکردن و کاراکردنی گرێبەستی کارکردنی رۆژنامەوانان و ناچارکردنی دەزگەکانی راگەیاندن بە پابەندبوون بە بڕگە و مادەکانی گرێبەستەکانیان؛ بە ئامانجی جێگیرکردن و دەستەبەرکردنی ماف و ئەرکی ھەردوولایان.
  5. پشتبەستن بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی کاری راگەیاندن و رۆژنامەگەریی و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری پیشەیی بەرھەمھێنەران و بەکارھێنەرانی پەیامی میدیایی.
  6. رێکخستنەوەی یاسایی شێوە و ناوەڕۆکی گشتیی راگەیاندن لەھەرێمی کوردستاندا؛ لە رێگەی کاراکردنی یاسا بەرکارەکانی تایبەت بە راگەیاندن و یاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاریی و رەخساندنی زەمینەی کارکردنی رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی بەتایبەت.
  7. دانانی سیاسەتی پێکەوە کارکردنی نێرینە و مێیینە لەگەڵ راگرتنی ھاوسەنگیی ئەرک و مافی نێوانیان؛ لەسەرجەم کەرت و کایەکان و پرۆسەی بەرھەمھێنانی میدیاییدا.
  8. دامەزراندنی دادگەیەکی تایبەتمەند بە تاوانەکانی راگەیاندن و بڵاوکردنەوە؛ لەپێناو دادوەرییەکی باشتر و رێکخستنێکی یاساییتری دۆسییەکاندا. ئەوەیش لە رێگەی پەروەردەکردن و پێگەیاندنی دەستەیەک لە دادوەران، پارێزەران، ھێزی پۆلیس و کارمەندانی پسپۆڕ و تایبەتمەند بە پێویستییەکانی ئەو جۆرە دادگەیە و دۆسییەکانی.
  9. مەرجدارکردنی تازەکردنەوەی مۆڵەتی ساڵانەی کارکردنی دەزگەکانی راگەیاندن؛ بە دامەزراندنی دەرچووانی بەشە زانستییەکانی راگەیاندن، تەکنیکی میدیا، دیجیتاڵمیدیا، بازاڕگەریی و پەیوەندییە گشتییەکان.
  10. گەڵاڵەکردنی رستێک رێسای پیشەیی راگەیاندن و پابەندکردنی دەزگەکانی راگەیاندن و راگەیاندنکاران بە جێبەجێکردنی پێوەرەکانی؛ ئەوەیش لە رێگەی بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی ھەڵسەنگاندنی ساڵانە بۆ ئاستی پابەندبوون یاخوود پێشێلکردنی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکان لەلایەن راگەیاندن و راگەیاندنکارانی کوردستانەوە.

01: ئایا خراپیی رەوشی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی ھەرێمی کوردستان؛ بۆ چیی دەگەڕێتەوە و چۆن دەوای دەردی رۆژنامەوانان دەکرێت؟

وەڵام: بەشێوەیەکی گشتیی و لەرووی کواڵیتییەوە؛ رەوشی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی لەھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا لەوپەڕی خراپیدایە، چوونکە ستراتیژ و سیاسەتی راگەیاندنی دیجیتاڵی، پەخشکراو و چاپکراو لەژێر دەستی راگەیاندنکاری بیرکەرەوە و پیشەوەردا نەماوە. ئەوەیش لە کاتێکدایە کە بەشێکی زۆر لە راگەیاندنەکان ھێشتا ستراتیژ و سیاسەتی روونی میدیایی تایبەت بەخۆیان نییە، بەڵکوو بەسەریاندا دەسەپێنرێت. ئێستا بەشێک لە کەسایەتییەکانی نێو حزبەکان و دەزگە ھەواڵگریی و بەرپرسەکانیان؛ پلان و پرۆگرام و پرۆژەکانیان لە رێگەی «راگەیاندن»و بە ھەوڵ و ھیمەتی «راگەیاندنکاران» دەخرێتەسەر پێ و جێبەجێیدەکەن. تەنانەت ئەوەی لە «پەیامە رۆژنامەوانییەکان»یانەوە دەخوێنرێتەوە؛ بەشی زۆری دەربڕی گرێی دەروونیی و کارنامەی ئایدۆلۆژیی خاوەن و نانپێدەری دەزگە جۆربەجۆرەکانی راگەیاندن و فەرمانبەرانیانە!

ھۆکارێکی دیکەی خراپیی ئەو رەوشە؛ بۆ نەبوونی رێکخستنێکی یاسایی دیموکرات و ھاوچەرخ و پابەندنەبوون بە پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن و پێشلکردنیان لەلایەن «کرێکارانی راگەیاندن»ەوە دەگەڕێتەوە. دەڵێم؛ کرێکار، چوونکە ژمارەی ئەوانەی وەک رۆژنامەوانێکی پیشەوەر و بەرپرسیار کاردەکەن، زۆر کەم و دەگمەنن. بەداخەوە؛ کاری راگەیاندن و رۆژنامەگەریی ئێستا ھێندەی بۆ راوە دۆلار و ئیش بەڕێکردنە، نیوھێندە لە پێناو بەھا و بەرژەوەندیی گشتییدا نییە. گەیشتن بە راستیی و راستەقینە؛ خەم و خەونی ئەمڕۆی بەشێکی زۆر لە رۆژنامەوانان نییە. ھەڵمەتی کورتخایەن و درێژخایەنی راگەیاندنەکان؛ ھێندەی بۆ ورووژاندن و کووشتنی پرسە ھەنووکەییەکانە، نیوھێندە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و گەیاندنی دەنگ و رەنگە جیاوازەکان نییە و نەشبوون بە پردی پەیوەندیی نێوان نێرەر و وەرگر، خەڵک و حکوومەت، سکاڵاکار و سکاڵالێکراو، ستەمکار و ستەملێکراو، …تد.

بەشێکی زۆر لەوانەی ئێستا لە راگەیاندنەکاندا کاردەکەن؛ لە برسا بێت یان لە ترسا، ھێندەی وەک رۆبۆت پرۆگرام دەکرێن و بەشێوەیەکی سیستەماتیک فەرمانی بێچەندوچوونی سەروو خۆیان جێبەجێدەکەن، نیوھێندە وەک رۆژنامەوانێکی پیشەوەری بنکۆڵکار ئیشناکەن کە خۆیان ببن بە ناوەندی بیرکردنەوە و بریاردانی پیشەیی لە کردەی رۆژانەی کۆکردنەوە و داڕشتنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانیاندا. بەشێکیان؛ بە راستیی شارەزای یاسا و رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی نین و خۆیان بە بوارەکەدا ھەڵواسیوە، چوونکە بە پیشەیەکی کراوەی بێدەرگا و دەرگاوان و پەنجەرەی دەزانن! بەشێکی دیکەشیان؛ ھەم شارەزان و ھەم ئەزمووندار، بەڵام پیشەوەرانە کارناکەن و راگەیاندن وەک حەوشەی پشتەوەی ئایدۆلۆژیاکانیان یاخوود پەیژەی پێداھەڵزنان و گەیشتن بە دەستکەوتە مادیی و سیاسییەکانیان بەکاردەھێنن. واتە، لە رێگەی راگەیاندن و بە پاساوی بەرگرییکردن لە ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەری؛ خەریکی شەڕی بەوەکالەت و بازرگانییکردن و چنینەوەی دەستکەوت و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیانن!

بە کورتیی و بە کوردی؛ چارەسەری رەوشی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی و دەوای دەردی رۆژنامەوانان بەر لە ھەر کەس و کەرەستەیەک، لە خوودی خۆیانەوە دەستپێدەکات و بە خوودی خۆیشیان کۆتاییدێت. رۆژنامەوانێک؛ رێز لە شکۆ و کەسایەتی کەسیی و پیشەیی خۆی نەگرێت و وەک تەسبیحی قەزوان بە دەم خواردنەوەی قاوەی قەزوانی ھەندێک کەس و کۆمپانیا و لایەنی دیارییکراو ھەڵسووڕێنرێت، بەو دۆخە باوەی ئێستای رازییە و نایەوێت لێی تێکبچێت و دەربچێت. واتە ھاوشێوەی مۆبایل ھەرکات یەکەی پێویستی تێکرا؛ دەکەوێتەوە ئیش و بەپێی بڕ و جۆری دابینکەری یەکەی مۆبایلەکەی، دەبێت بە کرێکار و کاربەڕێکەری میدیایی. بەپێچەوانەوە ئەوانەی دەیانەوێت لەو دۆخە ناپیشەییە دەربچن؛ پێویستە شەڕی مانەوە و بەردەوامیی واژۆکردنی گرێبەستێکی شکۆمەندانەی کارکردن بکەن کە خۆی و دەزگەکەی ناچار بە جێبەجێکردنی بڕگە پەسەند و واژۆکراوەکانی نێوانیان بکات. ھەروەک گرنگیشە بە بەردەوامیی زانیارییەکانیان و پاشخانی پیشەییان تازەبکەنەوە، تاوەکوو لە گۆڕانکارییە نوێکانی بوارەکەیان دانەبڕێن و دوانەکەون. ھاوکات زانینی زمانە زیندووەکان و ئاشنابوون بەدوایین پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆژیا؛ ھۆکاری سەرەکیی و ھاندەری دەربازبوونیانە لە سنووری ناوچەیی و دەرکەوتنیانە لە ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتییدا. ئەوەیش ھەروا سادە و ئاسان نییە و نابێت، بەڵکوو ھەوڵ و ھەڵمەتی جووتیاری کوردی دەوێت کە ھەم پێویستی بە لێبڕان و شەونخوونییە، ھەم بە ئارامگرتن و کۆڵنەدان.

سەرنج: لیم دەپرسن، گۆشەیەكی رەخنەیی رۆژانەیە، لە ڕۆژی پێنجشەممە (23ی ئاداری 2023) یەكەم ئەڵقەی بڵاوكرایەوە و دوا ئەڵقەی بەرگی یەكەمی لە رۆژی هەیینی (21ی نیسانی 2023)دا لە ماڵپەڕی چمك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانییدا بڵاوكرایەوە.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟