چمک؛ کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی رێکدەخات

چمک، سلێمانی: رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی کەرکوک؛ یەکەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا رێکدەخات.

رۆژی شەممە (10ی تەموزی 2021) لەھۆڵی داوا لەناوچەی قلیاسانی شاری سلێمانی؛ بەئامادەبوونی بەرپرسانی حکومیی و حزبیی و توێژی ئەکادیمیی و رۆژنامەوانان کارەکانی کۆربەندەکە دەستپێدەکەن.

لەوبارەوە؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس خاوەنی بیرۆکە و رێکخەری گشتیی کۆربەندەکە لەلێدوانێکییدا ئاشکرای کرد کە رێکخستنی کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ھەڵسەنگاندنی دەرفەت و ئاستەنگەکانی میدیای کوردی؛ یەکێکە لەئامانجە درێژخایەنەکانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بە مەبەستی ھەرچی زووتر کاراکردنەوەی رۆڵی پیشەیی دەرگاوانی میدیایی و بەرزکردنەوەی کواڵیتی پەیامی میدیایی و پێشکەشکردنی ئەدائێکی پیشەییتر و یاساییتری ئەو ژانرە رۆژنامەوانییانەی لە میدیای چاپکراو، پەخشکراو و دیجیتاڵییدا بەرھەمدەھێنرێن و دواتر چاپ و پەخش و بڵاودەکرێنەوە. ھەروەک ناوەڕۆکی کارەکانی کۆڕبەندەکەشی روونکردەوە کە لەکاتژمێر 10ی بەیانی بە وتاری ھەریەک لەپارێزگاری سلێمانی، سەرپەرشتیاری دەزگای میدیایی کەرکوک و رێکخەری گشتیی کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی دەستپێدەکات. دواتر بەمیوانداریی بەرپرسانی راگەیاندنی ناوەندیی حزبە کوردستانییەکان و ئەکادیمیی و توێژەرانی میدیایی و نوێنەرانی وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لیژنەی رۆشنبیریی و راگەیاندن و وەرزش و کۆمەڵگەی مەدەنیی لەپەرلەمانی کوردستان و سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان؛ چوار پانێڵی سەرەکیی لەبارەی دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم ریفۆرمی میدیایی لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا بەڕێوەدەچن. لەکاتژمێر 05:30ی ئێوارە و بەخوێندنەوەی راسپاردەکان؛ کۆتایی بە کارەکانی یەکەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ میدیای کوردیی دێت.

چاودێریى میدیاى کوردى (چمك)؛ رێکخراوێکی قازانجنەویستى، ناحکومی، سەربەخۆىیە. لەساڵى 2017دا لەلایەن چەند کەسایەتییەکى ئەکادیمییەوە لەشارى سلێمانى، پایتەختى رۆشنبیریی هەرێمى کوردستانى عێراق دامەزرا. تایبەتمەندە بەچاودێرییکردن، هەڵسەنگاندن، راپۆرتکردن و توێژینەوەى خەوش و پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاو رەوشی رۆژنامەگەری کوردی. جەختکردنەوەى سەرەکیی ئەم رێکخراوە، لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى مافەکانى تاکەکەس و کۆمەڵگەى کوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانى ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانى کوردستان. چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانى ئەم رێکخراوە بۆ رووماڵکردنى بەرهەمە جۆربەجۆرەکانى میدیاى کوردییە، بەمەبەستى گەڵاڵەکردن و خستنەڕووى کارنامەیەکى پیشەییترى کرداریی بۆ راستکردنەوەى هەڵە باوەکانى میدیاو شێوازى کارکردنى میدیاوانانى کوردستان.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟