چمک سەرکۆنەی گرتنەبەری رێکاری نایاسایی دژ بە رۆژنامەوانان دەکات

رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) پشتبەست بە بڕگەی پێنجەمی ماددەی ھەشتەمی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 کە تێیدا ھاتووە: «نابێ دوای تێپەڕبوونی (90) نەوەد رۆژ لەمێژووی بڵاوکردنەوە ھیچ جۆرە رێکارێکی یاسایی لەبەرامبەر رۆژنامەنووس بگیرێتەبەر.» بەتووندی سەرکۆنەی ئەو ھەوڵ و ھەڵمەتە نایاساییانەی ئەمدواییەی دادگاکانی ھەرێمی کوردستان دەکات؛ بۆ گرتنەبەری «رێکاری یاسایی» لەچەشنی راگرتنی کاتیی رۆژنامەوانان و بە کەفالەت ئازادکردن و دواتر دادگاییکردنیان بە بڕگە و ماددە یاساکانی دیکەی دەرەوەی «یاسای رۆژنامەگەریی کوردستان». بەتایبەت لەبارەی ئەو دۆسییە میدیاییانەی کە زیاتر لە 90 رۆژ بەسەر چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەیاندا تێپەڕیوە و ھیچ پاساوێکی یاسایی لە بەدواداچوونیاندا نەماوە.

رێکخراوی چمک داوای سەربەخۆیی یاسایی و پیشەیی دادگا و دادوەران و دەستەڵاتی دادوەریی ھەرێمی کوردستان دەکات و ھیواخوازە بەپاساوی نزیکبوونەوە لە ھەڵمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردن و ململانێی سیاسی؛ دۆسییەی میدیایی میدیاوانان تێکەڵاو بە دۆسییەکانی دیکە نەکرێت و بۆ ھەر سکاڵایەکی یاساییش، یاسای رۆژنامەگەریی کوردستان تاکە سەرچاوەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی و دادگاییکردنیان بێت لەسەر تاوانەکانی راگەیاندن و بڵاوکردنەوە.

چاودێریى میدیاى کوردى (چمک)؛ رێکخراوێکی قازانجنەویستى، ناحکومی، سەربەخۆىیە. لەساڵى 2017دا لەلایەن چەند کەسایەتییەکى ئەکادیمییەوە لەشارى سلێمانى، پایتەختى رۆشنبیریی هەرێمى کوردستانى عێراق دامەزرا. تایبەتمەندە بەچاودێرییکردن، هەڵسەنگاندن، راپۆرتکردن و توێژینەوەى خەوش و پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاو رەوشی رۆژنامەگەری کوردی. هەربۆیە جەختکردنەوەى سەرەکیی ئەم رێکخراوە، لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى مافەکانى تاکەکەس و کۆمەڵگەى کوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانى ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانى کوردستان. چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانى ئەم رێکخراوە بۆ رووماڵکردنى بەرهەمە جۆربەجۆرەکانى میدیاى کوردییە، بەمەبەستى گەڵاڵەکردن و خستنەڕووى کارنامەیەکى پیشەییترى کرداریی بۆ راستکردنەوەى هەڵە باوەکانى میدیاو شێوازى کارکردنى میدیاوانانى کوردستان.

بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی بڕگە و ماددەکانی یاسا بەرکارەکانی تایبەت بە رێکخستنی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا کرتە لەم بەستەرەی خوارەوە بکە:

Media Content Regulations

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟