گرنگی پەیوەندییە گشتییەكان لە ناوبانگی دامەزراوەكاندا

چرۆ شەھاب


تەكنەلۆجیا و گەشەكردنەكانی توانی ببێتە بەشێكی گرنگ لە ئیدارەدان و دەركەوتن و دروستكردنی ناوبانگی دامەزراوەكان لە هەردوو كەرتی تایبەت و گشتیدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەم گەشە سەندنە بووەتە هەلێكی گرنگ لەبەردەم پسپۆڕان و شارەزایانی بواری پەیوەندیە گشتییەكان، چونكە توانیویەتی و دەتوانێت خزمەتی گەورە بە ناوبانگی دامەزراوەكان بكات، هەروەها كارئاسانیەكی گەورەی بۆ ئیدارەدانی پەیوەندیە گشتییەكان كردووە لەناو ئەو دامەزراوانەی كە بە تەواوەتی پشت بەم بوارە دەبەستن.

لەم سەردەمەی ئەمڕۆماندا، ئەركی پەیوەندیە گشتییەكان وەرچەرخانێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە لە بونی تۆڕەكانی پەیوەندیە ئەلەكترۆنیەكان و گەشەی تەكنەلۆجیای هاوچەرخ، ئەمەش كاری كردۆتە سەر شێوازی كاركردن لە بواری پەیوەندیەگشتییەكان و دەرچونی لەو چوارچێوە تەقلیدی و باوەی كە تیایدا كاری كردووە، هەربۆیە پێویست دەكات سودەكانی گەشەسەندنی بواری تەكنەلۆجیا و تۆڕەكانی پەیوەندیە ئەلەكترونیەكان لە خزمەت ئەرك و كاری پەیوەندیە گشتیەكان باس بكەین كە خۆیان لەم سودانەدا دەبینێتەوە:

یەكەم: پەیوەندی بەردەوامە بە وەرگری دامەزراوەكە لە هەموو كات و ساتێكدا نەك تەنها لە ماوەی كاركردندا بەڵكو لە ماوەی ڕۆژەكانی هەفتە و مانگ و تا دەگاتە ساڵێكی كاركردن، شێوازی سانایی و ئاسان گەیشتن بە وەرگر و بە بازاڕكردنی كاڵا و دروستكردنی پەیوەندی بەردەوام وایكردووە دامەزراوەكان بەردەوام لەگەڵ وەرگر دانەبڕێن.

دووەم: وەڵامدانەوەی خێرا یەكێكی ترە لە باشیەكانی گەشەسەندنی تەكنەلۆجیاو خزمەتكردنی دامەزراوەكان، لە ڕێگەی وەڵامدانەوەی خێراوە بەتایبەتی لەكاتی گەشەكردنی شێوازی كار یاخود گۆڕانكاری كاركردن و دروستبونی كاری لەناكاو بۆ دامەزراوەكە، ئەمەش وادەكات بۆچونی وەرگر و پەیوەندیداران بە كاری دامەزراوەكەوە بەئاسانی لە پەیوەندی بەردەوامدابن لەگەڵ دامەزراوە و كۆمپانیاكە و بەمەش وێنایەكی باشی دامەزراوەكە بە وەرگر دەگات و متمانە زۆرتر دەبێت.

سێیەم: خێرایی لە بڵاوبونەوەی ئەو بابەت و زانیاریانەی كە بڵاودەكرێنەوە لەسەر ئاستێكی بەرفراوان و نێودەوڵەتی و نێوخۆیی، ئەمەش جارێكی تر بە سودی دامەزراوەكە دەگەڕێتەوە لە بەدەستهێنانی ناوبانگی ئەرێنی لە ئەنجامدانی ئەو كار و بابەتەی كە مەبەستێتی و ئامانجدارە لێی بۆ وەرگرەكانی.

چوارەم: كە یەكێكە لە خاڵە زۆر گرنگەكان وەرگرتنی فیدباگ یاخود دەنگدانەوەیە، ئەمەش بێگومان گەشەسەندنی تەكنەلۆجیا وایكردووە ئەم كارە بە ئاسانی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی جێبەجێبكرێت، لێرەدا بەشی پەیوەندیە گشتییەكان دەتوانێت بە تازەترین ڤێرژنی نوێ و بە سود وەرگرتن لێی ڕای وەرگر، وەربگرێت لەسەر هەر بابەت و پرسێكی گرنگی كۆمپانیا و دامەزراوەكەی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكانی، ئەگەر هاتوو ناڕەزایەتی زۆرینەی فیدباگەكە بوو لەسەر ئەو بابەتەی باسكراوە ئەوە دەشێت كاری جدی لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی دەزگاكە ناوبانگی بەئاراستەیەكی نەرێنیدا نەڕوات.

پێنجەم: سودەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جۆری پەیوەندیكردنەكە، دوو لایەنەیە لە نێوان دامەزراوەكە و وەرگر و سودمەندبوانی دامەزراوەكە.

خاڵێكی تری گرنگی ئەوەیە كە گفتوگۆ و پەیوەندی لەسەر ئەو بابەتانە دروست دەبێت كە دامەزراوەكە پێشنیازی دەكات ، لە ئەنجامدا دەشێت پێشنیاز و بۆچونی وەرگر هەبێت كە جێگەی سەرنج و هەڵوێستەكردن بێت هەربۆیە دەشێت بە هەند وەربگیرێت لە بەرژەوەندی دامەزراوەكە و وەرگرەكانیدا.

دوا خاڵ كە زۆر گرنگە ئەویشە كەمی تێچونە لەم جۆرە پەیوەندیە ئەلەكترۆنیانەدا، چونكە هیچ تێچویەكی وای تێناچێت كە كاریگەری لەسەر بودجەی دامەزراوەكە بكات.

كەواتە بە وەرگرتنی هەموو ئەو سودانەی لەسەرەوە باسمكردن، دامەزراوەكە بەردەوام لە دروستكردنی ناوبانگێكی دروست و ئەرێنیدا دەبێت و دەتوانێت بەهۆی پەیوەندی وورد و بەكارهێنانی كۆی ئەو تەكنەلۆجیا سەردەمیانەی بەردەستی دەكەون لە خزمەت وەرگری دامەزراوەكە و دەزگاكەی خۆیدابێت.

ئەوەی لە گۆڕانكاریە سەردەمیەكانی بواری تەكنەلۆجیا دەبێت لەبیری نەكەی، گەشەسەندنی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانە بە شێوازێكی خێراو بەرچاو كە هەرگیز ناكرێت ئەم گەشەسەندنە لەبەرچاو نەگیرێت، بەرامبەر بە شێوازی كاركردنی بەشی پەیوەندیە گشتییەكان لە ناو سەرجەمی دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت و گشتی، چونكە بەهەمان شێوە و بگرە خێراتریش دەتوانرێت بە توانای مرۆیی زۆر كەم و تێچویەكی كەمتر، سنورە جوگرافیەكان تێپەڕێنن لە دروستكردنی ناوبانگی باش و سەركەوتوو لە بوارەكانی كاركردنی دامەزراوەكان.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟