ناشرینترین و خراپترین پرسیاری میدیا بۆ كەسێك نزیكەكانی لەدەست بدات

لەتیف حسێن

كەسێك باوك دایك خێزان و منداڵی لەدەست بدات، كە ناخۆ‌شترین لەحزەی ژیانەو مەگەر ئەوانەی ئەو كەسانەیان لەدەستدابێت بزانن كە مرۆڤ لەوكاتانەدا بە ئەستەم تواناو هێزی رێكردن و قسەكردنی هەیە. كەچی میدیای كوردی و پەیامنێرو و رۆژنامەنووسە موهیمەكانی ئێمە بەرنامەی لەگەڵ دەكەن و موقابەلەی ئەكەن و پێی ئەڵێن هەستت چۆنە؟ بەداخەوە ئەمە یەكەمجارو دواینجار نابێت كە ئەمجۆرە لەكاری میدیا دووبارە دەبێتەوە، كە نزیكترینیان رووداوەكەی سۆران بوو كە كەناڵی رووداو كەسێك دێنێتە سەر شاشەكەی که‌ خێزانەكەیی و دوو كچی لەدەستداوەو موقابەلەی دەكەن و باسی رووداوەكەی لێدەپرسن.


بەندە نزیك بە 17 ساڵە لەناو میدیام و ئه‌زانم که‌ میدیا ئەركییەتی رووداوەكان و كاریگەرییەكانی و هەموو چوارچێوەكانی تری زانیاری بداتە وەرگرەكانی، بەڵام پسپۆڕێكی میدیا تێمبگەیەنێ‌ چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسێك باوكی مردووە یان كەسە نزیكەكانی لەدەستداوە له‌ناو چ ژانرو بنەماو پێوەرێكی میدیا جێگەی دەبێتەوە?


بە بڕوای من ئەمەجۆرە لەكاركردن یەكێكە لەهەرە خراپترینەكانی ناو كایەی میدیایی، كە ئەمە جگە لەوەی لە رووی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە خراپ و كاریگەری نێگەتیڤی هەیە، لە رووی میدیایشەوە ئەسڵی رووداوەكەو زانیارییەكان و هۆشدارییەكان بە خەڵكی لە دووبارەنەبوونەوەی رووداوەكان لەبەرچاوو بیری وەرگرو هاووڵاتیدا ون دەبێت. ئەمە بە یاسا قەدەغە ناكرێتـ، بەڵكو بە ویژدانی میدیاكاران و هەستكردنە بەو لەحزەیەی ئەو كەسانەی تێدا دەژین كەمدەكریچتەوەو ناهێڵرێت، بێگومانیشم باسكردنی ئەو رووداوەی سۆران و بەرنامەكەی كەناڵی رووداو نموونەیەكی نزیكە، بەلام بەداخەوە زۆرێكی تریش لە میدیاكان ئەمە كاری رۆژانەیانە، بەو ئومێدەم ئەم رەخنەیەم بە رەخنەیەكی هاوپیشانە لێوەربگیرێت و هەوڵ بدەین ئیتر كەسێك باوكی دەمرێت پێی نەڵێین هەستت چۆنە.