دیجیتاڵمیدیای چمک ئەرشیفی رۆژنامەی نم نم بڵاودەکاتەوە

بە ئامانجی باشتر سوودگەیاندن بە خوێنەران و خوێندکاران و توێژەرانی میدیایی و لەدرێژەی ھەوڵ و ھەنگاوە بەردەوامەکانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی؛ بۆ دابینکردنی سەرچاوە و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی ئەلکترۆنیی تایبەت بە بوارەکانی راگەیاندن و رۆژنامەوانی، دیجیتاڵمیدیای چمک ئەرشیڤی رۆژنامەی نم نم بڵاودەکاتەوە.
نم نم؛ رۆژنامەیەكی كولتوریی گشیی بوو هەفتانە لەچاپخانەی كوردستان لەسلێمانی چاپدەكرا و دواتر بەسەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا بڵاودەكرایەوە. ئەم رۆژنامە هەفتانەیە، كۆمپانیای رووداو خاوەن ئیمتیاز و شوان ئادەم ئەیڤەس سەرنووسەر و شاخەوان مەحمود بەڕێوبەری نووسینی بوو. یەكەم ژمارەی ئەم رۆژنامەیە لە 19ی تشرینی دووەمی 2009 و دوایین ژمارەی لە 31ی كانونی یەكەمی 2010 بە 20 لاپەڕە و پاشكۆیەكی تایبەت بەنابینایان بەناوی “برایل” بڵاودەكرایەوە. پاشكۆكە بۆماوەی حەوت مانگ و رۆژنامەكەش بۆ ماوەی 14 مانگ بەردەوامبوو. بەسەریەكەوە، 54 ژمارەی لێ چاپ و بڵاوكرایەوە و بووە یەكەمین رۆژنامەی كولتوریی لەمێژووی رۆژنامەگەریی كوردییدا. هاوكات لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا تاكە رۆژنامەبوو كە بە زمانی برایل و بەرێنووسی زبر پاسكۆی بۆ نابینایان هەبێت.
رۆژنامەی نم نم؛ مۆڵەتی فەرمیی لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان هەیە و هێشتا مۆڵەتەكەی كارایە، ئەگەرچی لە ساڵی 2011ەوە تائێستا لەلایەن كۆمپانیای رووداو-ەوە راگیراوە. ئەم رۆژنامەیە ستافێكی شەش كەسیی هەبوو لەنووسینگەی سەرەكیی لەسلێمانی، سەرەڕای تۆڕێكی بەرفراوانی پەیامنێران لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا. ھاوکات بە درێژایی ماوەی دەرچوونی و دوای وەستان لەدەرچوون؛ ھیچ سکاڵایەکی یاسایی لەسەر ناوەڕۆکی بابەت و پەیامەکانی تۆمار نەکراوە، ئەوەش بە خاڵێکی درەوشاوەی کارکردنی رۆژنامەکە دادەنرێت کە لەکاتێکدا چەقی کارکردنی لەسەر پرس و بابەتە کولتوریی و کۆمەڵایەتییەکان بوو، بەڵام بەھۆی پابەندبوون بە یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان و پێڕەکردنی پێوەرەکانی رێسا پشەییەکانی راگەیاندنەوە کەمترین پێشلکاری پیشەیی تۆمارکردووە.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟