کە میدیاکانی پارتی هەبن، یەکێتی تەلەفزیۆنی بۆچییە؟!

ئامانج خەلیل

یەکێتی تەلەفزیۆنی بۆ چییە، کاتێک جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی ئەو حزبە، حەصانەیەکی میدیایی گەورەی هەیەو هیچ کەناڵ و میدیایەکی کوردستانی عێراق، خۆیان لەقەرەی ئەو هەواڵانە نادەن کە دژ بەون. یەکێتی تەلەفزیۆنی بۆچییە، کاتێک جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی، کە لە هەمانکاتدا سەرۆککۆماری عێراقە، یەکەم دیداری تەلەفزیۆنی پێشکەشی رووداو بکات و لەگەڵ پەیامنێرێکی ئاسایی ئەو کەناڵە گفتوگۆ بکا. کاتێک بەرهەم ساڵح جیابووەوە، یەکەم بەیاننامەی جیابونەوەکەی لە Rudaw بڵاوکردەوە!

یەکێتی تەلەفزیۆنی بۆچییە، کاتێک مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، هەموو دیدارە تایبەتەکانی بۆ میدیای پارتی بێت و داواش بکات سپۆنسەری هەموو چالاکییە سیاسیی و هونەرییەکانی بێ.هەر لەمیدیای پارتیشەوە رەخنە لەحزبەکەی خۆی بگرێت و هێرشبکاتە سەر هاوڕێکانی. تەلەفزیۆنی بۆچییە، کاتێک بە موتڵەقی هەموو مەکتەب سیاسی و سەرکرایەتییەکانی یەکێتی، تامەزرۆبن بۆ ئەوەی لێدوان بۆ K24 و Rudaw بدەن و کێبڕکێ بکەن لەسەر ئەوەی کامیان زووتر ووردەکاری کۆبوونەوە نهێنییەکانی مەکتەبی سیاسی بگەیەننە میدیاکانی پارتی. تەلەفزیۆنی ماڵەکانیان بەردەوام لەسەر Rudaw و K24 بێ.

یەکێتی تەلەفزیۆنی بۆچییە، کاتێک قوباد تاڵەبانی (مامی بچوک) و جێگری سەرۆکی حکومەت، لەگەرمەی بانگەشەی هەڵبژارندا، دیدار و بەرنامەی تایبەت،پێشکەش بەمیدیا تەرفیهییەکانی پارتی بکات و میدیای یەکێتیش لەبەر نەبوونی وێنەی نوێ، ناچاربن وێنەی ئەرشیفی دابنێن! تەلەفزیۆنی بۆچییە، کاتێک رێواس فایەق، سەرۆکی پەرلەمان لەپشکی یەکێتی، نەک دیداری سیاسی، بەڵکو باسی چۆنیەتی خواردن دروستکردن و جلی کوردی لەبەرکردن بۆ میدیای پارتی بکا.

یەکێتی تەلەفزیۆنی بۆچییە، کاتێک وتەبێژی ئەو حزبە، کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانی رادەگرێت، تا میدیاکانی پارتی دەگەن! تەلەفزیۆنی بۆچییە، کاتێک هیچ مەکتەب سیاسییەکی یەکێتی نییە، بەپێی خۆی نەچوبێتە ستۆدیۆکانی K24 و Rudaw، بەڵام بەساڵیش رێگەیان نەکەوێتە گەلی کوردستان و کوردسات. یەکێتی تەلەفزیۆنی بۆچییە، کاتیک هەموو ئەو سەرمایەدارانەی سلێمانی کە لەژێر سێبەری یەکێتی و لەناوچەی جێ نفوزی ئەو حزبە پارە کۆدەکەنەوە، بەڵام سپۆنسەری میدیای پارتی دەکەن.میدیاکانی یەکێتیش لەبەر کێشەی دارایی دادەخرێن و کارمەندەکانی بەچەند مانگ جارێک مووچەیان پێنادرێ!