مۆدێلەکانی حزبایەتیی و رەنگدانەوەی لەنێو میدیای کوردییدا

چمک، سلێمانی: سەرلەئێوارەی رۆژی سێشەممە (16ی شوباتی 2021)و لەپاش واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی نێوانیان؛ ھەردوو رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO) ئێوارە کۆڕێکی رەخنەیی ھاوبەشیان بۆ ھەریەک لە پ.ی.د.ئەحمەد عومەربلی و ستران عەبدوڵا رێکخست و تیایدا تاووتوێی پرسی «مۆدێلەکانی حزبایەتیی و رەنگدانەوەی لەمیدیای کوردییدا» کرد.

دوابەدوای ناساندنی میوانەکان و تەوەری سەرەکیی ئێوارە کۆڕەکە لەلایەن د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ بەخستنەڕووی بابەتی «میدیای حزبیی و وەرچەرخانی پەیامی میدیایی» لەلایەن ستران عەبدوڵا سەرپەرشتیاری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەوە دووپاتکرایەوە کە حزبایەتیی و رۆژنامەگەریی لەھەرێمێکی وەک کوردستانی عێراقدا دوو دیوی یەک دراون و ئاسان نییە لێک دابڕێنرێن. ھەروەک جەخت لەوەشکرایەوە کە جیاکردنەوەی کاری حزبیی لە کاری میدیایی؛ مۆدێلێکی تەواو ئەوروپاییەو لەوڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا زەمینەی سەرپێکەوتن و سەرکەوتنی سەختە. ھاوکات ستران عەبدوڵا؛ بێبەرییبوونی خۆی و مەکتەبی راگەیاندنی حزبەکەی لەو میدیا و «میلیشیای میدیایی»ە دەربڕی کە بەتەواوی سەرچاوەی داھات و دارایی و پشتگیرییکردنیان نەزانراوە و زۆرجار دژ بە کادر و سەرکردەکانی حزبەکەی خۆیشی ئاڕاستە و پارەدار دەکرێن.

ھەر لەو ئێوارە کۆڕەداو لەبەشی دووەمییدا؛ پ.ی.د.ئەحمەد عومەربلی سەرۆکی بەشی دبلۆماسییەت و پەیوەندییە گشتییەکان لەزانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، دەرئەنجامی دوایین توێژینەوەی بڵاوکراوەی خۆی لەبارەی «میدیای دەستپێشخەر لەململانێی رۆژنامەوانان و سیاسەتمەداراندا» خستەڕوو. ھەروەک بەداتا و پێشکەشکردنی مۆدێلێکی میدیایی ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە ئێستا ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییەکانی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زەمینەیەکی لەباری سەربەخۆیی کارکردنی بۆ رۆژنامەوانان رەخساندووە. ئەوەش وایکردووە، جیاواز لەجاران کە رۆژنامەوان وەک کادرێکی گوێڕایەڵی میدیای حزب کاری دەکرد، ئێستا خۆی بووە بەخاوەنی کەناڵی میدیایی خۆی و لەرێی بازاڕسازیی بۆ کار و کارنامە و پروپاگەندەی بەرژەوەندییەکانی سیاسییەکان؛ دەتوانن سەرچاوەی باشتری داھات و دارایی خۆیان بەدەستبھێنن و چیدیکە کارمەندیی میدیای حزبیی قبوڵنەکەن. ھەروەک د.ئەحمەد عومەربلی دووپاتییکردەوە کە تاوەکو دیموکراسیی و پایەکانی بەھێزنەکرێن و حزب و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کار بۆ چەسپاندن و تاقیکردنەوەی بنەماکانی نەکەن؛ ئەستەمە میدیایەکی پیشەگەری ھاوسەنگی دوور لەھێز و ھەژموونی حزب لەدایک بێت.

دوابەدوای تەواوبوونی ھەردوو تەوەری ئێوارە کۆڕەکە؛ ئامادەبووان بەسەرنج و پرسیارەکانیان ناوەخنی تەوەرەکانیان دەوڵەمەنتر کرد. ھاوکات پێویستیی بەردەوامبوونی ئەمجۆرە چالاکیانەیان دووپاتکردەوە.

 

 

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟