یەكەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی رێكخرا

چمک، سلێمانی: بە چوار پانێل و 14 پانیلیست؛ یەکەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا لەلایەن رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی کەرکوک رێكخرا.

کۆڕبەندەکە لەکاتژمێر 10ی بەیانی بە وتاری هەریەك لە د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، شوان داودی سەرپەرشتیاری دەزگای میدیایی کەرکوک و د.شوان ئادەم ئەیڤەس رێکخەری گشتیی یەكەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی دەستپێكرد. و تیایدا تیشكیان خستەسەر گرنگیی ریفۆرمی میدیایی و پێویستیی كاراكردنی قۆناغەجۆربەجۆرەكانی.

رۆژی شەممە (10ی تەموزی 2021) لەھۆڵی داوا لەناوچەی قلیاسانی شاری سلێمانی؛ بەئامادەبوونی بەرپرسانی حکومیی و حزبیی و توێژی ئەکادیمیی و رۆژنامەوانان کارەکانی كۆڕبەندەكە “بەسەركەوتوویی” بەڕێوەچوو. یەكەمین پانێلی كۆربەندەكە تایبەتبوو بە “ریفۆرمی میدیایی لەنێوان ناوەندێتیی و ناناوەندێتیی حزبییدا ” بە بەشداریی ھەریەک لە بەڕێزان :ستران عەبدوڵا؛ سەرپەرشتیاری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی، ریفۆرمی میدیایی لە روانگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان_ەوە خستەڕوو. بەدوایدا محەمەد ئەحمەد؛ بەرپرسی تۆڕی میدیایی کۆمەڵ، ریفۆرمی میدیایی لە روانگەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان_ەوە شیكردەوەو ئاسۆ حەمید؛ بەرپرسی تۆڕی میدیایی یەکگرتوو تیشكی خستەسەر ریفۆرمی میدیایی لە روانگەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان_ەوە. لەدواییشدا دلێر عەبدولخالق؛ رێکخەری ژووری رۆژنامەوانیی گۆڕان، ریفۆرمی میدیایی لە روانگەی بزووتنەوەی گۆڕان_ەوە شیكردەوە.

لەدووەمین پانێلدا تاووتوێی پرسی “ریفۆرمی میدیایی لەنێوان رێکخستنی یاسایی و رێسای پیشەییدا” كرا بە بەشداریی ھەریەک لە بەڕێزان: زمانناس پ.د.محەمەدی مەحوی باس لە ریفۆرمی میدیایی لە فەرھەنگ و زمان و نووسین و قسەکردندا كرا. بەدوایدا پ.د.سامان فەوزی لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ریفۆرمی میدیایی لەنێوان پەکخستن و رێکخستنی یاساییدا روونكردەوە و دواتریش پ.ی.د.ژیا عەباس لە زانکۆی سلێمانی ریفۆرمی میدیایی لە رووماڵکردنی پرسە ناباوەکانی کۆمەڵگەدا شیكردەوەو ئاماژەی بە دیاردەی خۆكوشتن و كوشتنی ژنان كرد. دواتریش م.د.سادق حەمەغەریب لە زانکۆی سەلاحەدین تیشكی خستەسەر ریفۆرمی میدیایی لە ماڵپەرە ھەواڵیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

پانێلی سێیەمی كۆربەندەكە تەرخانكرابوو بۆ “ریفۆرمی میدیایی لەنێوان پەروەردە و خوێندنی باڵادا” بە بەشداریی ھەریەک لە بەڕێزان: پ.ی.دئیبراھیم سەعید لەزانکۆی سلێمانی ئاماژەی بە ریفۆرمی میدیایی لەژینگەی کارکردنی میدیاییدا دا. بەدوایدا م.د.ھەتاو حەمەساڵح لەزانکۆی ھەڵەبجە ریفۆرمی میدیایی لەراستکردنەوەی وێنەی شێواوی مێیینەدا شیكردەوە. هەروەها پ.ی.د.ئاراز رەمەزان لەزانکۆی راپەڕین  تیشكی خستەسەر ریفۆرمی میدیایی لەبەرھەمھێنان و بەکارھێنانی پەیامی میدیاییدا. لەكۆتاییشدا پ.ی.د.ئەحمەد عومەربلی لەزانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، پێویستییەكانی ریفۆرمی میدیایی لەخوێندنی باڵا و توێژینەوەی میدیاییدا خستەڕوو.

لەپانێڵی چوارەم و كۆتاییدا پرسی “ریفۆرمی میدیایی لەنێوان سانسۆر و ئازادیی ژینگەی کارکردن” تاووتوێكرا بە بەشداریی ھەریەک لە بەڕێزان: تاریق جەوھەر سارمەمی راوێژكار لە پەرلەمانی کوردستان بۆ خستنەڕووی رۆڵی پەرلەمانی کوردستان لە ریفۆرمی یاسایی میدیادا. بەدواییدا کاروان ئەنوەر لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رۆڵی سەندیکاكەی لە رەخساندنی زەمینەی ریفۆرمی میدیاییدا شیكردەوە.

لەكۆتایی پانتێڵەكانیشدا ئامادەبووان بە سەرنج و تێبینیی و پرسیارەكانیان ناوەڕۆكی تەوەری سەرەكیی پانێڵەكانی یەكەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردیی بۆ ریفۆرمی میدیایی دەوڵەمەنتر كرد. لەکاتژمێر 05:30ی ئێوارە و بەخوێندنەوەی رەشنووسی چەند راسپاردەیەك؛ کۆتایی بە کارەکانی كۆڕبەندەكە هات.

د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ خاوەنی بیرۆکە و رێکخەری گشتیی کۆربەندەکە لەلێدوانێکییدا بۆ دیجیتاڵمیدیای چمك ئاشکرای کرد کە رێکخستنی کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ھەڵسەنگاندنی دەرفەت و ئاستەنگەکانی میدیای کوردی؛ یەکێکە لەئامانجە درێژخایەنەکانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بە مەبەستی ھەرچی زووتر کاراکردنەوەی رۆڵی پیشەیی دەرگاوانی میدیایی و بەرزکردنەوەی کواڵیتی پەیامی میدیایی و پێشکەشکردنی ئەدائێکی پیشەییتر و یاساییتری ئەو ژانرە رۆژنامەوانییانەی لە میدیای چاپکراو، پەخشکراو و دیجیتاڵییدا بەرھەمدەھێنرێن و دواتر چاپ و پەخش و بڵاودەکرێنەوە.. هەروەك دووپاتیشیكردەوە كە لەداهاتوودا درێژە بە چالاكیی و كۆڕبەندی هاوشێوە دەدەن.

چاودێریی میدیای کوردی (چمك)؛ رێکخراوێکی قازانجنەویستی، ناحکومی، سەربەخۆییە. لەساڵی 2017دا لەلایەن چەند کەسایەتییەکی ئەکادیمییەوە لەشاری سلێمانی، پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستانی عێراق دامەزرا. تایبەتمەندە بەچاودێرییکردن، هەڵسەنگاندن، راپۆرتکردن و توێژینەوەی خەوش و پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاو رەوشی رۆژنامەگەری کوردی. جەختکردنەوەی سەرەکیی ئەم رێکخراوە، لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری مافەکانی تاکەکەس و کۆمەڵگەی کوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانی ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانی کوردستان. چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانی ئەم رێکخراوە بۆ رووماڵکردنی بەرهەمە جۆربەجۆرەکانی میدیای کوردییە، بەمەبەستی گەڵاڵەکردن و خستنەڕووی کارنامەیەکی پیشەییتری کرداریی بۆ راستکردنەوەی هەڵە باوەکانی میدیاو شێوازی کارکردنی میدیاوانانی کوردستان.

فۆتۆ:

ئارام حەمەعەلی و ڤینۆس تۆفیق

.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟